خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی ترەمپ دەستپێدەکات
راهۆز
١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نیویۆرکەوە تا سان فرانسیسکۆ، لە چوارچێوەی بزوتنەوەی "نوو کینگز" (No Kings) - واتە "هیچ پادشایەک" - خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام بدەن.
بزووتنەوەی "نوو کینگز" لە دروشمی کەمپینەکەیدا رایگەیاندووە: "سەرۆک پێی وایە دەسەڵاتەکەی رەهایە. بەڵام لە ئەمریکا، ئێمە پادشامان نییە و ملکەچی فەوزا، گەندەڵی و دڵڕەقی نابین."
زیاتر لە 2700 خۆپیشاندان لە شارە گەورەکانی ئەمریکا و شارۆچکە بچووکەکان لە ویلایەتە کۆمارییەکاندا، هەروەها لە نزیک شوێنی مانەوەی ترەمپ لە مارالاگۆی فلۆریدا، کە تێیدا پشووی کۆتایی هەفتە بەسەر دەبات، بەڕێوەدەچن. رێکخەران پێشبینی بەشداریکردنی ملیۆنان کەس دەکەن.
لەسەرەتای مانگی حوزەیران، یەکەم رۆژی هەڵمەتی ئەم بزوتنەوەیە کە نزیکەی 300 رێکخراو لەخۆدەگرێت، ملیۆنان کەسی لە هەموو تەمەنێکەوە کۆکردەوە و بووە گەورەترین خۆپیشاندان لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی. لەو رۆژەدا، دۆناڵد ترەمپ 79هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی بە نمایشی سەربازیی گەورە لە شەقامەکانی واشنتۆن پیرۆز کرد.
ترەمپ و لێدوانەکانی:
ترەمپ کە مانگی حوزەیرانی رابردوو هەڕەشەی وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەرانی بە "هێزێکی زۆر گەورە" کرد، ئەم هەفتەیە لە کەناڵی فۆکس نیوزدا وتی: "ئەوان من بە پادشا ناودەبەن. من پادشا نیم."
بەرپرسانی باڵای پارتی کۆماری خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوەکانیان بە توندی رەتکردووەتەوە و هەندێکیان بە تیرۆر بەراوردیان کردووە. مایک جۆنسن، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، خۆپیشاندانەکانی بە "کۆکردنەوەی رق و کینە دژی ئەمریکا" وەسف کرد و وتی: "دوودڵ نیم کە تێیاندا لایەنگرانی حەماس و ئەنتیفا دەبینن، کە بزوتنەوەیەکی سیاسییە و سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا بە 'رێکخراوێکی تیرۆریستی' پۆلێنی کردووە."
تۆم ئێمەر، نوێنەری ویلایەتی مینەسۆتا، دیموکراتەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "ملکەچی باڵی تیرۆریستیی پارتەکەیان بوون."
لە بەرامبەردا، گلین ئایڤی، نوێنەری دیموکرات لە ویلایەتی مێریلاند، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئەم بزوتنەوەیە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە داهاتووی ئەمریکادا، بۆیە من تێدەگەم بۆچی ئەوان دڵەڕاوکێیان هەیە،" ئاماژەی بەوەشدا کە خۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکات.
دیدری شایڤلینگ، بەرپرسێک لە رێکخراوی مافە مەدەنی و ئازادییە گشتییە گەورەکانی (ACLU) کە هاوکار بووە لە رێکخستنی ئەم هەڵمەتەدا، پێشتر جەختی کردەوە: "لە بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانەکانییەوە، رێگە نادەین بێدەنگ بکرێین."
بانگەواز بۆ "راپەڕینێکی ئاشتییانە":
ڕۆبەرت دی نیرۆ، ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیوود، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان کرد و هاوڵاتییانی هاندا کە بە "شێوەیەکی ئاشتییانە" دژی "پادشا دۆناڵد ترەمپ" راپەڕن.
لەدوای گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی یەنایردا، دۆناڵد ترەمپ هاوسەنگی دیموکراسی ئەمریکای تێکداوە، دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس و ویلایەتەکانی تێپەڕاندووە و هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی تۆڵەسەندنەوەی لە نەیارەکانی کردووە.
بڕیارە هەڵمەتی هاوشێوە لە شارە گەورەکانی کەنەداشدا بەڕێوەبچن، وەک تۆرنتۆ، ڤانکۆڤەر و ئۆتاوا.



