میسر: هەوڵدەدەین حەماس بە پلانی ترەمپ بۆ غەززە ڕازی بکەین
راهۆز
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هاوکاری قەتەر و تورکیا، کاردەکات بۆ رازیکردنی بزوتنەوەی حەماس تاوەکو پلانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە غەززە قبووڵ بکات.
عەبدولعاتی لە لێدوانێکیدا لە پەیمانگای فەرەنسی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وتی: "ئێمە لەگەڵیان کۆدەبینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ براکانمان لە قەتەر و هاوکارانمان لە تورکیا دەکەین، بۆ ئەوەی حەماس رازی بکەین وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەم پلانە هەبێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە زۆر بەوریاییەوە مامەڵە دەکەین و لە ئێستادا لەگەڵ حەماس لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی کاردانەوەی ئەوان لەسەر ئەم پلانە بزانین".
وەزیری دەرەوەی میسر هۆشداریشیدا و وتی: "ئەگەر حەماس پلانی ترەمپ رەتبکاتەوە، رەوشەکە زۆر سەخت دەبێت و بەرەو پەرەسەندن دەچێت".
لەلایەکی دیکەوە، عەبدولعاتی جەختی کردەوە کە میسر "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا" رێگە بە کۆچپێکردنی دانیشتووانی غەززە نادات.
پلانی ترەمپ، کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە و لە 21 خاڵ پێکدێت، هێشتا پێویستی بە رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکە ئەوەیە کە خودی ترەمپ سەرپەرشتی لیژنەیەک بکات بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە لە کەرتی غەززە.



