لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی روسیا ئەنجامدەدرێت، کرملنیش ئاشکرایکردووە، کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ترەمپ و پوتن بۆ کۆتاییهێنانە بە شەڕی ئۆکراین.

دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا یاخود ماوەیەکی کەمتر لەو وادەیە، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن رێکدەخرێت.

وتیشی، لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو مۆسکۆ و واشنتن هەیە و نابێت هیچ شتێک دوابخرێت لەبارەی شەڕی ئۆکراین.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئامادەکارییەکان کۆبوونەوەکە لە بودابێستی پایتەختی هەنگاریا ئەنجامدەدرێت.

جێگەی ئاماژەیە، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن زیاتر لە دوو سەعاتی خایاند، ترەمپ رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی تری لوتکە لەگەڵ سەرۆکی روسیا سازدەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین.