بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە سوڵتاننشینی عومان دەستپێبکات، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چوار مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی دیاری کردووە کە بە هیچ شێوەیەک پاشەکشەیان لێ ناکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" داواکرییەکانی دۆناڵد ترەمپ لە ئێران بریتییە لە وازهێنانی تەواو لە بەرنامەی ئەتۆمی، راگرتنی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی، کۆتایهێنان بە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکە و باشترکردنی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران.
سەرەڕای ئەم داواکاریانەی سەرۆکی ئەمریکا، ئێران بەردەوام رەتی کردوەتەوە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییە کەی و بەرنامە موشەکییەکانی ببێت، رۆژنامە ئیسرائیلییەکە رایگەیاندوە، ئێران هەوڵ دەدات گفتوگۆکان تەنها لە چوارچێوەی دۆسیە ئەتۆمییەکەدا بمێننەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ترەمپ لە رێگەی ئەم داواکارییە قورسانەوە دەیەوێت شەرعییەتی پێویست کۆبکاتەوە تاوەکو لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا، زەمینە بۆ بژاردەی سەربازی دژی تاران خۆش بکات و ئاژانسی رۆیتەرزیشی رایگەیاندوە، ئێران ئەمریکای ئاگادار کردوەتەوە تەنها گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، کۆشکی سپی رایگەیاند، کە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێن، سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریانەی کە تاران سەبارەت بە شوێنەکەی داوای کردووە.
دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە جیاوازییەکی کەم و بە دەنگی 217 ئەندام بەرانبەر 214 دەنگ پاکێجێکی خەرجکردنی بە بڕی یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار پەسەند کرد، سەرۆکی ئەمریکا ئیمزای کرد و حکومەتەکەی خستەوەکار.
پرۆژیاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە دەنگی 217 ئەندام لە بەرانبەر 2014 ئەندام پەسەند کرا و بەمەش حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ تا کۆتایی مانگی نۆی ئەمساڵ کێشەی دارایی زۆربەی وەزارەتەکان چارەسەر دەبێت.
تەنها ناکۆکی و کێشە کە ماوە و تا ئێستا چارەسەر نەکراوە کێشەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەیە، کە تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو پارەی بۆ دابین کراوە.
دوای داخستنی حکومەتی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو حزبەگەورەکەی ئەو وڵاتە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا هەردوو پارتەکە (کۆماری و دیموکراتەکان) دانوستان بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی بۆ ئەوەی ئەو وەزارەتەش دووبارە دانەخرێتەوە.
جۆ ویڵسۆن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هێرشێکی توند دەکاتە سەر ڤلادیمێر پوتن و بە "تاوانباری جەنگ" ناوی دەبات، هاوکات داوای دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی روسیا لە خاکی سوریا دەکات.
جۆ ویڵسۆن لە پەیامێکدا رایگەیاند، پوتن شاری حەلەبی وێران کرد وەک سەرەتایەک بۆ وێرانکردنی شارەکانی ئۆکراین، وەک ماریۆپۆڵ و بوچا. راشیگەیاند، پوتن ئێستا پەناگەی بۆ ئەسەد و سەرکردە باڵاکانی رژێمەکەی لە مۆسکۆ دابین کردووە، کە خەریکی داڕشتنی پیلانن بۆ روداوی نوێ لە سوریا.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس ئاماژەی بەوەش کرد، پوتن تاوەکو ئێستا پابەندی هیچ رێککەوتنێک نەبووە و لەمەشدا نمونەی ئۆکراین و جۆرجیای هێنایەوە. پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی سوریاش کرد و وتی: "هیچ شتێکی باش لە مۆسکۆوە بۆ ئێوە نایەت، چونکە بنکە سەربازییەکانیان تەنیا بۆ پاڵپشتیی دیکتاتۆرەکان و بڵاوکردنەوەی پشێوی بەکاردەهێنرێن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جۆ ویڵسۆن جەختی کردەوە کە دەبێت هاوکاریی سوریا بکرێت بۆ دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی روسیا لە وڵاتەکەیان. ئەم لێدوانانەی ویڵسۆن لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنێکی "کۆمسیۆنی هێلسینکی"دا هات کە کاتژمێر 14:30 بە کاتی واشنتن بەڕێوەچوو.
لە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراودا، سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە جارێکی دیکە لەگەڵ روسیا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بڕیارە لە رۆژانی 4 و 5ـی ئەم مانگەدا، پایتەختی ئیمارات ببێتە میوانداری گەڕێکی نوێی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی نێوان (ئۆکرانیا، روسیا و ئەمریکا).
سەرۆکی ئۆکراین جەختی لەوەکردووە، تیمی دانوستانکارەکەیان راپۆرتی کۆتاییان ئامادەکردووە و ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتنێک کە "شکۆی ئۆکراینییەکان" بپارێزێت.
ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە، ئەم پێشهاتە سیاسییە دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنی و "گرنگ" دێت کە لە ویلایەتی فلۆریدا لە نێوان نێردەی تایبەتی ئەمریکا و نوێنەری ڤلادیمێر پوتین ئەنجامدرا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکردووە کە "کەشێکی ئەرێنی" لە ئارادایە و روسیا ئارەزووی بۆ ئاشتی نیشانداوە.
ئەو کەسایەتییانەی مێزی گفتوگۆکە بەڕێوە دەبەن:
جارید کوشنەر: زاوای ترەمپ و یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پشت پەردەی ئەم ڕێککەوتنە.
سکۆت بێسێنت: وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، کە ئاماژەیە بۆ رەهەندە ئابورییەکانی رێککەوتنەکە.
کییەریل دمیتریێڤ: نوێنەری تایبەتی روسیا بۆ گفتوگۆکان.
چاودێرانی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەبوزەبی دەکەن، کە ئایا دەبێتە خاڵی کۆتایی بۆ جەنگێک کە زیاتر لە سێ ساڵە ئەوروپای هەژاندووە، یان تەنها وێستگەیەکی دیکەی ململانێ دیپلۆماسییەکان دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی وڵاتی چینی کرد بۆ بەشداریکردن لە کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا و لە ئەگەری قبوڵکردنی داواکارییەکەی لەلایەن وڵاتی پەکینەوە، ترەمپ بە "گرێبەستێکی گەورە" ناوی دەبات، ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان پێشوازی لە هیندستانیش دەکەن بۆ هەمان مەبەست.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە چین دەکەن، کە بێتە پێشەوە بۆ کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا و ئەوە دەبێتە مامەڵەیەکی گەورە لە نێوانیاندا، ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشبینی دەکات هیندستانیش نەوتی ڤەنزوێلا بکڕێت.
لەبارەی پشکەکانی ئەمریکا لە نەوتی ڤەنزویلادا، ترەمپ رایگەیاند، واشنتۆن تا ئێستا باسی پشکی کاراکاسی لە داهاتی فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلا نەکردووە، بەڵام متمانەی خۆی دەربڕی کە ئەمریکا و ڤەنزوێلا لە ئێستادا لەسەر پێگەیەکی باشن و کێشەیان نابێت.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، لەژێر فشاری ئەمریکادا، دیلسی رۆدریگێز سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا یاسایەکی واژۆکرد، کە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر کەرتی نەوتدا سنووردار دەکات و دوای دوو دەیە کەرتی نەوتی وڵاتەکە لە حکومییەوە گۆڕدار بۆ کەرتی تایبەت.
یەکێتی ئەوروپا لەسر رەوسی سوریا رایگەیاند، تا ئێستا دۆخی سوریا ئەوەندە باش نییە، کە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەست بکەن بە گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ شەممە، ماگنوس برونەر ، کۆمیساری کاروباری ناوخۆیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆچبەران، بە میدیاکانی ئەڵمانیای راگەیاندوە، هێشتا رەوشی سوریا نەگەیشتوەتە ئاستێکی وا سەقامیگر، کە وڵاتانی ئەوروپا بتوانن دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتییە سورییەکان بە شێویەکی بەرفراوان ئەنجام بدەن.
ماگنوس برونەر جەختیکردوەتەوە، هێشتا سوریا بەپێی پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپا بە وڵاتێکی سەلامەت دانانرێت و یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی سوریا دەکات بۆ باشترکردنی دۆخەکە و کارکردن بۆ گۆڕانکاری لەو وڵاتەدا.
ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو لە ئێستادا، بەدەر لە تاوانباران هەوڵدەدەن کاربکەن لەسەر هاندانی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی کۆچبەرانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پەسەندکردنی یاسای بودجە لە وادەی دیاریکراودا شکستی هێنا، ئەمەش بووە هۆی راگەیاندنی داخستنی حکومەتی فیدڕاڵ.
سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی پیران لە دوا ساتدا رەزامەندی لەسەر چارەسەرێکی ناوەند دەربڕی، بەڵام پێشبینی ناکرێت ئەنجومەنی نوێنەران پێش رۆژی دووشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکانی بودجە بدات، کە دەبێت دواتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە ئیمزا بکرێن.
ئەم شکستە دوای رووداوەکەی تەقەکردن لە شاری مینیاپۆلیس دێت کە بووە هۆی کوژرانی دوو هاووڵاتیی ئەمریکی لە کاتی جێبەجێکردنی رێوشوێنی توندی دەرکردنی کۆچبەران لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە.
دیموکراتەکان داوای راگرتنی پڕۆژەیاساکانی بودجەیان کرد چونکە پارەی تێدابوو بۆ ئاژانسی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری (ICE) کە هەڵمەتەکانی دەرکردنی کۆچبەران ئەنجام دەدات.
ئەو چارەسەرە کاتییەی سینات پەسەندی کردووە، رێگە بە بودجەیەکی ئینتیقالی بۆ ماوەی دوو هەفتە دەدات تاوەکو دەرفەت بە دیموکرات و کۆمارییەکان بدرێت بۆ گفتوگۆ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی تر هۆشداری توند دەداتە ئێران و رایدەگەیەنێت، تاران بۆ خۆلادان لە هێرشی سەربازی، ئارەزووی ئیمزاکردنی رێککەوتن دەکات.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، مۆڵەتێکی دیاریکراوی بۆ تاران داناوە تا وەڵامی پێشنیازەکانی واشنتن بدەنەوە، بەڵام ئامادەنەبوو کاتەکەی ئاشکرا بکات و وتی: "تەنها ئێران وردەکاریی ئەو مۆڵەتە دەزانێت".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، كەشتیگەلێكی جەنگی گەورە بەرەو ئێران دەڕوات لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن. کەشتیگەلەکە کەشتی فڕۆکەهەڵگری فڕۆکەی "ئەبراهام لینکۆڵن"ـی تێدایە کە هەشتا فڕۆکەی جەنگی هەڵگرتووە، لەگەڵ سێ کەشتیی وێرانکەری ئامادەکراو بە موشەکی "تۆماهۆک".
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند: "تاران بەدوای جەنگدا ناگەڕێت و پێشوازی لە دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات".
چاودێران پێیان وایە ناوچەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا پەیامێکی روونن بۆ تاران، کە کاتی بڕیاردان نزیک بووەتەوە.
لەژێر فشاری ئەمریکادا، دیلسی رۆدریگێز سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا یاسایەکی واژۆکرد، کە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر کەرتی نەوتدا سنووردار دەکات و ئەمەش دوای کەمتر لە مانگێک لە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمریکا لە پایتەختی ڤەنزوێلا.
ئیمزاکردنی ئەم یاسایە دوای ئەوە دێت، کە یاسادانەرانی ئەنجومەنی نیشتمانی ئەو وڵاتە، هەموارکردنەوەی یاسای پیشەسازی وزەیان پەسەند کرد، ئەمەش دوای کەمتر لە مانگێک لە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی وڵاتەکە لەلایەن ئەمریکاوە.
هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی یاساکە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە رەسمی دەستیکرد بە سووککردنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، کە ساڵانێک بوو، بەهۆی سزاکانەوە پیشەسازیی وڵاتەکەی پەکخستبوو
ئەمریکا لەگەڵ بە سوکردنی سزاکانی سەر ڤەنزوێلا، ئەمریکا کارپێکردنی کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی لە ڤەنزوێلا فراوانتر دەکا.ت
پێشتر مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە رایگەیاندبوو، مۆڵەتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ئاشکرا قەدەغەی دەکات، کە هەر لایەنێک لە چین، روسیا، ئێران، کۆریای باکوور، یان کوبا بەشداری لە هیچ کام لەم مامەڵانەدا بکات و پێشتریس دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، کە ئیدارەکەی کۆنترۆڵی هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا دەکات و کار بۆ بوژاندنەوەی پیشەسازی وڵاتەکە دەکات لە رێگەی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان، رایگەیاند بە رەسمی پرۆژە یاسای "پاراستنی کوردان" لەگەڵ سیناتۆر بلومێنتاڵ پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە و پەیامێکی توندیش ئاراستەی نەیارانی کورد دەکات.
سیناتۆرە ئەمریکییەکە، لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە رایگەیاندوە، پرۆژە یاساکەی پشتگیری هەردوو حزبی دیموکرات و کۆمارییەکانی هەیە، چونکە کوردەکان هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی ئەمریکان.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، گراهام نوسیویەتی، هەسەدە کە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیەتی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا، ئەرکی سەرەکی و قورسی شەڕی تێکشکاندنی داعشیان لە ئەستۆ گرت بوو.
هەروەها، هۆشداریەکی توندیشی ئاراستەی نەیارانی کورد کردووە و پێیان دەڵێت؛ بۆ ئەو وڵات و گروپانەی وا دەزانن هێرشکردنە سەر کوردان لە سووریا بێ ئەنجام وبێ لێپرسینەوە تێپەردەبێت، زۆر بە هەڵەدا چوون.
ئاژانسی ئاڕ تی روسی بڵاویکردوەتەوە، لە پرۆسەیەکی ئاڵۆگۆری تەرمدا لەگەڵ وڵاتی ئۆکراین، روسیا تەرمی هەزار سەربازی ئۆکراینی رادەستی کێیڤ کردووە، لە بەرانبەردا تەرمی 38 سەربازی وەرگرتوەتەوە.
گەرچی تا ئێستا ئۆکرانیا هیچ زانیاریەکی لەسەر ئەو هەواڵە بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام ئەمە جاری یەکەم نییە و چەند جارێک ئەم ئاڵوگۆڕی تەرمە لە نێوان هەردوو وڵاتەکەدا ئەنجامدراوە.
ئاڵوگۆڕی تەرمەکان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا کە لە ئێستاشدا لە جەنگدان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتەندایە، کە لە ئەستەنبوڵ کرا لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا بە نێوەندگیر تورکیا.
لە 11ی کانونی یەکەمی ساڵی پاردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی دوای دانوستانەکانی ئیستەنبوڵ، تا ئێستا روسیا زیاتر لە 11 هەزار تەرمی سەربازەکانی ئۆکراینی رادەستی ئەو وڵاتە کردوە، لە بەرانبەردا تەرمی 201 سەربازانی روسیایان لە دەسەڵاتدارانی کیێڤ وەرگرتوە.
رۆژئاوای كوردستان لە بەردەم بڕیارێكی مێژووییدایە، ئەویش هەڵمەتی كۆكردنەوەی ئیمزای كوردانە بۆ یاسای رزگاركردنی كورد لە كۆنگرێس لەدەست هێرشی وڵاتان.
لە كاتێكدا ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان بە دووكەڵی هەڕەشە و هێرشە بەردەوامەكانی تیرۆریستانی داعش و چەكدارانی دیمەشق تەنراوە، لەودیو زەریاكانەوە هەڵمەتێكی بێدەنگ، بەڵام پڕاوپڕ لە هێز خەریكە دەبێتە فریادڕەس و گەردەلولی سیاسی.
بۆ هەر كوردێكی نیشتەجێی ئەمریكا، بینینی دیمەنە دڵتەزێنەكانی رۆژئاوای كوردستان تەنها هەواڵێك نەبوو، بەڵكو برینێكی قوڵ بوو، هەربۆیە هەڵمەتێكیان بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە دەستپێكرد، ئەویش لەناوخۆی كاپیتۆڵەوە.
لەم ساتە هەستیارەدا، كەسایەتییە كاریگەرەكان و رەوەندی كوردی لە ئەمریكا و دەرەوەی وڵات هەڵمەتێكی گەورەیان دەستپێكردووە بۆ پاڵپشتی لە پڕۆژە یاسای رزگاركردنی كورد كە لەلایەن سیناتۆری دیاری كۆمارییەكان، لیندسی گراهامەوە پێشكەش بە كۆنگرێس كراوە.
ئەم پرۆژە یاسایە تەنها بەڵێنێك نییە بۆ هاوپەیمانەكان، بەڵكو هەڵوێستێكی مرۆییە بۆ دادپەروەری.
بۆ ئەوەی تۆش ببیتە دەنگی راستەقینەی رۆژئاوای كوردستان، تەنها بەم هەنگاوانە بەشداری لەم دەنگدانە بكە كە لە ماوەی دوو رۆژی هەڵمەتەكەدا و تا ئێستا نزیكەی 140 هەزار ئیمزای تێپەڕاندووە.
سەرەتا كلیك لەسەر لینكی كەمپینەكە بكە.
لە خانەی (First name) ناوی خۆت و لە خانەی (Last name) ناوی باوكت بە ئینگلیزی بنووسە.
ئیمەیڵە راستەقینەكەت بنوسە.
دواتر كلیك لەسەر دوگمەی سوری (Sign this petition) بكە.
رۆڵی گراهام لەم كاتەدا تەنها پێشكەشكردنی یاسایەك نییە، بەڵكو دروستكردنی قەڵغانێكی یاسایی و سەربازییە بۆ گەلێك كە هەمیشە لە لێواری خیانەتدا جێهێڵدراوە.
ئەو دەیەوێت لەرێگەی ئەم یاسایەوە سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ پاراستنی كورد دابین بكات و رێگری لە كشانەوەی لەناكاوی هێزەكانی ئەمریكا بكرێت.
وەكو خۆشی دەڵێت، "ئێمە قەرزاری كوردین."، بۆیە سزای توند و كەمەرشكێن لە یاساكەدا بۆ هەر گروپ و وڵاتێك دیاری دەكەن كە بیەوێت هێرش بكاتە سەر كورد.
ئێستا كاتی ئەوەیە فشار بخەینە سەر ئەندامانی تری ئەنجومەنی پیران تا ببنە هاوكار لە دەركردنی ئەم یاسایە.
هەر كلیكێك لەسەر ئەو دوگمەیەی هەڵمەتەكە، تەنها ئیمزایەك نییە، بەڵكو فیشەكێكی سیاسییە بەرەوڕووی ئەو ستەمەی لە رۆژئاوا دەكرێت.
كەسایەتییە كاریگەرەكان دەڵێن، ئەمە چانسی كوردە بۆ ئەوەی رێگە نەدات مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەمەبەستی توندوتۆڵكردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئاسایشی نیشتیمانی لەگەڵ سەرۆكی چین كۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی شینخوا، شی جینپینگ، سەرۆكی چین، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەكین لەگەڵ كەیر ستارمەر، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا كۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوانیان و چاوەڕوانیش دەكرێت گفتوگۆكان ئاسایشی نیشتمانی و مافەكانی مرۆڤیش بگرێتەوە.
دوای هەشت ساڵ، ئەم سەردانە یەكەم سەردانی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیایە بۆ چین و ئەمەش دوای زنجیرەیەك سەردانی هاوشێوەی سەركردەكانی ڕۆژئاوا دێت كە لەم دواییانەدا داوای پشتیوانی پەكینیان كردووە، لەكاتێكدا هەوڵدەدەن خۆیان لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئەمریكا دووربخەنەوە.
سیناتۆرێكی ئەمریكی پرۆژە یاسایەك بەناوی پاراستنی كورد پێشكەشی كۆنگرێسی وڵاتەكەی دەكات و دەڵێت؛ پێویستە لە ئاست قوربانیدانی كورددا بەوەفا بین.
لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماریخوازی ئەمریكا، پڕۆژە یاسایەكی بە ناوی (پڕۆژە یاسای پاراستنی كورد) ئامادە كردووە بۆ ئەوەی پێشكەش بە ئەنجومەنی پیرانی بكات و دەڵێت، پێویستە جیهان هەوڵەكانی كورد بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لەبەرچاو بگرێت و وەفای هەبێت لە ئاستی قوربانیدانیاندا.
گراهام ئاماژەی بە پەلامار و هێرشەكانی سەر رۆژائاوای كوردستان كرد و ڕایگەیاند ئەو پڕۆژە یاسایەی بۆ پاراستنی كورد لە پەلامارەكان پێشكەشی دەكات پشتیوانیی بەهێزی هەردوو پارت و پارتی كۆماری و پارتی دیموكراتی هەیە و سزای توندی بۆ ئەو وڵاتانە دیاریكردووە كە بیانەوێت هێرش بكەنە سەر كورد.
بەپێی سیستمی ئەمەریكا، حكومەت پابەندە بە ڕەچاوكردنی ئەو یاسایانەی كە ئەنجومەنی پیران لەكاتی جێبەجێكردنی سیاسەتەكانیدا دەریان دەكات.
لە لایەكی ترە رەوەندی كوردی لە ئەمریكا و ئەوروپا، هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی ئیمزای بۆ پشتیوانی لە پڕۆژە یاساكەی لیندسی گراهام راگەیاند و تا ئێستا زیاتر لە هەزاران ئیمزا كۆكراوەتەوە.
بەهای نەوت و زێڕ ئاستێكی پێوانەیی نوێیان تۆماركرد و نرخی ئۆنسەیەك زێڕ پێنج هەزار و 500 دۆلاری تێپەڕاند
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بازاڕەکانی جیهانییەكاندا ، نرخی نەوت و زێڕ بەراورد بە دوێنێ روویان لە بەرزبوونەوە كردووە نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە پێنج هەزار و 586 دۆلار و بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنتیش بە 69 دۆلار و 34سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت.
پسپۆڕانی ئابوری، هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت و زێر بۆ گۆڕانكارییەكانی بازاڕ و پێشبینییە ئابورییەكان دەگەڕێننەوە و ئاماژە بەوە دەكەن كە بەرزبوونەوەی نرخەكان لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت.
نرخی زێڕ بەراورد بە چەند مانگی رابردوو بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لەمساڵدا بەڕێژەی ٪27 نرخی کانزا زەردەکە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رایدەگەیەنێت، ڤلادیمێر پوتن ئامادەیە لە مۆسکۆ پێشوازی لە ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین بکات و گەرەنتیی پاراستنی ئاسایشی دەکات.
ئوشاکۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی وتی: "سەرۆک پوتن رایگەیاندووە زێلێنسکی دەتوانێت بێتە مۆسکۆ ئەگەر ئامادەی گفتوگۆ بێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، روسیا هەرگیز ئەگەری پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرۆکی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام دەبێت هەر دیدارێک بە وردی ئامادەکاری بۆ بکرێت و ئەنجامی "ماددی و ئەرێنی" هەبێت.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئۆکراین رایگەیاندبوو، زێلێنسکی ئامادەیە چاوی بە پوتن بکەوێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، هەروەها ئاماژەی بە پێشکەوتنی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی ئەبوزەبی کردبوو.