دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی ئاشتیی نهێنی پەسەند کردووە کە لە 28 خاڵ پێکدێت و لەگەڵ روسیا کاری لەسەر کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکراین لە وردەکارییەکانی پلانەکە بێ ئاگایە و داوای سازشی گەورەی لێدەکرێت.
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی NBC News، ئۆکراین بەشداریی لە داڕشتنی پلانە پێشنیازکراوەکەدا نەکردووە و وردەکارییەکانی پێنەدراوە، بەڵکو تەنها لە چوارچێوە گشتییەکەی ئاگادارکراوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سوپای ئەمریکا سەردانی کیێڤیان کردووە.
یەکێتیی ئەوروپا: پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت
لە کاردانەوەیەکدا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە برۆکسل رایگەیاند: "پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت، چونکە ئەوان بوون کە ئەم جەنگەیان دەستپێکرد".
کالاس وتیشی: "تا ئێستا هیچ سازشێکمان لەلایەن روسیاوە نەبینیوە، بۆیە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی ئەوروپا پلانی هەیە بۆ لاوازکردنی روسیا و پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە جەنگەکەدا.
هەوڵێک بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوروپا:
هاوکات، سەرەڕای راپۆرتەکان لەبارەی رێککەوتنە نهێنییەکە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و تورکیا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیکی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا کردووەتەوە.
یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ویتکۆف لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەڵمانیا و هاوبەشە ئەوروپییەکان کردووەتەوە.
ستیڤ ویتکۆف وەک یەکێک لە دانوستانکارە سەرەکییەکانی پلانە نهێنییەکەی نێوان ئەمریکا و روسیا ناوی هاتووە.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، بەرکەوتنی تیشک لە کاتی خەوتندا، پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە.
توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەرانی نەخۆشخانەی "ماساشوستس" لە بۆستنی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، روونیکردووەتەوە کە هەڵکردنی گڵۆپ لە کاتی خەوتندا دەبێتە هۆی ماندووبوونی مێشک و هەوکردنی خوێنبەرەکان، کە رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، تاوەکو ئاستی بەرکەوتنی تیشکی دەستکرد لە شەودا زیاتر بێت، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیش لە داهاتوودا زیاتر دەبێت. بۆ نموونە، هەر کاتێک رێژەی تیشک بە بڕی یەک لادانی پێوانەیی زیاد بکات، ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 35% و لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 22% زیاد دەکات.
دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر توێژینەوەکەدا، دەرکەوتووە کە 17%ی بەشداربووان تووشی کێشەی گەورەی دڵ و خوێنبەرەکان بوون.
خەوتن لە تاریکیدا باشترینە:
جۆناسان سیدرناس، پسپۆڕی بواری خەو لە زانکۆی ئۆپسالای سوید، رایگەیاندووە، ئەم توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەوتن لە تاریکیدا باشترینە بۆ تەندروستی. ناوبراو دووپاتیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ سەلماندوویانە کە تیشکی شەوانە سیستەمی فیزیۆلۆجی و دەماری تێکدەدات و کاریگەری لەسەر کرداری زیندەپاڵ و هەوکردن هەیە.
ماڵپەڕی "هێدلاین" ئامۆژگاری دەدات کە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خەو، پێش خەوتن پەنجەرەی ژوورەکان دابپۆشرێن، هەموو کون و کەلێنەکان بگیرێن و ماسکی خەو بەکاربهێنرێت.
وردەکاریی توێژینەوەکە
توێژینەوەکە لەسەر 466 هەزار کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە کە پێشتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ یان شێرپەنجە نەبوون و لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 پشکنینی مێشکیان بۆ کراوە. توێژەران پشتیان بە داتای مانگە دەستکردەکان بەستووە بۆ پێوانەکردنی ئاستی تیشک لە ماڵی بەشداربوواندا.
ئەم توێژینەوەیە لە دانیشتنەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 خراوەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا لە هیچ گۆڤارێکی زانستییدا بڵاونەکراوەتەوە.
كەناڵ 14ی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەیەكی كەمدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی چەكداماڵین یان دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر حەماس دەدات.
كەناڵی 14ی ئیسرائل رایگەیاندووە، بەمزووانە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی شێوازی چەكداماڵینی حەماسەوە دەدات، كە ئاخۆ بە رێككەوتنی سیاسی بێت یان جارێكی دیكە دەست بە ئۆپەراسیۆنەكان بكەنەوە بۆسەر ئەو بزوتنەوەیە لە كەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر جارێكی دیكە ئیسرائیل بڕیاری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بدات، ئەوا ئۆپەراسیۆنەكانی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە غەززەدا ئەنجام دەدات و لەرێگای هێزەوە كۆتایی بە بزوتنەوەكە دەهێنێت.
لەلایەكی دیكەوە چەند لێپرسراوێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئاگاداری ئەوەن كە حەماس دەیەوێت ئاگربەستی غەززە وەك هەلێك بقۆزێتەوە بۆ دوبارە خۆبوونیادنانەوە و لە ئێستادا بە نهێنیی لەگەڵ حزبوڵا و ئێران لە پەیوەندیدایە.
ئەمریکا و سعودیە راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژی نیوانیان بڵاوکردەوە، تێیدا جەخت لە بەهێزدکردنی پەیوەدنییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەنەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئەمریکا و سعودیە ئاماژەیان بەوەکرد، هەردوو لایەنی سعودی و ئەمریکی پاپەندبوونی خۆیان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی دۆستایەتی و هاوبەشی ستراتیژی دووپاتکردەوە، و تاوتوێی رێگەکانی بەهێزکردنی هاوبەشی نێوانیان کرد لە هەموو بوارەکاندا.
رونیشیانکردەوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دواین پێشهات و گۆڕانکارییە جێی بایەخە هاوبەشەکان کردووە، هەروەها هەوڵەکانی بەهێزکردنی لایەنەکانی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەشیان خستەڕوو، لە سەردانەکە ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنانەی بەخۆیەوە بینیوە ئەوانیش بەرگریی ستراتیژی، هاوبەشیی ستراتیژی بۆ ژیریی دەستکرد، راگەیاندنی هاوبەش بۆ تەواوکردنی دانوستانەکان سەبارەت بە هاوکاری لە بواری وزەی ئەتۆمیی مەدەنی، چوارچێوەی ستراتیژی بۆ هاوکاری لە دابینکردنی زنجیرەکانی یۆرانیۆم و کانزاکان، چوارچێوەی کار بۆ ئاسانکاری رێکارەکان بۆ خێراکردنی وەبەرهێنانەکانی سعودیە، رێکخستنەکانی هاوبەشیی دارایی و ئابوری، رێکخستنەکانی پەیوەست بە هاوکاری لە کەرتی بازاڕە داراییەکان، لەگەڵ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری پەروەردە و راهێنان.
هەروەها کۆڕبەندی وەبەرهێنانی ئەمریکی - سعودی بووە هۆی ئیمزاکردنی ژمارەیەک رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا بە بەهای نزیکەی ٢٧٠ ملیار دۆلار.
سەرۆكی ئەمریكا پلانێكی 28 خاڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئۆكراین پەسەند كرد.
كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی بە پشتبەستن بە لێپرسراوێکی باڵای ئیدارەی ئەو وڵاتە، بەرەبەیانی ئەمرۆ بڵاویكردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پلانێكی 28 خاڵەی لەم هەفتەیەدا پەسەندكردووە كە ئامانج لێی بەدیهێنانی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆكراینە.
هەر بە پێی زانیاریەكانی ئەو كەناڵە، بە ئامادەبوونی نوێنەری روسیا و سەرۆكی سندوقی وەبەرهێنانی راستەوخۆی ئەو وڵاتە، و هەروەها لێپرسراوانی ئۆكراین زۆر بەبێدەنگی ئەو رێككەوتنە ئیمزاكراوە.
هاوكات، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردوەتەوە بەپێی پلانە نوێیەكەی ئەمریكا، ئۆكراین دەبێت رازی بێت بە دواخستنی ئەندامێتی لە ناتۆ لانیكەم بۆ چەند ساڵێك.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیش لە زاری لێپرسراوانی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، كە ئەوان هیچ ئاگاداری ئەو رێككەوتنەوە و ناوەرۆكەكەی نین.
پێشتریش ماڵپەری ئەكسیۆس رایگەیاندبوو كە راوێژكاری نهێنی بۆ كۆتایهێنان بە شەڕ ئۆكراین لە نێوان روسیا و ئەمریكا بەرێوەدەچێت.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ ئێرانییەکان رێککەوتنیان دەوێت، دوای ئەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئەوانمان لەناوبرد، ئەگەری زۆرە لەگەڵیان بگەینە رێککەوتن، ئەوەشی خستەڕوو بە بەهای 270 ملیار دۆلار رێککەوتن لەگەڵ سعودیەی ئیمزا دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ باسی هێرشەکانی وڵاتەکەی کرد بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایگەیاند، بە خێرایی و بە هێز لەناومان برد، رەنگە بەم نزیکانە لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن.
ناوبرا ئاماژەی بەوەشکرد محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەرکردەیەکی بوێرە و پابەندە بە پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پێکەوە بناغەکانی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان سعودیە و ئەمریکایان داناوە.
لەبارەی ئیمزاکردنی گرێبەستە ئابورییەکانیشەوە لەگەڵ سعودیە ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد؛ لە نێوان کەرتی ئەمریکی و سعودیە رێککەوتنێک بە بەهای 270 ملیار دۆلار ئیمزا دەکرێت.
حەنان خاشقچی، هاوسەری جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی کوژراوی سعودی، رایگەیاند "هیچ دادپەروەرییەک" بۆ مەرگی هاوسەرەکەی بەدینەهاتووە، هاوکات دەڵێت، بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ "نائومێد بووە".
قسەکانی هاوسەری خاشقچی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرگری لە شازادە محەمەد بن سەلمان کرد و جەمال خاشقچی بە "کەسایەتییەکی یەکجار مشتومڕاوی" وەسف کرد.
خاشقچی، کە رەخنەگرێکی سەرسەختی شانشینی سعودیە بوو، لە ساڵی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئەستەنبوڵ لەلایەن بریکارە سعودیيەکانەوە کوژرا. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە محەمەد بن سەلمان فەرمانی گرتن یان کوشتنی داوە. شازادەی جێنشین رەتیکردەوە فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەی دابێت، بەڵام وەک فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ریاز دانی بە بەرپرسیارێتیدا ناوە.
"نائومێد بووم"
حەنان خاشقچی لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز رایگەیاند، بە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا "نائومێد بووە" و داوای قەرەبوو لە شازادەی جێنشین دەکات.
ناوبراو رووی قسەکانی لە ترەمپ کرد و وتی، ئامادەیە چاوی بە سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت بۆ ئەوەی لەبارەی نووسەرەکەی واشنتن پۆستەوە بۆی بدوێت، کە بە وتەی ئەو "پیاوێکی مەزن و پیشەیی بوو، هەروەها پیاوێکی ئازاش بوو".
"ژیانیان لێ تێکدام"
هاوسەری خاشقچی وتیشی، هاوسەرەکەی کەسێکی مشتومڕاوی و بێزراو نەبووە، تەنانەت ئەگەر واشبووایە، "ئەوە پاساو نییە بۆ کردەوەی رفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و پارچەپارچەکردنی جەستەی."
ئەو ئامادەیی خۆی نیشاندا چاوی بە شازادەی جێنشین بکەوێت و "داوای لێبکات تەرمی جەمال بگەڕێنێتەوە، تا بتوانم بە شێوەیەکی شایستە و باش بەخاکی بسپێرم"، هەروەها داوای قەرەبووی داراییشی کرد.
وتیشی: "ئەوان هاوسەرەکەمیان کوشت، ژیانیان لێ تێکدام. دەبێت قەرەبووم بکەنەوە."
ترەمپ بەرگری لە بن سەلمان دەکات:
کاتێک لە نوسینگەی هێلکەیی پرسیاری کوشتنەکەی لێکرا، ترەمپ وتی: "جا حەزت لێی بێت یان نا، شتەکان روودەدەن. بەڵام ئەو (بن سەلمان) هیچی لەبارەیەوە نەزانیوە، و دەتوانین لێرەدا وازی لێبهێنین."
ترەمپ تەنانەت ستایشی رابەرە سعودیيەکەی کرد بۆ رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە شانشینەکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیاریکراو بخاتەڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتدارانی سعودیە بەردەوامن لە سەرکوتکردنی توندی نەیاران لە رێگەی دەستگیرکردنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنوسان چالاکوانە سیاسییەکان.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پیشوازی لە شازادەی جێنشینی سعودیە کرد و رایگەیاند؛ سوپاسی سعودیە دەکەم کە بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ئەمریکا کردوە و هیوادارم بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار و جەختیشیکردەوە کە شازادە هاوڕێیەکی نزیکی ئەوە و لە کۆشکی سپیدا رێزێکی زۆری لێدەگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازی لێکرا، مەبەستی سەردانەکەی شازادە بۆ کۆشکی سپی ئەنجامدانی چەند رێککەوتنێکی ئابوورییە و یەکێک لەو رێکەوتنانەش بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی F-35.
دۆناڵد ترەمپ لە بارەت کۆبونەوەکەی لەگەڵ شازادەی سعودییە رایگەیاند؛ دیدارێکی نایابی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە ئەنجامداوە و پێشی وایە مافی سعودیە باشترین فڕۆکەی جەنگی هەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ لەگەڵ سعودییە دەگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی فڕۆکەی جەنگی F-35یان پێ بفرۆشن و هیواشی خواست، کە سعودیە تا ئێستا بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ئەمریکادا کردوە، زیاتر فراوانی بکات و بیگەیەنێتەوە یەک ترلیۆن دۆلار.
ترەمپ جەختیکردەوە لەوەی سعودیە هاوپەیمانێکی راستەقینەیە و هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتیان و پەیوەندیەکانیشیان لە باشترین ئاستدایە.
نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا ئامادەیی بۆ دانوستانی رووبەڕوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەربری ، ئەوەش لەكاتێكدا ئەمریكا كەشتیگەلی جەنگیی لە ناوچەی كاریبی بڵاوكردوەتەوە .
مادۆرۆ لە وەڵامی قەشەیەكی ئەمریكیدا رایگەیاندووە ، لە ئەمریكا هەر كەس بیەوێت گفتوگۆی لەگەڵ ڤەنزوێلا هەبێت ، ئامادەین روبەرو بە بێ هیچ كێشەیەك گفتوگۆی لەگەڵ بكەین . دەپاتیشیكردوەتەوە ، ئەوەی كە رێگەی پێنەدەن تەنها ئەوەیە كە مەسیحییەكان لە ڤەنزوێلا رووبەڕووی بۆردومان و كۆمەڵكوژی ببنەوە .
مادۆرۆ جارێكی تریش داوای دانوستانی كردووە و رایگەیاندووە ، بەڵێ بۆ ئاشتی و نا بۆ جەنگ و هەر كەس ئارەزووی دانوستان بكات ئامادەن دانوستانی لەگەڵ بكەن .
ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی F-35 بە سعودیە دەفرۆشێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سعودییەکان هاوپەیمانێکی گەورەی ئەوانن و ئامادەن فڕۆکەی F-35ـیان پێ بفرۆشن.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئەگەر ئەم گرێبەستە تەواو بکرێت، گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتدا دروست دەکات، کە رەنگە هاوسەنگی هێزی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت و هاوکێشەی بەرگری و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و ستراتیژی سعودیە بەهێز بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕیاز داوای کڕینی 48 فڕۆکەی F-35ی کردووە، لە گرێبەستێکی چەند ملیار دۆلاریدا.
جێگەی ئاماژەیە دوای لێدوانەکانی ترەمپ، نرخی پشکەکانی کۆمپانیای لۆکهید مارتن، کە بەرهەمهێنەری فڕۆکە جەنگییەکانە، بە رێژەی 1.1% بەرزبووەوە.
حکومەتی بەریتانیا وردەکاریی پلانی نوێی چاکسازی لە سیستمی پەنابەریدا بڵاوکردەوە، کە ئامانج لێی توندکردنەوەی مەرجەکان و خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیە، ئەمەش ناڕەزایەتیی لەناو بەشێک لە پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاراندا لێکەوتۆتەوە. هاوکات، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بیر لە پێدانی مافی پەنابەری سیاسی بەو چالاکوانە بەریتانیانە دەکاتەوە کە بەهۆی "تاوانی بیرکردنەوە" دادگایی دەکرێن.
گرنگترین گۆڕانکارییەکانی پلانی حکومەتی بەریتانیا:
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دۆسیەیەکی 38 خاڵیی بڵاوکردۆتەوە کە ئامانج لێی قورسترکردنی مانەوەی هەمیشەیی پەنابەران و ئاسانکردنەوەی دەرکردنی ئەو کەسانەیە کە مافی مانەوەیان نییە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:
زیادکردنی دیپۆرتکردنەوەی خێزانەکان، بە منداڵەکانیشەوە: بەپێی دۆکیۆمێنتەکە، پێشتر گەڕاندنەوەی خێزانەکان کاری لەپێشینە نەبووە، بەڵام حکومەت ئێستا دەڵێت ئەم "دوودڵییە" هاندەرێکی خراپ دروست دەکات. پلانی نوێ ئەوەیە کە سەرەتا هاوکاریی دارایی پێشکەش بە خێزانەکان بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، ئەگەر رەتیانکردەوە، ئەوا بە زۆر دیپۆرت دەکرێنەوە.
لاوازکردنی پێگەی پەنابەری: شەبانا مەحمود، وەزیری ناوخۆ، رایگەیاندووە کە وەرگرتنی مافی پەنابەری "بە کردەوە بە مانای وەرگرتنی توانای ژیانکردنە لەم وڵاتەدا بۆ هەمیشە" و دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت. بۆ ئەم مەبەستە، ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە 5 ساڵەوە بۆ 20 ساڵ زیاد دەکرێت.
بڕینی هاوکاریی دارایی: حکومەت چیتر پابەند نابێت بە پێدانی هاوکاریی دارایی بە هەموو پەنابەران. بەپێی پلانی نوێ، ئەو پەنابەرانەی مافی کارکردنیان هەیە بەڵام کار ناکەن، هیچ هاوکارییەکی داراییان پێنادرێت.
دامەزراندنی دەستەیەکی نوێ بۆ خێراکردنی تانەکان: دەستەیەکی نوێ بۆ تانە لێگرتن دادەمەزرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی بڕیاردان لەسەر رەتکردنەوەی داواکارییەکانی پەنابەری خێراتر بکرێت. ئامانج لێی ئەوەیە ئەو پەنابەرانەی داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە زووتر دیپۆرت بکرێنەوە.
دوای کۆتا گەڕی یارییەکانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانیی 2026، کە لەلایەن سێ وڵاتی ئەمریکای باکوور (کەنەدا، ئەمریکا و مەکسیک) میوانداری دەکرێت، ژمارەی ئەو هەڵبژاردانەی کە سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە گەیشتە 32 هەڵبژاردە، لە کۆی 48 هەڵبژاردەی بەشداربوو.
مۆندیالی 2026 ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەشداریی هەڵبژاردە عەرەبییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، کە تا ئێستا 7 هەڵبژاردەیان سەرکەوتوون و ئەگەری زیادبوونیشی هەیە لە رێگەی پاشکۆی پاڵاوتنەکانەوە، کە تێیدا هەڵبژاردەی عیراق یان ئیمارات یاری دەکەن.
سیستمی نوێی جامی جیهانیی 2026:
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، جامی جیهانیی 2026 بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت. کورسییەکانی هەر کیشوەرێک بەم شێوەیە دابەشکراون:
هەڵبژاردەکان دابەشی سەر 12 گروپ دەکرێن، هەر گروپێک 4 هەڵبژاردە لەخۆدەگرێت. یەکەم و دووەمی هەر گروپێک لەگەڵ باشترین 8 هەڵبژاردەی پلەی سێهەم سەردەکەون بۆ قۆناغی 32.
16 یاریگا لە سێ وڵاتدا:
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 16 یاریگا لە سێ وڵاتی ئەمریکای باکوور بەڕێوەدەچن: 11 یاریگا لە ئەمریکا، 3 یاریگا لە مەکسیک، و 2 یاریگا لە کەنەدا.
یاریی کردنەوەی مۆندیال رۆژی 11ی حوزەیرانی 2026 لە یاریگای "ئەزتیکا" لە مەکسیکۆ سیتی بەڕێوەدەچێت، یاریی کۆتاییش رۆژی 19ی تەموزی 2026 لە یاریگای "مێتلایف" لە شاری نیویۆرک دەبێت.
هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان تا ئێستا:
ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای تاوانەکانی داکا، کە پایتەختی بەنگلادیشە سزای لە سێدارەدانی بۆ شێخ حەسینە، سەرۆک وەزیرانی پێشوی وڵاتەکەی دەرکرد بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ناوبراویش کە لە ئێستادا لە هیندستانە تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.
لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە؛ سەرۆک وەزیرانی پێشوو بە سێ تاوان تۆمەتبارە، هاندان بۆ کوشتن، فەرمانی کوشتن و هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانێک بۆ سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران، بە تاوانبار ناسێندراوە.
دادگا دەشڵێت؛ هەموو ئەو هۆکارانەی کە پێویستن بۆ دەستنیشانکردنی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەم تاوانانەدا هەیە و دادگا پابەندە بە دەرکردنی یەک سزا ئەویش لە سێدارەدانە.
شێخ حەسینەی تەمەن 78 ساڵ، هاوینی رابردوو دوای چەند هەفتەیەک نائارامی، وەک سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش بەرەو هیندستان هەڵات و لە ئێستادا لەوێ پەنابەرە.
ناوبراو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و رایگەیاندوە؛ ناترسێت لە دادگایەکی دروست و بێ لایەندا رووبەڕووی تۆمەتەکان ببێتەوە کە دراونەتە پاڵی و حکومەتی کاتی وڵاتەکەشی خستوەتە ژێر پرسیارەوە و پێی وتون؛ با کەیسەکەی ببرێتە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای.
ئەو شانازی بە کارەکانیەوە دەکات لە حکومەتەکەیدا لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدان، دەڵێت؛ لەو بوارەدا زۆرترین کاریان کردوە.
سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، سەرباری هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل، بەڵام پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەی سەلامەتە.
سەعید خەتیب زادە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریكی دانی بەوەداناوە، كە بۆردومانەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل زیانی گەورەیان بە ژێرخان و ئامێر و بیناكانیان گەیاند، بەڵام جەختی لەوەشكردەوە كە پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەكە سەلامەتە و كاردەكەن بۆ پاراستنی.
هەڵسەنگاندنەكەی خەتیب زادە لەكاتێكدایە، عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، لە ئێستادا پیتاندنی یۆرانیۆم ناكەن، چونكە دامەزراوەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
تا ئێستاش بە وردی ئەو زیانانە ئاشكرانەكراون، کە لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیران و ئیسرائیل بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوت.
لە دوای کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، میدیا جیهانییەکان باس لەوەدەکەن لە کۆبوونەوەکەدا بانگهێشتی ترەمپ کراوە بۆ ئەوەی سەردانی سوریا بکات لە مانگەکانی داهاتوودا.
لێپرسراوانی کۆشکی سپی خۆیان بە دوور دەگرن لە لێدوانی رەسمی سەبارەت بەو زانیارییانەی کە دزەیانکردووە و بڵاوبوونەوەتە سەبارەت بە رێکخستنی سەردانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا، هاوکات لێپرسراوانی کۆشکی سپی، ئەو زانیارییانەیان پشتڕاستکردووەتەوە و رەتیان نەکردووەتەوە.
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشکرایکردووە، کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەیەکی مێژوویی بووە و سەرنج خراوەتەسەر تاوتوێکردنی پەرەپێدانی هاوکاری ئەمنی و ئابوری و بەشداریکردنی سوریا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەروەها لابردنی ناوی شەرع لە لیستی تیرۆر و هەڵگرتنی سزاکانی قەیسەر بۆ ماوەی شەش مانگ.
بازنە سیاسییەکانی ئەمریکا ئەگەری ئەنجامدانی ئەم سەردانەی ترەمپ بۆ دیمەشق بە دوور نازانن، کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکی دەبێت لەدوای سەردانی بیڵ کلینتۆن سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا بۆ دیمەشق لە ساڵی 1994، ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەکرێت سەردانەکە بەشێک بێت لە ستراتیژیای ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سوریا و پشتڕاستکردنەوەی شەرعیەتی حکومەتە نوێی ئەو وڵاتە، لەگەڵ پاڵپشتی بەهێزی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئاساییکردنەوەی خێرای پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا لەژێر سەرکردایەتی شەرع، کە چەند جارێک باسی سەرۆکی سوریای کردووە و بە سەرکردەیەکی بەهێز وەسفی کردووە.
جێگەی ئاماژەیە، ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات سەرنج بخاتە سەر هاوپەیمانێتییە نوێیەکان، هەروەها ئەمە رەنگدانەوەی شێوازی ترەمپە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسیی لەناکاو، وەک چۆن لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا چاوی بە سەرۆکی کۆریای باکور کەوت، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شەرع لە نووسینگەی ئۆڤاڵ ئاماژەی بە "کۆبوونەوەیەکی دیکە" دا، کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی، لەسەر ئەو قسەیەی ترەمپ رایگەیاند، ئیدارەکە بژاردەکانی سەردانی سەرۆکایەتیی دوولایەنە تاوتوێ دەکات بۆ پتەوکردنی هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ سوریا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک ئاشکرا بکات.
لە کاتێکدا سەرچاوەکانی دیکەی ناوخۆی ئەمریکا، ئاماژەیان بە سەختی ئەنجامدانی ئەم سەردانە کردووە لە سایەی گرژییە ناوخۆییەکانی سوریا و دابەشبوونەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان، ئەنجامدانی ئەم سەردانە بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە رادەی سەرکەوتنی حکومەتی شەرع لە بەدەستهێنانی سەقامگیری ناوخۆیی، هەروەها وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی یاسادانەرانی کۆنگرێس بۆ فراوانکردنی حوکمڕانی و پاراستنی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان.
هەردوولا جەختدەکەنەوە کە سەرەڕای نادیاریی خواستی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی ئەم سەردانە و کاتی ئەنجامدانی و رەوشی دەوروبەری، بەڵام ئەگەر روبدات، هەنگاوێکی گەورەی بێ وێنە دەبێت بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و ئەمریکا.
جۆناسان باس، ئەو کەسەی لە پشت ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ترەمپ و شەرعە، کێیە ئەو کەسە؟
میدیا جیهانییەکان ئاشکرایانکردووە، "جۆناسان باس، بازرگانی ئەمریکی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئارگێنت" کە کۆمپانیایەکی پسپۆڕە لە پرۆژەکانی غازی سروشتی شلکراو، کە لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپە، رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە هەوڵە دیپلۆماسییە ناڕەسمییەکانی نێوان ئەمریکا و سوریا، کەسێکە هەوڵدەدات لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ و سەرکردە نوێیەکانی سوریا لێک نزیک بکاتەوە".
هاوکات هانی لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ دەدات بۆ سەردانیکردنی دیمەشق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکان، بە گرنگیدان بەمە وەک هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆی، کە ئەمەش ئامانجێکە ترەمپ هەوڵی بۆ دەدات.
میدیاکان ئەوەشیان خستوەڕوو، جۆناسان باس، لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، کار لەسەر رێکخستنی رێوشوێنی ئەمنی سەردانەکە دەکات، کە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا دەبێت لە دیمەشق، بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، سەردانەکە لە چەند مانگی داهاتوودا رێکدەخرێت، بەڵام هێشتا کاتەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە، دیاریکردنی کاتەکە پەیوەستە بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها پەیوەندی بە پرۆژەکانی وزە و ئاشتی ناوچەییەوە هەیە.
ئەوەش ئاشکراکراوە، جۆناسان باس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئارگێنت"، پلانەکانی دووبارە بنیادنانەوەی کەرتی نەوت و غازی لە سوریا خستووەتەڕوو لەڕێگەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی "سوری-ئەمریکی "SyriUS Energyکە بریتییە لە خستنەڕووی کۆمپانیاکە لە بۆرسەی نیویۆرک لەگەڵ پشکێکی 30% بۆ سندوقی وزەی حکومەتی سوریا، بەکارهێنانی وزەی سوریا لەسەر بنەمای دووبارە بنیادنانەوەی کێڵگەکان و بە ئەلیکترۆنیکردنی وەزارەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یەکێکی دیکەیە لە پلانەکانی "باس"، بەڵام لەلایەن چالاکوانان و ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە وەبەرهێنەرێکی جوولەکەیە و نێوەندگیرێکە بۆ تاڵانکردنی سامانی سوریا و ئاسانکاری بۆ داگیرکارییەکی نوێی ئیسرائیلی بۆ سوریا.
جۆناسان باس، هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بەشداربوو لە گەشتەکەی ترەمپ بۆ ریاز لە مانگی ئایاری رابردوودا، پێشتریش "باس" لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع و وەفدێکی ئابوری ئەمریکی کۆبووەوە و پەیامەکانی شەرعی بۆ ترەمپ گواستەوە، لەوانەش پێشنیازی دیمەشق بۆ دروستکردنی تاوەری ترەمپ، ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی سوریا لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکاندا.
وێنەی جۆناسان باس
ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئێران لە گەروی هورمزدا دەستی بەسەر کەشتییەکی بازرگانیدا گرتووە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، سوپای پاسدارانی ئێران لە ئاوی نێودەوڵەتی گەرووی هورمزدا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی بازرگانی "تەلارا" گرتووە و دواتر بردویانەتە سنوری ئاوییەکانی ئێرانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدواداچونیان بۆ ئەو روداوە کردووە و دەرکەوتووە، لە 14ـی ئەم مانگە، سوپای پاسداران لەرێگەی هێلیکۆپتەرەوە گەیشتونەتە سەر کەشتیەکە و پاشان بە زۆرە ملێ دەستیان بەسەر کەشتیەکەدا گرتووە، کە کەشتییەکی بازرگانییە و هەڵگری ئاڵای دورگەکانی مارشاڵ بووە.
سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا ئەو کەشتییە لە ئێران دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمەش مەترسی بۆسەر ئاسایشی گەشتیاری و بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات، هاوکات بە پێشێلکاریی نێودەوڵەتی وەسفی دەکات.
جێگەی ئاماژەیە، میدیاکانی ئێران رۆژی شەممەی رابردوو بڵاویانکردەوە، تاران دووپاتی کردووەتەوە سوپای پاسداران دەستی بەسەر کەشتییەکی گواستنەوەی کەرەستەی پترۆکیمیاییدا گرتووە کە بەرەو سەنگافوورە دەڕۆیشت لە کەنداودا.
دوای پشکنین، دەسەڵاتداران رایانگەیاند، کەشتییەکە بەهۆی گواستنەوەی باری نایاساییەوە پێشێلکاری ئەنجامداوە.