دەزگای پەخشی بەریتانی (بی بی سی) بە رەسمی داوای لێبوردنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد، بەهۆی دەستکارییەکی "چەواشەکارانە" لە وتارێکیدا، کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسی هەواڵی دەزگاکە. لەگەڵ ئەوەشدا، بی بی سی داواکارییەکەی ترەمپی بۆ قەرەبووکردنەوە بە بڕی یەک ملیار دۆلار رەتکردەوە.

کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەیەکی "پانۆراما" لە ساڵی 2024، کە تێیدا بەشێک لە وتارەکەی رۆژی 6ی کانونی دووەمی 2021ی ترەمپ بەجۆرێک دەستکاری کرابوو کە وا دەربکەوێت راستەوخۆ داوای توندوتیژی دەکات.

لە بەرنامەکەدا، قسەکانی ترەمپ بەم شێوەیە لکێندراون: "بەرەو کاپیتۆڵ بەڕێدەکەوین... لەوێ لەگەڵتان دەبم. و ئێمە دەجەنگین. وەک دۆزەخ دەجەنگین."
بەڵام لە راستییدا، ترەمپ سەرەتا وتوویەتی: "بەرەو کاپیتۆڵ بەڕێدەکەوین، و لەوێ هانی سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێسی ئازامان دەدەین." پاشان دوای زیاتر لە 50 خولەکی دیکە دەڵێت: "و ئێمە دەجەنگین. وەک دۆزەخ دەجەنگین."

بی بی سی دانی بەوەدا ناوە کە "دەستکارییەکە بەبێ مەبەست وێنەیەکی هەڵەی دروستکردووە" و رایگەیاندووە کە جارێکی دیکە ئەو بەرنامەیە پەخش ناکاتەوە.

پارێزەرانی ترەمپ هەڕەشەیان کردووە ئەگەر دەزگاکە داوای لێبوردن نەکات، قەرەبووی نەکاتەوە و لە کارەکەی پەشیمان نەبێتەوە، ئەوا سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن و داوای یەک ملیار دۆلار (759 ملیۆن پاوەند) قەرەبوو دەکەن.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز رایگەیاند، وتارەکەی "شێوێندراوە" و شێوازی پێشکەشکردنەکەی "فێڵی" لە بینەران کردووە.

پاساوەکانی بی بی سی:

سەرەڕای داوای لێبوردنەکە، بی بی سی رەتیکردووەتەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ داوای قەرەبووکردنەوەکە هەبێت و لە نامەیەکدا بۆ تیمی یاسایی ترەمپ، پێنج پاساوی سەرەکی خستووەتەڕوو:

  1. بەرنامەکە لە کەناڵە ئەمریکییەکانی بی بی سی پەخش نەکراوە.

  2. بەرنامەکە زیانی بە ترەمپ نەگەیاندووە، چونکە ماوەیەکی کەم دواتر هەڵبژێردرایەوە.

  3. دەستکارییەکە بە مەبەستی چەواشەکاری نەبووە، بەڵکو تەنیا بۆ کورتکردنەوەی وتارێکی درێژ بووە.

  4. کلیپەکە تەنیا 12 چرکە بووە لەنێو بەرنامەیەکی یەک سەعاتیدا کە چەندین دەنگی پشتیوانی ترەمپیشی تێدابووە.

  5. قسەکردن لەسەر بابەتی سیاسی لە ئەمریکا بەپێی یاسا پارێزراوە.

هاوکات، رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف" ئاشکرایکردووە کە پێشتریش لە ساڵی 2022 و لە بەرنامەیەکی "نیوز نایت"دا، هەمان وتاری ترەمپ بە شێوازێکی هاوشێوە دەستکاری کراوە.
وتەبێژی تیمی یاسایی ترەمپ رایگەیاندووە، "ئێستا روونە کە بی بی سی بە شێوەیەکی سیستماتیک ناوبانگی سەرۆک ترەمپی زڕاندووە."