زیلێنسکی: روسیا کە گوێی لە وشەی تۆماهۆک دەبێت پەنادەبات بۆ دانوستان
بڵند
١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین گەشتە ئەمریکا و بڕیار وایە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە و رایگەیاند پێشبینی دەکەن ئەو زەبروزەنگەی بۆ وەستاندنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرکەوتوو بوو، ببێتە هۆکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەری روسیا دژی ئۆکراین.
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی لەگەڵ گەشتنی بە واشنتۆن، رایگەیاند لەگەڵ کۆمپانیاکانی چەک کۆدەبێتەوە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی و جەختیکردەوە لە ئێستادا روسیا کەرتی وزەی وڵاتەکەی دەکاتە ئامانج و ئەوانیش هەوڵی مانەوە و بەرگریکردن دەدەن.
دەشڵێت؛ سبەینێ لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆدەبێتەوە و پێشبینیش دەکات ئەو زەبرەی بوە هۆی وەستاندنی شەڕ، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یارمەتیدەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی روسیا دژی ئۆکراین.
سەرۆکی ئۆکراین هێرشیکردوەتە سەر سەرۆکی روسیا و وتویەتی؛ پوتن لە حەماس ئازاتر نییە تا بە رێککەوتنی شەڕ رازی نەبێت، لە ئێستاوە دەتوانن ببینن کە مۆسکۆ هەر کە گوێی لە تۆماهۆک بوو، پەلە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ.
لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتنیش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان وڵاتەکەی و روسیا، دەڵێت؛ نابێت هیچ بەدیلێک هەبێت جگە لە ئاشتی و ئاسایشی تەواوەتی و پاراستنی خەڵک لە هێرشەکانی روسیا .



