ترەمپ داوای قەرەبو لە بی بی سی دەکات؛ یەک تا پێنج ملیار دۆلاری دەوێت
بڵند
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەنیازە هەفتەی داهاتوو رێکاری یاسایی بەرانبەر کەناڵی بی بی سی بەریتانی بگرێتەبەر و داوای قەرەبوو بکاتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە ئەو قەرەبوەیە داوای دەکات برەکەی "لە نێوان یەک بۆ پێنج ملیار دۆلار" دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کە تا ئێستا لەگەڵ کیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سەبارەت بە بی بی سی قسەی نەکردووە، بەڵام ئەو داوای قەرەبوو لەو کەناڵە دەکات کە دەستکاری وتارەکەیان کردوە.
کەناڵی بی بی سی لەم دواییانەدا بەشێک لە وتارێکی ترەمپ لە ئەڵقەیەکی بەرنامەی پانۆرامادا دەستکاری کردووە و تێیدا نیشانی دەدات کە پشتگیری لە هێرشکردنە سەر کاپیتوڵی ئەمریکا دەکات.
دوای ئاشکرابوونی ئەوکارەیان بی بی سی داوای لێبوردنی کردووە، بەڵام داواکارییەکەی بۆ قەرەبووکردنەوەی رەتکردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر پارێزەرانی ترەمپ هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر بی بی سی داوای لێبوردن لە ترەمپ نەکات و قەرەبوی مادیشی نەکاتەوە ، بە بڕی یەک ملیار دۆلار (٧٥٩ ملیۆن پاوەند) سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن.



