پوتن داوای چەسپاندنی زمان و ناسنامەی روسی دەکات لەناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین
بڵند
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەڵگەنامەیەک کە ئیمزای فلادمیر پوتنی لەسەرە بڵاوکراوەتەوە و داوای "چەسپاندنی زمان و ناسنامەی روسی" دەکات لە بەشێک لە ئۆکراین، کە مۆسکۆ لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوانیان داگیری کردوە و لە ئێشتادا لکانونی بە خاکی وڵاتەکەیەوە، بە گویرەی بەڵگەنامەکە پوتن داوادەکات رێوشوێنی پێویست جێبەجێبکرێت تا 2036 لەسەدا 95ی دانیشتوانی ئۆکراین روسی بن.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا بەڵگەنامەیەکی ئیمزاکردوە و فەرمانی بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردووە زمان و ناسنامەی رووسی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین بەهێزتر بکەن و بەرەوپێشی ببەن.
ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاویکردەوەتەوە بەڵگەنامەکە بەناونیشانی "ستراتیژی سیاسەتی نیشتمانی رووسیا تا ساڵی 2036" لە شێوەی فەرمانی سەرۆکایەتیدا بڵاوکراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەڵگەنامەکە داوای رێوشوێنی پێویست دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی تا ساڵی 2036 نزیکەی لەسەدا 95ی دانیشتوانی وڵاتەکە خۆیان وەک روسی بناسێنن.
ئەم هەنگاوەی روسیا لە کاتێکدایە، پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین، تەنانەت پێش سەردەمی سۆڤیەت، بە شێوەیەکی نەریتی وایکرد بوو، هەندێک لە ئۆکراینییەکان لایەنگری زمانی روسی بن و زۆربەیان بە هەردوو زمانەکە قسە دەکەن، بەڵام لەدوای لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، ئەم جۆرە پەسەندکردنانە کەمبوونەتەوە و راپرسییەکان دەریدەخەن، کە بەکارهێنانی زمانی روسی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
هەرچەندە مۆسکۆ کۆنتڕۆڵی سەربازی تەواوی بەسەریاندا نییە، بەڵام لە ئێستادا ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا لەلایەن روسیاوە لکێنراون بە خاکەکەیەوە و لە ئۆکراین دابڕێندراون.



