سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند، لە ناوەڕاستی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و لە نزیک کۆشکی سپی، تەقە لە دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، روداوەکە کەمێک پێش ئێستا لە شەقامی 17 و "ئای" لە نزیک وێستگەی میترۆی "فاراگوت" رویداوە، کە تەنها چەند شەقامێک لە کۆشکی سپییەوە دورە. سەربازەکان سەربە هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانین، بەڵام تا ئێستا دۆخی تەندروستییان بە وردی دیار نییە.

پۆلیسی واشنتۆن گەیشتووەتە شوێنی روداوەکە و ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، لە راگەیەندراوێکیشدا داوایان لە دانیشتووان و گەشتیاران کردووە لە شوێنی رووداوەکە دوربکەونەوە. تا ئێستاش ناسنامە و شوێنی تەقەکەرەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستگیرکردنی بەردەوامن.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا لە بەرزاییەکانی "مار-ئە-لاگۆ"یە لە فلۆریدا، لە وردەکاریی روداوەکە ئاگادار کراوەتەوە، کۆشکی سپیش دڵنیایی داوە کە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی ئامانجی راستەوخۆی هێرشەکە نەبووە.