وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت: هیوادارین ئەمریکا هەنگاو نەنێت بۆ زیادکردنی ناکۆکییەکان لە ئۆکراین، هاوکات ئەوروپا بوەستن لە دژایەتیکردنی روسیا.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەمیشە داوای گفتوگۆی لەگەڵ روسیا کردووە و هەوڵیداوە بە تەواوی لە هەڵوێستی مۆسکۆ سەبارەت بە ئۆکراین بزانێت و "پابەندبوونی خۆی بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانەی بەردەوام نیشانداوە."

وتیشی، ئێمە داوای سەقامگیرکردنی و دڵنیاین کە واشنتۆن دەبێت بەو هەڵوێستەوە پاپەندبێت، هەروەها ئەوان لە هەر کارێک خۆیان بەدوور دەگرن کە بتوانێت ناکۆکییەکە بۆ ئاستێکی نوێ بەرز بکاتەوە.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ دانی بەوەدانا کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵمەتەکانی روسیا، فراوانبوونی هاوپەیمانی ناتۆ و بڵاوکردنەوەی ژێرخانی سەربازییەکەی بوو لە نزیک سنورەکانی.

راشیگەیاند، ئەوروپا سورە لەسەر تێکدانی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و رەتیدەکاتەوە پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ هەبێت، دەشڵێت؛ ئەوان سزای نوێ دەسەپێنن کە زیاتر زیان بە ئابورییەکانیان دەگەیەنێت. و بە ئاشکرا خۆیان بۆ جەنگێکی گەورەی نوێی ئەوروپی دژی روسیا ئامادە دەکەن.

وەزیری دەرەوەی روسیا ئاشکرایکرد، مۆسکۆ ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا دەستپێبکاتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە پشتگیری لە ئۆکراین دەکەن، هاوکات مانگی رابردوو لەسەر نۆزدەهەمین پاکێجی سزاكان دژی روسیا رێککەوتن و گفتوگۆ لەسەر رێگەکانی زیادکردنی پشتگیری دارایی بۆ کیێڤ دەکەن.