ئێران دەڵێت دەستبەرداری دانوستان لەگەڵ ئەوروپا نەبووە و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت تاران پێویستی بە دڵنیاییە.
سەعید خەتیب زادە، جێگیری وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنی لە توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە دانوستان لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، بەڵام نایانەوێت هیچ لایەنێك بە خراپی سود لەو دانوستانانە وەبگرێت و دژی ئێران بەكاری بهێنێت.
بە وتەی خەتیب زادە هەندێك وڵات وەك چەكێك دانوستانی ئێران لەگەڵ ئەوروپا بەكاردەهێنن، بەڵام تاران دڵنیایی دەوێت كە ئامانجی ئەوروپا دانوستان بێت نەك زیانگەیاندن بە ئێران.
بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا كە هاوبەشی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران كە (5+1) ناسراوە، هۆشدارییان داوەتە تاران ئەگەر بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، سەرجەم سزاكانی پێش رێككەوتنەكە بەسەر ئێراندا دەسەپێننەوە كە بە سیاسەتی پەنجە لەسەر پەلەپیتكە ناودەبرێت.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ڤۆڵدۆمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین سەردانی کۆشکی سپی دەکات، ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەبچێت، بڕیار بۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆک پوتن دادەنێین.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی " تروپ سۆشیال" نووسیویەتی، "لە درەنگانی شەودا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ ڤۆڵدۆمیر زێلێنسکی و ژمارەیەک سەرکردەی ئەوروپا هەبووە، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی باشترین رێگە ئەوەیە، دەستبەجێ بگەینە رێککەوتنێکی ئاشتی کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت، نەک تەنها ئاگربەستێک".
پێگەی ئاکسیۆس پێشتر بڵاویکردبووەوە، "ترەمپ بە زێلێنسکی و سەرکردەکانی ناتۆی راگەیاندووە، پوتن نایەوێت ئاگربەستێکی کاتی ئەنجام بدرێت و رێککەوتنێکی هەمەلایەنەی پێ باشترە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە".
پێگەکە دەشڵێت، "ترەمپ سەرەتا لەگەڵ زێلێنسکی قسەی کردووە، دواتر رۆبیۆ و ویتکۆڤ و سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، فینلاند و پۆڵەندا، هەروەها سکرتێری گشتی ناتۆ و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەشدارییان لە گفتوگۆکەدا کردووە.
هاوکات زێلێسنکی وتویەتی، "ئێمە پشتیوانی لە پێشنیازی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان ئۆکراین و ئەمریکا و روسیا"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، پرسە سەرەکییەکان دەتواندرێت لەسەر ئاستی سەرکردەکان تاوتوێ بکرێن، بۆ ئەمەش لوتکەی سێ قۆڵی گونجاوە.
لە چەند سەعاتی رابردوودا روداوێکی هاتوچۆ خەڵکی جەزائیری تووشی شۆک کرد و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی پاسێکی نەفەرهەڵگر کەوتە ناو دۆڵێکەوە.
لە روداوەکەدا پاسێکی نەفەرهەڵگر بەسەر پردێکدا لە رۆژهەڵاتی جەزائیر وەرگەڕا، بەو پێیەی شۆفێرەکە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی پاسەکە بکات و راستەوخۆ دەکەوێتە ناو بەناوبانگترین دۆڵی جەزائیر بەناوی "حەراش"، لە روداوەکەدا تەنها شۆفێرەکە و کۆکەرەوەی بلیتەکان رزگاری بووە.
راستەوخۆ دوای روداوەکە، دەیان گەنج دەستیان کرد بە رزگارکردنی سەرنشینەکان و توانیان زۆرێکیان دەربهێنن، بەڵام بەپێی ئامارەکان 18 سەرنشین خنکاون.
یەکێک لە رزگاربووانی روداوەکە دەڵێت: "باش لەبیرم نییە، تەنها ئەوە نەبێت هەر کە شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی پاسەکەی لەدەستدا و دواتر کەوتینە خوارەوە و بازم دا، دەڵێت، من لە پێشەوەی پاسەکە وەستابووم و توانیم لە پەنجەرەکەوە دەربچم، پاشان هاووڵاتییان هاوکارم بوون بۆ ئەوەی بگەمە وشکانی"، بەپێی میدیا ناوخۆییەکان.
یەکێک لە رزگاربووەکان وتی، "ئێمە یەک بە یەک خەڵکمان دەهێنایە دەرەوە، هەندێکیان لە ژیاندا بوون، هەندێکی دیکەیان نەمانتوانی رزگاریان بکەین، چونکە هەموو شتێک زۆر بە خێرایی رویدا، لە روداوەکەدا منداڵیشی تێدابوو".
دوای روداوەکە، دەسەڵاتدارانی جەزائیر رۆژێکی ماتەمینی نیشتمانییان راگەیاند و ئاڵاکان بۆ نیوە دابەزاند، هەروەها بڕیاریاندا بە بڕی 4 هەزار و 500 دۆلار قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکەنەوە.
سەعید سەعیود وەزیری گواستنەوەی جەزائیر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای روداوەکە دانی بەوەدانا، "پێویستە 84 هەزار پاس نوێبکرێنەوە، بە پڕۆژەیەک قۆناغ بە قۆناغ حکومەت هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات ".
ڤۆڵدۆمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، کیێڤ ئامادەیە بۆ هاوکاری بنیاتنەر و پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی لوتکەی سێ قۆڵی نێوان ئەمریکا، ئۆکراین و روسیا دەکات.
زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ئۆکراین ئامادەیە بۆ کارکردن بە زۆرترین هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئاشتی و دەتواندرێت پرسە سەرەکییەکان لەسەر ئاستی سەرکردەکان تاوتوێ بکرێن".
زێلێنسکی رونیکردەوە، "ترەمپ کورتەیەکی لە "خاڵە سەرەکییەکان"ی دانوستانەکانی لەگەڵ پوتن پێوتوە، و بە تەلەفۆن لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئەوروپا باسیان لە "ئاماژە ئەرێنییەکان"ی ئەمریکا کردووە سەبارەت بە گەرەنتی ئەمنی".
سەرۆکی ئۆکرانیا وتیشی: "دەبێت ئەوروپا لە هەموو قۆناغەکاندا بەشێک بێت لە دانوستانەکان".
زێلێنسکی باسی لەوەشکرد، رۆژی دووشەممە گەشتی واشنتۆن دەکات و لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی "کۆتاییهێنان بە کوشتن و شەڕ" دەکات.
ئیسرائیل رایگەیاند، چین سەرقاڵی چاككردنەوەی قەڵغانی بەرگری ئێرانە بەڵام تەلئەبیب بە وردی چاودێریی دەكات و رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا هێرشەكان دژی ئێران دەست پێبكاتەوە.
رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوت-ی چاپی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، بە پێی زانیارییە هەواڵگریی و سەربازییەكان كە دەست ئیسرائیل كەوتوە، چین سەرقاڵی چاككردنەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێرانە كە لە جەنگی 12 رۆژەدا بەشێكی بەرچاوی لەناوچووە.
رۆژنامەكە لە زاری ئەیال زەمیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكردوە، چاككردنەوە و دامەزراندنی سیستمی بەرگری نوێی لە ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بە وردی چاودێریی دەكرێت و هەر ئەوەش وا دەكات بیر لە هێرشی دووبارە بۆسەر ئەو وڵاتە بكرێتەوە.
زەمیر وتویەتی، پێش تەواوكردنی پلانەكەنی تاران بە هاوكاری وڵاتی چین، هێرشەكانی ئیسرائیل دژی ئێران دەست پێدەكاتەوە چونكە ئەو ئامادەكارییانە راستەوخۆ هەڕەشەن بۆسەر تەلئەبیب.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بە"زۆر بەرهەمدار" ستایش کرد و رایگەیاند، لە کۆمەڵێک پرسدا "پێشکەوتنێکی گەورە" بووە، دیارترینیان قەیرانی ئۆکراین بوو، ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت بەمزووانە سەردانی مۆسکۆ بکات.
ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای دیدارەکەی لەگەڵ پوتن لە ئەلاسکا رونیکردەوە، لەسەر زۆر خاڵی پەیوەست بە قەیرانەکە رێککەوتوون و هەندێک پرسی هەڵپەسێردراویش ماونەتەوە و ئەگەرێکی زۆر هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی تەواو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بە کوشتن لە ئۆکراین بهێنین، پوتنیش دەیەوێت کۆتایی بەو کوشتنە بهێنێت، پێموایە ئەویش وەک من ئارەزووی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی هەیە.
پوتن: گفتوگۆکان بنیاتنەر بوون
سەبارەت بە پێشنیارەکەی پوتن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی داهاتوو لە مۆسکۆ، ترەمپ رایگەیاند، بیرۆکەکە "سەرنجڕاکێشە" و ئەو کارە دەکات، پێشبینیش دەکات "زۆر بە زوویی" دیدارێکی دیکەی لەگەڵدا بکات، هەروەها هیوای خۆی بۆ بەردەوامبوونی دیالۆگ و دیدارە بەرهەمهێنەرەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ لە داهاتوودا دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە پوتن وتی، گفتوگۆکان لە کەشێکی رێزلێگرتنی یەکتردا بەڕێوەچوون و بنیاتنەر بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکراین یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەیان و ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ترەمپ کاری لەسەر دەکرێت دەروازەیەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئۆکراین و گەڕاندنەوەی ئارامی لە ئەوروپا و ناوچەکە.
سەرۆکی روسیا وتیشی، "پێویستە لە روبەڕووبوونەوە و شەڕەوە بگوازینەوە بۆ دیالۆگ، رەوشی ئۆکراین هەڕەشە لە ئاسایشی روسیا دەکات، هەروەها لە ماوەی چوار ساڵدا بەهۆی شەڕەوە لوتکەی ئەمریکا و روسیا ئەنجام نەدراوە".
پوتن سوپاسی ترەمپی کرد بۆ پێشنیازی ئەنجامدانی دانوستان، جەختی لەسەر خواستی مۆسکۆ بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و پتەوکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان کرد.
لە سەروبەندی بەڕێوەچونی کۆبونەوەی لوتکەی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و روسیا، چاودێرانی سیاسی و سەربازی، پێشبینی دابەشکردنی خاکی ئۆکراین لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکەن، کە زیاترە لە 114 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە.
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە ئەگەری رادەستکردنی زەویە داگیرکراوەکانی ئۆکراین بە روسیا، بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی لەلای هاوپەیمانە ئەوروپییەکان، ئۆکراینیش رەتیدەکاتەوە لە خاکە داگیرکراوەکانی وڵاتەکەی خۆشبێت.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، روسیا 114 هەزار و 500 کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنتڕۆڵکردوە، کە دەکاتە 19٪ی خاکی ئۆکراین، ئەو ناوچانەش پێکدێن لە نیمچە دورگەی کریمیا و باشور و رۆژهەڵاتی ئۆکراین.
روسیا بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ناوچەکانی نیمچە دورگەی کریمیا، دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن، لەگەڵ روخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991دا وەک بەشێک لە ئۆکرانیان ناساندوە، بەڵام ئێستا بەشێکن لە روسیا.
لەلایەکی دیکەوە، ئۆکراین چەندین جار رایگەیاندوە، دان بە داگیرکاری روسیا بۆ سەر خاکەکەی نانێت، هەروەها زۆربەی وڵاتانی جیهان دان بە سنورەکانی ئۆکراین دەنێن کە لەساڵی 1991 دیاریکراون.
دوای شەش ساڵ لە دوایین كۆبوونەوەیان بۆ یەكەم جار سەرۆكی ئەمریكا و هاوتا روسیەكەی لە ئالاسكا بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی باڵای هەردوولا لە كۆبوونەوەدان.
كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا دەستیپێكرد، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ستیڤ ویتكۆف نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا و یوری ئوشاكۆڤ یاردەدەری سەرۆكی روسیا بەڕێوەدەچێت.
دوای گەیشتنی فڕۆكەی سەرۆكایەتی روسیا بۆ بنكەی سەربازی ئێڵمێندۆرف-ریچاردسۆن، پوتن لەلایەن ترەمپەوە پێشوازیەكی گەرمی لێ كرا و هەردوولا بەرەو هۆڵی لوتكە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی داخراو بەڕێكەوتن و تا ئێستاش لە كۆبوونەوەدان.
پێشتر، ترەمپ لە فڕۆكەكەیدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، كۆبوونەوەكە بە ئەرێنی دەبینێت بەڵام ئەگەر بزانێت بەباشی ناچێت بەڕێوە و پوتن بەنیاز نییە ئاگربەست رابگەیەنێت، ئەوا لە كۆبوونەوەكە دەكشێتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری گرنگ بدرێت، لەوانە راگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆكراین و پرسی سزاكانی سەر روسیا.
کەمێک پێش ئێستا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا گەیشتە ویلایەتی ئالاسکا بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.
هاوکات پێش گەیشتنی پوتن، فڕۆكەكەی سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە بنكەی سەربازیی "ئێلمێندۆرف – ریچاردسۆن" لە ئالاسكا.
بڕیارە لە لوتکەی ئالاسکا گفتوگۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین بکرێت.
هەروەها پێش کۆبوونەوەی ترەمپ رایگەیاند: ئەگەر دیدارەکەم لەگەڵ پوتن بە باشی بەرێوەنەچێت من دوور دەرۆم، هاوکات دەمەوێت ئاگربەست ببینم، دڵخۆش نابم گەر ئەمرۆ نەیبینم.
لەلای خۆشیەوە کۆشکی کرملن رایگەیاندووە، کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ رەنگە شەش بۆ حەوت کاتژمێر بخایەنێت.
كۆبوونەوەكەی ترەمپ و پوتن لە بنكەی سەربازیی "ئێلمێندۆرف – ریچاردسۆن" لە ئالاسکا بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمجاریش لە مێژوودا فەرشی سور لە خاکی ئەمریکادا بۆ پوتن راکخرا
زیلینسکی داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات، لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵ پوتن لە ئەلاسکا، روسیا رازی بکات کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بهێنێت.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شەڕ بهێنن، هاوکات بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە واشنتۆن دەبەستین.
وتیشی، کۆبوونەوەی لوتکەی ئالاسکا رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گفتوگۆیەکی سێ قۆڵی لە نێوان کیێڤ و واشنتۆن و مۆسکۆ.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژی دانوستانیش روسیا لە هێرشەکانی بەردەوامە.
وەزیری بەرگری بەریتانیا کۆبونەوەی لوتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و روسیا بە هەنگاوێکی سەرەتای دەبینێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە بارەی جەنگی ئۆکراینەوە.
جۆن هیڵی وەزیری بەرگری بەریتانیا راگەیاند، کۆبونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە ئالاسکا، رەنگە ببێت بە یەکەم هەنگاو لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە جەنگی ئۆکراین، کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە نێوان روسیا و ئۆکراین بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ئامادەیە دەستوەردانی سەربازی لە ئۆکراین بکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەگەر رێککەوتن لەوبارەیەوە ئەنجامبدرێت.
جۆن هیڵی جەختیشیکردەوە، وڵاتاکەی ئامادەی سەپاندنی سزا و فشاری زیاترە بۆ سەر روسیا، ئەگەر ئەنجامی کۆبونەوەکەی ئالاسکا لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئەرێنی نەبێت.
بەهۆی باران بارینی زۆر و دروستبوونی لافاوەوە لە چەند ناوچەیەکی پاکستان، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 170 کەس گیانیان لەدەستداوە و هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریش کەوتەخوارەوە.
دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتە سروشتیەکان لە پاکستان رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی شەپۆلی باران بارینی بەهێز و دروستبوونی لافاوی لەناکاو و رۆچونی زەویەوە لە باکوریی پاکستان 110 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە هەرێمی کشمیر 67 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، زۆربەی قوربانیان لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوای تۆمارکراون کە ناوچەیەکی شاخاوی سەختە، بەهۆیەوە 43 کەس گیانیان لەدەستداوە.
عەلی گەنداپور پارێزگاری خەیبەر پەختونخوا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی جۆری MI-17ی حکومەت، کە پێداویستی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان هەڵگرتبوو، بەهۆی خراپی کەشوهەوا لە ناوچەی پاندیالی کەوتوەتەخوارەوە و بەهۆیەوە پێنج ئەندامی تیمی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.
لەسەرەتای دەستپێکردنی بارانی وەرزیەوە لە پاکستان، زیاتر لە 320 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان منداڵن، بەشێکی زۆریشیان بەهۆی داڕمانی خانوو، لافاو، بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: پوتن پیاوێکی زیرەکە و لە ئالاسکا شتێک دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە فڕۆکە تایبەتەکەی بەرەوە ئالاسکا بەڕێکەوت و پێش گەشتەکەی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پوتن پیاوێکی زیرەکە و ئێمە دوو سەرۆکین و پێکەوە دەژین، هەروەها رێزگرتنێکی زۆر لە نێوانماندا هەیە.
وتیشی: لە لوتکەی ئالاسکا لەگەڵ پوتن شتێک دەبێت.
ترەمپ سەبارەت بە ئۆکراین ئاماژەی بەوەکرد، تا شەڕی ئۆکراین نەوەستێت، هیچ بازرگانییەک لەگەڵ روسیا ناکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، گەرەنتی ئاسایش بۆ ئۆکراین بە هاوکاری لەگەڵ ئەوروپا دەکرێت.
شوێنەوارناسان لە کەناراوەکانی ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، لە نزیک بەندەری مێژوویی برانزویک تاون، پاشماوەی چوار کەشتیی نوقمبوویان دۆزییەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی 18 دەگەڕێتەوە.
یەکێک لە کەشتییە دۆزراوەکان کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، پاشماوەی کەشتیی ئیسپانی "لا فۆرتونا"یە کە لە کوباوە هاتووە و لە ساڵی 1748لە کاتی هێرشێکی شکستخواردوودا بۆ سەر شارۆچکەیەکی کۆلۆنیالیی ئەو سەردەمە، تەقیوەتەوە و نوقم بووە.
بەندەری برانزویک تاون لەو سەردەمەدا ناوەندێکی بازرگانیی گرنگ بووە لە ناوچەکەدا و بەناوبانگ بووە بە هەناردەکردنی کەرەستەی دار و قەتران بۆ هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا.
تیمێکی شوێنەوارناسی بە سەرپەرشتیی جەیسن راوپ و جێرمی بۆرێلی، پاشماوەی کەشتییەکیان دۆزیوەتەوە کە لە 47 تیری دار پێکهاتووە و پێیان وایە هی کەشتیی "لا فۆرتونا" بێت. بەڵگەی بەهێز بۆ ئەمەش دۆزینەوەی گۆزە و قاپوقاچاخی خەزەفی ئیسپانییە لە نزیک پاشماوەکان، هەروەها جۆری ئەو دارەی لە دروستکردنی کەشتییەکەدا بەکارهاتووە لە جۆری سرووە کە زیاتر لە ناوچەی کاریبی بەکاردەهێنرا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەشتییەکە لەو ناوچەیە دروستکراوە.
ناسنامەی سێ کەشتییەکەی تر هێشتا بەتەواوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام شێوازی دروستکردنیان و ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لێیان دۆزراونەتەوە، دەریدەخەن کە ئەوانیش بۆ هەمان سەردەم و ناوچە دەگەڕێنەوە.
بەپێی تۆمارە مێژووییەکان، لە 4ی ئەیلوولی 1748 دوو کەشتیی ئیسپانی لە نزیک برانزویک تاون لەنگەریان گرتووە و هێرشیان کردۆتە سەر شارۆچکەکە. بەڵام دوای چەند رۆژێک، دانیشتووانی ناوچەکە هێرشێکی پێچەوانەیان ئەنجامداوە و لە کاتی شەڕەکەدا، کەشتیی "لا فۆرتونا" تەقیوەتەوە و نوقم بووە.
شایەنی باسە، بەهۆی زریانی بەهێزی کەناراوەکانەوە، پاشماوەی کەشتییەکان بە ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش کاری گەڕان و لێکۆڵینەوەی داهاتووی قورستر کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ماوەیەکی کەم پێش بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی ئالاسکا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە.
پەیامەکەی ترەمپ کە لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆی "تروس سۆشەڵ" (Truth Social) بڵاوی کردووەتەوە، تەنها لە دوو وشە پێکهاتووە: "گرەوی گەورە!!!".
ئەم پۆستە کورتە بە رونی ئەوە دەردەخات کە سەرۆکی ئەمریکا بە گرنگییەکی زۆرەوە لە لوتکەکە دەڕوانێت و پێی وایە کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەبێت. هاوکات، شێوازی بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە کورت و ناڕوونە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ترەمپ چێژ لەو بایەخە میدیاییە گەورەیە وەردەگرێت کە دەدرێت بەم کۆبوونەوەیە.
وردەکارییەکانی لوتکەکە لە وێب سایتی کوردسات نیوزوە بخوێنەرەوە:
https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50260
https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50258
https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50255
https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50266
https://news.kurdsat.tv/ckb/news/2/50230
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن، ئارامیی ویلایەتی ئالاسکا، بەهۆی ژاوەژاوی پرسیار و گومانەکانەوە تێکچووە. پرسیاری سەرەکیی دانیشتووان و چاودێران ئەوەیە: بۆچی پوتن بانگهێشتی ئێرە کراوە؟ چی دەوێت؟ ئامادەیە واز لە چی بهێنێت؟ و ئایا دۆناڵد ترەمپ خەریکە بکەوێتە داوی ئەوەوە؟
پوتن؛ لە کەسایەتییەکی دابڕاوەوە بۆ میوانی ئەمریکا:
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ڤلادیمیر پوتن لە دوای هێرشە فراوانەکەی بۆ سەر ئۆکراین لە ساڵی 2022ەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا رادەیەکی زۆر دابڕاوە و لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ، لەنێویاندا رفاندنی منداڵانی ئۆکراینی، داواکراوە. دوایین جار کە پوتن لەگەڵ سەرۆکێکی ئەمریکادا کۆبووەوە، ساڵی 2021 بوو لەگەڵ جۆ بایدن لە جنێڤ.
بەڵام بەم بانگهێشتە، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە پوتن لەو دابڕانە سیاسییە دەهێنێتەوە دەرەوە و ئەمەش یەکەم سەردانی پوتنە بۆ سەر خاکی ئەمریکا لە ماوەی نزیکەی دەیەیەکدا.
مێژووی پەیوەندی و ترسی مێژوویی:
ئالاسکا مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ روسیای دراوسێی هەیە؛ سەردەمانێک کۆلۆنیایەکی روسیا بووە و لە کاتی جەنگی ساردیشدا وەک قەڵایەکی بەرگری بۆ ئەمریکای باکوور کاری کردووە. هەرچەندە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە جەنگی ئۆکراینە، بەڵام زۆرێک لە دانیشتووانی ئەلاسکا ترسیان هەیە پوتن ئاماژە بەو "پەشیمانییە مێژووییە" بکات کە روسیا هەیەتی لە فرۆشتنی ئالاسکا.
تزار ئەلێکساندەری دووەم لە ساڵی 1867 ئالاسکای بە نرخێکی زۆر هەرزان بە ئەمریکا فرۆشت. لە ئێستادا گێڕانەوەی ئالاسکا بۆ مۆسکۆ بۆتە دروشمێکی باو لای ناسیۆنالیستە روسەکان. هەرچەندە کرملین بە جددی داوای نەکردۆتەوە، بەڵام خەڵکی ئالاسکا چاوەڕێ دەکەن پوتن "تەنانەت بە گاڵتەش بێت" باسی ئەو بابەتە بکات، یان بیەوێت بڵێت سنوورەکان دەکرێت بگۆڕدرێن، تا پاساو بۆ دەستبەسەراگرتنی خاکی ئۆکراین بهێنێتەوە.
ئاستەنگی لۆجستی و گرنگیی کۆبوونەوەکە:
بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەکە لە ماوەیەکی کەمدا رێکخراوە، ئاستەنگی لۆجستی دروست بووە و بەهۆی نەبوونی ژووری پێویست لە هۆتێلەکاندا، زۆرێک لە رۆژنامەنووسان و کارمەندانی یاوەری وەفدەکان، پەنایان بۆ بەکرێگرتنی ماڵ بردووە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەستێکی گشتی هەیە کە ئەمە بۆنەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازە و چاوی هەموو جیهان لەسەر ئەنجامەکانی دەبێت.
لوتکەی ترەمپ و پوتن دانیشتووانی ئەلاسکای کردووە بە دوو بەرەوە:
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەی ترەمپ و پوتن، دانیشتووانی شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئالاسکا، بۆچوونی جیاوازیان هەیە و لەنێوان هیوا بە ئاشتی و ترسیان لە هەڵوێستەکانی پوتندا دابەشبوون.
مایک بایلی، کە فرۆشیارێکی هۆت دۆگە و تەنها دوو میل لەو بنکە سەربازییەوە دوورە کە کۆبوونەوەکەی لێ ئەنجام دەدرێت، دەڵێت: "هیوادارم هەموو شتێک بە ئارامی بەڕێوەبچێت، چونکە دەزانم زۆرێک لە خەڵکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئۆکراین، لە دڵەڕاوکێیەکی گەورەدان."
ریک مایسترۆم، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا سەرۆکی شارەوانیی ئانکۆرەیج بووە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ خەڵکی روسیادا هەبووە، دەڵێت: "هەستی باشم بۆ گەلی روسیا وەک خۆی ماوە، بەڵام ئەو هەستەم ڤلادیمیر پوتن ناگرێتەوە." مایسترۆم، پوتن بە "بکوژ" ناودەبات و دەڵێت: "ئەگەر من ئێستا سەرۆکی شارەوانی بوومایە، زەحمەت بوو بتوانم بە گەرمی پێشوازی لێبکەم، بەڕێز دەبووم، بەڵام سارد و سڕ."
بڕیارە بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و ئاڵای ئۆکراین بەرز بکەنەوە.
کارین کۆلۆنێل، یەکێک لە رێکخەرانی ناڕەزایەتییەکە، دەڵێت: "ئێمە هەندێک بەهامان هەیە کە دەبێت بیپارێزین، ئازادیش یەکێکە لەوانە."
لە بەرامبەردا، هەندێکی تر وەک بیڵ گالانگەر، کە لە سەردەمی جەنگی سارددا گەورە بووە، پێیان وایە دژایەتیکردنی سەرکردەی وڵاتێکی ئەتۆمی کارێکی ژیرانە نییە و دەڵێت: "پێم باشە پێشوازی لە سەرکردەیەکی جیهانی بکەین کە ئامادەیە بێتە ئەمریکا بۆ گفتوگۆیەکی گەورە کە رەنگە جەنگی جیهانیی سێیەم بوەستێنێت."
جێگەی ئاماژەیە، کۆشکی سپی ئاستی چاوەڕوانییەکانی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە هێناوەتە خوارەوە و بە "گوێگرتن" ناوی بردووە، هەروەها رێگە بە خۆپیشاندەران نادرێت لە بنکە سەربازییەکە نزیک ببنەوە و ناچارن لە دوورەوە ناڕەزایەتییەکانیان دەرببڕن.