تارانی پایتەختی ئێران روبەڕووی خراپترین قەیرانی وشكەساڵی بووەتەوە، كەماوەی 60 ساڵە قەیرانی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە. 

پلانێك هەیە بۆ ئەوەی گەیاندنی ئاو بە دانیشتووانی تاران رابگیرێت یان زۆر كەم بكرێتەوە. 

لێپرسراوانی ناوخۆی وڵاتەكەش دەڵێن، باران بارین لە تاران گەیشتووەتە كەمترین ئاست لە ماوەی سەدەیەكدا، تەنانەت نیوەی پارێزگاكانی وڵاتەكە چەندین مانگە یەك دڵۆپ بارانیان نەبینیوە.

بەڕێوەبەری پەیمانگای كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاو و ژینگە و تەندروستی دەڵێت، رەوشەكە زۆر مەترسیدارە، چونكە شەش ساڵە وڵاتەكە لە وشكەساڵیدایە. 

قەیرانەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر بەر لە كۆتایی ئەمساڵ باران نەبارێت، دەبێت تاران چۆڵ بكرێت. بەڵام ئەو شارەزایە دەڵێت، چۆڵكردنی ئەو شارە هەروا ئاسان نییە.

تاران پشت بە پێنج بەنداوی سەرەكی دەبەستێت لە نێویاندا بەنداوی ئەمیر كەبیر، رێژەی باران بارینیش لە شارەكە بە نزیكەی 40% دابەزیوە. 

دەستەی ئاو لە تاران رایگەیاندبوو، كۆگاكانی ئاو لە شارەكە گەیشتوونەتە كەمترین ئاست لە ماوەی نزیكەی سەدەیەكدا.