سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: جەنگەکانی داهاتوو لە بۆشایی ئاسمان دەبێت و نزیکەی پێنج ملیار دۆلاری بۆ چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی  لە بۆشایی ئاسمان زیاد کرد.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە شاری تولوز، کە ناوەندی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی ئەو وڵاتەیە رایگەیاند، هار کاتێک بێت ئەمڕۆ یاخود سبەینێ جەنگ لە بۆشایی ئاسمان و ئاسمانەوە دەستپێدەکات، هەروەها بۆشایی ئاسمان چیتر پەناگەیەکی سەلامەت نییە، بەڵکو بووەتە گۆڕەپانی شەڕ.

وتیشی، روسیا دوای هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین لە ساڵی 2022دا، چالاکییەکانی "سیخوڕی" لە بۆشایی ئاسماندا ئەنجام دەدا، دەشڵێت؛ کەشتییە ئاسمانییەکانی روسیا چاودێری مانگە دەستکردەکانی فەرەنسایان دەکرد، چەندینجار پچڕانی بەرفراوان لە نیشانەکانی سیستمی دیاریکردنی شوێنی جیهانی (GPS) و هێرشی ئەلیکترۆنی دژی ژێرخانی بۆشایی ئاسمان هەبوون.

ماکرۆن هەروەها باسی لە هەڕەشەی شۆکهێنەری روسیا کرد، کە چەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسماندا بڵاو بکاتەوە، کە دەرئەنجامەکانی کارەساتبار دەبێت بۆ هەموو جیهان.

سەرۆکی فەرەنسا بەبێ هیچ رونکردنەوەیەک زیادکردنی  4.9 ملیار دۆلاری بۆ بودجەی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی،  بۆ بۆشایی ئاسمان تا ساڵی 2030راگەیاند.