کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا بە شێوەیەکی تایبەت باسیان لە ئەگەری رێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور کردووە، ئەمەش لە میانی سەردانەکەی ترەمپدا بۆ کیشوەری ئاسیا لە مانگی داهاتوو.

ئەمڕۆ شەممە، سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە رایگەیاندووە کە بەرپرسان تا ئێستا هیچ پلانێکی دیاریکراویان بۆ سەردانێکی لەو شێوەیە دانەناوە و ئاماژەی بەوە کردووە؛ هیچ پەیوەندییەکی رەسمیش لە نێوان واشنتۆن و پیۆنگ یانگدا نەبووە، وەک ئەوەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپدا رویدا.

سی ئێن ئێن، لە دوو سەرچاوەوە زانیویەتی، هەوڵی ترەمپ بۆ گەیشتن بە سەرۆکی کۆریای باکوور لە سەرەتای ئەمساڵدا سەرکەوتوو نەبوو، چونکە کۆریای باکوور پەیامەکەیان قبوڵ نەکرد، ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ بە شێوەیەکی تایبەت و ئاشکرا خواستی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور دەربڕیوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ کیشوەری ئاسیا دەرگای کۆبوونەوەیان بە کراوەیی هێشتووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان گفتوگۆکان لە قۆناغی سەرەتاییدان وهیچ کاتێک و شوێنی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان دەربڕیوە کە ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت و ترەمپ دەیەوێت سەرۆکی کۆریای باکوور رازی بکات وازلە چەکە ئەتۆمییەکانی بهێنێت.

دوایین جار ترەمپ و کیم لە ساڵی 2019 لە ناوچەی داماڵراوی سەربازی (DMZ)ی نێوان هەردوو کۆریا یەکتریان بینی، ئەو کۆبوونەوەیە بووە یەکێک لە ئایکۆنیترین ساتەکانی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و پیۆنگیانگ کاتێک هەردوو سەرکردە لەبەردەم کامێراکان تەوقەیانکرد و ترەمپ وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا چوە ناو خاکی کۆریای باکوورەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە بەردەوامی ئەمریکا داوا دەکات کۆریای باکوور واز لە چەکە ئەتۆمییەکانی بهێنێت و لە بەرامبەردا، پوینگ یانگ ئەو داوایە رەتدەکاتەوە و جەختدەکەنەوە ئەو چەکەیان بە یاسای وڵات چەسپاندووە و بۆ گفتوگۆکردن نییە .