سزاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران چونەوە بواری جێبەجێكردنەوە، ترویكای ئەوروپاش هۆشداری دەدات لە هەر كاردانەوەیەكی تاران، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش دەڵێت، ئێران پێویستە بەدانوستانی راستەخۆ لەگەڵ ئەمریكا رازبێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش شكستهێنا لە درێژكردنەوەی وادەی نەگەرانەوەی سزاكانی سەر ئێران، ترۆیكای ئەوروپی (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، بەهۆی پابەندنەبونی ئێران بە یاساو پرێنسیپەكانەوە، لە ئەمڕۆوە سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی سەر ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە رێگەی میكانیزمێكەوە كە بە "سناپباك" ناسراوە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش دوای دە ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، ترۆیكا بەردەوام دەبن لە كاركردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی دیپلۆماسی كە دڵنیابێت لەوەی ئێران چەكی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها هۆشداریشیاندا لە هەر كاردانەوەیەكی تاران لەدوای گەڕانەوەی ئەو سزایانە.
ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لەدوای گەرانەوەی سزاكان، داوای لە ئێران كرد كە ڕازی بێت لەسەر دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا، هەروەها داواشی لە هەموو وڵاتان كرد ئەو سزایانە جێبەجێ بكەن كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراونەتەوە
تەوفیق عەلی، دادوەری لێکۆڵینەوەی حەوتەم لە دیمەشق، فەرمانێکی دەستگیرکردنی نا ئامادەی بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوی سوریا دەرکرد، کە پەیوەستە بە روداوەکانی شاری دەرعا لە 23ی تشرینی دووەمی 2011.
ئەو دادوەرە بە ئاژانسی سانای راگەیاند، فەرمانەکە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست، ئەشکەنجەدانی تا مردن، و زەوتکردنی ئازادی" لەخۆدەگرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە دادوەرییەکە رێگە خۆش دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی فەرمانەکە لە رێگەی پۆلیسی ئینتەرپوولەوە و بەدواداچوونی یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
بە وتەی دادوەرەکە، ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای سکاڵای کەسوکاری قوربانییانی روداوەکانی دەرعا نراوە و جەختیشی کردەوە کە "رێکارە یاساییەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی رژێمی پێشوو بەردەوام دەبن."
روداوەکانی دەرعا لە ساڵی2011 بەو پریشکە دادەنرێت کە شۆڕشی سوریای دژی بەشار ئەسەد هەڵگیرساند، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان منداڵانی شارەکەیان بەهۆی نووسینی درووشمی دژی رژێم دەستگیر و ئەشکەنجە دا، کە دواتر بووە هۆی خۆپیشاندانی بەرفراوان و سەرکوتکردنێکی خوێناوی.
جێی باسە، لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، بەشار ئەسەد بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو روخا و ناوبراو ناچار بوو هەڵبێت بۆ روسیا.
عەلی لاریجانی، راوێژکاری رابەری باڵای ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە بەیروت، رایگەیاند کە گفتوگۆکانیان بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان "بونیادنەر و بەسوود" بووە.
لاریجانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ستایشی حزبوڵڵای کرد و وتی: "بەرگری سەرمایەیەکی گەورەیە و حزبوڵڵا بەربەستێکی پۆڵایینە لەبەردەم ئیسرائیلدا." هەروەها وتیشی: "حزبوڵڵا ئەوەندە بەهێزە کە پێویستی بە چەک لە هیچ شوێنێکی ترەوە نییە."
ناوبراو ستایشی دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە و بە "هەنگاوێکی دروست لە ئاڕاستەی راستدا" ناوی برد.
لاریجانی هۆشداریشی دایە ئەمریکا و وتی: "پێویست ناکات ئەمریکییەکان خۆیان بکەنە سەرپەرشتیاری گەلی لوبنان،" جەختیشی کردەوە کە "ئێمە خوازیارین وڵاتانی ناوچەکە لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکانی ئیسرائیلدا بەهێز و سەربەخۆ بن."
فەوزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و هاوسەرۆکی دەستەی دانوستانکاری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا راگەیاند و جەختی کردەوە کە ماوەی مانگێکە چاوەڕێی وەڵامی دیمەشق دەکەن.
فەوزا یوسف لە ئێکس نووسیوێتی: "دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق و کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار."
ناوبراو هەروەها ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە ئەوان هۆکاری سستیی پرۆسەکەن و وتی: "هیچ سستییەک لەلایەن ئێمەوە نییە، لیژنەکانمان لە هەموو ئاستێکدا ئامادەن و ئێمە ماوەی مانگێکە چاوەڕێی وەڵامی دیمەشقین، چونکە باوەڕمان وایە باشترین رێگە بۆ چارەسەریی کێشەکانی سوریا، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە."
کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ شەممە، باڵیۆزەکانی خۆی لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ "راوێژکردن" بانگهێشتی تاران کردەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە هەوڵەکانی روسیا و چین لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دواخستنی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا شکستی هێنا.
تەلەڤیزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاند: "دوای جووڵە نابەرپرسانەکەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە بۆ کاراکردنەوەی بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، باڵیۆزانی ئێران لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو بۆ راوێژکردن بانگهێشتی تاران کرانەوە."
رۆژی هەینی، روسیا و چین لە ئەنجومەنی ئاسایش نەیانتوانی پڕۆژەبڕیارێک بۆ دواخستنی گەڕانەوەی سزاکان بۆ ماوەی شەش مانگ تێپەڕێنن. لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە، تەنها 4 وڵات دەنگیان بۆ پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 9 وڵات دژی وەستانەوە و دوو وڵاتیش دەنگیان نەدا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارە هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتژمێر 8:00ی شەوی ئەمڕۆ شەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەسەر ئێراندا بسەپێنرێنەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا وتارێکی پێشکەشکرد، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری وەفدی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
بنیامین ناتیانیاهۆ لە وتارەکەیدا رایگەیاند، ئێران پرۆگرامی ئەتۆمی و موشەکی بەشێوەیەکی فراوان پەرەپێدەدا و لەرێگەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە وێستەگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو وڵاتەیان لە لاوازکردوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی سەرکردەکانی حەماسیان کوشتووە و بەشێکیش لە سەرکردەکانی حوسیەکانیشیان لە ناوبردووە کۆتاییان بە هەرەشەکانی سەر ئیسرائیل هێناوە.
ناتانیاهۆ وتیشی، هێشتا حەماس لە غەززە ماوەتەوە و ئیسرائیل پێویستە کۆتایی بە ئەرکەکەی بهێنت، جیهان حەوتی ئۆکتۆبەری لە بیرکردوە بەڵام ئێمە لە بیرمان نەکردوە.
رونیشیکردەوە، لە غەززە بڵندگۆی گەورەیان داناوە و راستەوخۆ قسەکانی دەگوازێتەوە بۆ بارمتە ئیسرائیلیەکان و لێپرسراوانی حەماس، لەرێگەیەو پەیامێکی بۆ بارمتە ئیسرائیلیەکان ناردو وتیشی، "لە بیرتان ناکەین، هەموو گەلی ئیسرائیلی لەگەڵ ئێوەن و بەردەوام دەبین تاکو دەتان گەڕێنینەوە بۆ نیشتمان".
ئاشکراشیکرد، دەسەڵاتێکی مەدەنی لە غەززە بنیاتدەنێن هەرکاتێک چەکدارانی حەماس چەکەکانیاندانا.
ناتانیاهۆ لە وتارەکەیتدا پەیامێکی بۆ ئەو وڵاتانەی کە هۆڵی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەجێهشت وتی، ئەمە ئیدانەکردنی خۆتانە، چونکە ئێمە شەڕی تیرۆرمان کردوە و ئەگەریش ئەمریکا لە جێگەی ئێمەبوایە هەمان کاری ئێمەی دەکرد لە غەززە.
بریارە ئەمرۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دەنگدان لەسەر دواخستنی سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا كۆببێتەوە.
بریارە لە دانیشتنی ئەمرۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا رەشنووسی پرۆژە بریارێك بخرێتە دەنگدانەوە بدرێت كە لەلایەن روسیا و چینەوە پێشنیاز كراوە بۆ دواخستنی دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێران بۆ ماوەی شەش مانگ، بەڵام دیپلۆماتكاران دەڵێن پێناچێت ئەو بڕیارە تێپەڕێت.
ئەگەربێت ئەو پرۆژە بریارە دەنگی پێویست بە دەستنەهێنێت، لە سەعات 8ی ئێوارەی رۆژی هەینی بەكاتی ئەمریكا، سزاكانی سەر ئێران كارا دەكرێتەوە.
رۆژی 28ی ئاب، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا كەبە ترۆیكا ناسراون ، داوایان لە نەتەوە یەكگرتوەكان كرد ئەگەر لە ماوەی 30 رۆژدا تاران نەگەرێتەوە بۆ دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەوە دەبێت ئەو سزایانە بگەڕێنەوە.
بۆ ئەوەی پرۆژە بریارەش پەسەندبكرێت، پێویستە لە كۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش نۆ ئەندامیان بەبەڵێ دەنگی پێبدەن و هیچ كام لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریكا مافی ڤیتو بەكارنەهێنن، ئەگەرنا پرۆژەیاساكە تێناپەڕێت.
میدیا ئێرانییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە زاری سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیانەوە بڵاویانکردەوە کە تاران بە تەواوی ئامادەیە بۆ روبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆ و بارودۆخێک. پزیشکیان، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرۆکی بۆلیڤیا کۆبووەتەوە، وتیشی: "ئەگەر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بسەپێنرێنەوە، سیاسەتەکانی خۆمان دەگونجێنین،" بەڵام هیوای خواست کە سزاکان دووبارە نەسەپێنرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە و لە مۆسکۆ، محەمەد ئیسلامی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، جەختی کردەوە کە تاران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت.
ئیسلامی لە میانی وتارێکیدا لە کۆڕبەندێکی وزەی ئەتۆمی لە مۆسکۆ رایگەیاند: "رێڕەوی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تەواوی شەفافە و لێی لانادەین. ئێوە دەزانن کە ئێران توندترین پشکنینەکانی بەسەردا دەسەپێنرێت و بەرنامەکەمان کراوەیە بۆ چاودێریی نێودەوڵەتی."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە روسیا، وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ئێران، پشتگیریی مافی ئەو وڵاتە دەکات بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە و پێشتریش ئیدانەی ئەو هێرشانەی کردووە کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کراونەتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
شایەنی باسە، حکومەتە رۆژئاواییەکان ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەدات، تۆمەتێک کە تاران بەردەوام رەتی دەکاتەوە.
مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین، ڕایگەیاند، گەلەکەیان لە کەرتی غەززە زیاتر لە دوو ساڵە ڕوبەڕوی جینۆساید بووەتەوە، ئەوان بە توندی دژی بیرۆکەی ئیسرائیلی گەورەن و ڕەتیدەکەنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد دەوڵەتی چەکداریان ناوێت و پێویستە حەماس چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە میانی وتارێکیدا بە ئۆنلاین، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەگرتووەکان، سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند، ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیدەدات لە دەستدڕێژی تێپەڕیوە و جینۆسایدە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.
رەخنەی لە وڵاتانی نێودەوڵەتیش گرت، بەوەی زیاتر لە هەزار بڕیارنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فەلەستین دەرچووە و هیچیان جێبەجێ نەکراون، رونیشیکردەوە ناتوانرێت هیچ دادپەروەرییەک بەدەستبهێنرێت لەکاتێکدا داگیرکاری بەردەوامە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە لکاندنی بەشەکانی فەڵەستین بە خاکەکەیەوە و پڕۆژەی نیشەتەجێبوون لە قودس و کەناری رۆژئاوا، ئەوان ئەو کارە ئیدانە دەکەن و گەورەبونی ئیسرائیل و فراوانبونی خاکەکەی رەتدەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەحمود عەباس دەڵێت؛ حەوت ملیۆن لە گەلی فەڵەستین لە ساڵی 1948ەوە تا ئێستا بەدەست تاڵیی ئاوارەبوونەوە دەناڵێنن، بە بەردەوامی لە ژێر داگیرکاری نیشتەجێبوون و دزینی سەروەت و خاکەکەیاندا دەژین.
لەبارەی ئایندەی حەماسیشەوە وتویەتی؛ کاتی دەوڵەتێکی مۆدێرنە و حەماس و گروپەچيکدارەکانی دیکە دەبێ چەکەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتی فەلەستین بکەن؛ ئەوان دەوڵەتی چەکداریان ناوێت.
جەختیشکردوەتەوە ئەو کارەی حەماس کە لە حەوتی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا، خەڵکی مەدەنی ئیسرائیلی کردە ئامانج و ژمارەیەکیانی بە بارمتە گرت ڕەتدەکەنەوە.
لەکاتێکدا فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رو لە زیادبوون دەکەن، ناوبراو لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا بە ئاسمانی فەرەنسادا تێنەپەڕی و هاوکات وڵاتی سلۆڤینیاش بە رەسمی گەشتی لێ قەدەغە کرد.
بەپێی زانیارییەکانی چاودێریی فڕۆکەوانی، فڕۆکەکەی ناتانیاهۆ لە گەشتەکەیدا بۆ نیویۆرک، خۆی لە بەکارهێنانی ئاسمانی فەرەنسا بەدوور گرتووە و لەبری ئەوە رێڕەوێکی جیاوازی هەڵبژاردووە و بەسەر ئاسمانی ئیتاڵیا و یۆناندا رۆیشتووە. ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەرکردووە.
هەرچەندە لە گەشتی پێشووتریدا لە مانگی تەممووز، سەرەڕای بوونی فەرمانی دەستگیرکردنەکە، رێگەی پێدرابوو بە ئاسمانی فەرەنسادا تێپەڕێت، بەڵام ئەمجارەیان رێڕەوەکەی گۆڕیوە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئیسرائیلی بە کەناڵی "کان"ی راگەیاندووە کە فەرەنسا رێگری نەکردووە، بەڵکو بڕیارەکە "بڕیارێکی تایبەتی خودی ناتانیاهۆ" بووە.
هاوکات، لە هەنگاوێکی تردا کە فشاری زیاتر لەسەر ئیسرائیل دروست دەکات، حکومەتی سلۆڤینیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند کە قەدەغەی گەشتیاریی خستووەتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سلۆڤینیا، کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە و ساڵی رابردوو دانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، چەندین هەنگاوی تری دژی ئیسرائیل گرتووەتەبەر، لەوانە سەپاندنی گەمارۆی چەک لە مانگی ئابدا و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بەرهەم دەهێنرێن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو پەیامەی ئەمەریکا کە ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، رایگەیاند؛ ناتوانیت وڵاتێک بۆردومان بکەیت و لە هەمان کاتدا لەگەڵیدا باسی دانوستانی دیپلۆماسی بکەیت، ئەو بانگەشەيەی واشنتۆن دەیکات بۆ دانوستان جگە لە فێڵکردن هیچی دیکە نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی ترەمپی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، کاتێک پەنجەی ناڕەوا ئاراستەی کەسێک دەکەیت سێ پەنجە رووی لە خۆتە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتی ناڕەوا دژ بە ئێران هەرگیز ناتوانێ هاوبەشی ئەمریکا و بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە جینۆسایدی بەردەوامی فەلەستینییەکان و دەستدرێژی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە پەردەپۆش بکات
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، باسی لەوەشکردوە؛ شانازی کردنی واشنتۆن بە هێرشی نایاسایی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی تاران، هەرچەندە هەوڵی پاساودانی بدات، دوژمنایەتییەکی قووڵتر بەرامبەر بە گەلی ئێران ئاشکرا دەکات و بەرپرسیارێتی ئیدارەی ئەمریکا لەم کردەوە تاوانکارییە دوو هێندە دەکات.
ئەم قسانەی بەقائی لە کاتێکدایە، لە وتارەکەیدا لە نەتەوەیەگرتووەکان ترەمپ هێرشی کردە سەر ئێران و شانازی بە بۆردومانکردنی پێگە ئەتۆمییەکانەوە کرد و وتی؛ هیچ وڵاتێک نەیدەوێرا ئەوە بکات جگە لە ئەمەریکا، لای خۆشیەوە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا ڕایگەیاندوە، "لەگەڵ ئەوان قسە دەکەین، ئامادەین دانوستان لەگەڵ تاراندا بکەین".
ترەمپ پلانێكی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە ئامادەكردوە و ویتكۆفیش دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا دەرچەیەك بۆ رەوشی غەززە دەبێت.
ماڵپەری " ئەكسیۆس"ی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، لە پەراوێزی 80یەمین لوتكەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ هەشت سەركردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كۆبووەتەوە و تیایدا، پلانێكی 21 بڕگەیی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە خستووەتەڕوو، جەختیشیكردووەتەوە لە پێویستی كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە زووترین كاتدا.
پلانەكەی ترەمپ، ئازادكردنی بارمتەكان و راگرتنی شەڕ و كشانەوەی سوپای ئیسرائیلی لە غەززە لەخۆگرتووە، لەگەڵ دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ حكومڕانیكردنی غەززە دوور لە حەماس و نۆژەنكردنەوەی لەسەر ئەركی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەلەستین، ترەمپ دڵنیاییشداوە رێگە نادات ئیسرائیل كەناری رۆژئاوا بلكێنێت بە وڵاتەكەیەوە.
ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش رایگەیاندووە، پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرچەیەك بۆ رەوشی غەززە هەبێت بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەكان.
مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران خیانەتێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو، سەرەڕای گەمارۆکان و شەڕی میدیایی، گەلەکەی یەکگرتوو بوون لە پشتیوانیکردنی سوپای وڵاتەکەیان، دوژمنان شکستیان هێناوە لە چاندنی دووبەرەکی لە نێوان گەلی ئێراندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەتەوەیەگرتووەکان رایگەیاند، نابێت بوار بۆ خوێنڕشتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت و جەختی کردەوە لەوەی ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگە.
لەبارەی پرسی چەکی ئەتۆمیشەوە، پزیشکیان جەختیکردەوە لەوەی تاران بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئەو هەواڵانەی باس لەوەدەکەن تاران بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوەیە رەتدەکەنەوە.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردوودا شاهیدی جینۆساید بووین لە غەززە، پێشێلکردنی سەروەری لوبنان و کاولکاری لە سوریا، کوشتار لە یەمەن، کە هەمووی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.
دەشڵێت؛ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران ، نوێنەرایەتی خیانەتێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو، شایەتحاڵی تیرۆرکردنی زانایانی ئێران و پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتان و بەئامانجکردنی سەرکردەکانیان بوون.
جەختیشیکردەوە لەوەی دوژمنەکانیان شکستیان هێناوە لە چاندنی دووبەرەکی لە نێوان گەلی ئێراندا و سەرەڕای گەمارۆکان و شەڕی میدیایی، گەلەکەیان یەکگرتوو بووە لە پشتیوانیکردنی سوپای وڵاتەکەیان.
سەرکردەیەکی حەماس بە میدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاندوە، دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن هەندێک وڵاتەوە "هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروستدا" و ئەوەش دەرئەنجامی بەرخۆدانی فەڵەستینەکانە، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا.
ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الميادين"، ڕایگەیاندوە گەرچی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بەس نییە، بەڵام هەنگاوێكی باش و دروستە، ئەوەش دەرئەنجامی بەرخۆدانی فەڵەستینییەکانە.
حەمدان جەختیکردوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا، کە لە حەوتی ئۆکتۆبەردا لەلایەن حەماسەوە دژی ئیسرائیل ئەنجامدرا، یەکێکە لە هۆکارەکانی داننان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا.
ناوبراو وتوشیەتی؛ ناساندی فەڵەستین وەک دەوڵەت بەس نییە، ئێستاش رێوشوێنی پراکتیکی پێویستە بۆ وەستاندنی شەڕ و کۆتایی هێنان بە کوشتن و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی کەرتی غەززە.
سەرکردەکەی حەماس داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە، ئەم پێشهاتە دیپلۆماسیانە بکاتە گوشاری ڕاستەقینە بۆ سەر ئیسرائیل، لەوانە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا.
ئەم وتانەی ئەوە سەرکردەیە لە کاتێکدایە، ژمارەیەک وڵات لەوانە؛ فەڕەنسا، بەریتانیا، ئوستڕاڵیا، کەنەدا و پرتوگال لە چەند رۆژی رابردوودا بە ڕەسمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و ئیسرائیل و ئەمەریکاش دژی ئەو دانپێدانانە بون.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، ئێران دووبارە دەستیکردوەتەوە بە بنیاتنانەوەی ئەو شوێنانەی کە تێیدا مووشەکی بەرهەم دەهێنا و لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابونە ئامانج لە شەڕی 12 رۆژەی نێوانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس چەند وێنەیەکی بڵاوکردوەتەوە لە ڕێگەی مانگی دەستکردوە؛ کە ئەوە نیشان دەدەن، بە خێرایی و فراوانی کار لەو شوێن موشەکانەدا دەکرێت کە کراونەتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تاران بۆ نۆژەنکردنەوەی توانا مەیدانییەکان.
گەرچی ئێران تا ئێستا زیانەکانی ئاشکرا نەکردوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن؛ پێدەچێت زیانەکان زۆربن،زیانی زۆر بەر ئەو ئەو دەزگایانە کەوتون کە بەرهەمهێنەری سووتەمەنی ڕەق بون بۆ موشەکەکان.
دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو بەرنامە مووشەکییانەی زیانیان بەرکەوتوە بۆ ئێران زۆر گرنگە، کە هەموو پێشبینییەکان بەو شێوەیەن خولێکی دیکەی شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران لە ئارادایە.
چەکی مووشەک یەکێکە لە بەرنامە سەربازییەکانی ئێران و لە شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیلدا، سیستەمی بەرگری ئێران زیانی زۆری بەرکەوت.
بەرنامەی موشەکییەکانی ئێڕان یەکێکە لەو پرسانەی جێی ناکۆکی ئەو وڵاتە و ڕۆژئاوایە و بەردەوام تاران پێداگری دەکات کە هەرگیزسازشیان لەسەر ناکات.
دوێنێ سێشەممە خولی 80ی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە بەشداری 193 سەرۆکی وڵاتانی جیهان دەستیپێکرد و تیایدا سەرۆک کۆماری عیراق وتاری تایبەتی خۆی پێشکەش کرد.
بڕیارە کۆبوونەوەکە ماوەی شەش رۆژ بخایەنێت و لە دەستپێک و هەفتەی ئاستبەرزی کۆبوونەوەکەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید وەک دووەم سەرۆک کۆماری عیراق و دووەم کورد لە دوای سەرۆک مام جەلالەوە، وتاری خۆی پێشکەش کرد.
د. لەتیف رەشید لە سەرەتای وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دۆخی عیراق و ئەو قۆناغانەی عیراق پیایدا تێپەڕیوە، هەر لە سیستمی دیکاتۆری و جەنگەوە تاوەکو تێکشکاندنی دیکتاتۆری و سەرلەنوێ گەشەسەندنەوەی عیراق و ئاماژەی بەوەکرد، کۆتاییپێهێنانی کارەکانی یونامی لە عیراق بەڵگەیە لەسەر جێگیربوونی دۆخی ئەمنی و پتەوی سیستمی سیاسی و دیموکراسی لە وڵاتەکەدا.
راشیگەیاند، ئێستا عیراق لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیدا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و سەرۆکایەتی خولی کۆمکاری و عەرەبی و گروپی77- چین دەکات. هەروەها کاردەکات بۆ گەشەسەندنی زیاتر و هەمەجۆرکردنی داهات و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنە جیهانییەکان. داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد، بچنە ناو هاوبەشییەکی بەرهەمدارەوە لەگەڵ عیراق.
سەرۆک کۆماری عیراق سوپاسی پشتگیری بەردەوامی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ عیراق کرد و ئەوەی خستە روو، پێزانینی زۆریان بۆ رێکخراوەکە هەیە کە بەردەوام هاوکار بووە لە بەدیهێنانی دیموکراسی لە عیراق بە پشتیوانیکردنی هەڵبژاردنەکان و بەڵینیشی دا، وەک پارێزەری دەستور کار بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوام و سەلامەتی سیستمی دیموکراسی لە وڵاتەکە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد لەمساڵدا.
هاوکات، ئامادەیی عیراقی دەربڕی بۆ میوانداریکردنی بارەگا جیاوازەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق.
لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا د. لەتیف رەشید باسی لە پرسی تیرۆر لە عیراقدا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە پاڵپشتی دۆستەکانی؛ عیراق توانی بەسەر مەترسیدارترین هەڕەشەی تیرۆرستی جیهاندا سەربکەوێت و ئێستا هەنگاو دەنێت بەرەو سڕینەوەی پاشماوەی ئەو هێرشانە. وتیشی، ئێمە باوەڕمان وایە؛ تیرۆر بەبێ جیاوازی لە دروشم و ماسکەکەکانی رێبازێکە کە پێویستە لێپیچینەوە لەگەڵ پاڵپشتیکارانیشیدا بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆک کۆمار باسی لە جەنگی غەززە کرد و رایگەیاند، ئەوەی بەسەر هاووڵاتیانی فەلەستینیدا دێت شایستەی مرۆڤ نییە و دۆخێکی شەرمەزارکەرە بۆ مرۆڤایەتی.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بە خێرایی کار بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە لەبارەی جەنگی غەززەوە بکەن و بونیادنانی دەوڵەتی فەلەستینی بە چارەسەری سەرەکی ناوهێنا.
لەبارەی دۆخی سوریای دوای رژێمی ئەسەدەوە سەرۆک کۆماری عیراق داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتەکرد، رێز لە فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلەکەی بگرێت. هاوکات، پشتیوانی عیراقی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و باسی لەوەکرد، چاوەڕوانی دامەزراندنی چوارچێوەیەکی سیاسیی و یاسایین لە تورکیادا کە بوار بۆ کاری سیاسیی ئاشتیانە بۆ هەمووان بڕەخسێنێت.
سەرۆک کۆماری عیراق بە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە و جەختکردنەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان وکارکردنی پێکەوەیی و دیموکراسیانە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا و رایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەندازەی پێویست خوێن و فرمێسک و کارەساتی بەخۆیەوە دیوە، دەرفەتی زۆر گەورەی ئاشتی لەدەستچوون، کاتی ئەوەیە ئێستا بوەستێنرێن و رێگایەکی نوێ بۆ ئاشتی و دادپەروەری و هاوکاری دابمەزرێنرێت.