رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە سوریا،  رایگەیاند کە پێکدادان لە نێوان سوپای سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب رویداوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، سوپای سوریا هەموو رێگا سەرەکییەکانی کە دەچنەوە سەر ئەو دوو گەڕەکە داخستووە

پەیامنێری کوردسات نیوز، ئاماژەی بەوەداوە کە داخستنی رێگاکان وەک کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بەو شتەی بە "پێشێلکارییەکانی هەسەدە" ناویان بردووە. 

هاوکات لە نوێترین راگەیەندراویدا وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت: جوڵەی هێزەکانمان لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی وڵات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانە لە هێرشەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە". راشیگەیاند. "پابەندین بە رێککەوتنی 10ی ئادار و ئۆپەراسیۆن ناکەین."


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل "شانۆگەرییەکی سیاسییە" و نوێنەرایەتی ئیرادەی سورییەکان ناکات.

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ6ی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاویکردەوە، رایگەیاند کە بەدواداچوونیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا کردووە و بە "شانۆگەرییەکی سیاسی" ناوی دەبات کە "شایستەی مێژووی دێرینی سوریا و قوربانیدانی رۆڵەکانی نییە."
 ئەنجومەنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەڵبژاردنانە نوێنەرایەتی ئیرادەی راستەقینەی گەلی سوریا ناکات و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی وڵاتی نەگرتووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم هەڵبژاردنە روکەشیانە بوونەتە هۆی "قووڵکردنەوەی دابەشبوون لەناو کۆمەڵگای سوریادا، لەبری ئەوەی هەنگاوێک بن بەرەو یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاشتەوایی گشتگیر."

هەسەدە دووپاتی کردەوە کە سورییەکان "چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی راستەقینەن کە گوزارشت لە ئیرادەیان بکات و نوێنەرایەتی هەموویان بکات،" و بە مافێکی نیشتمانیی دەزانن کە "ناتوانرێت سازشی لەسەر بکرێت یان دەستبەرداری بن." هەروەها هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بە "کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی یەکگرتوو" دادەنێت کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاووڵاتیبوون و یەکسانی بۆ هەموو سورییەکان دامەزرابێت.


لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن شەرعیەتی نابێت، مەگەر بە بەشداری و نوێنەرایەتیی هەموو سورییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، و بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت کە پاکی و شەفافیەتی مسۆگەربکرێت." ئامانج لەمەش کۆتاییهێنانە بە دابەشبوون و چەسپاندنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە سوریادا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران وردەكاریی لەبارەی شەڕی 12رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوكردەوە و رایگەیاند ، درۆنەكان لە رێی وڵاتێكی دراوسێوە ئاراستەی ئێران كراون . 

ئەحمەد عەلی كودەرزی، فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنوری ئێران رایگەیاندووە، لەماوەی شەڕی 12ڕۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل ، ئاگاداركراونەتەوە كە سێ مینی پاس لە وڵاتێكی دراوسێوە فرۆكەی بێفرۆكەوان ئاراستەی ئێران دەكەن ، بەڵام ناوی ئەو وڵاتەی ئاشكرا نەكردوە .

ئاشكراشیكردوە ، لە دوای دەستكەوتنی ئەو زانیاریانە ، پاسەوانی سنوری ئێران دەستبەجێ دەستوەردانیان كردوە و لە ئەنجامدا روبەروبونەوە رویداوەو 3 كەس كوژراون و ژمارەیەكیش دەستگیركراون .

لە ماوەی رابردوودا باس لەوە دەكرا كە لەكاتی شەری نێوان ئیسرائیل و ئێران لە عیراقەوە درۆن ئاراستەی ئێران كرابێت، بەڵام ئەو زانیاریانە پشت راستنەكرانەوە و دواتر زانیاری بڵاوكرایەوە كە درۆنەكان لە ئازربایجانەوە ئاراستەی ئێران كرابن .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی چەكدانانی حزبوڵا.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێكی گرنگ، دیارترینیان چەكدانانی حزبوڵای لوبنانە.

 بریارە لە كۆبونەوەكەدا رۆدۆڵف هەیكەل، سەركردەی سوپای لوبنان راپۆرتێك پێشكەش دەربارەی رادەستكردنی چەك لەلایەن حزبوڵاوە و گەڕاندنەوەی بۆ دەوڵەت پێشكەش بكات.

بریاریشە، لەو كۆبونەوەیدا  هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی ریسالاتی سەر بە حزبوڵا گفتوگۆی لەبارەوەبكرێت.

لای خۆشییەوە عەلی میقداد، نوێنەری حزبوڵا لە پەرلەمانی لوبنان، داوای لە حكومەت كرد كە ئەو خاڵەی تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كاری كۆمەڵەی ریسالات لە كارنامەی كۆبونەوەكە لاببرێت.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەقینەوەیەكی بەهێز شاری حەلەبی هەژاند، ئێوارەی دوێنێش شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپای حكومەتی سوریا و هەسەدە روویدا.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆیەكان، بەیانی ئەمرۆ تەقینەوەیەكی بەهێز لە لە گەڕەكی ئەشرەفیەی كوردنشین لە شاری حەلەب روویداوە، بەڵام تا ئێستا قەبارەی زیانەكانی نەزانراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە، ئێوارەی دوێنێ، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حكومەتی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە سێ شوێنی جیاواز لە دەوروبەری دێرحافر لە رۆژهەڵاتی حەلەب روویدا، ئەوەش دوای ئەوەی حكومەتی سوریا، رێگای نێوان پارێزگاكانی رەقە و حەلەب و دەروازەكانی نێوان هەردوو دیوی رووباری فورات لە پارێزگای دێرەزۆر داخستووە، ئەوەش وایكردوە رێگكانی نێوان پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و حكومەتی سوریا بەتەواوەتی دابخرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لە میسڕ دانوستانەكانی وەفدی حەماس و ئیسرائیل لەبارەی  پلانەكەی ترەمپ بۆكۆتایی هاتنی جەنگی غەززە دەستپێبكات و حەماس رایگەیاندووە، سورن لەسەر گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ راگرتنی جەنگ.

بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لەبارەی ئاگربەستی غەززە، دوێنێ یەكشەممە،  وەفدی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆكایەتی خەلیل حەیە سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری  بززوتنەكە گەیشتە میسڕ و چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆش وەفدی ئیسرائیل بە سەرۆكایەتی رۆن دێرمەر باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریكا بگاتە میسڕ.

بڕیارە وەفدی هەردوولا دانوستان لەبارەی پلانەكەی ئەمریكا بكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی كەرتی غەززە و راگرتنی شەڕ و ئازادكردنی بارمتەكان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیا جیهانییەكاندا بڵاوكراوەتەوە، حەماس تەنها داوای ئازادكردنی ئەو سەركردانە ناكات كە لەم چەند مانگەی دواییدا دەستگیركراون، بەڵكو دەیەوێت گرەنتی ئازاكردنی ئەو لێپرسراوە باڵایانەی بزوتنەوەكە و ئەو زیندانیكراوە بیانیانەش بەدەست بهێنێت كە لە سەرەتای دەستپێكی جەنگەوە دەستگیر كراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێگەی هەواڵی عەرەبییە لەزاری سەرچاوەیەکی حەماسەوە بڵاویکردوەتەوە، حەماس رازیبون بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە قەوارەیەکی (فەلەستینی – میسری) بکەن لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەمریکایان لە رێککەوتنەکەیان بۆ رادەستکردنی ئەو چەکانە ئاگادارکردۆتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان، حەماس بە پێگەی عەرەبییە راگەیاندوە، ڕازیبون بە چەکدانان و داوای راگرتنی بۆردومانەکانیان کردوە بۆ ئەوەی بتوانن تەرمی بارمتەکان کۆبکەنەوە بۆ تەواو کردنی پلانەکان.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە چەکداماڵینی حەماس یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی پلانە 20 خاڵیەکەی ترەمپ بۆ ئاگربەست لە غەززە و کۆتایی هێنان بە شەڕ.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بزووتنەوەکە گەرەنتی ئەمریکی لە رێگەی قەتەرەوە وەرگرتووە کە مەرجی کشانەوەی هەمیشەیی ئیسرائیلە لە کەرتی غەززەیە، ئیسرائیلییشی بەوە تۆمەتبار کردوە کە لە رێگەی بۆردومانە بەردەوامەکانیەوە، وێرانکاریی دەکات و رێگری لە پلانەکەی ترەمپ دەکات.

ئەمە پێشهاتێکی نوێیە و ئەگەر بێت و حەماس پابەند بێت؛ دەکرێت ئەم رێککەوتنە یەکەم هەنگاوی کردەیی بێت بۆ چەکداماڵینی  حەماس و گواستنەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی غەززە بۆ قەوارەیەکی هاوبەش لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئایندەی غەززە و ئایندەی سیاسی و سەربازیی  حەماسیش دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژانی حەوت و هەشتی ئەم مانگە، دیداری میری لە هەولێر بەرێوە دەچێت و بڕیاریشە یەکێک لەو کەسانەی تێیدا قسەدەکات  مەزڵوم کۆبانی بێت، یەکێک لە تەوەرەکانی دیدارەکەش باسکردنە لە ئایندەی سوریا  و پێشهاتەکانی ئەم دوایەی وڵاتەکە.

بەگوێرەی ئەو پلانەی بڵاوکراوەتەوە لە ماڵپەڕی رەسمی دیداری میریدا، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردە سیاسییە کوردەکان سەبارەت بە  نوێترین پێشهاتە ئەمنییەکانی سوریا و ناوچەکە دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا کۆدەبێتەوە.

تا ئێستا بەڕونی دیار نییە فەرماندەکەی هەسەدە  لەگەڵ کێ و کێدا کۆدەبێتەوە و پلانی کۆبوونەوەکانی ئاشکرانەکراوە، بەڵام لە دیداری میلیدا چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و سیاسی قسەدەکەن و بە ئەگەری زۆرەوە ژمارەیەک چاوپێکەوتن و  کۆبونەوە ئەنجام دەدات.

عەبدی پێشتر لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو سەردانی هەولێری کردبوو، لەوێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرکردە سیاسییە کوردەکان و هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هەماهەنگی لەسەر ئایندەی کوردانی سوریا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق.

ئەمساڵیش لە ناوەراستی مانگی یەکدا بە هەمانشێوە مەزڵوم کۆبانی لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا و لە ڕێگەی فڕۆکەی تایبەتی ئەمریکییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەشتبوە  هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

بەشداریکردنی عەبدی لە دیدارکەدا، دەبیتە سێیەم سەردانی فەرماندەکەی رۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان، دیداری مێری چالاکیی ساڵانەی سەرەکی پەیمانگاکەیە، کە داڕێژەرانی سیاسەتی ناوخۆیی، نیشتمانی و نێودەوڵەتی، ئەکادیمیستەکان، سەرکردەکانی بۆچوون، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و دیپلۆماتکاران کۆدەکاتەوە. سەکۆیەک بۆ مشتومڕکردن لەسەر زەختترین پرسەکان کە کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە هەیە و پێشکەشکردنی چارەسەری پراکتیکی بۆ بڕیاردەران دابین دەکات. ئامانجی کۆتایی کۆڕبەندەکە بریتییە لە پێشخستنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتر لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەر و بەشداریکردنی گشتگیر و وەبەرهێنانی هاوبەش لە داهاتوودا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەکان سەبارەت بە رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامن و هیوادارن زۆر بەخێرایی کارە لۆجستیەکان تەواو بکەن، جەختیکردەوە کە ئێستا ناتوانن باس لە کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە بکەن، بەو پێیەی هەندێک کار ماوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، مارکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، حەماس  ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ پلانی قۆناغی دوای شەڕ و جەختیکردەوە کە ئەو قۆناغەیان ئاسان نییە و تا ئێستاش کەس ناڵێت کێشەی ئازادکردنی بارمتەکان چارەسەر کراوە.

ناوبرا ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا ناتوانن باس لە کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە بکەن، چونکە پێویستە حەماس چەک دابنێت و ئەو کارەش وا بە سادەیی جێبەجێناکرێت و پێویستی بە کاتە.

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتیشەوە لە غەززە، رۆبیوە وتویەتی؛ پێکهێنانی حکومەتێکی بێ حەماس لە غەززەدا بە خێرای ناکرێت و کاتی پێویستە و بەم زوانە دەزانن حەماس جدییە یاخود نا لە رازیبونی بە قۆناغی دووەمی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەرلەمانی ئێران لابردنی چوار سفری لە دراوی نیشتمانی پەسند كرد و دراوی ئێران دەبێت بە ریاڵ و قڕان.
لە دانیشتنی رۆژی یەكشەممەی پەرلەمانی ئێران, دوای تاووتوێكردن و چارەسەری تێبینییەكانی ئەنجومەنی چاودێری, پرۆژەیاسای چاكسازی دراو و بانكی ئێرانیان پەسند كرد.
 لە كۆی 262 پەرلەمانتار، 144 پەرلەمانتار دەنگیان بە پرۆژەیاسای لابردنی چوارسفر و 108 پەرلەمانیش دژی پرۆژە یاساكە دەنگیان دا و سێ دەنگیش بێ لایەن بوو.
پەرلەمانی ئێران دوای پەسندكردنی پرۆژەیاسای لابردنی چوار سفرەكە لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە پێویستە لە كاتی دەرچوونی یاساكەوە تا سێ مانگ بانكی ناوەندنی رێوشوێنەكانی گۆڕانكارییەكانی دراوی تمەن بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە و دەبێت لە ماوەی دوو ساڵ لە كاتی دەرچوونی یاساكەوە, هەمو رێوشوێنە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكانی تایبەت  بە لابردنی سفرەكان و دەستپێكردنی ماوەی گواستنەوە بگیرێتە بەر.
ماوەی گواستنەوە 3 ساڵ دەبێت كە لەو ماوەیەدا هەردوو دراوەكە پێكەوە بەكار دەهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جگە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و پارێزگای سوەیدا، ئەمڕۆ یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە دوای گۆڕانی دەسەڵات بەڕێوەدەچێت.

لیژنەی هەڵبژاردنی ناوەندیی سوریا رایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 570 كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 210 كورسیی ئەنجومەنی گەل، دەنگدانیش لەلایەن دەستە هەڵبژێردراوەكانەوە دەبێت، بەڵام پرۆسەكە لە هەموو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر واتە لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و لە پارێزگای سوەیداش ئەنجام نادرێت، بڕیاریشە رۆژی دوو شەممە یاخود سێشەممەی داهاتوو ئەنجامی هەڵبژاردنەكە رابگەیەنرێت.

كۆتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە 15ی تەموزی 2024 بەڕێوەچوو كاتێك بەشار ئەسەد سەرۆكی ئەو وڵاتە بوو، بەڵام لە كۆتایی كانوونی دوەمی 2025دا ئەنجومەنی گەل لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سوریاوە هەڵوەشێندرایەوە و سیستمێكی پەرلەمانیی كاتیی بۆ ئەنجومەنی گەلی دانرا، دیارترین گۆڕانكارییش كە لە سیستمی نوێدا كرا، زیادكردنی ژمارەی كورسییەكان بوو لە 150وە بۆ 210 كورسی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس' نەخشەی کشانەوەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، بەپێی نەخشەکە هێڵە زەردەکە قۆناغی یەکەمی کشانەوەی سوپای ئیسرائیلە.

بەپێی ئەو نەخشەیەی سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، بە رونی نیشان دەدات کە رەفەح و رێڕەوی فیلادلفی لەسەر سنوری میسر لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە.

لە باکوری کەرتی غەززە، نەخشەکە بە رونی شاری بەیت حەنون لە چوارچێوەی ئەو ناوچەیەدا دەگرێتەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە تا هەموو قۆناغەکانی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن و دواتر پاشەکشەیان پێدەکرێت.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە "کشانەوەیەکی سەرەتاییە" و پلانی 20 خاڵییەکەی بریتییە لە کشانەوەی وردە وردەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە.

دوای ئەم کشانەوە سەرەتاییە بۆ ئاسانکاری ئازادکردنی دیلەکان، ئیسرائیل وردە وردە کۆنترۆڵی خاکی زیاتر دەگوازێتەوە بۆ هێزێکی نێودەوڵەتی عەرەبی-ئیسلامی کە دادەمەزرێت و دڵنیایی دەدات لە چەکداماڵینی کەرتی غەززە.

هێڵی زەرد لەو نەخشەیەدا قۆناغی یەکەمی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکای روون کردەوە کە هەفتەی رابردوو رایگەیاند، و پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل لە باکووری غەززەوە تا دەوروبەری رەفەح بکشێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکان و تەرمەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ باسكردن لە ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكان، ئەمڕۆ وەفدێكی حەماس و ئیسرائیل لە میسر كۆدەبنەوە.

حكومەتی میسر لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، وڵاتەكەی بانگهێشتی بۆ حەماس و ئیسرائیل ناردوە بە مەبەستی كۆبوونەوە لە قاهیرە و بۆ باسكردنی لە گرنگترین خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان ئەو دوولایەنە بەبێ ئەوەی هیچ روونكردنەوەیەك لە بارەی ئەو خاڵانەوە بدات.

ئەمەش دوای ئەوەدێت،  بزوتتنەوەی حەماس رایگەیاند، پێشنیازەكەی ئەمریكای قبوڵكرد و  ئامادەی دەربڕی سەرجەم بارمتە زیندوەكان و مردوەكانیش ئازادبكات.

كۆشكی سپیش رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ستیف ویتكۆف نوێنەری ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و جارید كۆشنر زاوەكەی دەنێرێت بۆ كۆبوونەوەكەی میسر.

ترەمپ، راشیگەیاند، پێویستە حەماس بەخێرایی دەستبە جێبەجێكردنی پلانەكەی بكات بە پێچەوانەوە رێككەوتنەكە هەڵدەوەشێتەوە و ئەوەش قبوڵنەكراوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، وەفدێكی دانوستانكاری راسپاردووە سەردانی میسر بكەن بۆ دانوستان لەبارەی وردەكاریە تەكنیكیەكانی رێككەوتنی غەززە، وتیشی، دەبێت ئازادكردنی بارمتەكان لە دوو رۆژی داهاتوودابێت.

وڵاتانی ئەوروپاش پێشوازی لە وەڵامی حەماس بۆ پێشنیازەكەی ترەمپ لەبارەی ئاشتی لە غەززە دەكەن و پشتیوانیش لە بژاردەی دوو دەوڵەتی دەكەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە لێدوانەکانی و رایگەیاند؛ ڕێککەوتنی غەززە لە جێبەجێکردندایە و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست دەهێنێت، جەختیشیکردوەتەوە ئەمە تاکە ڕێککەوتن نییە کە لە ماوەی خولەکەیدا بەدەستی هێنابێت، بەڵکو پێش ئەو چەند ڕێککەوتنێکی دیکەی بەدەست هێناوە.

ئەمڕۆ شەممە، جارێکی دیکە لەسەر شەڕی غەززە ترەمپ  قسەی بۆ کەناڵ 13ـی ئیسرائیل کردوە و ڕایگەیاندوە؛ نزیکن لە رێککەوتن و هەموو لایەنەکان پشتگیری پلانەکەی دەکەن و بەشێوەیەکی باش لەگەڵ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەرەو پێشەوە دەڕۆن.

ترەمپ جەختی کردوەتەوە کە  ئەمە تاکە ڕێککەوتن نییە کە لە ماوەی خولەکەمدا بەدەستی هێنابێت، بەڵکو پێش ئەوەش چەند ڕێککەوتنێکی دیکەی بەدەست هێناوە و باسی لەوەشکردوە کە، لەکاتی ئاشکراکردنی پلانەکەیدا بە ناتانیاهۆی وتوە ئەمە چانسی بەدەستهێنانی سەرکەوتنتە و قبوڵی بکە.

سەرۆکی ئەمەریکا وتوشیەتی؛ لە ئێستادا ناتانیاهۆ زۆر دوور کەوتۆتەوە لە غەززە، ئیسرائیلیش پاڵپشتییەکی زۆری نێودەوڵەتی لەدەست داوە، ئەویش هەوڵدەدات ئەو پشتیوانیەی نیودەوڵەتییە بۆ ئیسرائیل بگەڕێنێتەوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەندروستی غەززە رایگەیاند؛ بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، لە 24 سەعاتی رابردودا، زیاتر لە 60 کوژراو  و 265 بریندار تۆمارکراون، ئاماژەیان بەوەشکردوە ژمارەی کوژراوەکان 67 هەزار کەسی تێپەڕاند.

ئەمڕۆ شەممە، تەندروستی غەززە راپۆرتی ڕۆژانەی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ تەنها لە 24 سەعاتی رابردودا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 66 کەس کوژراو و  265  بریندار لە نەخۆشخانەکان تۆمارکراون.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە؛ بەهۆی بۆمبارانکردن و هێرشەکانی ئیسرئیلەوە ژمارەی کوژراوەکان 67 هەزاری تێپەڕاندوە.

بە گوێرەی نوێترین ئاماری تەندروستی کەرتەکە، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە کە لە 7ی تشرینی 2023 وە دەستی پێکردوە، ژمارەی کوژراوەکان گەشتوەتە 67 هەزار و 74 کوژراو،  ژمارەی بریندارەکانیش 169 هەزار و 430 کەسن.

ئەمە لە کاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ رایگەیاند ئیسرائیل پابەندە و سوپاسیان دەکات و بۆئەوەی کە  بە کاتی بۆمبارانکردنی غەززەیان راگرتووە، بە مەبەستی پێدانی دەرفەتێک بە ئازادکردنی بارمتەکان و رێککەوتنی ئاشتی. 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، ئیسرائیل پابەندە و سوپاسیان دەکات، کە  بە کاتی بۆمبارانکردنی غەززەیان راگرتووە،  جەختیشی کردەوە  حەماس دەبێت خێرا بکەن و کات بەفیڕۆنەدەن، ئەگەر نا "هەموو شتێک هەڵدەوەشێتوە".

ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا  لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) کە خۆی خاوەندارێتی دەکات نوسیوویەتی؛ سوپاسی ئیسرائیل دەکەم کە بە شێوەیەکی کاتی بە مەبەستی پێدانی دەرفەتێک بە ئازادکردنی بارمتەکان و رێککەوتنی ئاشتی بۆمبارانکردنی راگرتووە.

ترەمپ پەیامێکی ئاڕاستەی حەماس کردوە و هۆشداریشیداوەتە حەماس کە دەبێت بە خێرایی بجوڵێتەوە، ئەو دواکەوتن قبووڵ ناکات و بەرگەی ناگرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا  نوسیویەتی؛  با بە خێرایی ئەم کارە تەواو بکەین و دڵنیایی داوە کە هەمووان بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەم پەیامەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پێگەی هەواڵی ئاکسیۆسیش رایگەیاندوە؛ نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشتوتە میسر  بۆ کۆتایی هێنان بە وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئازادکردنی بارمتەکان و رێککەوتنی ئاشتی لە غەززە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...101102103104105...175