دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی ئەفغانستان تەقەی لە دوو پاسەوانی نیشتمانی کرد، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند ئەفغانستان  دۆزەخی سەر زەوییە، هاتنی ئەو تۆمەتبارەی بۆ ئەمریکاش لە دوای رووخانی رژێمی کۆماری لە ئەفغانستان بەستەوە بە سیاسەتەکانی ئیدارەی جۆ بایدنەوە لە بواری کۆچبەری.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە؛ جۆ بایدن بەرپرسە لە هاتنی ژمارەیەک هاووڵاتی ئەفغانی بۆ ئەمریکا و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم سیاسەتانە "مەترسی ئەمنیی جددی" بۆ ئەمریکا دروست کردووە.

ترەمپ رەخنەی لە هاتنە ناوەوەی 20 ملیۆن بیانی نەناسراو گرتووە بە هۆی سیاسەتەکانی جۆ بایدنەوە و بە زیانێکی گەورە و مەترسیدار وێنای کردوە.

دوێنێشەو بە کاتی هەرێم، لە نزیک کۆشکی سپی لە واشنتۆن تەقە لە دوو پاسەوانی نیشتمانی کراو و بەهۆیەوە بە سەختی برینداربوون، و   لێکۆڵینەوەکان لە کوشتنی ئەندامانی پاسەوانی نیشتمانی بەردەوامە .

ئەو لێدوانە توندەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە رەحمانوڵڵا لەکنوالی ئەفغانی کە تەمەن 29 ساڵە، دوای رووخانی کۆمارەکە پەنای بۆ ئەمەریکا برد، لە واشنتۆن تەقەی لە دوو سەربازی پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا کرد.

دوای رووخانی دەسەڵاتی کابول و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەفغانستان و هاتنە سەر حوکمی تاڵیبان، هەزاران ئەفغانی داوای مافی پەنابەرییان لە ئەمریکا کردووە، تا ئێستا بەشێکی زۆریان کەیسەکانیان یەکلای نەبوەتەوە و  پرۆسەی پێداچوونەوە بە کەیسەکانیاندا کاتێکی زۆری دەوێت.