ئۆکراین ئامادەیی نیشاندەدات بە پاڵپشتی ئەمریکا و ئەوروپا رێککەوتنی ئاشتی بەرەوپێش ببات، سەرۆکی ئەوڵاتەش دەڵێت: لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکات.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی خاڵە هەستیارەکانی رێککەوتننامەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دەشڵێت؛ پێویستە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بەشداری تێدابکەن، لەپێناو جێبەجێکردن و کارپێکردنی رێککەوتنەکە.

وتیشی، ئەنجامی بەرچاو بەدەستهاتووە لە رێککەوتنامەکە، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە تێیدا بکرێت.

زیلیسنکی داواش لە سەرکردە ئەوروپییەکان دەکات، چوارچێوەیەک دابڕێژن بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی دڵنیایی لە ئۆکراین، هەروەها بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی کیێڤ تا ئەو کاتەی مۆسکۆ ئامادەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نیشان دەدات.

پێشتر، کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ئەمریکا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە بەرەو گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لە رێگەی کۆکردنەوەی ئۆکراین و روسیا لەسەر مێزی گفتوگۆ.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لێپرسراوێکی ئەمریکی جەختی لەوەکردووە، ئۆکراین رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر مەرجەکانی رێککەوتنی ئاشتی.