هاووڵاتیانی ئەمریکا واز لە رەگەزنامەکانیان دێنن و دەڵێن؛ چیتر هەستمان بۆ وڵاتەکەمان نەماوە
راهۆز
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لەو ئەمریکییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، بەهۆی ناڕەزایەتییان لە ئاراستەی سیاسیی ئەمریکا، دەستیان لە رەگەزنامەی وڵاتەکەیان هەڵگرتووە.
رۆژنامەکە باس لە چیرۆکی هاووڵاتییەکی ئەمریکی دانیشتووی بەریتانیا دەکات، کە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی رابردوو و گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، نامەیەکی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: "دەمەوێت جیاببمەوە." ئەم پیاوە بەهۆی ترسی لە "تۆڵەسەندنەوەی ئیدارەی ترەمپ"، نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت.
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە، کە لە تەمەنی 25ساڵیدا ئەمریکای بەجێهێشتووە و لە بەریتانیا نیشتەجێ بووە و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەشی هەیە، ئێستا لە قۆناغەکانی کۆتایی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامەی ئەمریکیدایە. ئەو دەبێت سوێند بخوات کە بە ئاگاییەوە ئەم بڕیارە دەدات و بڕی 2350 دۆلار وەک رسومات بدات.
بەپێی زانیارییەکانی "واشنتۆن پۆست"، ساڵانە لە نێوان5000 بۆ 6000ئەمریکی دانیشتووی دەرەوە دەستبەرداری رەگەزنامەی خۆیان دەبن. هەرچەندە زۆرجار هۆکارەکان باج یان کارگێڕین، بەڵام ئێستا، بەپێی وتەی پارێزەرانی کۆچ سیاسەت بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم بڕیارە.
داتاکانی کۆمپانیای "Greenback" بۆ راوێژکاریی باج نیشانی دەدەن کە رێژەی ئەو ئەمریکییانەی دانیشتووی دەرەوە کە بیریان لە دەستبەرداربوون لە رەگەزنامەکەیان کردووەتەوە، لە %30 لە ساڵی 2024 بۆ %49 لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە. %51یان هۆکارەکەی بۆ "ناڕەزایەتی لە حکومەت یان ئاراستەی سیاسیی وڵات" دەگەڕێننەوە.
زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە ژیانیان لە دەرەوەی وڵات بەهۆی باجی دوولایەنە، قەدەغەکردنی بانکی، تێچووی زیادە، و هەستکردن بە نامۆبوون لە وڵاتەکەیانەوە، سەخت بووە.
لەناو ئەوانەدا کە ئەم بڕیارەیان داوە، "کۆلین مەکاتشین"ی تەمەن 33 ساڵ هەیە، کە لە ئۆهایۆ لەدایکبووە و دایکی ئەمریکی و باوکی کەنەدییە. ئەو دەڵێت تێکچوونی گوتاری سیاسی و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان وای لێکردووە هەستی بۆ ئەمریکا نەبێت. لە رۆژی هەڵبژاردنەکانی 2024، دوای دڵنیابوونەوە لە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە بەریتانیا، نامەی بۆ باڵیۆزخانە نارد بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامە.
پڕۆسەی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامە ئاڵۆزە و پێویستی بە هەبوونی رەگەزنامەیەکی جێگرەوە و رێکخستنی پابەندبوونە باجییەکانی 5 ساڵی رابردوو هەیە، و هەندێک کەس کە سامانێکی زۆریان هەیە، لەوانەیە بکەونە ژێر باری "باجی دەرچوون".



