دۆناڵد ترەمپ، دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ سەرۆکی روسیا رایگەیاند، سەرۆک پوتن پیرۆزبایی بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکردوە، دەشڵێت لەگەڵ پوتندا لە وڵاتی هەنگاری کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت دەتوانن کۆتایی بەجەنگی شەرمەزارکەری نێوان روسیا و ئۆکراین بهێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ فلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات بڵاویکردوەتەوە کە گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەگەڵ سەرۆک پوتندا ئەنجامداوە.

ترەمپ ئاماژەیبەوەشکردوە؛ پوتن پیرۆزبای  لێکردوە و سوپاسی خانمی یەکەمی ئەمریکاشی کردوە بۆ هەوڵ و کارەکانی لەسەر پرسی منداڵان.

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا نوسیویەتی؛ پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆیان لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا تاوتوێ کردووە و رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی راوێژکارە باڵاکانی هەردوو وڵات لە هەفتەی داهاتوودا.

ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو، دواتر خۆشی لەگەڵ پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا کۆدەبنەوە و تاوتوێی کۆتاییهێنان بەو "جەنگە شەرمەزارییە"ی نێوان روسیا و ئۆکراین دەکەن.