ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاندوە؛ سزای بەسەر 21 قەوارە و 17 کەسایەتیدا سەپاندوە، کە بەشدارن لە تۆڕەکانی پاڵپشتیکردنی وەزارەتی بەرگری ئێران و هاوکار بون بۆ بەدەستهێنانی تەکنۆلۆژیا و کەرەستەی هەستیار بۆ پەرەپێدانی مووشەک و فڕۆکەی سەربازی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزای نوێی بەسەر 21 قەوارە و 17 کەسایەتیدا سەپاند، بە گوێرەی راگەیەندراوەکە ئەوانەی سزادراون، یارمەتی ئێران دەدەن لە کڕینی پێکهاتەکانی موشەکی پێشکەووتو، ڕادار، تەکنۆلۆژیای رێنماییکردنی مووشەک و تەنانەت هێلیکۆپتەری دروستکراوی ئەمریکا بە شێوەیەکی نایاسایی.
ئەو سزایانە بۆ پشتیوانی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش دێت بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، بەهۆی پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ناو ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی.
ئەمە لە کاتێكدایە، رۆژی یەکشەممە جارێکیتر نەتەوەیەگرتووەکان و وڵاتانی ترۆیکا کە بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیان، بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، کە سزاکان لە گەمارۆی چەک و دەستبەسەراگرتنی سەروەتی وڵاتەکە لە دەرەوە ، هەروەها قەدەغەکردنی سەفەرە لە بەرپرسانی تاران.



