سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک بۆ ئۆکراین بکرێت دەبێت ئاشتییەکی دادپەروەرانەی لێبکەوێتەوە و گۆڕینی سنور بە زەبری هێز رەتدەکەنەوە، هاوکات مۆسکۆ ئاشکرایکرد نوسخەی نوێی پلانی ئاشتیی ئەمریکایان بەدەستگەیشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دانیشتنێکی ئەوروپی لە ستراسبۆرگ، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوروپا بە هیچ شێوەیەک قبوڵی نییە سنورەکانی ئۆکراین بە زەبری هێز دەستکاری بکرێن.

ڤۆن دێر لاین وتیشی: "دیاریکردنی ژمارەی هێزەکانی ئۆکراین و سنوردارکردنیان (کە لە پلانە پێشنیارکراوەکاندا هەیە)، وادەکات ئەو وڵاتە لە داهاتوودا روبەڕوی مەترسی هێرشکردنە سەر ببێتەوە، ئەمەش لای ئەوروپییەکان قبوڵکراو نییە." جەختیشی کردەوە لەوەی هەر رێککەوتنێک دەبێت گرەنتیی ئەمنیی راستەقینە بۆ ئۆکراین و ئەوروپاش لەخۆبگرێت و پشتیوانیی تەواوی یەکێتییەکەشی بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراین دوپاتکردەوە.

جوڵە دیپلۆماسییەکانی روسیا و ئەمریکا:

لەلایەکی دیکەوە، یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ڤلادیمێر پوتن رایگەیاند، مۆسکۆ نوێترین نوسخەی پلانی ئاشتیی ئەمریکای بەدەستگەیشتووە و "هەندێک لە بەندەکانی پلانەکە پێویستی بە شیکردنەوەی ورد و جدی هەیە".

ئوشاکۆڤ ئاشکرایکرد، دوێنێ لە ئەبوزەبی، نێردەی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی ئۆکراین و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەگەڵ نوێنەری روسیا کۆبوەتەوە، هەروەها نوێنەرانی هەواڵگریی روسیا و ئۆکراین پرسە هەستیارەکانی وەک "دیلەکان"یان تاوتوێ کردووە. بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا سەردانی مۆسکۆ بکات.


پێشتر کۆپی یەکەمی پلانە ئەمریکییەکە پێشنیاری دەستبەرداربوونی کیێڤ لە نیمچە دورگەی قرم و ناوچەی دۆنباس، چەکداماڵینی خێرسۆن و زاپۆریژیا، دەستبەرداربوون لە ئەندامێتی ناتۆ و کەمکردنەوەی ژمارەی سوپای ئۆکراینی دەکرد، هەروەها نابێت هیچ هێزێکی بیانی لەسەر خاکی ئۆکراین بن، کە ئەمانە داواکاریی روسیا بوون. ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندووە گۆڕانکاریی باش لە پلانەکەدا کراوە، بەڵام هێشتا پرسە هەستیارەکان ماون گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.