پێشنیوەڕۆی دوێنێ فڕۆکەیەک بە ٧٢ سەرنشینەوە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، ئێستاش رۆژێک دوای رووداوەکە، پەنجەی تۆمەت بۆ روسیا رادەکێشرێت و چەند ئەگەرێک بە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە دادەنرێن.
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە روویدا، لەکاتێکدا فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی کازاخستان لە باکووری ئازەربایجانەوە بەرەو روسیا بە رێگاوە بوو، لە کازاخستان کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و کەوتە خوارەوە.
فڕۆکەکە ٧٢ سەرنشینی تێدا بوو، کە ٥ کەسیان ستافی فڕۆکەکە بوون، لە رووداوەکەدا بەپێی دوایین ئامارەکان ٣٢ کەس رزگار کراون کە دووانیان منداڵن.
ڤیدیۆی ساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە
لە سەرەتادا باس لە دوو ئەگەر دەکرا لەبارەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەوە، یەکێکیان ئەوەبوو دەوترا پۆلێکی باڵندە خۆیان بە فڕۆکەکەدا کێشاوە، دووەم ئەگەریش دەوترا، سیستمی جی پی ئێسی فڕۆکەکە بۆماوەیەکی درێژ لەکارکەوتووە و نەکەوتووەتەوە کار، بەهۆیەوە فڕۆکەوانەکە رێرەوی خۆی لەدەستداوە.
"پێدەچێت روسیا سیستمی جی پی ئێسی فڕۆکەکەی لەکارخستبێت"
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی رەسمی لەلایەن بەرپرسانەوە لەسەر هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە نییە، بەڵام هەر لە سەرەتای رووداوەکەوە تۆمەتی رووداوەکە خرایە پاڵ روسیا، بەوهۆیەی لەماوەی رابردووشدا گومان لەسەر روسیا هەبوو کە دەستوەردانی لە سیستمی جی پی ئێسی فڕۆکەکانی کازاخستاندا کردبێت.
لەگرتە ڤیدیۆکانی دوای رووداوەکە دەردەکەون، فڕۆکەکە چەند شوێنەوارێکی بەسەرەوەیە، وەک ئەوەی بەئامانج گیرابێت و پێکرابێت، ئێستا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی روسیایە و میدیا جیهانییەکان لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە باس لەوە دەکەن، پێدەچیت روسیا بە هەڵە فڕۆکەکەی کردبێتە ئامانج و وایزانیبێت سەر بە ئۆکرانیایە.
"وادەر دەکەوێت فڕۆکەکە بەئامانج گیرابێت"
لەلایەکی دیکەوە لە کەناڵی فەرمی خۆی لە تێلیگرام، کەناڵی "بازا" کە پەیوەستە بە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی روسیاوە باسی لەوەکردووە، "ئەو پاشماوە و کونانەی لەسەر پلێتی فڕۆکەکە دەبینرێن، لەو شوێنەوارانە دەچن کە بۆردومانکردن یان هەوڵی تەقاندنەوە جێی دەهێڵن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت ئەوە شوێنەواری بەرکەوتنی موشەکی دژەفڕۆکە بێت".
لەلایەکی دیکەوە چەناڵی "ریبار" لە تێلیگرام ئەوەی خستووەتە روو، لەوکاتەوەی ئەو فڕۆکەیە بەرێگاوە بووە بەرەو روسیا، لەسەر هەمان هێڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بەسەر ناوچەکەدا فڕیون".
لە ساتی رووداوەکەدا تیمی فڕۆکەکە بە سەرنشینەکانیان راگەیاندووە، پێکدادانێک لە هەوادا روویداوە و پێویستە ئۆکسجینەکانیان ببەستن، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت یەکێک لە خەزانەکانی ئۆکسجینی فڕۆکەکە تەقیوەتەوە. سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، فڕۆکەکە رووبەڕووی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی روسیا بووەتەوە.
لەدوای رووداوەکە دوێنێ ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس ئەوەی خستە روو، ٤٢ کەس لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە خەڵکی ئازەربایجان بوون، ١٦ کەسیان خەڵکی روسیا بوون، شەش کەسیشیان کازاخستانی و سیانەکەی دیکەش خەڵکی قیرغستان بوون.
لەئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەردەوامن و لەپاش ٢٤ سەعات لە رووداوەکە، هێشتا هیچ لایەنێکی رەسمی هۆکارەکەیان نەخستووەتە روو، ئەوەش گومانەکانی چڕتر کردووەتەوە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جارێكی تر هەرەشەی توند ئاراستەی حوسییەكانی یەمەن دەكات و دەڵێت وەك حەماس و حزبوڵا و رژێمەكەی ئەسەد لەناویان دەبەن.
لە بەردەوامیی هێرش و ئاڵۆزییەكانی نێوانیاندا، "بنیامین ناتانیاهۆ" سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەرەشەی لە حوسییەكان كردەوە و رایگەیاند ، تەلئەبیب بەردەوام دەبێت لە هێرشكردنە سەر دوژمنەكانی لەناوچەكەدا و وانەیەكی توندیش دەداتە حوسییەكانی یەمەن، هاوشێوەی حەماس و حزبوڵا و رژێمەكەی ئەسەد و لەناویان دەبات.
هەڕەشەكەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت كە "تومیر بار" فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل ئەنجامدانی هێرشێكی توندی دژی حوسییەكانی یەمەن راگەیاند ، ئەوەش لەدوای ئەو هێرشە موشەكییەكی حوسییەكان كە كردیانە سەر ناوچەی تەلئەبیبی گەورە لە ئیسرائیل.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە ، سوپای ئیسرائیل تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانی دیكە دژی حوسییەكان دەكات.
لە پێنج شاری سوریا خۆپیشاندان دژی هێرشكردنە سەر مەزارگەی ئایینی عەلەوییەكان كرا، بەو هۆیەوە شەڕ و ئاڵوزیی روویدا و لە ئەنجامدا ١٤ ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی سوریا كوژران.
محەمەد عەبدولڕەحمان وەزیری ناوخۆی حكومەتی راگوزەری سوریا رایگەیاند، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانەوە 14 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و ١٠ ئەندامی دیكەش برینداربوون كە لە ئەركدا بوون بۆ پاراستنی ئارامی وڵات، لەو كاتەی كە كەوتوونەتە بۆسەی لایەنگرانی رژێمی پێشووە لە یەكێك لە گوندەكانی شاری تەرتوس.
وەزیری ناوخۆی سوریا ئاماژەی بەوەشكرد، هەر كەسێك هەوڵی تێكدانی ئاسایشی سوریا و گەلەكەی بدات، بە توندی روبەڕوویان دەبنەوە.
ئەو قسانەی وەزیری ناوخۆی سوریا لەدوای ئەوەدێت كە شەوی رابردوو، خۆپیشاندان لە پێنج شاری سوریا دەستپێكرد دژی سوتاندنی سەر مەزارگەیەكی عەلەوییەكان لە حمس، پاشان گرژی و ئاڵۆزی لێكەوتەوە، بەهۆیەوە لە سەعاتەكانی شەودا قەدەغەی هاتووچۆ لە شارەكانی حومس، لازقیە و تەرتوس، جەبلە و بانیاس راگەیەندار بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایانكرد، ئەسما ئەسەد هاوسەری سەرۆكی پێشووی سوریا رەوشی تەندروستی ناجێگیرە و ئەگەری رزگاربوونی لەسەدا ٥٠یە.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشكرایكردووە، بەهۆی شێرپەنجەی خوێنەوە، ئەسما ئەسەد رەوشی تەندروستی ناجێگیرە و لە ژوورێكدا لە خەڵك جیاكراوەتەوە تا رەوشی تەندروستی خراپتر نەبێت و بەرگری جەستەی دانەبەزێت، پزیشكەكانیشی لەسەدا ٥٠ یان بۆ ئەگەری رزگاربوونی دیاریكردووە.
لەلایەن باوكییەوە، چاودێری دەكرێت
ئەسما ئەسەد كە خاوەن رەگەزنامەی بەریتانییە، پێش بەشار ئەسەدی هاوسەری لەگەڵ منداڵەكانیدا سوریای بەرەو روسیا بەجێهێشتووە و دەشوترێت لەئێستادا لەلایەن باوكییەوە كە پزیشكی دڵە، چاودێری دەكرێت.
توشبوونی ئەسما بە جۆرێكی قورسی شێرپەنجە
لە مانگی ئایاری رابردوودا، سەرۆكایەتی سوریا توشبونی ئەسما ئەسەدی بە جۆرێكی قورسی شێرپەنجەی خوێن راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی لە ٢٠١٩دا چاكبوونەوەی لە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك راگەیەندرا.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین هێرشی ئەمڕۆی روسیای بۆسەر وڵاتەکەی ئیدانەرد و بە 'نامرۆڤانە' وەسفیکرد.
هێزی ئاسمانی ئۆکراین رایگەیاند، ١٨٤ هێرشی ئاسمانییان تۆمار کردووە، بەڵام زۆربەیان زیانیان نەبووە و ئامانجیان نەپێکاوە، بەڵام روسیا دەڵێت هێرشەکانمان ئامانجی پێکاوە.
وەزارەتی بەرگری روسیا دووپاتی کردەوە کە هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر دامەزراوە وزەییەکانی ئۆکراین ئەنجامداوە، هەروەها هێرشەکە بووە هۆی نەمانی کارەبا لە سەرانسەری ئۆکراین.
هەروەها گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی وزەی ئۆکرانیا (DTEK) رایگەیاند، "لەمساڵدا روسیا ١٣ هێرشی گەورەی کردووەتە سەر کەرتی وزەی ئۆکراین".
پێشتریش زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندبوو، "٪٨٠ـی ژێرخانی وزەی ئۆکراین بەهۆی هێرشەکانی روسیاوە لەناوچووە".
دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای ناساندی هەڵۆی راوکەری سەرسپی وەک باڵندەی نەتەوەیی لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئێستا بە رەسمی باڵندەی نەتەوەیی ئەو وڵاتەیە.
ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، هەڵۆی راوکەری سەرسپی، چەندین ساڵە سیمبوولێکی نەتەوەیی هەبووە لە ئەمریکا و لە ساڵی ١٧٨٢ـەوە وێنەکەی لەسەر مۆری گەورەی ئەمریکا هەڵکەنراوە و لە بەڵگەنامەکانی ئەمریکادا بەکارهاتووە، بەڵام بە رەسمی وەك باڵندەی نەتەوەیی دیاری نەکرابوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەفتەی رابردوو گۆنگرێسی ئەمریکا ناساندی "هەڵۆی راوکەری سەرسپی دەنوک زەرد" وەک باڵندەی نەتەوەیی کردە پرۆژەیاسایەک و بەمەبەستی پەسەندکردنی ناردە سەر مێزی سەرۆکی ئەمریکا و شەوی ٢١ـی ئەم مانگە لەلایەن جۆ بایدن ئیمزا لەسەر پرۆژەیاساکە کرا.
هاوکات جاک دەیڤس، هاوسەرۆکی دەستپێشخەری نەتەوەیی باڵندە بۆ سەنتەری هەڵۆی نیشتمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: بۆ ماوەی نزیکەی ٢٥٠ ساڵ، ئەوان ئەو باڵندەیەیان بە "باڵندەی نیشتمانی" ناوبردووە، بەڵام ئێستا ناسناوەکە رەسمییە و هیچ باڵندەیەکی تر شایەنی ئەو ناسناوە نییە".
سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشڕەوییەكانی لەناو خاكی سوریا و ڕوانگەی سووریش بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئیسرائیل نزیکەی حەوت کیلۆمەتر لە قوڵایی ناوچەی پارێزراو هاتوەتەوە ناو خاكی سووریاوە، هەروەها لە كۆوبونەوەیان لەگەڵ كەسایەتیەكانی چەند ناوچەیەكی پارێزگای قونەیترە و تویانە، "ئیسرائیل پێ وتوون دەبێت چەکە "قورسەکانتان رادەستی سوپای ئیسرائیل بکەن
تەلەفزیۆنی سوریا بڵاویكردەوە، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە دەستیکردوە بە پێشڕەوی بۆ ناو جەرگەی شارۆچکەی سوەیسە لە ڕیفی قونەیترە لە باشوری ڕۆژئاوای سوریا. ماژەی بەوەشكردوە، بولدۆزەر و ئۆتۆمبێلەکانی سوپای ئیسرائیل چونەتە ناوچەی بەنداوی مەنتەرە لە پارێزگای قونەیترە و خاڵی سەربازییان داناوە، هەروەها بەربەستی خۆڵیان لە دەوروبەری بەنداوەکە دروستكردوە.
لایخۆیەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "هێزێکی ئیسرائیلی بانگهێشتی کەسایەتییە دیارەکانی شارۆچکەی جەباتا خەشبی کردوە و لە شارۆچکەکەدا لەگەڵیان کۆبوەتەوە و داوای لە دانیشتوانی ناوچەكە کردوە لە ماوەی 48 کاتژمێردا چەکە قورسەكانیان ڕادەست بکەن".
ئیسرائیل لە نزیكبوونەوەی ئەمریكا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا نیگەرانە، بەتایبەت هەڵوەشاندنەوەی ئەو خەڵاتە داراییەی كە لەبارەی ئەبو محەمەد جۆلانی دیاریكرابوو.
رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرانۆتی ئیسرائیلی" بڵاویكردووەتەوە، ئەو پەیوەندییە راستەوخۆیەی لە دوای روخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدەوە لە نێوان ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن و ئیدارەی نوێی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع كە بە ئەبو محەمەد جۆلانی ناسراوە دروستبووە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێدانی ١٠ ملیۆن دۆلار لە بەرانبەر پێدانی زانیاری بە ئەمریكا لەبارەی جۆلانی بە تەواوی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی نیگەرانكردووە لەسەرووی هەمووشیانەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەك متمانەیان بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە گشتی و دەستەی تەحریر شام بەتایبەتی نییە كە گرووپی ئیسلامی چەكداری توندڕەون، تەلئەبیب پێی وایە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبنە هەڕەشە و مەترسی لەسەر وڵاتەكەی، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا دەكات.
بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، فلتەرکردنی بەکارهێنانی واتسئەپ و گۆگڵ پلەی لابرا و هاوڵاتیان دەتوانن بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئەپڵیکەیشنێکی دیکە ئەو دوو بەرنامە بەکاربهێنن، بەڵام هێشتا چەند ئەپڵیکەیشنێکی دیکە ماوە کە بە ئازادانە لە ئێران بەکارنایەت.
ئیرنا، ئاژانسی رەسمی هەواڵی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای رۆژی چوارشەممەوە واتسئەپ و گۆگڵ پلەی بەبێ فلتەر بەکاردەهێنرێن و ئەم بڕیارە لە هەموو وڵاتدا جێبەجێ کراوە.
سنوردارکردنی زۆربەی بەرنامە و ماڵپەڕەکانی ئێران چەند ساڵێکە بەردەوامە، هەروەها بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، لابردنی ئەو فلتەرانە بەڵێنێکی پزیشکیان بوو.، هەروەها لە رۆژی ٣١ـی ئابی ٢٠٢٤ لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندبوو، "لە ئەنجومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێران رێکاری پێویست دەستنیشان دەکەین".
لەلایەکی دیکەوە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران و بەشێک لە رۆژنامەکانی ئێران پێشوازییان لەو بڕیارە کرد.
ئەمە لەکاتێکدایە فلتەری ئینستاگرام و فەیسبوک هێشتا ماون و ئێرانییەکان ناتوانن بە ئازادی بەکاریبهێنن و داوا دەکەن کە بتوانن بە ئازادانە هەموو ئەپڵیکەیشنەکان بەکاربهێنن.
ئیدارەی نوێی سوریا بەنیازی ئامادەكردنی یاداشتێكی قەرەبووكردنەوەیە بە بەهای 300 ملیار دۆلار لە دژی ئێران
میدیاكانی نزیك لە ئیدارەی نوێی سوریا بڵاویانکردۆتەوە ، دەسەڵاتدارانی سوریا كار لەسەر ئامادەكردنی یاداشتێك دەكەن كە پێشكەشی دادگا نێودەوڵەتییەكان دەكرێت، کە پێکدێت لە داواكارییەك كە ئێران سەدان ملیار دۆلار لە شێوەی قەرەبووكردنەوە بداتە گەلی سوریا و دەوڵەت.
دەشڵێن، ئیدارەی نوێ داوای ئەوەدەكات ئێران 300 ملیار دۆلار بدات لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە سورییەكان و ژێرخانی وڵاتەكەیان گەیاندووە لەكاتی لایەنگری ڕژێمەكەی ئەسەد.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە وەزیری دەرەوەی حكومەتی راگوزەری سوریا داوای لە ئێران كرد دەستوەردان لە كاروباری سوریای نوێدا نەكات و ڕێز لە ئیرادەی گەلی سوریا و سەروەری وڵات بگرێت.
سودان لە جەنگ و هەرەسهێناندایە، زۆرن ئەو چیرۆکانەی کە لەو وڵاتەدا رودەدەن، لەناویاندا چیرۆکی دەستدرێژی سێکسی یەکێکی دیکەیە لە دیاردەکانی ئەو جەنگە؛ یەکێک لەو چیرۆکانە دایکێکە کە رێگەی داوە دەستدرێژی بکرێتە سەری لەبەر رزگاربوونی دوو کچەکەی.
ئەم راپۆرتە لە بی بی سی وەرگیراوە
بەهۆی جەنگەوە بارودۆخی سودان باش نییە و وڵاتەکە لە هەرەسهێناندایە، یەکێک لە دیاردەکانی جەنگەکە دەستدرێژی سێکسییە کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانییان لەوبارەیەوە دەربڕیوە.
زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس
بە وتەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەسی سوداننی ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
بارودۆخی ژنانی سودان بەجۆرێکە هەندێک جار دەبێت زیاتر لە چوار سەعات رێگا ببڕن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، ئەمە لەکاتێکدایە کە پیاوەکانیان ناچنە دەرەوە لەبەر ئەوەی راستەوخۆ چەکدارەکان داوای پارەیان لیدەکەن و لێشیان دەدەن.
"من بەرگەی سەختییەکان دەگرم"
یەکێک لە ژنەکانی سودان دەڵێت، "بەرگەی سەختییەکان دەگرم چونکە دەمەوێت خواردن بە منداڵەکانم بدەم، برسیمانە و پێویستمان بە خواردنە".
چیرۆکی 'مریەم' و دەستدرێژی
مریەم ناوی خوازراوی ژنێکی سودانە، ماڵیان لە دارسلام بووە و بەناچاری جێی هێشتووە و هاتووەتە لای براکەی تا بە ئارامی بژی، هەروەها لە شوینێکی فرۆشتنی چا کار دەکات.
مریەم دەڵیت، "لەسەرەتای جەنگدا دوو چەکدار هاتنە ماڵەکەمان، ویستیان دەستدرێژی بکەنە سەر دوو کچەکەم کە دانەیەکیان ١٧ ساڵە و ئەوی دیکەیان ١٠ ساڵە".
"بە کچەکانم وت لە پشتمەوە بوەستن، هەروەها بە چەکدارەکانم وت ئەگەر بڕیارە دەستدرێژی بکەن، واز لە کچەکانم بهێنن و دەستدرێژی بکەنە سەر من"، مریەم وادەڵێت.
مریەم زیاتر دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "چەکدارەکان لێیاندام و پێیان وتم جلەکانت دابکەنە، لەوکاتەدا بە کچەکانم وت رابکەن، ئەوانیش لەگەڵ منداڵەکانی ئەو شوێنەی کە لێی دەژیاین رایان کرد و چەکدارەکان ئەوەی ویستیان کردیان".
هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' رایگەیاند، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێکدا لە مەنبج، پێنج ئەندامی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایان کوشتووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاویانکردەوە، "لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لە باشووری خۆرهەڵاتی مەنبج لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، پێنج ئەندامی ئەو گروپەمان کوشت و دەسمان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا گرت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزەکانمان کە مافی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانیان هەیە، بەشێوەی راستەوخۆ هێرشیانکردووەتە سەر ئەو چەند خاڵەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، رووبەڕووبوونەوەکان لە ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوون".
ئەوەش هاتووە، لە ناوچەی زرکانیش، فڕۆکەکانی تورکیا خاڵێکی هێزەکانی ناوخۆیان کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە ئەندامێکی ئەو هێزە و هێزە سەربازییەکان شەهید بوون و چوار ئەندامی هێزەکانی ناوخۆش برینداربوون.
دوێنێش، هەسەدە رایگەیاند، بەرپەرچی دوو هێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایان داوەتەوە و دەیان چەکداریان کوشتووە، هەروەها دەستیان بەسەر دوو تانک و تۆپهاوێژ و زرێپۆشدا گرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پردی قوزاق، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارەکانیان تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژراون و بۆردومانێکی ئاسمانیشیان ئەنجامداوە. لە بەنداوی تشرینیش هێزەکانی ئەنجومەنی مەنبجی سەربازی هێرشێکی گروپە چەکدارەکانیان تێکشکاند، کە بەهۆیەوە دەیان چەکدار کوژران و بریندار بوون، هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر دوو تانک، تۆپهاوێژێک، زرێپۆشێک، دوو ئۆتۆمبێل کە دۆشکەیان لەسەر بووە.
كاندیدی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە كابینەكەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پشتیوانیكردن لە شەڕڤانانی هەسەدە لە ئەولەویەتی كارەكانیان دەبێت لە سوریا.
مایك واڵتز كە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كاندیدكراوە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەمریكا لەئەولەویەتی كارەكانی لە سوریا، گرنتیكردنی نەگەڕانەوەی داعش و دەستەبەركردنی ئاسایشی سنورەكانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دێت.
راشیگەیاند، پشتیوانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریا دیموكرات هەسەدە بەردەوام دەبێت و لە ئەولەویەتی كارەكانیانە لە سوریا.
واڵتز ئاماژەی بەوەشدا، ئاسایشی سنورەكانی ئیسرائیل دووەم گرنگترین بەرژەوەندی ئەمریكایە لە سوریا و هەرگیز رێگانادەن سنورەكانی ئیسرائیل لەلایەن تیرۆرستانەوە كۆنتڕۆڵبكرێت.
بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە کازاخستان بە ٧٢ سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە، کە پێنج کەسیان ستافی ناو فڕۆکەکە بوون، بەپێی دوایین ئامارەکان، توانراوە ٣٢ سەرنشینیان رزگار بکرێن.
فڕۆکەکە سەر بە هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان بووە و گەشتەکەی لە باکووی ئازەربایجانەوە بەرەو روسیا بووە.
لە دوایین راپۆرتدا لەسەر زاری بەرپرسانی کازاخستانەوە ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە فڕۆکەکەدا ٦٧ سەرنشین و پێنج ستافی ناو فڕۆکەکە هەبوون، کە تاوەکو ئەم ساتە ٣٢ کەس رزگار کراون، کە دووانیان منداڵن.
ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی رزگارکراون لە ئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
ئەسۆشیەتید پرێس ئەوەشی خستووەتە روو، ٤٢ کەس لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە خەڵکی ئازەربایجان بوون، ١٦ کەسیان خەڵکی روسیا بوون، شەش کەسیشیان کازاخستانی و سیانەکەی دیکەش خەڵکی قیرغستان بوون.
لەبارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەوە باس لە دوو هۆکار دەکرێت، یەکێکیان ئەوەیە کە پۆلێکی باڵندە خۆیان کێشاوە بە فڕۆکەکەدا. هۆکاری دووەمیش باس لەوەدەکرێت، لە کازاخستان گرفت لە جی پی ئێس'ی فڕۆکەکەدا دروستبووە و بۆماووەیەکی درێژ کاری نەکردووە، بەهۆیەوە فڕۆکەکە تووشی ئەو رووداوە بووە.
ئێران لەسەر كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لەلایەن ئیسرائیلەوە، نامەیەك ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات، نوێنەری وڵاتەكەش دەڵێت: دانپێدانانی ئیسرائیلییەكان رەوایەتی دەدات بە هێرشەكانی تاران بۆ سەر تەلئەبیب.
لە نامەكەی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان هاتووە: دانپێدانانی یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، زۆر بێشەرمانەیە و رەوایەتی هێرشەكانی ئێران دژی ئیسرائیل دەردەخات.
ئێران راشیگەیاندووە، ئیسرائیل بەبیانووی جیاواز و تۆمەتباركردنی وڵاتەكە بە هاوكاریی حوسییەكان دژی تەلئەبیب ئامادەكاریی دەكات بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و دەیەوێت بە هەنگاوەكانی هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات.
ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی پێشوتری بزوتنەوەی حەماس لە 31ی تەمموزی ئەمساڵ لە تاران كوژرا، لە بەرامبەردا، ئێران بە زیاتر لە 200 درۆن و موشەك هێرشیكردە سەر ئیسرائیل.
ماوەی ٢١ رۆژە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هەسەدە و گروپە چەكدارەكان بەردەوامە و هەسەدەش لە پێشڕەویەکانی بەردەوامە ، روانگەی سوریش دەڵێت، هەسەدە تەنها ١٢ كیلۆمەتر لە سەنتەری مەنبجەوە دوورە.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، بە سەرپەرشتی هاوپەیمان دانوستانەكانی ئاگربەست لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا بەردەوامی هەیە، بەڵام لەهەمانكاتدا شەڕ و پێكدادان لە كۆبانی و مەنبج و دەوروبەری بەنداوی تشرین بەردەوامی هەیە.
راشیگەیاند، لەئێستادا ئەمریكا هێزێكی زۆر رەوانەی شاری كۆبانێ كردووە كە بۆ هەمیشە ئەو هێزە لە كۆبانێ دەمێنێتەوە.