سەرۆکی روسیا دەڵێت: لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆکراین سەرکەوتوو دەبن و شەڕێکی دادپەروەرانە دەکەن.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئۆکراین سەرکەوتوو دەبن و بەردەوام دەبن لە بەرگری کردن لە نیشتمانەکەیان و یەکێتی چارەنووسی مێژووییان دەپارێزن.
وتیشی، فەرماندە و سەربازەکانیان بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ سەر ئۆکراین، دەشڵێت، ئەوان شەڕ دەکەن و سەردەکەون.
لەبەرانبەردا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندووە، وڵاتەکەی زیاتر لە سەدان کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا لە میانەی هێرشە پێچەوانەکانی ئەم دواییەدا کۆنترۆڵ کردووەتەوە، بەڵام هێزەکانیان لە بەرەکانی دیکەدا رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە.
لە سەرەتای مانگی ئابدا، هێزەکانی روسیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێڵەکانی پێشەوەی رۆژهەڵاتی دۆبرۆبیلیایان شکاند و نزیکەی 20 کیلۆمەتر پێشڕەوییان کرد، بەڵام دوای ناردنی هێزە یەدەگە ئۆکرانییەکان، بەشێک لە هێزەکانی روسیا پاشەکشەیان پێکرا.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: هێزی ئەتۆمی خۆمان بەهێزتر کردووە و هیوادارین ناچار نەبین بەکاری بهێنین.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەی نائاسایی فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، سوپای ئەمریكا لە هەموو كاتێك بەهێزتر دەبێت و ئێمە لە ژێردەریاییەكاندا 25 ساڵ لە پێش روسیا و چینەوەین.
وتیشی، ئەمریكا باڵادەستی بەسەر بۆشایی ئاسمان و پەیوەندییەكاندا هەیە.
ترەمپ راشیگەیاند، كۆتاییهێنان بە هەشت شەڕ شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئەمریكا، هەروەها من شایەنی خەڵاتی نۆبڵم چونکە لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەو شەڕانەم راگرتووە، دەشڵێت، ئەگەر ئەو خەڵاتەم پێنەدرێت ئیهانەیەکی گەورەیە بە ئەمریکا.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، پێشوازی لە پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کرد بۆ ئاشتی، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە جەنگەکەی غەززە کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە. ڤۆن دێر لاین جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە رێگای گونجاوە بۆ ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی.
چارەسەری دوو دەوڵەتی و پێشنیازی ترامپ:
ڤۆن دێر لاین لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: "چارەسەری دوو دەوڵەتی هێشتا تاکە رێگای کارایە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو لایەنەکان هان دەدات بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە"، و وتیشی، کە یەکێتی ئەوروپا بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەم پڕۆسەیەدا.
کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان و هاوکاریی مرۆیی:
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا داوای کرد: "پێویستە کردەوە سەربازییەکان کۆتاییان پێ بێت لەگەڵ پێشکەشکردنی یارمەتیی مرۆیی دەستبەجێ بۆ دانیشتووانی غەززە، و ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو بارمتەکان."
پێشتر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئێوارەی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندبوو کە ناتانیاهۆ رەزامەندیی لەسەر پلانێکی ئاشتی دەربڕیوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان.
ورەدەکاریی پلانی ترەمپ:
کۆشکی سپی بەندەکانی ئەم پلانەی بڵاوکردەوە کە لە 20 بەند پێکدێت، دیارترینیان ئەوەیە کە "کەرتی فەلەستینی چەکداماڵراو بێت، و لەلایەن لیژنەیەکی ئیدارییەوە بەڕێوەببرێت کە لە کەسایەتییەکانی فەلەستینیی تەکنۆکرات، لەگەڵ پسپۆڕانی نێودەوڵەتی پێکدێت، بەبێ هیچ رۆڵێک بۆ بزوتنەوەی حەماس."
هەروەها ئەم لیژنەیە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی دەستەیەکی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی نوێدا دەبێت کە ناوی "لیژنەی ئاشتی"یە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ ئەندامانی دیکە و سەرۆکی وڵاتان کە دواتر رادەگەیەنرێن، لەنێویاندا تونی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا. ئەم دەستەیە چوارچێوەکە دادەنێت و سپۆنسەری دارایی بنیاتنانەوەی غەززە دەکات تا دەسەڵاتی فەلەستینی پڕۆگرامی چاکسازیی خۆی تەواو دەکات، وەک لە پێشنیازە جیاوازەکاندا رون کراوەتەوە، لەوانەش پلانی ئاشتیی ترامپ بۆ ساڵی 2020 و پێشنیازی سعوودی-فەڕەنسی، و تا بتوانێت بە شێوەیەکی ئارام و کارا کۆنترۆڵی غەززە بکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر دەستکەوتەکانی سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی کردەوە بۆ ئیسرائیل، هەروەها سیاسەتەکانی لەبارەی ئێران و غەززەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە من باشتر نەبووە بۆ ئیسرائیل.
سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا: کە "توانای ئێرانمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەناوبرد" ئەمە لە کاتێکدایە کە پرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا یەکێکە لە گرنگترین کێشە نێودەوڵەتییەکان.
هاوکات لەبارەی بەرزاییەکانی جۆلان و قودس، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، "دانم بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا نا و بودجەی رێکخراوی ئۆنروا، کەمکردەوە.
وتیشی: "سەرکردەکانی جیهان پاڕانەوە لێم کە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل نەناسێنم، بەڵام سەرەڕای ئەوەش من دانم پێدا نا".
سەبارەت بە جەنگی غەززە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: هەمووان دەیانەوێت جەنگەکە لە غەززە کۆتایی بێت و بارمتەکان بگەڕێنرێنەوە و ئاشتی بەدی بێت".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانی چارەسەرکردنی دۆخی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت، دەبێت لەماوەی 72 سەعاتی داهاتوودا حەماس پلانەكەی ئەمریكا بۆ راگرتنی شەر لە غەززە پەسەند بكات، ئەگەر نا ئیسرائیل دەستكراوە دەبێت لە هەر كارێك كە بیكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییان لە كۆشكی سپی ئەنجامدا كە تێیدا ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ناتانیاهۆ گەیشتونەتە رێككەوتن لەبارەی ئێران و فراوانكردنی رێككەوتننامەی ئیبراهیمی.
هەروەها سوپاسی ناتانیاهۆشی كرد لە بەرانبەر رازیبوونی بە پلانەكە كە بەوتەی خۆی دەبێتە هۆی كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەكە.
جەختیشی لەوە كردەوە، دەبێت لەماوەی 72 سەعاتدا حەماس بارمتەكان ئازاد بكات و پلانەكە پەسەند بكات، ئەگەر نا ئیسرائیل دەستكراوە دەبێت لە هەر كارێك كە بیكات.
ترەمپ باسیی لەوەشكرد، وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان بەڵێنی چەكداماڵینیان لە غەززە داوە و لەسەر داوای ئیسرائیل و ولاتانی عەرەبیش دەستەیەكی چاودێری نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دادەمەزرێنرێت و حكومەتی نوێ پێكدێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، گەشبینیی قووڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بەڵام لە بەرامبەردا، ناتانیاهۆ وەڵامی پرسیارێکی هاوشێوەی نەدایەوە.
بەپێی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی و ئاژانسی فرانس پرێس، کاتێک ترەمپ لەبەردەم دەرگای کۆشکی سپی پێشوازیی لە ناتانیاهۆ دەکرد، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بەوەی ئایا رێککەوتنێک دەکرێت، لەسەرخۆ وتی "بەڵێ" و دووپاتیکردەوە کە "زۆر دڵنیایە" لەمبارەیەوە.
بەڵام بەپێی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، کاتێک هەمان پرسیار ئاراستەی ناتانیاهۆ کرا، ناوبراو وەڵامی نەدایەوە.
پێشتر ترەمپ لەسەر تۆڕی "تروس سۆشیاڵ"ی خۆی نووسیبووی: "فرسەتێکی راستەقینەمان لەبەردەستە بۆ بەدەستهێنانی شتێکی مەزن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست... هەمووان ئامادەن بۆ شتێکی سەرنجڕاکێش، ئەمە پێشینەی نەبووە. ئێمە بەدەستی دەهێنین."
هەروەها، کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە سەرۆک دەیەوێت "جەنگ کۆتایی پێبێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن" و چاوەڕێ دەکات "هەردوو لا" پلانە نوێیەکەی واشنتن قبوڵ بکەن.
ئەمە چوارەمین سەردانی ناتانیاهۆ بۆ کۆشکی سپی لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات، و بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجام بدەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەسەر پێشنیازی كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، وەڵامی ئەرێنی وەرگرتووە.
ترەمپ بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی كۆببێتەوە، وەڵامی ئەرێنیشی سەبارەت بە پێشنیازەكەی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە وەرگرتووە و گەشبینە بەوەی ناتانیاهۆ بەو پێشنیازە رازی بكات.
هاوكات، پێگەی ئەكسیۆس لە زاری لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، ئەمریكا و ئیسرائیل زۆر نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتن، ئەوەش دوای دانوستانەكانی نێوان ستیڤ ویتكوف نێردەی تایبەتی ئەمریكا و جارید كوشنەر زاوای ترەمپ، لەگەڵ ناتانیاهۆدا.
هەروەها خودی ناتانیاهۆ رایگەیاند، وڵاتەكەی تاوتوێی دابینكردنی رێڕەوێكی ئارام دەكات بۆ دەرچوونی سەركردەكانی حەماس لە كەرتی غەززە، بەڵام بەپێی ئەو مەرجانەی دیاریكراون.
دۆناڵد ترەمپ جەختدەکاتەوە دانوستانەکان لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززە لە قۆناغەکانی کۆتاییدان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی راگەیاندووە، دانوستانەکان سەبارەت بە راگرتنی شەڕی غەززە، لە قۆناغەکانی کۆتاییدان و رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگا بۆ ئاشتییەکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا.
دەشڵێت، ئەگەر لە پلانە پێشنیازکراوەکەی غەززەدا سەرکەوتوو بین، ئەوا شتێکی گەورە دەبێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ راشیگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە پلانەکەم رازی بووە بۆ کۆتاییهینان بە شەڕی غەززە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: هەلێکی گونجاومان لەبەردەستدایە بۆ گەیشتن بە دەستکەوتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دڵنییان سەرکەوتووش دەبین.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس لە پۆستێکدا نوسیویەتی، هەلێکی راستەقینەمان لەبەردەستدایە بۆ گەیشن بە دەستکەوتێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هەمووان ئامادەکاری بۆ روداوێکی ناوازە دەکەن .
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گەیشتن بەم کارەدا سەرکەوتوو دەبین و دەستکەوتێکی گەورە بەدەستدەهێنین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرۆکی ئەمریکا، سبەینێ دووشەممە، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە، لە کاتێکدا کە باس لە نوێترین پلانی ئەمریکا دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، دوای چەندین هەفتە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
لە هیندستان بەهۆی قەرەباڵغی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ، لانیكەم 39 كەس گیانیان لەدەستدا و دەیان كەسی تریش برینداربوون.
لە ویلایەتی تامیل نادو لە هیندستان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەكتەرێكی ناودار كە بەم دواییانە بەشداری كاری سیاسەتی كردووە، بە هۆی قەرەباڵغی و رێژەی زۆری هەوادارانی ئەو ئەكتەرە پشێوی دروستبووە و لە ئەنجامدا 39 كەس گیانیان لە دەستداوە و 51 كەسیش بریندار بوون.
حكومەتی ئەو ناوچەیەش دڵنیایدا،كە خێزانی قوربانییەكان هەریەكەیان نزیكەی 11هەزار دۆلار وەك قەرەبوو وەردەگرن.
هەروەها دەسەڵاتداران لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەتیان پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی پشت ئەو رووداوە و پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنە سەلامەتییەكان لە بۆنە سیاسییەكان.
لە هێرشێكی بەرفراوانی روسیا بۆ سەر كیێڤی پایتەختی ئۆكراین لانیكەم چوار كەس كوژراون و 27 كەسی دیكەش برینداربوون.
وەزیری دەرەوەی ئۆكراین رایگەیاند، روسیا لە دواین هێرشیدا سەدان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی ئاراستەی ئەو وڵاتە كردووە و لە ئەنجامدا چوار كەس كوژراون و 27 كەسی دیكەش برینداربوون و زیانی بە سییستمی كارەبایی ئەو ناوچەیە گەیاندووە .
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینیش رایگەیاند، ئامانجی روسیا تەنها تیرۆركردنی ئۆكراینییەكان نییە بەڵكو تاقیكردنەوەی سیستمی بەرگری ئەوروپایە، ئاماژەی بەوەشكرد مۆسكۆ دەتوانێت هەڕەشەكانی بۆ سەر وڵاتانی ناتۆ فراوانتر بكات.
بەهۆی روداوێکی تەقەکردنەوە لە شارێکی سەربە ویلایەتی کارۆلاینای ئەمریکا ژمارەیەک کەس کوژران نزیکەی 10 کەسیش برینداربوون.
لێپرسراوانی شاری ساوسپۆرتی ویلایەتی کارۆلاینا رایگەیاند، کەسێک لە ناو بەلەمێکەوە تەقەی لە رێستۆرانتێکی کەنارە ئاویەکانی شارەکە کردوە و بەهۆیەوە 3 کەس کوژراون و 8ی دیکەش برینداربوون.
پۆلیسی دورگەی ئۆکی نزیک شاری ساوسپۆرت ئاماژەی بەوەکردوە، تیمێکی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا کەسێکیان دەستگیرکردووە کە هاوتای وەسفی تەقەکەرەکە بووە، دوای ئەوەی بینیویانە کە بەلەمێکیان راگرتووە لە رێڕەوێکی ئاوی لە نزیک شارەکەدا.
سزاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران چونەوە بواری جێبەجێكردنەوە، ترویكای ئەوروپاش هۆشداری دەدات لە هەر كاردانەوەیەكی تاران، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش دەڵێت، ئێران پێویستە بەدانوستانی راستەخۆ لەگەڵ ئەمریكا رازبێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش شكستهێنا لە درێژكردنەوەی وادەی نەگەرانەوەی سزاكانی سەر ئێران، ترۆیكای ئەوروپی (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، بەهۆی پابەندنەبونی ئێران بە یاساو پرێنسیپەكانەوە، لە ئەمڕۆوە سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی سەر ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە رێگەی میكانیزمێكەوە كە بە "سناپباك" ناسراوە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش دوای دە ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، ترۆیكا بەردەوام دەبن لە كاركردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی دیپلۆماسی كە دڵنیابێت لەوەی ئێران چەكی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها هۆشداریشیاندا لە هەر كاردانەوەیەكی تاران لەدوای گەڕانەوەی ئەو سزایانە.
ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لەدوای گەرانەوەی سزاكان، داوای لە ئێران كرد كە ڕازی بێت لەسەر دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا، هەروەها داواشی لە هەموو وڵاتان كرد ئەو سزایانە جێبەجێ بكەن كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراونەتەوە
روسیا، ئەوروپا بە بێدەنگبوون لە ئاست تاوانكاریەكانی ئۆكراین تۆمەتباردەكات و جەختیشدەكاتەوە لەوەی بەمەرجی پاراستنی ئاساییش و گەرەنتیكردنی بەرژەوەندیەكانی وڵاتەكەی ئامادەیە دانوستان لەگەڵ ئۆكراین بكات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، لەمیانی وتارێكیدا لە كۆبوونەوەی گشتی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر روسیا بە وەڵامێكی یەكلاكەرەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە، پێوسیتیشە ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا گومان لەو بابەتە نەكەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێدەچێت ئۆكراین و ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی پاڵپشتی دارایی لە كیێڤ دەكەن لە قورسایی رەوشەكە تێگەیشتبن بۆیە ئامادە نین دانوستانێكی راستگۆیانە بكەن.
ئاشكراشیكرد، روسیا تەنها لەسەر بنەمای پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیەكانی و گەڕاندنەوەی ئەو خاكانەی خەڵك بە روسی قسەیان لەسەر دەكات و لەئێستادا لەژێر كۆنتڕۆڵی كیێڤدان، ئامادەیە تاووتوێی گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆكراین بكات.
ئەوەشی خستەڕوو، لە سایەی گفتوگۆكانی روسیا و ئەمریكا لە ئێستادا هیوایەك پەیدا بووە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەكی واقیعی بۆ چارەسەری كۆتایی قەیرانی ئۆكراین.
لەدرێژەی وتارەكەشیدا لاڤرۆڤ ئەوروپای تۆمەتباركرد بەوەی رێگەی بە ئۆكراین داوە پێشێلكاریی گەورە ئەنجام بدات و لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئۆكراین بەبەرچاوی ئەوروپاوە هێرشی تیرۆریستی و لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگا و بۆردومانی خەڵكی مەدەنی و هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداران و تەنانەت بەئامانجگرتنی وێستگەكانی وزەی ئەتۆمیشی ئەنجامداوە.
سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت: ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە دانوستانەکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ دوور نییە رووبدات، بەڵام لە ئێستادا ئەو بابەتە لە ئارادا نییە.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆچوونی هاوبەشیان هەیە لەسەر ئەوەی چیبکرێت بۆ وەڵامدانەوەی جوڵەکانی روسیا، دەشڵێت، وەفدێکی حکومەتی ئۆکراین لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلول یان تشرینی یەکەم سەردانی ئەمریکا دەکات، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ سەبارەت بە ئابوری و هاوکاری سەربازی.
وتیشی، ئۆکراین سیستمی بەرگری ئاسمانی جۆری "پاتریۆت"ـی لە ئیسرائیلەوە وەرگرتووە و لە وڵاتەکەی جێگیر کراوە، ئاماژەی بەوەشدا کیێڤ لە چەند مانگی داهاتوودا دوو سیستمی دیکەی هەمان جۆری پێدەگات.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێت، لەم هەفتەیەدا پشكنینی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەستپێدەكاتەوە و ئێرانیش دەڵێت ئەوەی دەوترێت تەنها خەیاڵێكی بەڕێوەبەری ئاژانسەكەیە.
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، بەپێی رێككەوتن و ئەو هەماهەنگییانەی كراوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا پشكنەرانی ئاژانسەكە بگەڕێنەوە بۆ ئێران بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی پشكنین لە بنكە و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە.
وتیشی، ئەگەر سزا نیودەوڵەتییەكانی سەر ئێران كارا بكرێنەوە، پێویستە دڵنیاییان پێبدرێت كە دەتوانن بەردەوام بن لە كاركردن لەگەڵ ئێران و ئەگەر ئەوەش روبدات پەیوەندی و راوێژ و دانوستانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت لە پێناو گەیشتن بە رێككەوتن.
ئیبراهیم عەزیزی سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند، ناردنی پشنكەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دوورە لە راستییەوە و تەنها خەیاڵێكی گروسییە كە دەیەوێت لە ناو ئێران كار بۆ ئەمریكا بكات و راپۆرتێك بەنهێنی بەرزبكاتەوە لە بارەی زیانەكانی بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران.