روسیا هێرشێکی 'بێوێنەی' کردە سەر کیێڤ و ئۆکراینیش بە سەدان درۆن وەڵامی دایەوە
راهۆز
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
شەوی رابردوو روسیا هێرشێکی بەرفراوانی بە موشەک و درۆن کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراین، کە بەهۆیەوە لانیکەم کەسێک کوژرا و دەیانی دیکە برینداربوون و زیانێکی زۆر بەر باڵەخانە و ژێرخانی شارەکە کەوت. لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، زیاتر لە 200 درۆنی ئۆکراینیان لە ئاسمانی چەندین ناوچەی وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە.
هێرشێکی گەورە بۆ سەر پایتەختی ئۆکراین:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، چەندین تەقینەوەی گەورە کیێڤی پایتەختیان هەژاند و بەرپرسانی ئۆکراین رایانگەیاند، هێرشەکە "بێوێنە" بووە و "نزیکەی هەموو ناوچەکانی" شارەکەی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لانیکەم کەسێک کوژراوە و 26ی دیکە برینداربوون کە دوو منداڵ و ژنێکی دووگیانیان تێدایە و رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە. تیمەکانی فریاگوزاری زیاتر لە 40 هاووڵاتییان لە باڵەخانە روخاوەکان رزگارکردووە.
تیمور تکاچینکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی شارەکە رایگەیاند، "روسەکان باڵەخانەی نیشتەجێبوون بۆردومان دەکەن... چەندین باڵەخانەی بەرز لە سەرانسەری کیێڤ و لە نزیکەی هەموو ناوچەیەکدا زیانیان بەرکەوتووە."
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ، هێرشەکەی بە "هێرشێکی گەورە بۆ سەر پایتەخت" وەسفکرد و داوای لە دانیشتووان کرد لە پەناگەکاندا بمێننەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگر لە چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون، قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەک کەوتووەتەوە و بەشێک لە تۆڕەکانی گەرمکردنەوەی شارەکە زیانیان بەرکەوتووە.
روسیا: زیاتر لە 200 درۆنمان خستووەتە خوارەوە
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی روسیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "شەوی رابردوو، سیستمی بەرگریی ئاسمانی 216 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی تێکشکاندووە."
بەپێی راگەیەندراوەکە، 66 درۆن لە هەرێمی کراسنادار، 45 لە ساراتۆڤ، 19 لە نیمچەدورگەی قرم و دەیانی دیکەش لەسەر ناوچەکانی ڤۆڵگۆگراد، رۆستۆڤ، بێلگۆرۆد و ئاسمانی دەریای رەش خراونەتە خوارەوە.
گروپی "دێلۆ" کە کارپێکەری وێستگەیەکی کۆنتێنەرە لە بەندەری نۆڤۆرۆسیسکی روسیا، رایگەیاند، پاشماوەی درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
زیانەکان لە هەرێمی کیێڤ:
لە هەرێمی کیێڤ (دەوروبەری پایتەخت)، میکۆلا کالاشنیک، پارێزگاری ناوچەکە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە 6 کەس برینداربوون کە منداڵێکیشیان تێدایە. هەروەها زیان بەر چەندین خانوو، کۆگا و دامەزراوەی پیشەسازی کەوتووە.
ئەم هێرشە چڕانەی روسیا لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئۆکراین و رۆژئاوا پێشبینی دەکەن مۆسکۆ لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا، هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراین چڕتر بکاتەوە.



