جیهان

پەرلەمانتارێكی ئێران رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا بە ئاگاداری رێبەری باڵای ئێران پەیوەندی نهێنیان لەگەڵ تیمی دۆناڵد ترەمپدا هەبووە.

محەمەد مەهدی شەهریاری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تاران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە ئاگاداریی عەلی خامنەیی رێبەڕی باڵای ئێران بە نهێنی پەیوەندی لەگەڵ تیمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەبووە.

دەشڵێت، لە پەیوەندییە نهێنییەكان دا تەنها باس لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كراوە و راپۆرتی گفتوگۆكانیش دراوەتە عەلی خامنەیی.
وتیشی، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا تاران هەر داواكارییەكی هەبووبێت ئەمریكا بۆی جێبەجێ كردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل داوایەکی نوێی ئاراستەی بنیامین نەتەنیاهۆ کردووە سەبارەت بە بارودۆخی غەززە و تیایدا پێشنیازی کردووە ئیدارەیەکی سەربازی لە غەززە دابمەزرێنرێت و هەوڵی لەناوبردنی تەواوی حەماس بدرێت.

لە داواکەیدا دەڵێت؛ "جەنابی سەرۆک وەزیران، کاتێک باس لە کۆتایی هێنانی سەرکەوتووانەی شەڕەکە دەکەیت، ئەمە پێویستی بە گۆڕانکاری قووڵ هەیە لە ستراتیژیەتی ئێمەدا"،

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، سمۆتریچ جەختی کردەوەتەوە: "داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە، دامەزراندنی حوکمڕانی سەربازی، لەناوبردنی حەماس و گەرەنتی کردنی ئەوەی کە غەززە چیتر نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمانە هەنگاوی پێویستن".

وەزیری دارایی بەبێ دوودڵی رایگەیاند کە ئەم ستراتیژیەتە "رێگای راستەقینەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و هەروەها گەڕاندنەوەی خێرای دیلەکان".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکی پێشووتردا رایگەیاندبوو کە شەڕی غەززە تەنها کاتێک کۆتایی دێت کە حەماس بە تەواوی لەناوببرێت و هەموو دیلەکان بگەڕێنرێنەوە. ئەو بەتوندی دژی دەستکەوتەکانی حەماس وەستاوەتەوە و وتوویەتی "تەسلیمبوون بە خواستەکانی حەماس هەموو ئەو شتانەی بەدەستمان هێناوە لەناودەبات".

نەتەنیاهۆ لە وتەکانیدا دانی بەوەدا ناوە کە "ئەم شەڕە باجێکی قورسی هەیە، ئەگەر توانا سەربازییەکانی حەماس نەهێڵین، روداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر دووبارە نابنەوە"، نەتەنیاهۆ بەم وشانە هۆشداری دا و وتی "من هەرگیز تەسلیمی بکوژان نابم، چونکە ئەمە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە".

لەم نێوەندەدا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاری زیاتری خستووەتە سەر هەردوو لا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و ئاگر بەست. نوێنەرانی میسر، قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکان چەندین گەڕی دانوستاندنیان ئەنجامداوە بەڵام تا ئێستا ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست نەهێنراوە.

لە لایەکی ترەوە، ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریان داوە دەربارەی بارودۆخی مرۆیی لە غەززە کە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، و داوای کردنەوەی دەروازەکانی هاتوچۆ و رێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییە بەپەلەکان دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، بە نیازن بە بڕی یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلار هاوكاری سوریا بكات.

عەبدوڵا دەردەری، یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتوەكان بەنیازە لە ماوەی سێ ساڵدا هاوكاری سوریا بكات بە بەهای یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیكردنی سوریا لە كەرتە جیاجیاكاندا كە پەرەپێدانی بەرنامەكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی و دوبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری لەخۆ دەگرێت.

دەشڵێت، لە بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و وڵاتانی تری ناوچەكە هاوكاری بۆ سوریا كۆدەكەنەوە و هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە سوریا بە بەشداری سعودیە و بانكی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتیەكان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روسیا ئاگربەستی دوو رۆژەی لەگەڵ ئۆکراین راگەیاند و دەشڵێت، ئامادەین بۆ دانوستان.

 

کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرملن) بڵاویکردەوە، ئاگربەستمان لە ئۆکراین راگەیاند و تاوەکو 21ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی دوو رۆژە و ئامادەیی دانوستان لەگەڵ ئۆکراین.

 

کرملن راشیگەیاندووە، هیوادارین ئۆکراینیش پاپەندێت بە ئاگربەستەکەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە لە کاتژمێر 6ی ئەم ئێوارەیەوە ئاگربەستەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای باڵای ئەمریكا بڕیارێكی ئیدارەی ترەمپی بۆ دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی ڤەنزوێلا راگرت و دەشڵێت، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكە بكرێت، چونكە ژیانی بەشێكیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دادگای باڵای ئەمریكا رایگەیاند، بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی ڤەنزوێلی رادەگرێت بە تایبەتی ئەوانەی زیندانیكراون یاخود راگیراون.

دەشڵێت، بڕیارە دوای فشارێكی زۆر پارێزەران هۆشدارییان دابوو لەوەی بەشێك لەو كەسانەی دیپۆرت دەكرێنەوە ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

دوای بڕیارەكەی دادگاش حكومەتی ئەمریكا فەرمانی دەكرد بە دیپۆرتنەكردنەوەی هیچ كەسێك تا ئەو كاتەی بڕیارێكی تری دادگا دەردەكرێت.

میدیاكانی ئەمریكاش بڵاویانكردەوە، بڕیارەكەی دادگای باڵا نمونەیەكە كە ئەو دامەزراوەیە روبەڕوی ئیدارەی ترەمپ دەوەستێتەوە لە بارەی سیاسەتی كۆچبەرانەوە و پێی وایە ژمارەیەك لەوانەی دیپۆرتكراونەتەوە هەڵە بووە یاخود بە هیچ پرۆسەیەكی دادگاییكردندا تێنەپەڕیوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەنراوێکی لەبارەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردووەوە دەڕۆن.

ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، ئاشتی بەردەوام لە گفتوگۆی راستگۆیانە لەنێوان گەلاندا لەدایک دەبێت، نەک لە سەپاندنی هێزەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پابەندبوونی خۆی بە دیپلۆماسی وەک رێگەیەکی شارستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە نیازپاکی و روانگەیەکی بەرپرسیارانەوە، لەگەڵ رێزگرتن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی ئێران نیشانداوە.

ئەوەش خراوەتە روو، "دەزانین رێگای بەردەممان خۆش نییە، بەڵام بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردوەوە دەڕۆین".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و ستیڤ ویتكۆف نوێنەری ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە شاری رۆما لە ئیتاڵیا کۆدەبنەوە.

وتیكۆف پێش كۆبوونەوەكە رایگەیاند، هیچ رێككەوتنێك ناكرێت تا ئەوكاتەی تاران پیتاندنی یۆرانیۆم و سیستمی پەرەپێدانی چەك بە تەواوی رانەگرێت.

عراقچیش رایگەیاندووە، ئێران سازش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكە و دابەزاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات و نایەوێت چەكی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت، بەڵام داوای هەڵگرتنی سزاكان دەكەن و گفتوگۆ لەسەر دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە بەرنامەی ئەتۆمی ناكەن.

خولی یەکەمی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژی 12ی ئەم مانگەدا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەچوو کە خودی عوممان نێوەندگیر بوو.

بۆ خولی دووەمی کۆبوونەوەکان، رافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەشدار دەبێت.

لێدوان و راگەیەنراوەکانی هەریەک لە ئەمریکا و ئێران لەدوای خولی یەکەمی دانوستانەکان ئەرێنی بوون. کۆشکی سپی رایگەیاند، گفتوگۆکان ئەرێنی و بونیادنەر بوون. لەلایەکی دیکەشەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمان شێوە گفتوگۆکانی بە بونیادنەر ناو هێنا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت؛ تاران و واشنتۆن ئەگەری هەیە لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی رێککبکەون، داواش دەکات روسیا رۆڵی هەبێت لەو رێککەوتنەدا.

 

ئەمرۆ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا روسیەکەی کۆبوەوە و رایگەیاند، لە خوولی یەکەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا کە لە عوممان بەڕێوەچوو، بەرەوپێشچوونی باش هەبووە لەنێوان هەردوولادا، چاوەڕوانیش دەکەین سبەینێ خوولی دووەمی دانوستانەکان زیاتر بەرەوپێش بچێت و نزیک ببینەوە لە رێککەوتن سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی.

 

لە بەرانبەریشدا وەزیری دەرەوەی روسیا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ ئەوەی رۆڵی هەبێت لە گەیشتن بە رێککەوتن لە چوارچێوەی پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی.

 

جێگەی ئاماژەیە بڕیارە سبەینێ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە سبەینێ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.

خولی یەکەمی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژی 12ی ئەم مانگەدا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەچوو کە خودی عوممان نێوەندگیر بوو، بڕیاریشە سبەینێ خولی دووەمی دانوستانەکان بەهەمان شێوە بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوەبچێت، بەڵام دەبرێتە ئیتاڵیا.

بۆ خولی دووەمی کۆبوونەوەکان، رافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەشدار دەبێت.

لێدوان و راگەیەنراوەکانی هەریەک لە ئەمریکا و ئێران لەدوای خولی یەکەمی دانوستانەکان ئەرێنی بوون. کۆشکی سپی رایگەیاند، گفتوگۆکان ئەرێنی و بونیادنەر بوون. لەلایەکی دیکەشەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمان شێوە گفتوگۆکانی بە بونیادنەر ناو هێنا.

لەبارەی دانوستانەکانەوە، هەفتەی رابردوو ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خولی دووەمی دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان دەبێت. لەکاتێکدا ئەمریکا پێشتر جەختی کردبووەوە، کە دۆسیەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و بەرنامە موشەکییەکانیش دەبێت باس بکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریكا دەڵێت، دەستبەرداری هەوڵەكانی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆكراین دەبێت، ئەگەر ئاماژەیەكی روون بۆ رێككەوتنەكە نەبێت، سەرۆكی فەڕەنساش رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەوروپا و ئۆكراین بۆ ئاشتی رایگەیاند، دەستبەرداری هێنانەدی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆكراین دەبێت، ئەگەر ئاماژەیەكی روون بۆ رێككەوتنكە نەبێت.

وتیشی، ئەمریكا دەیەوێت هاوكاری بكات ئەگەر لایەنەكان جددی بن لە ئاشتی، بەڵام بەردەوام نابێت لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكان تا پێشكەوتن بەدەست نەهێنرێت.

لەلایەكی ترەوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی ئۆكراین لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.

راشیگەیاند، هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی پێشنیارەكەی سەرۆكی ئەمریكای كردووە بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی ئۆكراین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەوشی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر خراپە، بەپێَی راگەیەنراوێكی نەخۆشخانەكە مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە. 

نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیل لە ئیستەنبوڵ، راگەیەنراوێكی سەبارەت بە رەوشی تەندروستی سڕی سورەیا ئۆندەر ئەندامی وەفدی دەم پارتی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، چارەسەری ئۆندەر لە بەشی چاودێری چڕ بەردەوامە.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رەوشی تەندروستی وەكو خۆیەتی و مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە.

ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی سێشەممە 15ی ئەم مانگە سڕی سورەیا ئۆندەر تووشی جەڵدەی دڵ بوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری، لە ئێستاشدا لە ژێر چاودێری ورد دایە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەکی یابانی نهێنییەکی زانستیی نوێ لەبارەی زوو هەستان لە خەو و مانەوە بە چالاکی و تەندروستیی ئاشکرا دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ مانەوەی جەستەتان بە تەنسروستیی رێگە بدەن تیشکی خۆر لەخەو هەڵتان بستێنێ.

توێژەران لە زانکۆی ئەوساکا مترۆبۆلیتان توێژینەوەیەکیان لەسەر 19 بەشداربوو ئەنجام داوە لەبارەی کاریگەریی بەرکەوتنی رووناکی سروشتی لەسەر کوالێتی خەو و لەخەو هەستان.

توێژەران نموونەی توێژینەوەکەیان کردووە بە سێ بەشەوە، بەشیکیان 20 خولەک بەر لە هەستان لە خەو رووناکی سروشتی "تیشکی خۆر" لێیداون، بەشێکیان زیاتر لە 20 خولەک و بەشێکیشیان هیچ رووناکییەک نەچووەتە ژوورەکانیانەوە.

لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا، ئەو زانا یابانیانە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئەو کەسانەی 20 خولەک بەر لە هەستان لە خەو رووناکی سروشتی لە ژوورەکانیانی داوە، خەوێکی باشتریان هەبووە و لەکاتی هەستان لە خەویشدا جەستەیەکی چالاکیان هەبووە، هەروەها هیچ هەستێکی خەواڵوویی و شەکەتی جەستەیان نەبووە.

لە بەرامبەردا گروپی دووەم کە زیاتر لە 20 خولەک رووناکی سروشتی چووەتە ژوورەکانیانەوە، کەمتر چالاک بوون بەراورد بە گروپی یەکەم، ئەمەش هاوشانی ئەوە دەبێتەوە کە زانست دەڵێت، بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر کاریگەریی لاوەکی و زیانی دەبێت.

گروپی سێیەمی توێژینەوەکەش کە لە ژوورێکی تەواو تاریکدا خەوتوون و هیچ رووناکییەکی سروشتی نەچووەتە ژوورەکانیانەوە، ئەگەرچی کاتی تەواویش خەوتبن، بەڵام هێشتا هەستیان بە تێکشکاوی جەستەیان کردووە و خەواڵوو بوون، نەیانتوانیوە بە چالاکییەوە رۆژەکانیان دەست پێ بکەن و بچنە سەر کار.

توێژەرانی توێژینەوەکە ئەوەشیان خستووەتە روو، لە دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیەوە دەیانەوێت بگەن بە داهێنانی سیستمێکی زیرەک، کە بەپێی کات و وەرزەکان کۆنتڕۆڵی چوونە ناوەوەی رووناکی سروشتی و تیشکی خۆر بکات بۆ ژوورەکان.

بۆیە ئەو توێژینەوەیە ئاڕاستەیان دەکات بەوەی، دیزاینێکی زیرەکانە بۆ ژووری نوستن بکەن، کە رووناکی سروشتی و تیشکی خۆر وەک بەشێکی سەرەکی ژوورەکە لەبەرچاوبگیرێت.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئەمریكا سێ بنكەی سەربازی لە دێرەزوور چۆڵكرد و بەرەو ناوچەی شەدادی حەسەكە كشایەوە.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، دەستی كردووە بە گواستنەوەی كەرەستەی سەربازی و لۆجستی لە كێڵگە نەوتییەكانی عومەر و كۆنیكۆوە بەرەو قەزای شەدادی لە باشوری حەسەكە.

هەروەها دەڵێت، بەشێك لە هێزەكان لەو دوو بنكەیە دەمێننەوە تا دواتر فەرمانی كشانەوەی تەواوەتییان بۆ دێت بە ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەی هێزەكان و دابەشكردنی بەسەر بنكە سەربازییەكاندا لە سوریا.

بەپێی زانیارییەكانی روانگەی سوری، ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە كێڵگەی نەوتی عومەر جێگیر كراون.

هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەكان بڵاویكردوەتەوە، سوپای ئەمریكا سێ بنكەی ئۆپەراسیۆنی بچووكی خۆی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا داخستووە بەئامانجی كەمكردنەوەی هێزەكانی لە دوو هەزارەوە بۆ 1400 سەرباز.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە کە لە ئەنجامدانی کردەی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پەلەی نییە و جەختی کردووەتەوە کە بژاردەی یەکەمی دانوستانە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ترەمپ بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاگەدار کردووەتەوە کە پشتیوانی هیچ کردەیەکی سەربازی و هێرشێک بۆ سەر ئێران یان دامەرزاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە ناکات و راشیگەیاندووە لەم قۆناغەدا وازی لەم بژاردەیە هێناوە.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەروو کە ترەمپ بڕوای وایە ئێران دەرفەتێکی باشی لە بەردەمە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی گرنگ و کاریگەر، هەر بۆیە لەم قۆناغەدا دانوستان بژاردەی یەکەمی سەرۆکی ئەمەریکایە.

لە لێدوانەکانیدا بۆ بەرپرسانی ئیسرائیلی، ترەمپ وتوویەتی: "دانوستان بژاردەی یەکەمی منە، چونکە بژاردەی دووەم بۆ ئێران زۆر خراپە، بۆیە پێم وایە ئێران مەبەستی دانوستانە و بەهیوام دانوستان بکەن".

راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە کاتێکدایە کە بڕیارە شەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا بە ئامادەبوونی رافائیل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، دوای ئەوەی گەڕی یەکەم شەممەی رابردوو لە مەسقەت بەڕێوە چوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، لە زانكۆی فلۆریدا و لەنزیك شوێنی مانەوەی خوێندكاران كەسێك تەقەی لە چەند خوێندكارێك كردووە و بەو هۆیەوە دوو كەس کوژراون و شەش کەس بریندار بوون، تەقەکەرەکەش بە برینداری لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە. 

تا ئێستا پۆلیس هیچ رونکردنەوەیەکی سەبارەت بەناسنامەی کەسەکە نەداوە و لەکاتی روداوەکەشدا، پۆلیس داوای لە خوێندكاران كردووە خۆیان حەشار بدەن. 

بەپێی زانیاری میدیاکانی ئەمریکا، ئەو دوو کەسەی کوژراون خوێندکار نەبوون. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیاندراوێکی ئاسایشی کینیا، دوو گەنجی هەڵگری رەگەزنامەی بەلجیکی تەمەن 19 ساڵ دەستگیرکراون، دوای ئەوەی هەوڵیان داوە زیاتر لە پێنج هەزار مێرولە بە قاچاخ بگوازنەوە بۆ ئەوروپا.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تۆمەتبارەکان مێرولەکانیان لە ناو زیاتر لە دوو هەزار و 200 شوشەی بچوکدا هەڵگرتبو و مەبەستیان بو بیانگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و ئاسیا.

لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا، هەردوو تۆمەتبارەکە لە بەردەم دادگای نایرۆبی رایانگەیاندووە تەنها بۆ چێژ و خۆشی مێرولەکانیان کۆکردۆتەوە و ئاگاداری ئەوە نەبوون کە گواستنەوەی ئەم زیندەوەرانە لە کینیا قەدەغەیە.

بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندوە ئێستا لەگەڵ جۆرێکی نوێی بازرگانی نایاسایی ڕووبەڕوون کە بازرگانیکردنە بە مێرولە و زیندەوەرە بچکۆلەکان، لە کاتێکدا پێشتر زیاتر بازرگانی بە فیل و گیانلەبەرە گەورەکانەوە دەکرا.

هێزەکانی ئاسایشی کینیا ئاماژەیان بەوەشکردووە لە کەیسێکی هاوشێوەدا، دو گەنجی دیکە لەو وڵاتە بە 400 مێرولەوە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

شایەنی باسە کە ئەم دیاردەیە نیگەرانی بەرپرسانی پاراستنی ژینگەی کینیای لێکەوتۆتەوە و داوایان لە هاووڵاتیان و گەشتیاران کردووە پابەندی یاسا و رێنماییەکانی پاراستنی ژینگە و زیندەوەرەکان بن.

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەو وشکە ساڵیە هەمیشەییەی کە لە کینیا بەرەو ڕووی ئاژەڵان دەبێتەوە، بە شێوەیەک زیاتر لە 200 فیل، سەدان کەرەکێوی و گامێش بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی کینیای گرتووەتەوە، لە نێوچوون. وشکەساڵییەکە بە جۆرێکە لە 40 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4748495051...532