ترسی روبەڕوبونەوە لەگەڵ روسیا، ئەوروپای ناچار بە گەڕاندنەوە بۆ خزمەتی سەربازی کردوە؛ ئەڵمانیا رەشنووسێکی نوێی بۆ خزمەتکردنی سەربازی پەسەند کرد و گەنجانی رەگەز نێر لە تەمەنی 18 ساڵیەوە ئیجباردەکرێن  فۆڕم پڕکەنەوە و لە ساڵی 2027وە دەبێت پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن بۆ وەرگرتن لە خزمەتی سەربازی، بەڵام بۆ ژنان جۆرێکی دیکەیە و ئارەزومەندانەیە.

 ئەگەری گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی سەربازی زۆرە ملێش یەکێکە لە بژاردەکان و هەموو ئەمانەش دەگەڕیتەوە  بۆ نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسییە ئەگەرییەکانی هێرشی روسیا بۆسەر ئەوروپا.

گەنجانی ئەڵمانی تا رادەیەکی زۆر دژی ئەوەن و حکومەت دەڵێت؛ ئەو بنیاتنانی سەربازی پێویستە بۆ رێگریکردن لە ململانێ،  ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیا، ئامانج لێی بنیاتنانی بەهێزترین سوپای ئاسایی ئەوروپایە کە هێزی 255 بۆ 260 هەزار کەسی هەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە پیشتر میدیاکانی ئەڵمانیا رایانگەیاندبوو؛ وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا پلانێک بە ناونیشانی"مۆدێرنکردنی خزمەتی سەربازی"، بە سەرۆکایەتی فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا  تاوتوێ دەکات، کە بە پلەی یەکەم  خۆی لە خزمەتکردنی ناچاری گەنجانی وڵاتەکەیدا دەبینێتەوە.

 دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیاش کاتی هێرشی مۆسکۆی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا دیاریکردبوە، ئەوەی خستبوەڕوو، ساڵی 2029 روسیا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و دەبێت ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەو هێرشە.