کۆمەڵێک لە فەرماندە سەربازییەکانی غینیا بیساو، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی وڵاتیان راگەیاند و هەریەکە لە سەرۆک کۆمار و سوپاسالاریان دەستگیرکرد، هەروەها سنورەکانیان داخست و پرۆسەی هەڵبژاردنیان هەڵپەسارد.

عومەر سیسۆکۆ ئیمبالۆ، سەرۆکی ماوەبەسەرچووی غینیا بیساو بۆ گۆڤاری "جون ئەفریق"ی پشتڕاستکردەوە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەم، لە کاتێکدا لە نووسینگەکەی خۆی بووە لە کۆشکی سەرۆکایەتی، دەستگیرکراوە.

هاوکات لەگەڵ سەرۆکدا، هەریەکە لە ژەنەڕاڵ بیاجی نا نتان، سوپاسالار و مامادۆ تورێ، جێگری سوپاسالار و بۆچی کاندی، وەزیری ناوخۆش دەستگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکان، کودەتاچییەکان لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاندووە تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست و کارکردنیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن راگرتووە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەنگی تەقە لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بیستراوە و هێزێکی زۆر لە شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە بڕیاربوو سبەی پێنجشەممە ئەنجامی رەسمیی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنرێت، کە تێیدا هەریەکە لە عومەر سیسۆکۆ و فێرناندۆ دیاس-ی رکابەری، سەرکەوتنی خۆیان راگەیاندبوو. جێی ئاماژەیە غینیا بیساو مێژوویەکی پڕ لە ئاڵۆزیی هەیە و لە دوای سەربەخۆییەوە 4 کودەتا و چەندین هەوڵی شکستخواردوی بەخۆیەوە بینیوە.

غینیا بیساو دەکەوێتە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا و لە رۆژئاواوە دەڕوانێتە سەر زەریای ئەتڵەسی. ئەم وڵاتە لە باکورەوە هاوسنورە لەگەڵ سەنیگال و لە باشور و رۆژهەڵاتیشەوە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی غینیا.

سەبارەت بە روبەرەکەی، غینیا بیساو بە وڵاتێکی بچوک دادەنرێت و روبەری گشتییەکەی 36 هەزار و 125 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە بەشێکی زۆری لە دورگەکان پێکهاتووە و دیارترینیان دورگەکانی "بیژاگۆس"ـە. پایتەختی وڵاتەکەش شاری بیساو-ە.