ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەی ئەمڕۆ لە هۆنگ کۆنگ ئاگری تێبەربوو، بە تەختەبەستی بامبۆ (حەیزەران) داپۆشرابوو، کە تەکنیکێکی دێرینی بیناسازییە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی "هان" لە چین دەگەڕێتەوە (واتە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر) و هێشتا بە بەرفراوانی لە شارەکەدا بەکاردێت.

ئەم جۆرە تەختەبەستانە لە هۆنگ کۆنگ دیمەنێکی ئاشنان و لەسەر باڵەخانەکان بە بەرزیی سەدان پێ دادەنرێن و زۆرجار بە تۆڕی قوماشیی رەنگاوڕەنگ (سەوز، شین و مۆر) دەپێچرێنەوە. بامبۆ (حەیزەران) تەنها بۆ دروستکردنی باڵەخانەی نوێ بەکارنایەت، بەڵکو ساڵانە لە نۆژەنکردنەوەی هەزاران باڵەخانەی مێژوویی (تۆنگ لاو) بەکاردێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە کەرەستەیەکی سەرەکیی بیناسازی لە شارەکەدا.


سەرباری گرنگییەکەی، ئەم تەکنیکە روبەڕوی رەخنەی زۆر بوەتەوە سەبارەت بە "سەلامەتی و بەرگەگرتن". هەرچەندە بامبۆ بەوە ناسراوە کە لاستیکییە (نەرمە)، بەڵام مادەیەکی خێرا گڕگرتووە و بە تێپەڕبوونی کات دادەڕزێت و مەترسی دروست دەکات.

نوسینگەی گەشەپێدانی هۆنگ کۆنگ رایگەیاندووە، لە مانگی ئازارەوە دەبێت 50%ی پرۆژە گشتییە نوێیەکان تەختەبەستی کانزایی (ئاسن) بەکاربهێنن بۆ "پاراستنی باشتری کرێکاران" و گونجان لەگەڵ پێوەرە مۆدێرنەکانی بیناسازی لە "شارە پێشکەوتووەکان"دا.

ئەم بڕیارەی حکومەت ناڕەزایەتیی بەشێک لە دانیشتووانی لێکەوتەوە و زۆرێکیان پێیان وایە تەختەبەستی بامبۆ "میراتی کولتورییە" و دەبێت بپارێزرێت.

گۆمان هۆ، ئەندازیاری بیناسازی لە کۆمپانیای ئەندازیاریی بەریتانی (ئاروپ) بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاندووە: "دەبێت رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزینەوە"، ناوبراو پێشنیار دەکات دارەکان بە مادەی "ئیپۆکسی" یان گیراوەی پلاستیکی روپۆش بکرێن بۆ رێگری لە داخوران و پاراستنی ئەم کولتورە.