موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران لەبارەی کوژرانی عەلی لاریجانی و کوڕەکەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ناهێڵن خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات
موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران لەبارەی کوژرانی عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران و کوڕەکەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رابەری باڵای ئێران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، کوژرانی لاریجانی کردەیەکی تیرۆرستییە و دەرخەری گەورەیی پێگەکەیەتی.
ئەوەشی رونکردەوە، خوێنی لاریجانی و کوڕەکەی هەروا بەفیڕۆ ناڕوات و زوو بێت یان درەنگ تۆڵەی کوژرانی دەکەنەوە.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لە بۆردومانی دوێنێ شەودا ئـیسماعیـل خەتیـبـی وەزیـری هەواڵگـری ئێران کراوەتە ئامانج و دڵنیابونەتەوە لە کوژرانی، ئاماژەی بەوەشکردوە تەواوی بەرپرسە ئێرانییەکان دەکەنە ئامانج.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران بڕیاریانداوە بۆ کوشتنی هەر لێپرسراوێکی ئێران، سوپای وڵاتەکە پێویستیان بە رەزامەندی نەبێت و راستەوخۆ کارەکە ئەنجام بدەن.
ئیسرائیل کاتز جەختیکردوەتەوە، ئەو جەنگی دەتستیان پێکردوە لەگەڵ ئێران و حزبوڵای لوبنان بەردەوامی پیدەدەن و فراوانتری دەکەن.
کاتز ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەلای ئەوانەوە هیچ بەرپرسێکی ئێرانی پاریزبەندی نییە و هەموویان بێ جیاوازی دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانیان.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە گۆڕان و ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و ئۆنسەیەک لە کانزا زەردەکە بە چوار هەزار و 992 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ هاوکات یەک مسقاڵ زێری عەیارە 21 لە بازاڕەکانی هەرێم بە ملیۆنێک و 147هەزار دینارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بازاڕەکانی جیهاندا، یەک ئۆنسە زێڕ بە چوار هەزار و 992 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، دوای بەرزبونەوەکەی لە ئیستادا رۆژ لە دوای رۆژ بەهای کانزا زەردەکە نزمدەبێتەوە.
شارەزایانی بوارەکە هۆکارەکەی بۆ بونی جەنگی ئێران بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل خواستی زۆر لەسەر نەوت دەگێڕنەوە.
لە بازاڕەکانی هەرێمیش بەم شێوەیە مامەڵە بە زێڕەوە دەکرێت؛
زێڕی عەیار 18 به 923 هەزار دینارە
زێڕی عەیار 21 به ملیۆنێک و 147 هەزار دینارە
زێڕی عەیار 22 به ملیۆنێک و 77 هەزار دینارە
زێڕی عەیار 24 به ملیۆنێک و 128 هەزار دینارە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە ئیدارەكەی وتووە لە ئێستادا نایەوێت دانوستان لەگەڵ ئێران بكات، عراقچیش رەتیدەكاتەوە لەم رۆژانەدا لەگەڵ ویتكوف قسەی كردبێت.
تۆڕی "سی ئێ، ئێن"ی ئەمریكی لە زاری لێپرسراوانی كۆشكی سپییەوە بڵاویكردووەتەوە، ترەمپ بە تیمەكەی وتووە لە ئێستادا نایەوێت دانوستان لەگەڵ ئێران بكات، باسیان لەوەشكردووە، لە رۆژانی رابردوودا لێپرسراوانی ئێران پەیوەندییان لەگەڵ ستیڤ ویتكوف نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، بۆئەوەی كەناڵێكی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو وڵات بكرێتەوە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیلیش لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، عراقچی و ویتكۆف ئاڵوگۆڕی نامە و پەیام لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە هیچ كەناڵێكی پەیوەندی لەگەڵ ویتكوف هەبوبێت و دەڵێت، دوایین پەیوەندییان پێش هێرشەكان بووە.
ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا داوا لە هاوپەیمانەكانی دەكات سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
پەیامێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە دیپلۆماتكارانی ئەمریكی لە دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە، هانی هاوپەیمانەكانیان بدەن سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی وەك دوو رێكخراوی تیرۆریستی بناسێنن.
ئەو پەیامە لە 16ی ئەم مانگە نێردراوە و ئیمزای ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكای لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم بارەگاكانی نێردە دیپلۆماسییەكان و كونسوڵخانەكانی ئەمریكا لە تەواوی جیهان كراوە، وتوشێتی ئەو هەوڵە دەبێت بە هەماهەنگی ئیسرائیل بكرێت.
لە پەیامەكەدا هاتووە، بە تیرۆر ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان، فشارەكان لەسەر ئێران زیاتر دەكات و سنورێكیش بۆ تواناكانی لە سەر ئاستی جیهان دادەنێت.
پێشتریش ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتان سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشكرایكرد، موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی باڵای ئێران، چەند خولەكێك پێش بۆردومانكردنی، شوێنی كۆبوونەوەكەی عەلی خامنەیی باوكی بەجێهێشتووە و لە مردن رزگاری بووە.
بەپێی رۆژنامەكە، لە رێی چەند تۆمارێكی دەنگیی دزەپێكراوەوە، دەركەوتووە موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی باڵای ئێران، تەنها چەند خولەكێك بەر لەو بۆردومانەی ئەمریكا و ئیسرائیل كردیانەسەر شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی باوكی، كە لەو كاتەدا لەگەڵ ژمارەیەك لە لێپرسراوە باڵاكاندا لە كۆبوونەوەدا بوو، شوێنەكەی بەجێهشێتووە و بەو شێوەیە رزگاری بووە، بەڵام چەند برینێكی كەم لەسەر قاچی هەیە.
تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكە تۆماری دەنگی مەزاهر حسێنی سەرۆكی رێوڕەسمەكانی نوسینگەی خامنەییە كە رۆژی 12ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەیەكدا قسەی بۆ ژمارەیەك كەسایەتی ئاینی و سەركردەكانی سوپای پاسداران كردووە و بەشێوەیەكی سەربەخۆش لێكۆڵینەوەی تەواو لە راستیی تۆمارەكە كراوە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئەو رێکارە سەربازییانەی دژی ئێران گرتوویانەتە بەر، جیهانی لە جەنگێکی وێرانکەری ئەتۆمی پاراستووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، مەبەستی ئەو هەڵگیرساندنی شەڕ نییە لە جیهاندا، بەڵکو پەیڕەوی لە پرەنسیپی "ئاشتی لەسەر بنەمای هێز" دەکات. وتیشی: نایەوێت شەڕ لە هیچ شوێنێکی جیهان هەڵگیرسێت، بەڵام بۆ پاراستنی ئاشتی دەبێت هێزێکی راستەقینەیان هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئێران خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بوایە، بێگومان بەکاری دەهێنا، هەر بۆیە رێکاری سەربازییان لە دژی گرتنە بەر تا بەو ئامانجە نەگەن. ترەمپ جەختیکردەوە، ئەو هێرشانەی کرانە سەر دامەزراوە و ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران، رێگرییان کردووە لەوەی ناوچەکە و جیهان بەرەو کارەساتێکی ئەتۆمی بڕوات.
بەهۆی زیادبوونی فشارە سەربازییەکان، رەوشەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکا گۆڕاوە و ترەمپیش دەڵێت؛ تواناکانی سوپای ئێران لە رووی دەریایی و وشکانییەوە لاواز بوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رایگەیاند، واشنتۆن توانیویەتی بە تەواوی تواناکانی ئێران لە رووی سەربازی و دەریاییەوە لەناو ببات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد رەوشەکە بە تەواوی گۆڕاوە و ئێران چیتر ئەو هێزەی نییە کە پێشتر هەبووی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون.
بەپێی وتەکانی ترەمپ، فشارە سەربازییەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە لەوەی هیچ مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا نەماوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرایکرد، هێزەکانیان زیاتر لە حەوت هەزار ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، سەبارەت بە توانا دەریاییەکانیش، رایگەیاند کە زیاتر لە 100 کەشتی ئێرانی لە سەرەتای جەنگەکەوە نوقم کراون، کە لە نێویاندا 300 کەشتی هەبوون کە خەریکی چاندنی مین بوون لە گەرووی هورمز.
ترەمپ جەختیکردەوە، ئێستا ئێران توانایەکی موشەکی ئەوتۆی نەماوە و ئاستی هاویشتنی موشەکە بالیستییەکانیش بە رێژەی 90٪ کەمی کردووە، ئەمەش نیشانەی لاوازبوونی سوپای ئەو وڵاتەیە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، سێ پێگەی سەرەکی دروستکردنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوخۆی ئێران وێران کردووە، هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کرد کە رەنگە بڕیاری لێدانی ژێرخانی نەوتی ئێران لە دوورگەی خارک بدەن، چونکە زۆربەی ئامانجەکانیان بازرگانی و سەربازین. ترەمپ وتیشی؛ تاران هەوڵ دەدات گەرووی هورمز وەک چەکێک بەکاربهێنێت، بەڵام ئێستا تەنها چەند موشەکێکی سنوورییان ماوە بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان و رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵی واشنتۆندایە.
لە کۆتاییدا، ترەمپ باسی لە رەوشی تەندروستی رابەری باڵای ئێران کرد و وتی، کە بە دڵنیاییەوە عەلی خامنەیی لە رەوشێکی تەندروستی باشدا نییە. ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە واشنتۆن فشاری زیاتر دەخاتە سەر تاران بۆ ئەوەی رەفتارەکانی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت، و دووپاتی کردەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ هەر هەنگاوێکی تر ئەگەر بێت و ئێران بیەوێت ئاسایشی جیهانی و رێڕەوە بازرگانییەکان بخاتە مەترسییەوە.
کۆشکی سپی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان، بڕی تێچووی دارایی جموجۆڵە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئێران خستەڕوو.
کێڤن هاسێت، لێپرسراوی ئەنجومەنی ئابوری کۆشکی سپی رایگەیاند، تا ئێستا بڕی ١٢ ملیار دۆلاریان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران خەرج کردووە.
هاسێت ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا بودجەی پێویستیان بۆ وەزارەتی جەنگ لەبەردەستدایە و دەشڵێت، گەورەترین کێشەی ئێستا نرخی وزەیە و لە نزیکەوە چاودێری ئەو رەوشە دەکەن.
وتیشی، پێویستە بە خێرایی چارەسەر بۆ رەوشی ئابووریی جیهانی بدۆزرێتەوە و ئەوان هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە دەدەن.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنـی ئەمریکی رایگەیاند، کە روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "جیران کە کۆپیکراوی شاهیدی ئێرانە" بۆ تاران دابین دەکات بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە، کە بەکارهێنانی ئەم درۆنانە، کە ئێستا لە ناوخۆی روسیا بەرهەم دەهێندرێن، دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و%100 پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە 28ی شوباتدا ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانیان دژی تاران دەستپێکرد بە پاساوی هەڕەشەی ئەتۆمی، کە تێیدا چەندین سەرکردەی باڵای ئێران کرانە ئامانج.
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک پرۆسەیەکی بەرفراوانی بە موشەک و درۆن بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان و بنکە ئەمریکییەکان لە وڵاتانی دراوسێ دەستپێکردووە، ئەمەش مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندوە، بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە لەلایەن ئێرانەوە ژمارەیەک وڵات زیانیان بەرکەوتوە و دەبێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین.، داواشی لە چەند وڵاتێک کردوە کەشتی جەنگی بنێر بۆ کردنەوەی گەروەکە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات نوسیویەتی؛ کۆمەڵێک وڵاتی کاریگەر، کە بەهۆی هەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمز زیانیان بەرکەوتووە، کەشتی جەنگی رەوانەی ناوچەکە دەکەن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی ئەم هەنگاوە هاوبەشە لەگەڵ ئەمریکا، دەستەبەرکردنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان و بەکراوەهێشتنەوەی گەروی هورمزە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە هێزەکانیان توانای سەربازی ئێرانیان بە تەواوی پەکخستووە، بەڵام هێشتا مەترسی هێرشی درۆنی و مینڕێژکردن لەلایەن تارانەوە ماوە.
لە پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن و بەریتانیا کردوە بەشداری بکەن لە کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانە و رایگەیاندوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردنی کەناراوەکان و تێکشکاندنی هەر بەلەم و کەشتییەکی ئێرانی، کە بێتە ناو ئاوەکانەوە و ببێتە هۆی مەترسی.
سێنتکۆم رایدەگەیەنێت: زیاتر لە 90 ئامانجیان لە دورگەی خارک بۆردومانکردووە و چەندین کۆگای سەربازییان لەناوبردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر دورگەی خارک زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازییان بۆردومان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەوی رابردوو هێرشێکی بەرفراوان و وردی سەربازییان کردە سەر "دوورگەی خارک" لە ناو خاکی ئێران و زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە گەیاند.
سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو، لە هێرشەکانیاندا کۆگاکانی مینە دەریاییەکان، حەشارگە و کۆگاکانی موشەک و چەندین بنکەی تری سەربازیی گرنگیان کردووەتە ئامانج و لەناویان بردوون.
ئاشکراشیکرد، سەرەڕای قورسیی هێرشەکان، دامەزراوە و ژێرخانی نەوتیی دوورگەکەیان نەپێکاوە و وەک خۆیان ماونەتەوە.
كۆشكی سپی رایگەیاند، لە هێرشەكانی سەر ئێراندا بۆمبی حەشارگە شكێنی بەكارهێناوە كە توانای بڕینی لە 60 مەتری كۆنكرێتی هەیە.
كۆشكی سپی ئەمریكا گرتەڤیدیۆیی بۆمبی حەشارگە شكێنی بە ناوی جی بی یو 57 ئەی بەكارهێناوە كە كێشەكەی 200 پاوەندە و توانای بڕینی زیاتر لە 60 مەتر كۆنكرێتی هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆمبەكە دەتوانێت پێنج هەزار و 300 پاوەند تەقەمەنی هەڵگرێت و بە جی پی ئێس ئیش دەكات و بە وردی ئامانجەكەی دەپێكێت.
جۆن هیڵی وەزیری بەرگری بەرتانیا رایگەیاند، فرۆكەیەكی سەربازی سیخوڕی یو توو لە بنكەی سەربازی فیرفۆردی بەریتانی نیشتووەتەوە كە بە نیازە لە هێرشەكانی ئێران بەكاربێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەوڵەكانی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی درێژخایەن بۆ كێشەی ئەتۆمی ئێران چڕكردووەتەوە.
رافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لە نێوان واشنتۆن و تاران، كە هەمیشەیی بێت و بتوانێت ئاڵۆزییەكانی ئێستای رۆژ هەڵاتی ناوەڕست چارەسەر بكات و كۆتاییان پێبهێنێت.
جەختیشیكردەوە، تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە ئاستی تیشكدانەوەی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێراندا نییە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: لە ئێستادا ئێران شکستخواردووە و رێککەوتنی دەوێت، بەڵام ئەو قبوڵی نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، ئێران لە ئێستادا لە رەوشێکی "شکستخواردووی تەواوەتی" دایە، جەختیشی کردەوە، تاران بەهۆی ئەو گورزە کوشندانەی بەریکەوتووە، داوای ئیمزاکردنی رێککەوتن دەکات، بەڵام ئەو ئامادە نییە هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئێران چیتر خاوەنی بەرگریی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو نییە و سوپاکەی لە لێواری "مانەوە" دایە.
ساەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توندی لە میدیاکان گرت و بە "درۆزن" وەسفی کردن، بەو پێیەی نایانەوێت باس لە "سەرکەوتنە مەزنەکانی سوپای ئەمریکا" دژی ئێران بکەن.
راشیگەیاند، ئێرانییەکان دوای لەدەستدانی هێز و سەرکردەکانیان، داوای دانوستانیان کردووە، بەڵام ئەو وەڵامی داونەتەوە و وتوویەتی: "کات بەسەرچوو، ئێستا زۆر درەنگە".
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەمریکا تەنها بە "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران" رازی دەبێت.
وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی خەریکی لەناوبردنی سوپای ئێرانە بە شێوازێکی "بێوێنە" و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا ئێران هیچ بەرگرییەکی ئاسمانی، هێزی دەریایی یان سەکۆی هاویشتنی موشەکی نەماوە، وتیشی کاردەکەن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت دوای لەناوبردنی مووشەکی نوێ دروست بکات.
بیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی کردەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکان بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکان ئامانجەکانیان دەپێکن و تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانیان تێکشکاندووە، بە جۆرێک کە تاران نەتوانێت مووشەکی نوێ دروست بکاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە سەرکردەکانی ئێران لە ژێر زەویدا خۆیان حەشارداوە و رابەری باڵای ئەو وڵاتەش بەهۆی برینداربوونیەوە پەیامی نووسراو بڵاودەکاتەوە و خۆی دەرناکەوێت.
لە کۆتاییدا وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی لەسەر بەردەوامی هێرشەکان کردەوە و رایگەیاند کە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، ئامانجەکانیان کە لەناوبردنی تەواوی پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێرانە، بەدی دەهێنن.