دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری دا تەنیا رۆژێک دوای دەستپێکردنی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ یاوەریکردنی کەشتییەکان لە گەروی هورمز راگرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە و بەهۆی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی لە دانوستانەکاندا بەدیهاتووە، بڕیاریان داوە "پرۆژەی ئازادی" بۆ ماوەیەکی کورت رابگرن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، راگرتنەکە بۆ ئەوەیە دەرفەت بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی کۆتایی و گشتگیر لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بڕەخسێت، هەرچەندە جەختی کردەوە کە گەمارۆکان وەک خۆیان بەردەوام دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە وڵاتەکەی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانی بۆ سەر ئێران هێناوە و قۆناغی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی - Epic Fury" کۆتایی هاتووە.
روبیۆ باسی لەوە کرد، کە لە ئێستادا کاری لەپێشینەی واشنتن کردنەوەی گەروی هورمزە بە روی هاتوچۆی کەشتییەکاندا.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پڕۆژە بڕیارێکی نوێ پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن بە مەبەستی پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی لە گەروی هورمز.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژە بڕیارەکە بە هەماهەنگی و بەشداریی وڵاتانی (سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین) ئامادەکراوە، داوا لە ئێران دەکات بە زووترین کات هێرشەکانی رابگرێت و واز لە چاندنی مین و وەرگرتنی باج لە گەروەکە بهێنێت.
رۆبیۆ وتیشی، لە بەشێکی تری پڕۆژە بڕیارەکەدا هاتووە، کە دەبێت تاران شوێن و ژمارەی ئەو مینانە ئاشکرا بکات کە لەو ناوچە ستراتیژییەدا چاندونی و هاوکاری نێودەوڵەتی بکات بۆ پوچەڵکردنەوەیان.
جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و مەرجەکان قبوڵ بکات و هەریەکە لە ویتکۆف و کۆشنەر بە چڕی کار لەسەر رێگەی دیپلۆماسی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەيیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکێنراوە، ئاماژەی بەوەش دا کە تاران چیتر خاوەنی هێزی دەریایی یان ئاسمانی نییە.
ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کردەوە سەربازییەکان بوونەتە هۆی تێکشکاندنی ئەو توانایانە بە شێوەیەکی گشتی و کوژرانی سەرکردە سەربازییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد ئەوەی ئێستا رودەدات تەنها پێکدادانێکی سەربازی بچووکە، و ئێران هیچ دەرفەتێکی نییە لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا و هەرگیز نەیبووە.
هەروەها وتی: رژێمی ئێران لە کۆمەڵێک کەسی "نەخۆشی دەروونی" پێکهاتووە، و جەختیشی کردەوە کە رێگە نادەن ئەوانەی بە "شێت" وەسفی کردن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا زۆر سەرکەوتووانە کار دەکات، و جەختی کردەوە کە لە پێشینەی کارەکانیان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایە.
محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە ئامانجی وڵاتەکەی وەک نێوەندگیر، قایلکردنی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی.
دار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەدواداچوونی بۆ کردووە، رایگەیاند: "ئامانجی پاکستان وەک نێوەندگیر ئەوەیە کە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان قایل بکات بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتی، ئەوەش شتێکە کە ناوچەکە و جیهان پێویستیان پێیەتی.
هەروەها دار وتیشی: دڵنیایین لەوەی پێشکەوتنی گەورە لە دانوستانەکاندا بەدەست هاتووە، هەوڵی زۆرمان داوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی دیالۆگ، جەختیشی کردەوە کە: هەوڵمان داوە رێگری بکەین لەرودانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و سەرکۆنەی ئەو هێرشانەشمان کردووە کە کراونەتە سەریان.
وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە ئێران هیچ جۆرە کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروی هورمزدا نییە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا پێشێلی سەروەریی ئاوە هەرێمییەکانی ئێران ناکەن.
وەزیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: دەستپێشخەریی پڕۆژەی ئازادی بە ئامانجی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی بازرگانییە لە بەرانبەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی ئێران،"
رونیشیکردەوە کە: تاران پەنا بۆ تێکدانی ئارامیی کەشتییەکان و تەقەکردن و سەپاندنی سەرانەی نایاسایی دەبات.
هەروەها رایگەیاند: لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی هێلیکۆپتەر، چاودێریی وردی گەروی هورمزمان گرتووەتە دەست بۆ دەستەبەرکردنی هاتوچۆیەکی ئارام بۆ کەشتیگەلەکان،"
و دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران باڵادەست نییە بەسەر ئەم رێڕەوەدا."
وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەش دا کە بەکارهێنانی هێز لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و وتی: ئێمە خوازیاری پێکدادانی سەربازی نین، بەڵام رێگەش نادەین تاران مافی وڵاتانی تر لە تێپەڕبوون بەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا زەوت بکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی "کاتییە" و پێویستە جیهان بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت، چونکە تاران خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ بەرژەوەندی دارایی خۆی و هەڕەشە لە دەریاوانان بەکاردەهێنێت، و جەختی کردەوە: ئاوە نێودەوڵەتییەکان موڵکی گشتین و رێڕەوی بازرگانی بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
سندوقی نێودەوڵەتی دراو هۆشداری دەدات لە درێژەكێشانی جەنگی دژ بە ئێران و دەڵێت، ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ جەنگ كۆتایی نەیەت كارەساتی ئابوری رودەدات.
كریستیانا گۆرگیێڤا بەڕێوەبەری سندوقی نێودەوڵەتی دراو هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا كۆتایی ئەمساڵ درێژە بكێشێت و نرخی نەوت بگاتە 125 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوا جیهان رووبەڕووی دەرئەنجامی زۆر خراپتر دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێستا جیهان چووەتە ناو سیناریۆیەكی نەرێنیەوە، كە نرخی یەك بەرمیل نەوت لە خانەی 100 دۆلاردایە و هەڵئاوسان بەردەوام روو لە هەڵكشانە.
گۆرگیێڤا سێ ئەگەریشی بۆ كۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو داناوە و رایگەیاندووە، یان سیناریۆكان وەك پێشبینییەكان دەبن، یان پێشبینی دابەزینی گەشەی ئابوری بۆ رێژەی 2.5٪، كە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بە رێژەی 5.4٪. یان كەمبوونەوەی گەشەی ئابوری بۆ 2٪ و زیادبوونی هەڵئاوسان بە رێژەی 5.8٪.
هەروەها جەختی لەوەشكردەوە، ناسەقامگیری بازاڕەكان و بەردەوامی جەنگ، دەبێتە هۆی تێكچوونی هاوسەنگییە داراییەكان و فشارێكی زیاتر دەخاتە سەر بژێوی خەڵك لەسەر ئاستی جیهان.
دوای رووداوەكانی رۆژی دووشەممە، لێپرسراوانی ئەمریكا پێشبینی دەكەن ترەمپ لە ماوەی چەند رۆژێكدا رێگە بە دەستپێكردنەوەی هێرش بۆ سەر ئێران بدات.
بەپێی راپۆرتێكی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەیویست خۆی لە شەڕ بەدوور بگرێت و لەوە زیاتر لە جەنگ تێوەنەگلێت، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی دوێنێ لێپرسراوانی ئەمریكا فشاری زیاتریان خستووەتەسەر بۆ ئەوەی فەرمان بكات بە دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر ئێران.
هەروەها لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان كە پشتیوانی دەستوەردانی ئەمریكای لە ئێران كردووە وتویەتی، ئێران بە تەواوی ئاگربەستی پێشێل كردووە و كردەوەكانی نیشانی دەدەن كە وڵاتێك نییە لەگەڵ دیپلۆماسیەتدا بێت، بۆیە پێویستە ترەمپ بە هێرشێكی گەورە و بەهێز و بەئازار، بەڵام كورتخایەن وەڵام بداتەوە.
خودی ترەمپ لە دوایین لێدوانیدا وتویەتی، لەگەڵ جەنگدا نییە بۆ سەر ئێران، بەڵام ناهێڵێت ببنە خاوەن چەكی ئەتۆمی، دەشڵێت ئێران كەشتیگەلی دەریایی و مووشەك و سەركردەشی نەماوە.
وەزارەتی گواستنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کارکردنی زیاتر لە 20 هەزار شۆفێری بارهەڵگری راگرت بەهۆی شارەزانەبوونیان لە زمانی ئینگلیزیدا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێک بۆ رێکخستنەوەی کەرتی گواستنەوەی کاڵاکان و سنووردارکردنی دامەزراندنی کۆچبەرانی نایاسایی لەو کەرتەدا.
شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆری "ئێکس" ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی نزیکەی 28 هەزار مۆڵەتی شۆفێریی کە بە شێوەی نایاسایی دەرکرابوون هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها جەختی کردەوە کە رێکارەکان لەمە زیاتریش دەڕۆن.
ئەم بڕیارانە پشت دەبەستن بەو رێسایانەی کە لە کۆتایی ئابی 2025دا راگەیەندران، کە شۆفێران پابەند دەکات بە هەبوونی ئاستێکی باشی زمانی ئینگلیزی تاوەکو بتوانن لەگەڵ کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا پەیوەندی بکەن و ناوەڕۆکی بارەکانیان لە خاڵەکانی پشکنیندا ئاشکرا بکەن.
ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدایە بۆ توندکردنی چاودێریی سەر بازاڕی کار لەو کەرتانەی کە هێزی کارێکی زۆریان تێدایە، لە پێش هەمووشیانەوە کەرتی گواستنەوەی وشکانی کە بە دەمارێکی سەرەکیی ئابووری ئەمریکا دادەنرێت.
لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەڵمەتێکی بێپێشینەی دژی کۆچبەران دەستپێکردووە، کە تەنانەت ئەو کەسانەشی گرتووەتەوە کە چەندین دەیەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەژین. لە سڕکردنی بەرنامەکانی پەنابەری و هەڵوەشاندنەوەی مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامە لە ڕێگەی لەدایکبوونەوە، تاوەکو دیپۆرتکردنەوەی زۆرتر لە ٢.٥ ملیۆن کۆچبەر تەنها لە ساڵی یەکەمدا.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کە کاتی راگەیاندنی پلانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی 5000 سەرباز لە ئەڵمانیا، جێگەی سەرسوڕمان بوو.
کالاس لە کاتی گەیشتنی بۆ لووتکەی کۆمەڵگەی سیاسی ئەوروپا لە ئەرمینیا، وتی: کاتی ئەم راگەیاندنە کتوپڕە.. پێموایە ئەمە دەری دەخات کە پێویستە پایەی ئەوروپی لەناو هاوپەیمانی ناتۆدا بەهێزتر بکرێت و پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە: بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا نییە، بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش دەگرێتەوە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە مارک روتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاندبوو کە وڵاتانی ئەوروپا پەیامێکیان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە و ئێستا کار دەکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان.
روتە لە پەراوێزی لووتکەی ئەرمینیا بە رۆژنامەنووسانی وت: هەندێک ناڕەزایەتی لە لایەنی ئەمریکاوە هەبوو، بەڵام ئەوروپییەکان گوێیان گرت.
شایەنی باسە، پێشتر ترەمپ هەندێک لە وڵاتانی ناتۆی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە کەمتەرخەمن لە پشتگیریکردنی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران، هەروەها رەخنەی لێگرتبوون کە بەشداری ناکەن لە دابینکردنی ئاسایشی گەشتیاری دەریایی لە گەرووی هورمز.
سکای نیوز لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر جولەکەکانی بەڕیتانیا لە لەندەنی پایتەختی وڵاتەکە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تییدا باس لە زیادبوونی دژیاتیکردنیان دەکات.
تەلەفیزیۆنی سکای نیوزی بەڕیتانی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بەکورتیی شیکاریی بۆ هێرشەکەی چوارشەممەی رابردوو دەکات بۆسەر دوو پیاوی جولەکە کە بە چەقۆ هێرشیانکرابوویەسەر.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، هێرشکەرەکە دوای کەمێک لە ئەنجامدانی تاوانەکەی دەستگیرکرا و دواتر مارک رۆوڵی، بەڕێوەبەری پۆلیسی لەندەنیش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمز رایگەیاند، تاوانبار کێشەی دەرونیی هەیە و ئەم هێرشانەش بوونەتە دیاردە.
مارک رۆوڵی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بە چەمکێکی دەرونشیکاریی 'ژاک لاکان' گەورە دەرونشیکاری فەرەنسیی سەدەی 20 کرد و وتی، تەواوی گروپە رەگەزپەرست و تیرۆرستییەکان لیستێکیان هەیە کە پڕە لەو کەسانەی رقیان لێیانە، چونکە لە دەرونی خۆیاندا بەردەوام 'کەسێکی دیکە' دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی لۆمەی بکەن بۆ ئەو نەهامەتییانەی لە ژیانیاندا بەسەریاندا دێت.
سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، ئەگەری زۆرە پێشنیازە نوێیەكەی ئێران رەتبكاتەوە و جەنگ دەستپێبكاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند، بە گومانە ئەو پێشنیازە نوێیەی ئێران قبووڵ بكرێت، چونكە ئێرانییەكان هێشتا باجی ئەو تاوانانەیان نەداوە كە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و جیهان كردوویانە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەر بێتو ئێران هەڵە بكات ئەوە هێرشی سەربازی نوێ بۆ سەر ئێران دەستپێدەكاتەوە ئەوەی ماویشە لە ناوی دەبەن.
ئەم قسانەی ترەمپ لەدوای ئەوەدێت كە میدیاكانی ئێران بڵاویانردەوە، تاران پێشنیارێكی 14 خاڵی پێشكەشی پاكستا كردووە، كە تێیدا داوای كۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەكان و دانانی سیستمێكی نوێ بۆ گەروی هورمز دەكات.
بەهۆی چەند چالاکییەکی سەربازی لەسەر سنورەکان، هێزەکانی ئۆکراین لەسەر سنووری بیلاڕوس خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند؛ هێزەکانیان لەسەر سنوری نێوان ئۆکراین و بیلاڕوس چەند "جووڵەیەکی نائاساییان" لە لایەن وڵاتی بیلاڕووسەوە تۆمار کردووە.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەکرد: "دوێنێ چالاکییەکی نائاساییان لەسەر سنورەکانیان لەگەڵ بیلاڕوس بەدیکرد، کە لە لایەن بیلاڕوسەکانەوە ئەنجام دەدرا."
سەرۆکی ئۆکراین جەختیشی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی بە وردی چاودێری هەموو وردەکارییەکان دەکات و وتی: "بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە، هەموو جووڵەیەک دەبینن و لە کاتی پێویستدا وەڵامێکی گونجاویان دەبێت."
تا ئێستا سەرۆکی ئۆکراینا هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر جۆری چالاکییەکان و قەبارەی هێزەکان ئاشکرا نەکردووە، هاوکات فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و پاسەوانی سنوری ئۆکراینیش هیچ لێدوانێکی رەسمیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
ئەمساڵ رەوشی رۆژنامەگەریی لە جیهاندا بەراورد بە 25 ساڵی رابردوو لە نزمترین ئاستدایە و عیراقیش حەوت پلە پاشەكشەی كردووە.
رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور راپۆرتێكی لەبارەی رەوشی رۆژنامەگەریی لە جیهاندا بڵاوكردووەتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی رۆژنامەگەریی لە 180 وڵات كردووە، بە پێی راپۆرتەكەش لە زیاتر لە 70%ی وڵاتانی جیهاندا، كاری رۆژنامەوانی بەتەواوی قورس بووە و رۆژنامەنووسان روبەڕووی فشار و هەڕەشە دەبنەوە و زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهانیش لە ئاستی دژوار یان زۆر مەترسیدارن بۆ ئازادیی رۆژنامەگەریی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەموو ئەو وڵاتانەی هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە، لە 25 ساڵی رابردوودا هێندەی ئێستا رەوشی رۆژنامەگەریی تیایاندا بەو ئاستە نزم نەبووە.
بەپێی راپۆرتەكەی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، عیراق ئەمساڵ لە پلەی 162میندایە كە بەراورد بە ساڵی رابردوو حەوت پلە پاشەكشەی كردووە، ئێرانیش گەیشتووەتە پلەی 177، توركیا 163 و سوریا لە پلەی 141 دایە، 10 وڵاتیش وەك خراپترین وڵات بۆ ئازادی رۆژنامەوانی پۆلینكراون.
بەهۆی جیاوازی زۆر لە مەرجەکان و هەبوونی دووبەرەکی لە ناوخۆی تاران، هەوڵە نوێیەکانی ئێران بۆ ئاشتی لە لایەن واشنتۆنەوە رەتکرانەوە، ترەمپیش دەڵێت؛ ئێران دەیەوێت رێككەوتن بكات، بەڵام من بەدڵم نییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ململانێکانی لەگەڵ تاران رایگەیاند؛ بە دوایین پێشنیازی ئێران بۆ ئاشتی رازی نەبووە و تاران داوای کۆمەڵێک شت دەکات کە واشنتۆن ناتوانێت قبوڵیان بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات، بەڵام ئەو بەو پێشنیازە دڵخۆش نییە و وتی: "ئێرانییەکان لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیک نین"، هەروەها ئاماژەی بە بوونی دووبەرەکی لە ناو سەرکردایەتی ئێران کرد و وتی، بەهۆی ئەو دابەشبوونەی لە تاران هەیە هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکاندا بەدی ناکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "یان ئێرانییەکان لەناودەبەین یان دەبێت لەگەڵمان رێکبکەون، ئەوان ئەوەی دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە بەدەستی ناهێنن". جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پاکستان وەک نێوندگیر بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی ترەمپ، ترەمپ نیگەرانی خۆی بەرانبەر هەڵوێستی ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەربڕی و هەڕەشەی بەرزکردنەوەی باجی سەر ئۆتۆمبێلی یەکێتی ئەوروپای کرد بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێککەوتنەکان. سەبارەت بە عیراقیش، پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق دووپاتکردەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ هیوای خواست بە کۆتاییهاتنی شەڕ جارێکی تر نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا دابەزێت، وتیشی، کە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین "بێ وێنە" دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە بەشداری لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا دەکات.
واشنتۆن گرێبەستێكی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پوچەڵكردنەوەی مینەكانی ئێران لە گەروی هورمز ئیمزا دەكات.
هێزی دەریایی ئەمریكا هەنگاوێكی نوێ بۆ روبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ئێران لە گەروی هورمز دەنێت و پەنا بۆ تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكرد دەبات، لەو چوارچێوەیەدا گرێبەستێكی بە بەهای نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای ئەمریكی دۆمینۆ داتا لاب ئیمزا كردووە، بە مەبەستی پەرەپێدانی سیستمێكی پێشكەوتوو بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی مینە چێندراوەكانی ئێران لە گەروی هورمز.
ئەم تەكنەلۆژیا نوێیە توانایەكی بێپێشینە دەداتە هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا تاوەكو بە خێراییەكی زۆر و ورد، شوێن و جۆری ئەو مینانە دیاری بكەن كە لە كەنداو جێگیر كراون.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردبوو پڕۆسەی پاككردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە چێندراوەكانی ئێران كارێكی ئاڵۆزە و رەنگە چەندین مانگ بخایەنێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بە پشتبەستن بە زیرەكیی دەستكرد، ئەو ماوەیە زۆر كەم بكرێتەوە و سەلامەتیی هێڵە بازرگانییەكان زیاتر پارێزراو بێت.
ئەندامانی کۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوایان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە روونی بکاتەوە کە چۆن لێکدانەوە بۆ مۆڵەتی60 رۆژەی یاسای "دەسەڵاتەکانی جەنگ" دەکات لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییەکانیدا دژ بە ئێران.
گرنگی ئەم داواکارییە لەوەدایە کە وادەی کۆتایی 60 رۆژەکە نزیک دەبێتەوە، ئەمەش سەرۆک ناچار دەکات یان مۆڵەت لە کۆنگرێس وەربگرێت یان کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت، بەتایبەت کە یەکەم هێرشەکان دژ بە ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو دەستیان پێکرد.
پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری، لە کاتی شایەتیدانی لەبەردەم لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیران، دیدگایەکی جیاوازی خستە روو، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت کاتژمێرەکە بوەستێت یان بە شێوەیەکی کاتی رابگیرێت لە ماوەی راگەیاندنی ئاگربەستدا.
لەو چوارچێوەیەدا، وادیارە کۆمارییەکان، تەنانەت ئەوانەشی دوودڵ بوون لە پشتگیریکردنی بڕیاری دەسەڵاتەکانی جەنگ، کراوە بوون بەرامبەر لێکدانەوەکەی هیگسێت.
سیناتۆر تۆد یۆنگ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پێدەچێت جۆرێک لە نەرمی بۆ خۆی دابین کردبێت، ئێمەش چاوەڕێی هەر شتێک دەکەین کە بۆمانی بنێرن.
لای خۆشیەوە، سیناتۆر جۆش هاوڵی وتی: پێشبینی دەکەم ئیدارەکە ئاگادارییەکی رەسمیمان بۆ بنێرێت کە تێیدا هەڵوێستی خۆی بەپێی یاساکە دیاری بکات، یان بە داواکردنی 30 رۆژی زیادە، یان روونکردنەوەی پێویستییان بە کاتی زیاتر بەهۆی هۆکارێکی دیاریکراوەوە.
لە بەرامبەردا، دیموکراتەکان بە توندی بەڵگەکانی هیگسێتیان رەتکردەوە، سیناتۆر تیم کەین روونی کردەوە کە "ئاگربەست واتە نەکەوتنی بۆمب، بەڵام بەواتای نەمانی کردەوەی دوژمنکارانە نایەت.
ئەگەر سوپای ئەمریکا بەکاربهێنین بۆ گەمارۆدانی هەموو ئەو شتانەی دەچنە ناو ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە، ئەوا ئەمە هێشتا بە دوژمنکاری هەژمار دەکرێت، کەین جەختی کردەوە کە ئەم وەڵامەی وەزیر دەری دەخات ئەوان دەزانن کێشەی 60 رۆژەکەیان هەیە و هەوڵ دەدەن پاساوێک بدۆزنەوە بۆ خۆدزینەوە لێی.
ئەم مشتومڕەی ئێستا سەبارەت بە مۆڵەتی 60 رۆژ لەگەڵ ئێران، ململانێیەکی هاوشێوەی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپی لە کاتی جەنگی لیبیا لە ساڵی ٢٠١١دا دەهێنێتەوە یاد. لەو کاتەدا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باسی لەوە دەکرد کە بەشداریکردنی ئەمریکا – کە پێدانی زانیاری هەواڵگری و سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی دەگرتەوە – نەگەیشتووەتە ئاستی "کردەوەی دوژمنکارانە" بەپێی یاساکە.