حەماس دژ بە یاسای لە سێدارەدانی دیلەکان لە ئیسرائیل هاتە دەنگه
راهۆز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
نەتانیاهۆ پشتیوانی لە یاسای لەسێدارەدانی دیلە فەلەستینییەکان دەکات و حەماسیش داوای جوڵەی نێودەوڵەتی دەکات
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژەیاسایەک دەربڕی کە رێگەخۆشکەرە بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دیلە فەلەستینییەکاندا. لە بەرامبەریشدا، بزوتنەوەی حەماس داوای هەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ راگرتنی ئەو پڕۆژەیاسایە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای لەسێدارەدانی دیل و راگیراوە فەلەستینییەکان بدات.
رۆژی دووشەممە، گاڵ هیرش، بەرپرسی حکومیی دۆسیەی بارمتەکان، لەبەردەم لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند کە ناتانیاهۆ "پشتیوانی لە یاساکە دەکات." گاڵ هیرش وتی: "هەڵوێستی سەرۆک وەزیران، کە پێش کۆبوونەوەکە قسەم لەگەڵدا کرد، پشتیوانیکردنی پڕۆژەیاساکەیە."
پێشتر گاڵ هیرش دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆژەیاساکە راگەیاندبوو کاتێک هێشتا بارمتەی زیندوو لە کەرتی غەززە مابوون، بەڵام بە لیژنەکەی راگەیاند، "ئێستا کە هەموویان گەڕاونەتەوە، من کۆتایی بە دژایەتییەکەم دەهێنم."
لە لایەکی دیکەوە، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند: "تێڕوانینەکان گۆڕاون و هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە یاسای سزای لەسێدارەدان بۆ چەکدارەکان دەتوانێت ببێتە هۆی رێگری."
ئەو وەزیرە راستڕەوە توندڕەوە وتیشی: "ئەو ساتەی چەکدارێک کە تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە، بزانێت رووبەڕووی یاسای سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە، هیچ گومان و دوودڵییەکی نامێنێت." بن گڤیر جەختی لەوەشکردەوە: "دەبێت ئەمە ئەرکێکی ناچاری بێت، نەک بەدەست دادگا بێت، تا هەر چەکدارێک بیەوێت کەسێک بکوژێت، بزانێت تەنها یەک سزا چاوەڕێی دەکات: لەسێدارەدان."
کاردانەوەی حەماس:
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا داوای کرد:
- "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە مافپەروەرەکان دەکەین بەپەلە بجوڵێن بۆ راگرتنی پڕۆژەیاسای لەسێدارەدانی دیلە فەلەستینییەکان."
- "داوای پێکهێنانی لیژنەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ چوونەناو زیندانەکان و ئاگاداربوون لە رەوشی دیلە فەلەستینییەکان و ئاشکراکردنی ئەو کارە قێزەونانەی تێیدا ئەنجام دەدرێن."



