وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ لێدوانەکانی گروپی حەوت سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران راست نین و شەرمەزاری دەکەن، جەختی لەوەشکردەوە ئەم هەڵوێستەی گروپی حەوت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت سروشتی نایاسایی و ناڕەوای گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بگۆڕێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیسمائیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ لێدوانەکانی گروپی حەوت چەواشەکارین و دورن لە راستییەوە، وێنای راستی رەوشی ئێستا ناکەن.

بەقائیی ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەمریکا لە بنەڕەتدا هۆکاری سەرەکی رەوشی ئێستایە؛ بەهۆی کشانەوەی نایاسایی و تاکلایەنەی لە JCPOA لە ساڵی 2018 و دواتر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی  JCPOA.

وتەبێژەکەی ئێران وتوشیەتی؛هێرشەی سەربازی ئیسرائیل بە هەماهەنگی و هاوکاری ئەمەریکا لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا، پێشێلکارییەکی یاسایی و دیبلۆماسی روون بوو.

ئەم لێدوانانەی بەقائی لە کاتێکدایە، گروپی حەوت کە لە( کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا) پێکدێن   لەبارەی سزاکانی سەرئێرانەوە رایانگەیاند بوو؛ پشتیوانی لە دەستپێکردنەوەی سزاکان دەکەن بۆ سەر تاران، ئەوان ئێرانیان بە کەمتەرخەم زانیوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا بەرامبەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.