رۆژنامەی واشنتۆن پۆست رایگەیاندووە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرگرتنی فەرمانی ئەگەری هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا، وەزیری جەنگی ئەمریکا و سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، دوێنێ هەینی بۆ رۆژی دووەم لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆبوونەتەوە و تاوتوێی ئەگەری هەنگاوی سەربازی لە ڤەنزوێلایان کردوە.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، چەند بژاردەیەک خراوەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و لە سەرچاوەیەکی دیکەشەوە زانیویەتی کە فڕۆکەوانە شەڕکەرەکانی جێگیر لە کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی کە بۆ ناوچەکە جێگیرکراون، پشکنینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڤەنزوێلا دەکەن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تا ئێستا دیار نییە ترەمپ بڕیاری هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلای داوە یان نا، بەڵام چەند رۆژێکە گفتوگۆی ئاست بەرز سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشە بەردەوامە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس، مارکۆ روبیوی وەزیری دەرەوە و ستیڤن میلەر، جێگری سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپیش ​​ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون کە تایبەت بوە بە ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتی ڤەنزوێلا.

ئەمریکا بە ناردنی گەورەترین و نوێترین کەشتیی فڕۆکە هەڵگری جیهان بە ناوی جیراڵد فۆرد بۆ ناوچەی کاریبی، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ڤەنزوێلا و پنتاگۆن جێگیرکردنی جیراڵد فۆردی بۆ ناوچەکە بە "ئۆپەراسیۆنێک دژی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و رێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان" وەسفکرد.

 رۆژنامەکە هەروەها بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکە ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەوانە شەڕکەرەکانی جێگیر لە کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی کە بۆ ناوچەکە جێگیرکراون، پشکنینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڤەنزوێلا دەکەن.