ئەندامێكی كۆمارییەكانی ئەمریكا دەڵێت، واشنتۆن دەستبەرداری هەسەدە نابێت و لە ناوچەكە دەمێننەوە.
حازم غبرا ئەندامی پارتی كۆمارییەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ئەنقەرە هەڵەیە ئەگەر پێی وابێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا گرنگی بە رەوشی سوریا نادات، چونكە ئەمریكا لە ناوچەكە دەمێنێتەوە و دەستبەرداری هێزەكانی سوریای دیموكراتیش نابێت، كە هاوبەشی ئەمریكایە لە شەڕی دژی تیرۆر.
وتیشی، ئامادەكردنی رەشنووسەیاسایەك لە كۆنگرێس بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەنكەرەدا بەهۆی تاوانەكانی لە رۆژئاوای كوردستان، جەختكردنەوەیە لەوەی ئەمریكا دەستبەرداری هاوپەیمانەكانی نابێت.
ماوەی چەند رۆژێكە، سیناتۆری دیموكراتەكان كریس ڤان هۆڵن و سیناتۆری كۆمارییەكان لیندسی گراهام لە كۆنگرێسی ئەمریكا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنووسەیاسایەكن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەنكەرە، ئەگەر ئەو وڵاتە پێشنیازی ئاگربەستەكەی ئەمریكا لەگەڵ هەسەدە قبوڵ نەكات و لەسەر پێشنیازی مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدەش ناوچەیەكی داماڵڕاو لە چەك لە سوریا دروست نەكات.
پێشتریش، جۆن كەنەدی سیناتۆری كۆمارییەكان لە دانیشتنێكی كۆنگرێسدا پەیامێكی ئاراستەی توركیا كرد و وتی، بە نیازی هەرچییەكی بەرامبەر كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان مەیكە، ئەگەر دەست لە تاڵە قژێكیان بدەیت، داوا لە كۆنگرێسی ئەمریكا دەكات هەڵوێست وەربگرێت.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتی پرۆسە سەربازییەكانی سوریا لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی سوریا و ناوچەكە و پرسی گروپە چەكدارەكان، كۆبووەوە.
لەدوای كۆبوونەوەكەش، هاكان فیدان و ئەحمەد شەرع كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشیاندا ئەنجامدا و وەزیری دەرەوەی توركیا وتی، توركیا هەمیشە لەگەڵ سوریا و گەلەكەی دەمێنێتەوە و هیچ شوێنێك بۆ پەكەكە یاخود هەسەدە لە سوریادا نییە.
فەرماندەی گشتی پرۆسە سەربازییەكانی سوریاش وتی، توركیا دۆستی سوریایە و خوازیارن پەیوەندییەكی ستراتیژی لەگەڵ ئەو وڵاتە دروست بكەن، وتیشی، لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان و هەسەدە بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە چەك لە دەستی هەر گروپێكدا بێت.
ترەمپ دەرهێنەری بەرنامە تەلەفزیۆنییەكەی وەك نێردەی تایبەت ئیدارەكەی لە بەریتانیا دەستنیشان دەكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە پۆستێكیدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال تروس خۆیدا رایگەیاند، مارك بێرنێت بەرهەمهێنەری یەكێك لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێتە نوێنەری تایبەتی ئیدارەكەی لە بەریتانیا.
مارك بێرنێت، تەمەن ٦٤ ساڵی بەرەچەڵەک بەریتانی، دەرهێنەری ئەو بەرنامەیەبوو كە ناوبانگێكی جیهانی بە ترەمپ بەخشی و هەروەها و سەرۆكی گروپی تەلەفزیۆنی نێودەوڵەتی ئێم جی ئیم بووە.
ترامپ دەڵێت، بێرنێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان بەهێز دەكات و گرنگی بە بازرگانی و دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی كولتووری دەدات.
ترەمپ پێشتر بازرگان وارن ستیڤنسی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە باڵیۆزی خۆی لە بەریتانیا. هاوكات، حكومەتی بەریتانیاش پیتەر ماندێلسۆنی وەك باڵیۆزی نوێی خۆی لە ئەمریكا دەستنیشانكرد، ئامانج لەو كارەشی پاراستنی پەیوەندیەكانیانە لەگەڵ ترەمپ و دووركەوتنەوە لە شەڕی بازرگانی و پاراستنی هاوپەیمانی هەردوو وڵات لەسەر ئۆكراین.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەسعەد حەسەن شەیبانی، بە وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا دیاریکرد، کە دیاریکردنی شەیبانی دوای رۆژێک دێت لە سەردانەکەی شاندەکەی ئەمریکا بۆ سوریا.
شەیبانی لە ساڵی ١٩٨٧دا لە حەسەکە لە دایکبووە و لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان لە دیمەشقی پایتەخت کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٩دا بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە کۆلێجی هونەر و زانستەکان تەواو کردووە.
بەپێی ئاژانسی رەسمی سانا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا شەیبانی ماستەری لە زانستی سیاسیی و پەیوەندییەکانی دەرەوەدا بەدەستهێناوە. دواتر دکتۆرای لە هەمان پسپۆڕیدا بەدەست هێناوە.
لە ساڵی ٢٠١٧شدا بەشداری لە دامەزراندنی حکومەتی رزگاریی سوریادا کردووە.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاتیی سوریاوە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، هەنگاوی دانانی شیبانی بە وەزیری دەرەوە، وەک وەڵامدانەوەیەکی خواستەکانی گەلی سوریایە بۆ بونیادنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ دەرەوە، بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئەسعەد حەسەن شەیبانی پێشتر ئەرکی سەرۆکایەتی کاروباری سیاسیی بووە لە ئیدارەی مەدەنیی ئیدلب، هاوکات، پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت و دامودەزگاکانی دەرەوە و کاروباری رێکخراوەکانی هاوکاری مرۆیی و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەروەها شەیبانی لە ساڵی ٢٠١١وە لەگەڵ ئەو گروپانە لە پەیوەندیدایە کە دژ بە رژێمی پێشووی سوریا کاریان دەکرد.
لە رۆژی ٨ی ئەم مانگەدا بە فەرمی کۆتاییهاتنی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیەنرا و بەوەش کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.
ئەو كەسەی سەرپەرشتیی تەقاندنەوەی ئامێری پەیجەرەكانی بە چەكدارانی حزبوڵای لوبنانیدا كرد، وردەكاریی پلانی تەقاندنەوەی ئەو ئامێرانە ئاشكرا دەكا و دەڵێ 10 ساڵ بوو ئامادەكاری بۆ كارێكی وا كرابوو
ئەو كەسەی سەرپەرشتی كۆنتڕۆڵكردن و تەڵەنانەوەی ئامێرەكانی پەیجەری ئەندامانی حزبوڵای لوبنانی جێبەجێ كرد کە لە ١٧ی سێپتێمبەری رابردوودا روویدا، لە كەناڵی (CBS)ی ئەمریكییەوە بە دەمامک و چاویلكەی ڕەشەوە دەركەوت، بە ناوی ناوی خوازراوی (گابریێل)ـە و قسەی كرد و وردەكاریی تەقاندنەوەی ئامێری پەیجەرەكانی ئاشكرا كرد، كە هەزاران چەكدار و لایەنگری حزبوڵای لوبنانی بە ئامانج گرت.
کاربریێل دەلێت، مۆساد پێش دوو ساڵ زانیبووی، كە حزبوڵای لوبنانی ئەو ئامێرەی لە كۆمپانیای (گۆڵد ئەپۆلۆ)ی تایوانی كڕیبوو بۆیە پلانی جێبەجێكردنی ئەو كارە دانرا،
لەلایەکی دیکەشەوە، هەروەها كۆمپانیا تایوانییەكە رەتی كردەوە كە ئامێری پەیجەر AR924ی بۆ لوبنان ناردبێ، كە هەمان ئەو جۆرە بووە بە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی حزبوڵادا تەقییەوە.
لە ماوەی پێنج ساڵدا بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە لە باشور و رۆژئاوای كوردستان ١٣ رۆژنامەنوس گیانیان لەدەستداوە و حەوت رۆژنامەنوسیش برینداربوون.
بەپێی ئامارەكان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی توركیاوە ١٣ رۆژنامەنوس گیانیان لەدەستداوە و حەوت رۆژنامەنوسیش برینداربون، رۆژی ١٩ی ئەم مانگەش سوپای توركیا لە باشوری كۆبانێ لەسەر رێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچكەی سیرین، دوو رۆژنامەنوسی كردە ئامانج و لە ١١ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩شدا رۆژنامەنووس ڤێدات ئەردەمچی لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە سەرێكانی گیانی لەدەستدا، لە ١٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩شدا پەیامنێری ئانها و پەیامنێری چرا تیڤی لە بۆردومانێكدا لە سەرێكانی گیانیان لەدەستدا، هەر لەو مانگەدا دوو رۆژنامەنوسی تریش لە هێرشێكدا لە گرێ سپی گیانیان لەدەستدا، زیزیس سینكێش لە كاتی بۆردومانی توركیا لە تەل تەمر گیانی لەدەستدا.
هەر بەپێی ئامارەكان لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، پەیامنێری ئانها، لە هێرشێكدا لە دێریك گیانی لەدەستدا، لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ لەسەر رێگای قامیشلۆ- عامودە كارمەندی كەناڵی ژن تیڤی گیانی لەدەستدا و پەیامنێرێكیش بریندار بوو.
هەروەها ٨ی تەمموزی ٢٠٢٤ش دوو كارمەندی تەلەفزیۆنی چرا لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا برینداربوون، لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤یش ئۆتۆمبێلێك لە نزیك سەیدسادق كرایە ئامانج و دوو رۆژنامەنوس گیانیان لە دەستدا و ٦ كەسی تریش برینداربوون.
تورکیا بەردەوامە لە لەشکرکێشیەکانی بۆ کۆبانێ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ئەمڕۆ پردی قەرەقۆزاق و شێخلەنگەری لە سنوری كۆبانێ تۆپبارانكر
بەیانی ئەمڕۆ سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان هێرشیان كردوەتە سەر پردی قەرەقۆزاق و ناوچەی شێخلەر لە سنوری كۆبانێی و ناوچەكانی بە چڕی تۆپباران كردووە، بەڵام تائێستا زیانەكانی ئەو تۆپبارانە ئاشكرانەكراوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، سوپای توركیا هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردوە و رۆژانەش ئەو ناوچانە بۆردومان دەكات.
کریس ڤان هۆلن سیناتۆری دیموکراتیەکان و لیندسی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکان پرۆژە یاسایەکیان بۆ سزادانی تورکیا پێشکەشی کۆنگرێس کرد،لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە
کریس ڤان هۆلن سیناتۆری دیموکراتیەکان و لیندسی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکان لەسەر پێشێلکاریەکانی تورکیا لە باکوری سوریا داوادەکەن تورکیا سزا بدرێت، هەروەها یاسای "بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠٢٤"ناساند و بە هیوان هەڕەشەی سزاکان لایەنەکان بەرەو ئاگربەست ببات،ئەو دوو سیناتۆرە جەخت لەوەدەکەنەوە تورکیا هەموو سنورەکانی بەزاندوە دەبێت سزا بدرێت
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد، سەرکردەی سوریا کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر، دوژمنایەتییەکان لە باکوری سوریا پەرەی سەندووە. ئەمریکا بە ناوبژیوانی ئاگربەستێکی ناسک لە ناوچەی نێوان تورکیا و ئەو گروپە سوریایانەی کە پشتگیریان دەکات، و چەکدارە کوردەکانی سوریا کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.
كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی دارایی بۆ كەرتی حكومی كێشە بۆ رادەستكردنی دەسەڵات بە ترەمپ دروست دەكات.
كارین ژان پیێر وتەبێژی كۆشكی سپی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر حكومەت لەكاربكەوێت و دابخرێت ئەگەری زۆرە رادەستكردنی دەسەڵات بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پەكبخات و سنورداری بكات.
وتیشی، كۆشكی سپی بیر لە داخستنی حكومەت ناكاتەوە و بژاردەی قبوڵكردنی رادەستكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی سنوردار بەو شێوەیەیە.
دەشڵێت، ترەمپ داوای لە دیموكراتەكان كردووە قەرز نەكرێت بۆ پارەداركردنی كەرتی حكومی و زیادنەكردنی قەرز، ئەوەش وایكردووە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پێی وابێت كۆمارییەكان بیر لە داخستنی حكومەت دەكەنەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، رێژەی قەرزی حكومەتی ئەمریكا گەیشتوەتە ١٢١٪ و لە ساڵی ٢٠٢٩ دەگاتە ١٣١٪.
پێشتریش لە ساڵی ١٩٧٦ حكومەتی فیدراڵی ئەمریكا بەهۆی گرفتی بودجەوە داخرا و لە كۆتایی ٢٠١٨ـش بۆ ماوەی ٣٥ رۆژ لە خولی سەرۆكایەتی ترەمپدا حوكمەت داخرا.
حوسیەكانی یەمەن رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق هێرشیان كردوەتەسەر ئیسرائیل و بەو هۆیەوە ١٦ كەس برینداربوون.
یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەكانی یەمەن لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە هاوبەشی لەگەڵ مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق بە درۆن هێرشیان كردوەتەسەر چەند ئامانجێك لەناو خاكی ئیسرائیل و لە بەرامبەر ئەو هێرشەی چەند رۆژی رابردووش كرایە سەر یەمەن، هێرش دەكەنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل تا ئەو كاتەی هێرش بكرێتەسەر غەززە و ئابڵوقەی لەسەر بێت بەردەوام دەبن.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، بەهۆی ئاراستەكردنی موشەكێك بۆ ئیسرائیل ١٦ كەس برینداربوون.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی پێنج شەممە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكی ئیسرائیل رایگەیاند، دوای حەماس و حزبوڵا نۆرەی حوسییەكانە و چەند هێرشێكیان لە قوڵایی یەمەن بۆ سەر ئەو گروپە ئەنجامداوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ٢٧ وڵاتەی زیادکرد کە یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنن بۆ لیستی ئەو هاوبەشە بازرگانیانەی، هەڕەشەی یەکێتی ئەوروپای کرد وتی"ئەگەر نەوت و گازی زۆمان لێنەکڕن، دەبێت باجی زیاتر بدەنە ئەمریکا". پێشترهەڕەشەی لە کەنەدا و مەکسیک کرد بە ٢٥% باج بادەنە ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد دەبێت وڵاتانی ئەوروپا ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر لەگەڵ واشنتن بکەن، ئەگەر وانەکەن دەبێت باجی زیاتر بدەنە ئەمریکا، پێشتر ترەمپ هەمان هەڕەشەی لە مەکسیک و کەنەدا کرد بە ٢٥% باج بادەنە ئەمریکا
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣دا ناهاوسەنگی بازرگانی ئەمریکا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەر کاڵاکان ٢٠٩ ملیار دۆلار بووە.٥٧٦ ملیار دۆلار هاوردە لە ئەوروپا و ٣٦٧ ملیار دۆلار هەناردە لە ئەمریکاوە هەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشترترەمپ هەڕەشەی لە کەنەدا و مەکسیک کرد بە 25% باج، سەرکردەکانی هەردوو وڵات قسەیان لەگەڵ کرد بۆ ئەوەی هەوڵبدەن و هەر گرژییەک چارەسەر بکەن. بەڵام یەکێتی ئەوروپا یەک کەسی نییە کە بتوانێت بەڵێنەکانی کڕینی گازی سروشتی و نەوت بەناوی ٢٧ وڵاتی ئەندامەکەیەوە بکات کە ترەمپ بەدوایدا دەگەڕێت
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) رایگەیاند ، ٧.٢ ملیۆن کەس لە سووریا ئاوارەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 90٪ـی سووریاییەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و١٦ملیۆن سووریش پێوستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.
رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ رایگەیاند بەهۆی ئالۆزی و تەنگەژەکانی سوریا لە ١٤ساڵی رابردوودا ١٦ملیۆن سووری پێویستیان بە هاوکاری مرۆی هەیە،٩٠٪ـی سووریاییەکانیش لەژێر هێلی هەژاریدان،هەفتەی رابردوو ٨٠٠هەزار کەس لەسوریا ئاوارەبوون.
رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئەوەشی خستۆتە روو، لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە، چەندین ژێرخانی گرنگی وەک نەخۆشخانە و قوتابخانە وێرانکراون یانیش لەکارخراون. "بۆ نموونە حەلەب، لە نێوان ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٦ زیانی زۆری پێگەیێنرا و دوو ملیۆن کەس شارەکەیان جێهێش.
رێکخراوەکە ئەوەشی بڵاوکردۆتەوە،ئاوارەکانی سووریا حەزێکی زۆریان هەیە بۆ گەرانەوە بۆ ناوچەکانیان.
لە هێرشەكانی ٢٤ سەعاتی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە زیاتر لە ٧٧ كەس كوژراون، سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت، پێویستە هێرشەكان رابگیرێت.
وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویكردووەتەوە، لە هێرشەكانی ٢٤ سەعاتی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لانیكەم ٧٧ فەڵەستینی كوژراون و ١٧٤ كەسیش بریندرابوون.
ئەنتۆنی گۆتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، هێرشكانی ئیسرائیل سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ و یاساكانی جەنگە.
گۆتیرێس جەختی لەوەشكردووەتەوە، پێویستە ئیسرائیل بە زووترین كات هێرشەكانی رابگرێت و پابەندی ئاگربەست بێت لەپێناو دۆخی مرۆیی غەززەدا.
بەپێی ئامارەكان، تائێستا بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ٤٥ هەزار فەڵەستینی كوژراون و ١٠٧ هەزار و ٥١٢ كەسیش بریندرابوون.
ئەحمەد شەرع رایدەگەیەنێت، رووخانی "رژێمەكەی بەشار ئەسەد" پڕۆژەكانی ئێرانی لە ناوچەكەدا ٤٠ ساڵ بردە دواوە، سوریاش لەمەوداو نابێتە سەكۆیەك بۆ جێبەجێكردنی پلانەكان بۆ دژایەتی وڵاتانی عەرەبی.
"ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سوریا"، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" رایگەیاندووە، سوریای ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ببوە سەكۆیەك بۆ ئێران بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی پایتەختی وڵاتانی عەرەبی و تێكدانی ئاسایشی كەنداو.
راشیگەیاند، دوورخستنەوەی هێزەكانی سەر بە ئێران بە كەمترین زیان لە سوریا رویداوە، لەكاتێكدا دەركردنی ئەو هێزانە بە فشاری سیاسی و كاری دیپلۆماسیی نەدەكرا.
ئەحمەد شەرع لە كۆشكی سەرۆك كۆماری سوریاوە رەخنەی لەو وڵاتە عەرەبیانە گرتووە كە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و گەڕانەوەی سوریایانداوە بۆ ناو وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سوریا چیتر نابێتە سەكۆیەكی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێكی عەرەبی یان كەنداو، چونكە خەڵكی وڵاتەكە هیلاك و ماندووە لە بەكارهێنانیان و جێبەجێكردنی پلانی وڵاتانی دیكە، لەئێستاشدا هەموو سەرنجەكان لەسەر دروستكردنەوەی متمانە و بونیاتنانەوەی سوریایە وەك وڵاتێكی عەرەبی.
باربارا لیف رایگەیاند، واشنتۆن ئەو پاداشتە ١٠ ملیۆن دۆلاریەی هەڵوەشاندەوە كە بۆ پێدانی زانیاری لەسەر ئەحمەد شەرع دیاریكردبوو، هاوكات پێشوازی لەو پەیامە ئەرێنییانەش كرد كە لە میانەی گفتوگۆكاندا لەگەڵیدا دەری بڕیوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بە پشتبەستن بە گفتوگۆكانیان، ئەحمەد شەرعی ئاگاداركردووەتەوە كە چیتر ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ دەستگیركردنی جۆلانی نادەن و ئەو یەكێك نییە لە داواكراوەكانی واشنتۆن.
لیف ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشوازییان لە پەیامە ئەرێنییەكانی ئەحمەد شەرع كردووە و دەیانەوێت پێشكەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت لەسەر وتەكانی لە داهاتوودا.
دەشڵێت، جەختیان لەسەر گرنگی راوێژكاری فراوان لەم قۆناغە راگوزەرەدا بۆ ئەحمەد شەرع كردەوە، لەو رووەوە پاڵپشتی خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ ناوبراو دووپاتكردووەتەوە بە ئامانجی پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر كە نوێنەرایەتی سەرجەم سورییەكان بكات لەڕووی نەتەوە و ئایینەوە.
هەروەها دەڵێت، واشنتۆن چاوی لەوەیە دیمەشق بە تەواوی كۆتایی بە هەر ڕۆڵێكی ئێران بهێنێت لە ئاییندەی سوریا.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری لە ئەگەری گەڕانەوەی تیرۆر بۆ سوریا دەدات و دەڵێت، راوێژكارانی سەربازیی وڵاتەكەی لە سوریا بۆ شەركردن بووە لە دژی داعش.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران هۆشداریدەدات لە گەڕانەوەی هەڕەشەی تیرۆر بۆ سوریا، بوونی راوێژكارانی سەربازیی وڵاتەكەشی لە سوریا بۆ شەركردن بووە لە دژی داعش و مەترسی تیرۆر.
ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتێكدایە، وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بەشدارییان لە لوتكەی "D-8" كرد لە قاهیرە، كە بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوكاری نێوان وڵاتانی ئیسلامی رێكخرا كە بەدی ٨ ناسراوە.
سەرباری ناكۆكییەكانیان لەسەر رەوشی ناوخۆی سوریا، بەڵام ئێران و توركیا لە لوتكەی "D-8" بەشدارییان كرد، سەردانی سەرۆكێكی ئێرانیش بۆ میسر لە دوای ١١ ساڵ دێت بۆ قاهیرە.وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری لە ئەگەری گەڕانەوەی تیرۆر بۆ سوریا دەدات.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران هۆشداریدەدات لە گەڕانەوەی هەڕەشەی تیرۆر بۆ سوریا، بوونی راوێژكارانی سەربازیی وڵاتەكەشی لە سوریا بۆ شەركردن بووە لە دژی داعش و مەترسی تیرۆر.
ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتێكدایە، وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بەشدارییان لە لوتكەی "D-8" كرد لە قاهیرە، كە بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوكاری نێوان وڵاتانی ئیسلامی رێكخرا كە بەدی ٨ ناسراوە.
سەرباری ناكۆكییەكانیان لەسەر رەوشی ناوخۆی سوریا، بەڵام ئێران و توركیا لە لوتكەی "D-8" بەشدارییان كرد، سەردانی سەرۆكێكی ئێرانیش بۆ میسر لە دوای ١١ ساڵ دێت بۆ قاهیرە.