وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێت؛ داعشە بیانییەکان بەشێوەیەکی کاتی لە عیراق زیندانی دەکرێن تا وڵاتەکانی خۆیان دەیانگەڕێننەوە و دادگای دەکرێن.
پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، تیرۆریستە بیانییەکانی داعش بە شێوەیەکی کاتی لە عیراق زیندانی دەکرێن، و ئێمە چاوەڕێین وڵاتەکانیان بیانگەڕێننەوە و دادگاییان بکەن.
وتیشی، ستایشی رۆڵی پێشەنگایەتی عیراق دەکەین لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و رۆڵی لە پاراستنی دەستبەسەرکراوە تیرۆریستەکان.
لەلای خۆشیەوە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی چاوەڕوانە وڵاتان داعشە دەستبەسەرکراوەکانیان لەو شوێنانە وەربگرنەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، نزیکەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش لە زیندانەکانی سوریاوە بگوازێتەوە بۆ عیراق.
واشنتۆن بە رەسمی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی كشایەوە و دەڵێت لەمەودوا لە بواری تەندروستیدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وڵاتان دەكەن.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، واشنتۆن بە رەسمی كشانەوەی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی راگەیاندووە و باسی لەوەكردووە، ئێستا لە ئاستێكی سنورداردا مامەڵە لەگەڵ رێكخراوەكەدا دەكات ئەویش تەنها بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكانی كشانەوە.
واشنتۆن راشیگەیاندووە، بۆ لەمەودا لەبری ئەوەی لە رێگەی رێكخراوەكەوە بە وڵاتەكان بگەن لە بواری كەرتی تەندروستیدا، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا دەكەن.
لێپرسراوانی باڵای ئەمریكاش دەڵێن، وڵاتەكەیان هیچ خواستێكی نییە بۆئەوەی وەك چاودێر لە رێكخراوەكەدا بمێنێتەوە و نایەوێت لە داهاتووشدا ببێتەوە بە ئەندام تیایدا.
ماوەی ساڵێكە لەدوای دەستبەكاربوونەوەی وەك سەرۆكی ئەمریكا، چەندین جار دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە كردووە بەهۆی گەندەڵی و شكستی تەندروستی جیهانیی لە روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی دەكشێنەوە.
برێت مەکگۆرک، رێکخەری پێشووی کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەردەبڕێت و جەختدەکاتەوە دەبێت ئاگربەست بەردەوام بێت.
مەکگۆرک لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: "دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا جێگەی نیگەرانیی قوڵە. دەبێت ئاگربەست جێگیر بێت و بەردەوام بێت".
مەکگۆرک باڵاکەی کۆشکی سپی هۆشداریداوە کە "هەر تێکچوونێکی دۆخی ئەمنی، بەتایبەت لە زیندانەکانی داعش، دەرئەنجامی نێودەوڵەتیی لێدەکەوێتەوە".
مەکگۆرک ستایشی کوردی کردووە و دەڵێت: "کورد لە عیراق و سوریا هاوبەشی جێگیر و بەوەفان و دەبێت بەوشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەهۆی ئەوانەوە جیهان زۆر پارێزراوترە".
رۆن پرۆسۆر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا رەخنەی توند لە بێدەنگیی وڵاتانی ئەوروپا دەگرێت بەرامبەر ئەو دۆخەی لە ناوچە کوردییەکانی سوریا دەگوزەرێت و دەڵێت "خوێن لە دەماردا دەیبەستێت".
پرۆسۆر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەو دیمەنانەی لە ناوچە کوردییەکانی سوریاوە دەگەن، خوێن لە دەماردا دەیبەستن، ئەوروپاش لەم ئاستەدا گوێی کەڕ کردووە".
باڵیۆزەکەی ئیسرائیل کە پێشتر نوێنەری وڵاتەکەی بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیا، دەڵێت: "کوردەکان باوەڕپێکراوترین هاوبەشی رۆژئاوا بوون لە سوریا و خاوەنی زۆرینەی بەهاکانی ئێمەن. ئەوان قوربانیی گەورەیان داوە و 'کاری قورس و پیس'ی رۆژئاوایان لە شەڕی دژی داعش ئەنجامدا".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پرۆسۆر داوا دەکات کورد بەتەنیا جێ نەهێڵرێن و دەڵێت: "ئێستا کاتی ئەوەیە کە پێویستیان بە پشتیوانیی ئێمەیە، نابێت لەم ساتە تاریکەدا پشتیان تێبکەین و بەتەنیا جێیان بهێڵین".
ئەکادیمیای زانست و هونەرە سینەمايیەکان (ئۆسکار) لیستی پاڵێوراوانی بۆ 98ـەمین خولی خەڵاتەکان بڵاوکردەوە و فیلمی "Sinners" بە بەدەستهێنانی 16 پاڵێوراو پێشەنگی گرتووە و بەمەش ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خەڵاتەکەدا تۆمار کرد.
بەپێی لیستەکە، فیلمی "Sinners" کە لە دەرهێنانی رایان کوگلەر-ە، زۆرترین جار پاڵێوراوە، لە دوای ئەویش فیلمی "One Battle After Another"ـی دەرهێنەر پۆڵ تۆماس ئەندەرسن دێت کە 13جار پاڵێوراوە.
بڕیارە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە 15ی ئازاری 2026لە لۆس ئەنجلەس بەڕێوەبچێت.
لیستی بەشێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکان:
باشترین فیلم:
(Bugonia, F1, Frankenstein, Hamnet, Marty Supreme, One Battle After Another, The Secret Agent, Sentimental Value, Sinners, Train Dreams).
باشترین ئەکتەری پیاو:
تیمۆسی شالامێ (Marty Supreme)، لیۆناردۆ دیکاپریۆ (One Battle After Another)، ئیسان هۆک (Blue Moon)، مایکڵ بی جۆردن (Sinners)، ڤاگنەر مۆرا (The Secret Agent).
باشترین خانمە ئەکتەر:
جێسی بەکلی (Hamnet)، رۆز Бێرن (If I Had Legs I’d Kick You)، رینات رێنسڤ (Sentimental Value)، ئێما ستۆن (Bugonia)، کەیت هەدسۆن (Song Sung Blue).
باشترین دەرهێنەر:
پۆڵ تۆماس ئەندەرسن، رایان کوگلەر، کلۆی ژاو، جۆش سەفدی، یواکیم تریەر.
باشترین فیلمی نێودەوڵەتی:
The Secret Agent (بەرازیل)، It Was Just an Accident (فەرەنسا)، Sentimental Value (نەرویج)، Sirât (ئیسپانیا)، The Voice of Hind Rajab (تونس).
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، هێزی دەریاوانیی وڵاتەکەی دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری روسیدا گرتووە کە گوماندەکرێت ئاڵایەکی ساختەی بەکارهێنابێت و سزای نێودەوڵەتیی لەسەر بێت.
ماکرۆن لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ هێزی دەریاوانیی فەرەنسا لە دەریای ناوەڕاست دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری روسیدا گرت کە سزای نێودەوڵەتیی لەسەرە و گومان دەکرێت ئاڵای ساختەی بەکارهێنابێت".
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاریی چەند هاوپەیمانێک و بەپێی یاسای دەریایی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدراوە.
جەختیشی کردووەتەوە کە "لێکۆڵینەوەی دادوەری دەستیپێکردووە و رێڕەوی کەشتییەکە گۆڕدراوە"، هۆشداریشی داوە کە چالاکیی "گەشتییە خێوەکان" (کەشتییە نهێنییەکان) یارمەتیدەرن لە پارەدارکردنی جەنگی دژی ئۆکراین.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت، سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی یاسا و رێکوپێکی، بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی کوشتن لە ئەمریکا بگاتە نزمترین ئاست لە ساڵی 1900ـەوە.
لیڤیت لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سەرۆک ترەمپ بەڵێنی دا یاسا و رێکوپێکی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوەش روودەدات کاتێک سەرۆکێک هێزە فیدڕاڵییەکان بە تەواوی بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارە مەترسیدارەکان و کۆچبەرە نایاساییەکان بەکاردەهێنێت".
بەپێی ئەو ئامارەی بڵاویکردووەتەوە، رێژەی کوشتن لە نێوان ساڵانی 1900 بۆ 2025، لە ئێستادا لە نزمترین ئاستدایە. وتەبێژەکە جەختی لەوە کردووەتەوە: "بەڵێن درا، بەڵێنەکەش جێبەجێ کرا".
جێرمی کۆربین، پەرلەمانتاری بەریتانیا لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی کوردانی سوریا دەردەبڕێت و داوا دەکات حکومەتی بەریتانیا پشتیوانی لە داننان بە ناسنامە و زمانی کوردی بکات لە دەستووری ئەو وڵاتەدا.
کۆربین لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی نوێی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڵام شەڕ دەستیپێکردووەتەوە و هۆشداری دەدات کە "هەر گرژییەکی زیاتر دەبێتە هۆی کوشتن و وێرانکاری و ئاوارەبوونی زیاتر".
پەرلەمانتارە بەریتانییە چوار داواکاریی خستووەتە بەردەم وەزیری دەرەوە:
1- پشتیوانیکردن لە دانوستانی گشتگیر بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی دەستبەجێ.
2- داواکردنی پاراستنی مەدەنییەکان و کەمینەکان.
3- داکۆکیکردن لە دانپێدانانی دەستووری بە ناسنامە و زمانی کوردی و خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی.
4-. پشتیوانیکردن لە میکانیزمی چاودێریی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست.
کۆربین لە بەشێکی نامەکەیدا دەڵێت: "کورد یەکێکە لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان کە دەوڵەتی نییە و مافی چارەی خۆنووسینی لێ زەوت کراوە. گرنگە هەموومان دان بە مافی کورددا بنێین لە سوریا، عیراق، ئێران و تورکیا بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیان".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی داڤۆس، سوربوونی خۆی لەسەر کۆنترۆڵکردنی گرینلاند دووپات کردەوە و رایگەیاند "هیچ پاشگەزبوونەوەیەک نییە"، هاوکات هەڕەشەی سزای ئابووریی توند لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی ئامادەیە چەند دوور بڕوات بۆ بەدەستهێنانی گرینلاند، وتی: "تێدەگەن". سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزی سەربازییش، وتی "لێدوانی لەسەر نادەم"، کە ئەمەش نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە.
هەرچەندە ترەمپ دەڵێت "کەس هێندەی من خزمەتی ناتۆی نەکردووە"، بەڵام گومانی خستە سەر ئەوەی ئایا ناتۆ ئامادەیە بەرگری لە ئەمریکا بکات ئەگەر پێویست بێت، لە کاتێکدا تاکە جار ناتۆ بەندی بەرگریی هاوبەشی بەکارهێنابێت، بۆ پاراستنی ئەمریکا بووە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر.
ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی ٪100 باجی گومرکی کردووە بەسەر هەشت وڵاتی ئەوروپیدا ئەگەر دژایەتیی پلانی گرینلاند بکەن. هەروەها دوای ئەوەی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رەتیکردەوە بەشداری لە "ئەنجومەنی ئاشتیی غەززە" بکات، ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی %200ی کرد بەسەر شەراب و شامپانیای فەرەنسیدا.
لەلایەن خۆیەوە، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، سەروەریی گرینلاند و دانیمارک "شایەنی دانوستان نییە" و یەکێتیی ئەوروپا بە تەواوی پشتیوانییان دەکات. ماکرۆنیش وتی "رێزگرتن باشترە لە چەوساندنەوە" و یەکێتیی ئەوروپاش تاوتوێی بەکارهێنانی "بازووکای بازرگانی" دەکات وەک وەڵامێک بۆ سزاکانی ئەمریکا.
کریس ڤان هۆل، سیناتۆری ئەمریکی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە، پەیوەندییەکی تەلەفونی ئەنجامدا و کریس ڤان هۆل جەختی کردەوە ئەمریکا دەبێت دڵنیا بێت لەوەی هەسەدە بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کریس ڤان هۆل، سیناتۆری ئەمریکی لەسەر حزبی دیموکراتەکان رایگەیاند، لەگەڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) قسەی کردوە سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا بەتایبەتی لە شاری کۆبانێ.
کریس ڤان هۆل، ئاماژەی بەوەکردوە؛ دوای دەیان ساڵ لە ململانێ و چەوساندنەوە، بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە سوریا هەم بۆ گەلی سوریا و هەم بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرنگە و بەو پێیەی هەسەدە شەریکێکی نزیک و سەری ڕمن لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئەمریکا ئەو ئەرکەی لەسەرشانە دڵنیابێتەوە لەوەی، کە بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
سیناتۆرەکەی ئەمریکا ئەوەشیخستوەتەڕوو، پێویستە ئەمریکا دەستبەجێ داوای ئەوە بکات، کە حکومەتی سوریا پابەندی ئاگربەستەکە بێت و خۆی لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە بپارێزێت کە زۆرینەیان کوردن.
جەختکردوەتەوە، زۆر گرنگە ئەمەریکا کار بکات بۆ ئەوەی هەردوولا بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستان پێش ئەوەی ئاگربەستی ئێستا کۆتایی پێبێت، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە بەتەواوی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵ بە حکومەتی سوریا بکات.
کۆشکی سپی رایگەیاند، فڕۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەناوی "فۆرس ون"، دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی سێشەممە بەرەو سویسرا بەرزبووەوە، بەهۆی کێشەیەکی کارەباییەوە گەڕایەوە بنکەی هێزی ئاسمانی ئەندرۆس.
لەوبارەیەوە،کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، بڕیاری گەڕانەوەی دوای بەرزبوونەوەی فڕۆکەکە دراوە کاتێک تیمی فڕۆکەوانی هەستیان بە کیشەیەکی کارەبایی کردوە لە فڕۆکەکەدا و لەبەر سەلامتی سەرۆک و تیمەکەی بڕیاری گەڕانەوەیان داوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ بە فڕۆکەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت لە گەشتەکەی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس.
لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، یەکەی 47ی وەڵامدانەوەی خێرای ئەمریکاش رایگەیاندووە، بڕیارەکە "لە وریایییەکی زۆر و بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هەمووان" دراوە گەرچی کێشەکە گەورە نەبووە، بەڵام وەک رێکارێکی خۆپارێزی فرۆکەکەیان گەڕاندوەتەوە.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ئاگاداری هاووڵاتیانی لە هەرێمی کوردستان و عیراق دەکاتەوە، نزیک ئەو شوێنانە نەکەونەوە کە خۆپیشاندانی تێدایە بۆ پشتگیریکردنی رۆژئاوای کوردستان.
کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، راگەیەندراوێکی بەپەلەی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە چاودێری ئەو بانگەشانە دەکەن کە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە هەولێر و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ کراون.
کونسوڵخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کردووە کە چاودێری میدیا ناوخۆییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی دوایین زانیاری و بە هەموو شێوەیەک لە شوێنی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان دوور بکەونەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە رەنگە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بە خێرایی پەرە بسێنن، زۆرجار دەبنە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆ و خزمەتگوزارییەکان، و هەندێک جار ڕەنگە توندوتیژییان لێ بکەوێتەوە."
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە هۆشداریی گەشتکردن بۆ عیراق هێشتا لەسەر "ئاستی 4" (Level 4: گەشت مەکە) ماوەتەوە، ئەمەش بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، و نائارامییە کۆمەڵایەتییەکان.
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا کەمێک پێش ئێستا جارێکیتیر لە ئێکس رەخنەی توندی لە هەوڵە سەربازییەکانی ئەحمەد شەرع گرت بۆ یەکخستنەوەی سوریا و دەڵێت "ئەمە رێگەیەکی پڕ مەترسییە".
گراهام لە پەیامێکدا دەڵێت: "هێرشکردنە سەر ئەندامانی هەسەدە لەلایەن حکومەتی سوریاوە مەترسیدارە و پێشبینی دەکەم کۆنگرێس بە زووترین کات دانیشتن و لێپرسینەوە لەمبارەیەوە ئەنجام بدات".
سەبارەت بە رۆڵی کورد، سیناتۆرە کۆمارییەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەوە هەسەدە بوون کە وەک هێزی وشکانی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا داعشیان تێکشکاند، باوەڕم وایە قەرزاریانین و شایستەی مامەڵەی باشترن".
ئەمە لە ماوەی ئەمشەودا و سەروەختی بەرەو پێشچوونی شەڕی نێوان چەکدارانی سوپای عەرەبی سوریا و هەسەدە سێهەم پەیامە کە ئەو سیناتۆرە لە ئێکس بۆ پشتگیری کوردان بڵاویبکاتەوە.
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا بە توندترین شێوە هۆشداریدەدات لە مەترسیی زیندانەکانی داعش و رایدەگەیەنێت، باوەڕی وایە دەبێت ئەمریکا بە هەر نرخێک بێت بەرگری لەو زیندانانە بکات.
گراهام لە پەیامێکدا دەڵێت: "هەزاران لەم شێتانە لە زیندانەکاندان، ئەگەر دەربچن دۆزەخ دروست دەبێت... چەندین ساڵە ئەمە دەڵێمەوە".
سیناتۆرە ئەمریکییەکە پەیامێکی ئاڕاستەی حکومەتی سوریا کردووە و دەڵێت: "ئاگاداربن کە شکاندنی زیندانەکانی داعش کارەساتە بۆ ئەمریکا، سوریا و ناوچەکە".
جەختیشی کردووەتەوە کە نابێت ئەمریکا دوودڵ بێت لە بەرگریکردن لەو زیندانانە و دەبێت "بە هەر رێگەیەک بێت" بیانپارێزێت.
بەهۆی پێکدادانی شەمەندەفەرێکی خێرا لە ئیسپانیا، لانی کەم 39 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، تیمەکانی فریاکەوتنیش بەردەوامن لە پڕۆسەی رزگارکردن.
رۆسیۆ فلۆریس، سەرنشینێکی تەمەن 30 ساڵ کە شەمەندەفەرەکە بەرەو مەدرید دەیگواستەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی کۆردۆبا چارەسەر وەردەگرێت، بە رۆژنامەی "ئێل پایس"ی راگەیاندووە: "رووداوەکە ترسناک بوو، بە هەوادا فڕێدراین... ئێستا هەموو گیانم ئازار و شینبوونەوەیە، سوپاس بۆ خوا من باشم، بەڵام دۆخی زۆر کەس لە من خراپترە".
لای خۆیەوە، پاسەوانی شارستانیی ئیسپانیا (گواردیا سیڤیل) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە 220 ئەفسەر و کارمەند بەشداری لە پڕۆسەی رزگارکردندا دەکەن لە شوێنی رووداوەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکات لەگەڵ رزگارکردنی بریندارەکان، هەوڵەکان بۆ ناسینەوەی تەرمی قوربانییان بەردەوامە.