قەتەر پێشوازی لە ئیمزاکردنی فەرمانێكی جێبەجێكردنی سەرۆکی ئەمریکا دەکات، کە لە فەرمانەکەدا هاتووە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خاکی قەتەر بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ئەمریکا دادەنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دەوڵەتی قەتەر پێشوازی لە ئیمزاکردنی فەرمانێكی جێبەجێكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات، کە جەختدەکاتەوە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خاکی دەوڵەتی قەتەر یان سەروەری یان ژێرخانی ئەو وڵاتە، بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ئەمریکا دادەنرێت.
لە راگەیەنراوکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوە فەرمانە جێبەجێکارییەکە بە بەرجەستەکردنی پەیوەندییە بەهێز و مێژووییەکانی نێوان دەوڵەتی قەتەر و ئەمریکا دەزانێت، کە لەسەر هاوکاری و هاوبەشی لە بوارەکانی نێوەندگیری و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و کێشەکانی ئاسایش و ئاشتی جیهانی بنیات نراوە، هەروەها بە هەنگاوێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بەرگرییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا دەیبینێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەوەشی خستەڕوو، دەوڵەتی قەتەر بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا، وەک نێوەندگیرێکی متمانەپێکراوی نێودەوڵەتی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتیانە و بەدیهێنانی ئاشتی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، كۆشكی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانێكی جێبەجێكردنی ئیمزاكردووە و بەڵێن دەدات هەموو كارێك بكات تەنانەت رێوشوێنی سەربازیش بگرێتەبەر بۆ بەرگریكردن لە قەتەر، چونكە ئەو دوو وڵاتە هەماهەنگی نزیك و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵێنیش دەدات گەرەنتی ئاساییش و سەقامگیری قەتەر بكات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاندوە؛ سزای بەسەر 21 قەوارە و 17 کەسایەتیدا سەپاندوە، کە بەشدارن لە تۆڕەکانی پاڵپشتیکردنی وەزارەتی بەرگری ئێران و هاوکار بون بۆ بەدەستهێنانی تەکنۆلۆژیا و کەرەستەی هەستیار بۆ پەرەپێدانی مووشەک و فڕۆکەی سەربازی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزای نوێی بەسەر 21 قەوارە و 17 کەسایەتیدا سەپاند، بە گوێرەی راگەیەندراوەکە ئەوانەی سزادراون، یارمەتی ئێران دەدەن لە کڕینی پێکهاتەکانی موشەکی پێشکەووتو، ڕادار، تەکنۆلۆژیای رێنماییکردنی مووشەک و تەنانەت هێلیکۆپتەری دروستکراوی ئەمریکا بە شێوەیەکی نایاسایی.
ئەو سزایانە بۆ پشتیوانی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش دێت بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، بەهۆی پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ناو ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی.
ئەمە لە کاتێكدایە، رۆژی یەکشەممە جارێکیتر نەتەوەیەگرتووەکان و وڵاتانی ترۆیکا کە بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیان، بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، کە سزاکان لە گەمارۆی چەک و دەستبەسەراگرتنی سەروەتی وڵاتەکە لە دەرەوە ، هەروەها قەدەغەکردنی سەفەرە لە بەرپرسانی تاران.
لە کردنەوەی ساڵی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا، کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بایکۆتی کردبوو، چەندین دیمەنی سیاسیی نوێ و چاوەڕواننەکراو بەدیکران، بۆ یەکەمجار لە مێژودا پەرلەمانتارانی دەم پارتی لەکاتی هاتنە ژورەوەی ئەردۆغاندا هەستانە سەرپێ و هاوسەرۆکانیشیان تەوقەیان لەگەڵ دەوڵەت بەخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی تورکیا دوای پشویەکی دوو مانگ و نیوی، دەستی بە کارەکانی کردەوە، بەڵام کردنەوەی خولی نوێ بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی جەهەپە بەڕێوەچوو، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانیان و دەستێوەردان لە کۆنگرەکانیاندا بایکۆتیان راگەیاندبوو.
لە روداوێکی چاوەڕواننەکراودا، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، گەیشتە هۆڵی گشتیی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکانی تردا هەستانە سەرپێ بۆ بەخێرهاتنی
ئەردۆغان لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا سوپاسی تایبەتی ئاراستەی هەردوو لایەن کرد بۆ رۆڵیان لە "پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆردا"
ئاماژەی بەوەکرد سوپاسی شاند و بەڕێوەبەرایەتیی دەم پارتی دەکەم کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا بە هەڵوێست و هەوڵە بنیاتنەرەکانیان بەشدارییەکی گرنگیان کردووە لە پرۆسەی پاککردنەوەی تورکیا لە تیرۆر.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، یادی سری سورەیا ئۆندەری کردەوە و رایگەیاند؛ "لێرەدا بە رەحمەتەوە یادی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر دەکەمەوە کە تا دوا هەناسەی بۆ روخاندنی دیواری تیرۆر و باڵادەستبوونی ئاشتی و برایەتی لە هەر بستێکی خاکی گەلەکەماندا ئارەقی رشت".
بەشێکی دیکەی وتارەکەی پەیوسەت بو بە چەکدانانی پەکەکەوە و ئاماژەی بەوەکرد ئەوان هێرشەکانیان راگرتوە و هەڵوەشاندنەوەی خۆیان راگەیاندووە و بەمەش ئەو کێشەیەی بوەتە هۆی هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و زیانی ئابووریی دوو تریلیۆن دۆلار لە وڵاتەکەمان گەیشتوەتە خاڵی کۆتایی.
یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشدارییەکی توندی دایە دانیشتوانی شاری غەززە و رایگەیاند، هەر کەسێک لە باکوری کەرتی غەززە و لەناو شارەکەدا بمێنێتەوە "لەلایەن سوپاوە وەک تیرۆرست یان پشتیوانی تیرۆر پۆلێن دەکرێت." ناوبراو ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان "نزیکبوونەتەوە لە گەمارۆدانی تەواوەتیی شاری غەززە."
یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند کە هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی کۆنترۆڵی بەشی رۆژئاوای رێڕەوی "نێتزاریم"یان کردووە لە باشوری شاری غەززەوە تا دەگاتە کەنار دەریا، ئەمەش بە واتای "دابەشکردنی غەززە بەسەر باکور و باشوردا" دێت.
کاتز وتی: "ئەم گەمارۆیە لە دەوری شاری غەززە توندتر دەکرێتەوە، و هەرکەسێک بەرەو باشور شارەکە بەجێبهێڵێت، ناچار دەبێت بە خاڵەکانی پشکنینی سوپای ئیسرائیلدا تێپەڕێت."
پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە رێگای کەناریی "رەشید" لە کەرتی غەززە بەروی هاتوچۆدا بەرەو باکور (بۆ شاری غەززە) دادەخرێت.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە: "ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەو دانیشتوانەی غەززە کە دەیانەوێت بەرەو باشور بڕۆن و تیرۆرستانی حەماس لە شاری غەززەدا بە تەنیا و بە گەمارۆدراوی جێبهێڵن لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی سوپای ئیسرائیلدا."
ناوبراو دووپاتیکردەوە: "ئەوانەی لە شاری غەززە دەمێننەوە، دەبنە تیرۆرست و پشتیوانی تیرۆر."
لە کۆتاییدا وتیشی: "سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ هەموو ئەگەرەکان و سورە لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی تا گەڕانەوەی سەرجەم بارمتەکان و داماڵینی حەماس لە چەک، وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."
لێدوانەکانی کاتز لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامی بزوتنەوەی حەماس دەکات بۆ ئەو پێشنیازە ئەمریکییەی کە تایبەتە بە دۆخی غەززە و پێشتر لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کراوە.
وتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، زۆرینەی هێزەکان لە هەولێر جێگیر دەبن و ئەم هەنگاوە "رەنگدانەوەی سەرکەوتنە بەسەر داعشدا."
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) بە رەسمی رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ حکومەتی عیراقدا، ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق بۆ کەمتر لە دوو هەزار سەرباز کەمدەکاتەوە و ئاشکرای کرد کە زۆرینەی ئەو هێزانە لە شاری هەولێر جێگیر دەبن.
شۆن پارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە وەک پابەندبوونێکە بەو رێککەوتنەی لە 27ی ئەیلولی 2024 لەگەڵ حکومەتی عیراق ئیمزاکراوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کەمکردنەوەی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە لە عیراق.
پارنێل وتیشی: "کەمکردنەوەی هێزەکانمان رەنگدانەوەی سەرکەوتنی گەورەی هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانانە بەسەر تیرۆرستانی داعشدا." ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی چوونە قۆناغێکی نوێی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانانە لەو وڵاتەدا.
وتەبێژی پنتاگۆن ئەم پاشەکشێیە بە "دەستکەوت" بۆ عیراق وەسف دەکات و پێی وایە دەبێتە هۆی گواستنەوەی لێپرسراوێتی زیاتر بۆ هێزە عیراقییەکان. هەروەها رونیکردەوە کە ئەمە دەرفەت بۆ گەشەی زیاتری ئابووریی عیراق دەڕەخسێنێت.
لە کۆتاییدا، شۆن پارنێل دووپاتیکردەوە کە پرۆسەی گواستنەوە و کشانەوەی هێزەکان بەردەوامە و کاتی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پابەندی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ عیراق لە قۆناغی نوێدا دووپات دەکەنەوە.
بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجەی نوێی ئەمریكا كارەكانی ئیدارە و حوكمڕانی ئەو وڵاتە راگیراوە و ئەمەش بەیەكەم ئیفلیجی حوكمڕانی سەردەمی سەرۆكایەتی ترەمپ دادەنرێت.
دوای ئەوەی سیناتۆرە دیموكراتەكانی ناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا ئامادە نەبون پرۆژەیاسای بودجەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەسەند بكەن كارەكانی بەشێكی زۆر لە ئیدارەی ترەمپ لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە رادەگیرێت.
شەوی سێشەممە 55 سیناتۆری كۆمارییەكان دەنگیان بە بودجە نوێیەكە دا و لە بەرانبەردا 45 سیناتۆری سەر بە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران رەتیان كردەوە كە پرۆژەیاساكەی پەسەند بكەن لە كاتێكدایە پەسەندكردنی بودجەكە پێویستی بە 60 دەنگی سیناتۆرەكان هەیە.
دیموكراتەكان رایانگەیاندوە تەنها بە مەرجی تەرخانكردنەوەی بودجە یاسای تەندروستی ئەمریكی ناسراو بە ئۆباماكەیر ئامادەن دەنگ بە بودجەی نوێی ئیدارەی ترەمپ بدەن و ئەوەش وا دەكات بەشێكی زۆری كاروبارەكانی ئیدارە و حوكمڕانیی ئێستای ئەمریكا راگیرێت و ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی و ئاڵۆزیی ئیداری.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوەتەوە، کەشتیی "سەقامگیری" کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆی کەرتی غەززە دەدات، لە ئێستادا لە ناوچەی ڕێگری ئیسرائیل لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان نزیک بوەتەوە و هێزی دەریایی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ رێگریکردن لێیان.
بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتە رەسمییە، کاروانی کەشتییەکان کە بە “کاروانی خۆڕاگری"ـی ناسراوە نزیکە لە کەناراوەکانی غەززە و هێزی دەریایی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ رێگریکردن لێیان و پلانیان هەیە دەستیان بەسەردا بگرێت و چالاکوانەکانی ناویشیان بۆ یەکێک لە کەشتیە دەریاییەکانی ئیسرائیل بگوازرێنەوە.
دەسەڵاتەکە ئاشکرای کردوە کە ئیسرائیل رێگە نادات ئەو کەشتیانە بگەنە ئامانجەکانیان و هێزی دەریایی ئیسرائیل فەرمانیان پێکراوە کە بەهیچ شێوەیەک نەهێڵدرێت هیچ هەوڵێک سەربگرێت بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە لە ساڵی 2007ەوە بەسەر کەرتی دەریاییدا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە سەپێنراوە.
کاروانی دەریایی خۆڕاگری، ژمارەیەک کەشتی قەبارە جیاوازن، کە هاوکاری مرۆیی هەڵدەگرن و لەلایەن چالاکوانانی نەتەوە جیاوازەکان سەرپەرشتیدەکرێن، کە ئەمەش هەوڵێکی نوێی بۆ شکاندنی کەمارۆکانی سەرکەرتی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندوە، چاوەڕێی بزووتنەوەی حەماسە پێشنیازەکانی ئاشتی قبوڵ بکات و هۆشداریشیداوە لە ئەگەری قبوڵنەکردنی، کۆتاییەکی باش نابێت و ئیسرائیل چی بوێت دەیکات لە غەززە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە. حەماس سێ بۆ چوار رۆژیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی وەڵامی پێشنیازەکەم بدەنەوە، ئەگەر ڕێکەوتن ڕەتبکەنەوە ئیسرائیل ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی دەدات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرکردە عەرەبییەکانیش بەشدارییان لەو پلانەدا کردوە کە دایڕشتوە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ غەززە و ئەوان ئاشتیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوێت.
ئەمە لە کاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی 21 خاڵی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە ڕاگەیاندوە و دوای كۆبوونەوەی بلەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ لە كۆشكی سپی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی پلانە 20 خاڵیەكەی لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززە خستەڕوو و باسی لەوە كرد، تەواوی لایەنەكان جگە لە حەماس پلانەكەیان پەسەندكردووە.
تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، تەنها لە 24 سەعاتی رابردودا زیاتر 230 کەس بونەتە قوربانی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاگربەس ئیسرئیل بە چڕی بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتەکە.
ئەمرۆ سێشەممە، تەندرستی غەززە راپۆرتی رۆژانەی بڵاکردوەتەوە تێیدا هاتوە؛ لەماوەی 24 سەعاتی رابردوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بونەتە هۆی گیان لەدەستدانی 42 هاووڵاتی و برینداربوونی 190کەسی دیکە.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، پێدەنێتە رۆژی 724میەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکەش دۆناڵد ترەمپ پلانێكی ئاڕاستە کردوە و دوای ڕەزامانەدی ناتانیاهۆ، لە رێگەی وڵاتە نێوەندگیرەکانەوە دراوە بە حاماس و هەمووان چاوەڕوانی وەڵامی حەماسن.
رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی قوربانییەکان بەرزدەبێتەوە و بە گوێرەی ئامارەکان؛ لە حەوتیی تشرینی یەکەمی 2023وە ژمارەی کوژراوەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەشتوەتە 66 هەزار و 97 کەس، ژمارەی بریندارەکانیش بۆ 168 هەزار و 536 بریندار بەرزبوەتەوە.
ماجد ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل داوای لێبووردنی لەسەر بۆمبارانکردنی بینایەک لە دەوحە، کە دوو هەفتە پێش ئێستا رویدا و تێیدا چەندین سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس هەبوون، پێشکەش کردووە.
ئەلئەنساری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لێبووردنی کردووە و بەڵێنی داوە جارێکی دیکە هێرش نەکاتە سەر دەوحە. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەیان رازییە لە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا کە دوای هێرشە ئیسرائیلییەکە پێشکەش کراون.
پلانی ترەمپ و وەڵامی حەماس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەوەشی راگەیاند، قەتەر و میسر پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان سەبارەت بە غەززە رادەستی حەماس کردووە. ئەلئەنساری رونی کردەوە کە وەفدی حەماس بەڵێنی داوە پلانەکە تاوتوێ بکات، و وتیشی "هێشتا کات زووە بۆ وەڵامدانەوە."
هەروەها ئەلئەنساری ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا ئەمڕۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی تیمی نێوەندگیریی تایبەت بە کەرتی غەززەدا دەکات.
شایەنی باسە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دوێنێ دووشەممە رایگەیاندبوو، ئیسرائیل داوای لێبووردنی لەسەر هێرشەکە کردووە، ئەمەش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەنجامی دابوو.
مەزڵوم كۆبانێ داوای لە بەریتانیا كردووە، لە دامەزراندنەوە و بنیاتنانەوەی سوریا رۆڵی پێشەنگی هەبێت.
وەفدێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" لە كۆنفرانسی ساڵانەی پارتی كرێكارانی بەریتانیا بەشداریكرد، حەسەن محەمەد هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتییەكانی "مەسەدە"ش رایگەیاند، لە كۆنفرانسەكەدا پەیامی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"یان گەیاندووەتە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كە داوای لەو وڵاتە كردووە، لە دامەزراندن و بنیاتنانەوەی سوریا و چەسپاندنی ئاشتی لەو وڵاتە رۆڵی پێشەنگ ببینێت.
هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی مەسەدە وتیشی، سوریا دوای زیاتر لە 10 ساڵ شەڕ بە پرۆسەیەكی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و بە ملیۆنان كەس ئاوارەبوون، ژێرخانی سوریاش بەتەواوی ڕووخاوە، مەركەزیەتی رەهاش هۆكاری سەرەكیی ستەم و كۆمەڵكوژییەكان بووە.
جەختیشیكردەوە، رێككەوتنی 10ی ئادار، دەرگا بە رووی دەوڵەتێكی لا مەركەزیدا دەكاتەوە و كۆتایی بە یەكدەستیی دەسەڵات دەهێنێت و رێگە خۆشدەكات بۆ پرۆژەیەكی نەتەوەیی گشتگیر.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ئەمریکا نزیکەی 100 هاووڵاتی ئێرانی بە فڕۆکەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ وڵاتەکەیان دیپۆرت کردووەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای رێککەوتنێک دێت کە لەگەڵ تاران کراوە.
رۆژنامەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانییەوە کە بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە، و بەرپرسێکی ئەمریکیی ئاگاداری پرسەکە، ئەم زانیارییەی گواستووەتەوە.
بەرپرسە ئێرانییەکان رایانگەیاندووە، فڕۆکەیەکی ئەمریکیی بەکرێگیراو رۆژی دووشەممە لە لویزیاناوە فڕیوە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی قەتەرەوە بگاتە ئێران.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ناسنامەی دیپۆرتکراوەکان و هۆکاری هەوڵدانیان بۆ کۆچکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رونی ئاشکرا نەکراوە. ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە بەردەوامی ئاڵۆزییان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام ئەم رێککەوتنە لەسەر دیپۆرتکردنەوە ئاماژەیە بۆ هەندێک هاوکاریی سنووردار لە نێوانیاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند کە "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی"، ئاماژەی بەوەشدا کە گەشبینە بە وەرگرتنی "وەڵامێکی ئەرێنی" لە حەماسەوە سەبارەت بە پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
لێدوانەکانی ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا:
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ وتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی."
راشیگەیاند: "گەیشتینە رێککەوتنی گرنگ، کە ئێران و بازرگانی و فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و گرنگترینیان چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەشێکە لە ئاشتی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
ترامپ سوپاسی ناتانیاهۆی کرد "لەسەر رەزامەندیی ئەم پلانە کە لاپەڕەیەکی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە دەکاتەوە" و هەروەها سوپاسی پێشنیازەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کرد بۆ پەرەپێدانی پێشنیاری ئێستای ئاشتی.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە: "زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی سەبارەت بە کەرتی غەززە... ئەگەر حەماس رازی بێت بە پێشنیارەکە، بارمتەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئازاد دەکرێن."
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە: "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەڵێنیان داوە بە چەکداماڵینی غەززە و چەکداماڵینی حەماس و هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بە شێوەیەکی دەستبەجێ، و ئێمە پشت بەم وڵاتانە دەبەستین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حەماس... بەپێی ئەوەی بیستوومە، حەماسیش دەیەوێت ئەمە بەدی بێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "هەست دەکەم وەڵامێکی ئەرێنی لە حەماسەوە بەدەست دەهێنین... و ئەگەر ئەمە روی نەدا، ئەوا ئیسرائیل پشتیوانیی تەواوی من دەبێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا: "ناتانیاهۆ بە توندی دژی دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینییە و من تێدەگەم... ناتانیاهۆ جەنگاوەرێکە و ئیسرائیل بە بوونی ئەو بەختەوەرە، بەڵام گەل ئاشتی دەوێت." هەروەها ئاشکرای کرد: "من دانوستانم کرد بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی و پلانەکەم دەتوانێت فراوانیان بکات و رەنگە ئێران بەشدارییان بکات... بەشداریی ئێران شتێکی نایاب دەبێت."
لێدوانەکانی ناتانیاهۆ:
لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند: "ئێستا، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەنێین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە و دانانی بناغە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
ئاماژەی بەوەشدا: "من پشتیوانی پلانی تۆ (ترەمپ) دەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە، کە ئامانجە سەربازییەکانمان بەدی هێنا و هەروەها گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ئیسرائیل و هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانی حەماس و حوکمڕانییە سیاسییەکەی و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە جارێکی دیکە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست ناکات."
ناتانیاهۆ رونی کردەوە: "پلانەکەت هاوتای پێنج خاڵەکەیە کە حکومەتەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بۆ رۆژی دوای حەماس دایانناوە."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر حەماس پلانەکە رەت بکاتەوە یان پێشێلی بکات، ئەوا ئیسرائیل ئەرکەکە بە تەنها خۆی کۆتایی پێدەهێنێت... بە رێگای ئاسان یان سەخت."
لە کۆتاییدا ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە: "رەنگە ئەم پلانە ئاسۆیەکی نوێ بێت بۆ غەززە و سەرەتایەکی نوێ بۆ ناوچەکە."
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت، ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان بە پلانە 21 خاڵیەكەی رازی بوون بۆ ئاشتی لە كەرتی غەززە، حەماسیش دەڵێت، هێشتا پلانەكەیان پێ نەگەیشتووە.
دوای كۆبوونەوەی بلەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی پلانە 21 خاڵیەكەی لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززە خستەڕوو و باسی لەوە كرد، تەواوی لایەنەكان جگە لە حەماس پلانەكەیان پەسەندكردووە.
وتیشی، لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی سوپای ئیسرائیل، وەك خۆشی باسیكرد، كشانەوەكە لەسەر رادەی چەكدانانی حەماس دەوەستێت.
هەروەها باسی لەوەشكرد، بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، دەستەیەكی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دروستدەكرێت.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، یەكەم هەنگاو دەنێن بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڵێنی ئەوەشیدا، كە دوای چەكداماڵینی حەماس سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەكشێتەوە.
ناتانیاهۆ دووپاتیكردەوە، ئیسرائیل بەرپرسیارێتی ئاسایش لە كەرتی غەززە دەگرێتەئەستۆ بۆئەوەی گەرەنتی هەبێت جارێكی تر غەززە نابێتەوە هەڕەشە لەسەریان.
لە بەرانبەریشدا سەركردەیەكی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تا ئێستا پلانەكەی ترەمپیان لەبارەی غەززە بەدەست نەگەیشتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، گەشبینیی قووڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بەڵام لە بەرامبەردا، ناتانیاهۆ وەڵامی پرسیارێکی هاوشێوەی نەدایەوە.
بەپێی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی و ئاژانسی فرانس پرێس، کاتێک ترەمپ لەبەردەم دەرگای کۆشکی سپی پێشوازیی لە ناتانیاهۆ دەکرد، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بەوەی ئایا رێککەوتنێک دەکرێت، لەسەرخۆ وتی "بەڵێ" و دووپاتیکردەوە کە "زۆر دڵنیایە" لەمبارەیەوە.
بەڵام بەپێی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، کاتێک هەمان پرسیار ئاراستەی ناتانیاهۆ کرا، ناوبراو وەڵامی نەدایەوە.
پێشتر ترەمپ لەسەر تۆڕی "تروس سۆشیاڵ"ی خۆی نووسیبووی: "فرسەتێکی راستەقینەمان لەبەردەستە بۆ بەدەستهێنانی شتێکی مەزن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست... هەمووان ئامادەن بۆ شتێکی سەرنجڕاکێش، ئەمە پێشینەی نەبووە. ئێمە بەدەستی دەهێنین."
هەروەها، کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە سەرۆک دەیەوێت "جەنگ کۆتایی پێبێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن" و چاوەڕێ دەکات "هەردوو لا" پلانە نوێیەکەی واشنتن قبوڵ بکەن.
ئەمە چوارەمین سەردانی ناتانیاهۆ بۆ کۆشکی سپی لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، و بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام بدەن.
دەستەی بەریتانی بۆ ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکان (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانی لە دووری 128میلی دەریایی لە باشوری رۆژهەڵاتی عەدەنی پایتەختی یەمەن، کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگری گرتووە.
دەستەکە لە راپۆرتێکدا سەرەتا ئاماژەی بەوەکرد کە کاپتنی کەشتییەک "تەقینەوە و دووکەڵ"ی لە دوورییەوە لە پشت کەشتییەکەیەوە بینیوە.
بەڵام لە زانیاریی نوێدا، دەستەکە لەسەر زاری "دەسەڵاتە سەربازییەکان" پشتڕاستیکردەوە کە کەشتییەکە پێکراوە و ئێستا ئاگری گرتووە.