جیهانجیهان

خوێن کۆڵەکەی سەرەکیی تەندروستیی مرۆڤە؛ بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئۆکسجین و خۆراکەماددە بۆ سەرجەم خانە و شانە جۆراوجۆرەکانی جەستە، هاوکات بەشێکی گرنگە لە کۆئەندامی بەرگری و پرۆسەی دەردانە دەروەی پاشەڕۆ لە جەستەدا، ئەمەش وێڕای رۆڵی کارای لە رێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە و بوون بە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی هۆرمۆن لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی جەستە.

پێکهاتەی خوێن %55ـی شلەی پلازمایە،کە لە ئاو  و پرۆتین پێکدێت، هاوکات %45ـەکەی دیکەشی بریتییە لە خرۆکە سوورەکان، خرۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن.

دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا دەڵێت، هەر دڵۆپێک خوێن لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 19 هەزار کیلۆمەتر لە جەستەدا دەبڕێت؛ یەکسانە بە نیو خول سووڕانەوە بە دەوری زەویدا.

پیاوێکی پێگەیشتووی تەندروست نزیکەی 5 بۆ 6 لیتر خوێن لە جەستەیدایە، لە کاتێکدا رێژەکە بۆ خانمان نزیکەی 4 بۆ 5 لیترە. هۆکاری ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیاوان بڕێکی زیاتر ماسوولکە لە جەستەیاندا هەیە و پێویستیان بە سەرچاوەی زیاتری خوێنە بۆ دابینکردنی خۆراکەماددە و ئۆکسجینی تەواو بۆ ماسوولکەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وەرچەرخانێکی سەیر و پارادۆکسێکی جیهانیدا، چین ئەمڕۆ روبەروی کێشەیەکی تەواو نامۆ بووەتەوە، ئەویش کەمیی خۆڵ و خاشاکە!

لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدەست کەڵەکەبوونی کێوی خۆڵ و خاشاک و لێکەوتە ژینگەییەکانیەوە دەناڵێنن، چین خۆی لە دۆخێکی پێچەوانەدا دەبینێتەوە — کە تێیدا وێستگەکانی سووتاندنی خاشاک ئیتر بە تەواوی توانای خۆیان کار ناکەن... بەڵکو هەندێکیان ناچاربوون خاشاک لە ناوچەکانی تر بکڕن تەنها بۆ ئەوەی بە کارا بمێننەوە!

لە ساڵانی رابردوودا، چین وەبەرهێنانێکی گەورەی — کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرا — لە دروستکردنی ژێرخانێکی پێشکەوتوو بۆ لەناوبردنی خاشاکدا کرد، بەتایبەتی لە رێگەی سووتاندنەوە، وەک هەوڵێک بۆ دوورکەوتنەوە لە زبڵدانەکان کە شارە گەورەکانیان پیس دەکرد. بەڵام جێگەی سەرسوڕمان بوو کە ئەم وێستگە نوێیانە "برسی" بوون... چونکە بڕی خاشاکی بەردەست چیتر بەشی پێداویستیی ئەوانی نەدەکرد!

بۆچی خۆڵ و خاشاک گەیشتە نەمان؟

هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتە فراوانەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە (ریسایکلین) کە لەلایەن حکومەتی چینەوە سەپێندران، کە ئەمانەی لەخۆگرتبوو:

  • سەپاندنی جیاکردنەوەی ناچاریی خاشاک لە ماڵان و کۆمپانیاکاندا.

  • تونترکردنی چاودێری بەسەر کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی خاشاکدا.

  • هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە گرنگیی بەکاربردنی بەرپرسیارانە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان.

لە ئەنجامدا، هاووڵاتیان هۆشیارتر بوونەتەوە: کەرەستەکان دووبارە بەکاردەهێننەوە، بەکارهێنانی پلاستیک کەمدەکەنەوە، و بەشێوەیەکی باشتر خاشاک جیا دەکەنەوە — کە ئەمەش بڕی "خۆڵی  بۆ سوتاندن" بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.

ئەم دۆخە وایکردووە کە هەندێک لە وێستگەکانی سوتاندن، خاشاک لە ناوچە دوورەدەستەکان یان تەنانەت لە شارەکانی تریش بکڕن... تەنها بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارکردنی هێڵەکانی بەرهەمهێنانیان! ئەمەش پارادۆکسێکی گاڵتەجاڕانەیە: لە کاتێکدا جیهان پارەیەکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە خاشاکەکەی رزگاری بێت، چین پارە دەدات بۆ ئەوەی دەستی بکەوێت!

لەلایەنی ژینگەییەوە، ئەم پێشهاتە بە ئەرێنی دادەنرێت چونکە بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان کەمدەکاتەوە، ئابووریی سووڕاوە (circular economy) بەهێز دەکات، و پیسبوون کەمدەکاتەوە.

بەڵام لەلایەنی ئابوورییەوە، وەبەرهێنانی ملیارات دۆلار لە وێستگەیەکدا کە بە تەواوی توانای خۆی کارناکات، بە زیانێکی گەورە دادەنرێت — مەگەر ئەم وێستگانە بگونجێندرێن بۆ وەرگرتنی جۆری تری خاشاک، یان بە شێوازی نەرمتر بەڕێوەببرێن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرەڕای پلانی ورد، سەردانە رەسمییەکەی ترەمپ بۆ بەریتانیا پڕە لە کێشە و ئاستەنگی شاراوە و رێکخستنی سەردانەکە و ئامادەکارییەکان لەوێ تیمی پرۆتۆکۆڵی هەردوو وڵاتی بە تەواوی ماندو و سەرقاڵکردووە.

سەردانە رەسمییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ شانشینی یەکگرتوو لەم هەفتەیەدا، هاوشێوەی سەردانەکەی پێشووی لە شەش ساڵ لەمەوبەر، بەدەر نابێت لە مشتومڕ و ناکۆکی.

ئەو کاتە، لە حوزەیرانی 2019دا، سەرۆکی ئەمریکا جگە لە چاخواردنەوە لەگەڵ شاژنی کۆچکردوو، سادق خان، سەرۆکی شارەوانی لەندەنی بە "دۆڕاوێکی تەواو" ناوبرد، پشتیوانی لە بۆریس جۆنسن کرد لە کێبڕکێی سەرکردایەتی پارتی پارێزگاراندا، و پێشنیازی کرد کە دەزگای تەندروستی نیشتمانی (NHS) ببێتە بەشێک لە گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا.

هەموو ئەمانە هاوکات بوون لەگەڵ ئیمزاکردنی سکاڵایەک لەلایەن زیاتر لە یەک ملیۆن کەسەوە کە داوایان دەکرد نابێت پێشوازی رەسمی لێ بکرێت، هەروەها خۆپیشاندانی بەرفراوان بە بەشداری هەزاران کەس و پەیکەرێکی گەورەی فوودراو کە بە "منداڵە ترەمپەکە" ناسرا.

دووەم سەردانی رەسمی لەم هەفتەیەدا هەڵگری زۆرێک لە مشتومڕ و بۆچوونی جیاوازە.

جارێکی تر خۆپیشاندانەکان دەستپێدەکەنەوە و دەرکردنی لۆرد ماندلسن وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا، پێشوەختە سێبەرێکی دیپلۆماسیی خستووەتە سەر کارەکان.

پلاندانان بۆ سەردانەکە – کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دەبێت – چەندین مانگی خایاندووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئامادەکارییە وردەکان، ئەگەری ئەوەی شتەکان بە هەڵەدا بڕۆن هێشتا زۆر راستەقینەیە.
بۆ زۆرێک لە رێکخەرانیش، پرسی ماندلسن تەنها یەکێکە لە نیگەرانییەکانیان.

چۆن ویندسۆر بوو بە "ترەمپتۆن"

بۆ لایەنی شاهانەی نمایشەکە، تەرکیز لەسەر کاروباری رێکخستن (لۆجستیات) و ئاسایش بووە – و گۆڕینی قەڵای ویندسۆر بۆ بازنەیەکی پۆڵایین کە ئەوەندە پتەو بێت تەنانەت وردبینترین بریکارەکانی دەزگای نهێنیش ڕازی بکات.
ئامادەبوونی ئەمریکییەکان ئەوەندە زۆر بووە کە هەندێک لە دانیشتووە ناوخۆییەکان ناوی ویندسۆریان گۆڕیوە بۆ "ترەمپتۆن"، کە لە ناوی شارۆچکەیەک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی منداڵانی ساڵانی حەفتاکانەوە وەرگیراوە.
بۆ کاربەدەستانی کۆشک، گرنگیدان بە وردەکارییەکان هەموو شتێکە.

یەکێک لە گەورەترین کێشەکان دۆزینەوەی شوێنێک بووە بۆ کۆکردنەوەی پاسەوانە ئەسپ سوارەکانی شاهانە.
پێویستە ئەوەندە دوور بێت لە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکان تا دڵنیا بنەوە ئەسپەکان لەبەر دەنگەدەنگەکە نەسڵەمێنەوە، و ئەوەندەش نزیک بێت تا بە خێرایی کاروانی یاوەریی گالیسکەکەی خێزانی ترەمپ پێکبهێنن لەناو باخچەکانی قەڵای ویندسۆردا.

هەروەها گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان کۆشک و وەزارەتی دەرەوەدا کراوە لەسەر ئەوەی کێ لە کوێ دادەنیشێت لە خوانە فەرمییەکەی هۆڵی سانت جۆرجدا.
یەکێک لە کەسە ئاگادارەکانی ناو کۆشک وتی: "بەهای ئەم شتانە تەنها وێنەگرتنەکان نییە، بەڵکو هەموو ئەو گفتوگۆ نافەرمییانەشە کە ئەنجام دەدرێن."
"گرنگییەکی زۆر دەدرێت بە نەخشەی دانیشتنی خوانەکە. بۆیە ئەو کەسانەی لە بوارە سیاسییە دیاریکراوەکاندا کار دەکەن، لە تەنیشت یەکەوە دادەنرێن."
هەروەها بیرکردنەوەیەکی زۆر لە لیستی خواردن و مۆسیقاکە کراوە، کە "چەندین ئاماژە بە میراتە سکۆتلەندییەکەی" تێدا دەبێت.

وتارە حەوت خولەکییەکەی شا چارلسی سێیەم لە خوانەکەدا بە چەندین رەشنووسدا رۆیشتووە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە خاڵە دروستەکان دەوروژێنێت بەبێ ئەوەی هێڵە سیاسییەکان ببەزێنێت.
بەرپرسان دەڵێن هیچ ئاماژەیەکیان لە هاوتا ئەمریکییەکانیانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بەوەی ترەمپ لە وتارەکەیدا چی دەڵێت.

'فشار بۆ گەورەکردنی سەردانەکە'


تا ئێرە، هەمووی لۆجستی بوو – بەڵام ئاڵنگاریی سەرەکی بۆ رێکخەرە شاهانەییەکان دۆزینەوەی رێگەیەک بووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ترەمپ هەست بکات سەردانێکی رەسمی تەواوی بە هەموو وردەکاریەکانەوە ئەنجامداوە. ئەمەش کارێکی ئاسان نییە.

ترەمپ کەمتر لە 48 کاتژمێر لەسەر خاکی بەریتانیا دەبێت و سەردانی داونینگ ستریت ناکات، وتار بۆ پەرلەمان نادات، تەنانەت کاتیشی نابێت بۆ یاریکردنی گۆڵف.

یەکێک لە کاربەدەستانی کۆشک پێی وتم: "فشارێکی زۆری حکومەت هەبووە بۆ ئەوەی ئەم سەردانە زۆر گەورە دەربکەوێت و ئەمەش ئاڵنگارییەکە بووە."

قەبارەی مەراسیمەکان لە ویندسۆر زیاد کراوە، بە بەشداریی 1300 سەرباز و 120ئەسپ – کە زۆر زیاترە لەوەی کاتێک سەرۆک ماکرۆنی فەرەنسا لە سەرەتای ئەمساڵدا سەردانی کرد بەکارهێنرا. (بێگومان ئەمە خاڵێکە کە بە نهێنی بۆ ئەمریکییەکان جەختی لێدەکرێتەوە.)

چونکە نمایش و مەراسیمە رواڵەتییەکان جێگەی سەرنجی سەرەکی کۆشکی سپین لەم سەردانەدا؛ دەرفەتێکە بۆ سەرۆک تا وێنەی لەگەڵ شای ئینگلتەرا و شاژن و شازادە و شازادەژنی وێڵزدا بگیرێت، لەگەڵ نمایش و تیپی مۆسیقای سەربازی و فڕۆکەکانی (Red Arrows).
سەرچاوەیەک لە وایت هۆڵ (ناوەندی حکومەتی بەریتانیا) وتی: "تەرکیزەکە بە تەواوی لەسەر رواڵەتەکان، ساتە مێژووییەکە، و شکۆمەندییەکەیە. بۆ ترەمپ هەموو شتێک پەیوەندی بە نمایش و میدیاوە هەیە و ئەمەش کاتێکی نایابە."

یەکێکی تر وتی: "ئەمە شانۆگەرییە. هەمووی نمایشە. وا نییە کە بچینە ناو بابەتە قووڵەکانەوە. ئێمە لەبەر هۆکارێکی باش خۆمان لای بەهێزترین پیاوی جیهان شیرین دەکەین و ئێستا جیهان چاوەڕێی ئەم نمایشەیە."



خێزانی ترەمپ: میوانێکی گەرم و گوڕ:

لۆرد ماکدۆناڵد، بەرپرسێکی باڵای پێشووی حکومەت لە وەزارەتی دەرەوە، وتی بڕیاری ستراتیژیی بەریتانیا بۆ "بەخشینی بەرزترین رێزلێنان کە پرۆتۆکۆلی بەریتانی رێگەی پێدەدات" بە بەهێزترین پیاوی جیهان، بە وردی لەلایەن زۆرینەی جیهانەوە چاودێری دەکرێت.

وتیشی: "ئەم سەردانە رەسمییە تەنها بۆنەیەکی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا نییە. بەڵکو دەبێتە یەکێک لە گەورەترین هەواڵەکانی جیهان."

"ئەوبەشەی تری جیهان کە لێرە نین سەیری لەندەن و ویندسۆر دەکەن، کە ئەمەش پێگەی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی بەریتانیا لە ئاستی جیهانی بەرزتردەکاتەوە."

زۆرێک لە بەرپرسان دڵنیان کە سەردانەکە بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت، تەنها لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەکان دەیانەوێت سەرکەوتوو بێت.

ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارمەندانی کۆشک پێیان وابوو خێزانی ترەمپ لە ساڵی 2019دا میوانێکی گەرم و گوڕ بوون، هەردووکیان سوور بوون لەسەر ئەوەی هیچ هەڵەیەک نەکەن.

یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان وتی: "ترەمپ لە ژیانی تایبەتیدا دەتوانێت کەسێکی قسەخۆش بێت. شێوازێکی جوانی دەربڕینی هەیە کە شا رێزی لێدەگرێت."

بۆ حکومەتی بەریتانیا، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە فڕۆکەی 'ئێرفۆرس وەن' ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە هەڵبفڕێت لەکاتێکدا ترەمپ هەستێکی گەرمی بەرانبەر بەریتانیا هەبێت.

کاری جدی لە پشت نمایشەکانەوە:

جگە لە پێشکەشکردنی رۆژێک لە نمایش و مەراسیمی شاهانە، حکومەت کاری گرنگی هەیە کە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامی بدات کاتێک کارەکان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لادێیی سەرۆک وەزیران لە چێکەرز.

وەزیرەکان هیوادارن رێککەوتنێک بکەن بۆ دەرکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی بەریتانیا لە لیستی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا. هەروەها هەندێک هاوکاریی نوێی ئەتۆمیی مەدەنی دروستبکەن.

خاڵی سەرەکی سەردانەکە چاوەڕوان دەکرێت واژۆکردنی هاوبەشییەکی تەکنەلۆژی بێت، کە وەبەرهێنانی نوێ لە بەریتانیا و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ "سیلیکۆن ڤالی" لە بواری زیرەکیی دەستکرد و کۆمپیوتەری کوانتەمدا لەخۆدەگرێت.

سەردانەکە هەروەها دەرفەتێکی گرنگ دەداتە سەرۆک وەزیران سێر کییەر ستارمەر تا تەنها هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرنجی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆی رابکێشێت، بەتایبەتی لەسەر بابەتی ئۆکراین.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: "وا دیارە ترەمپ لەسەر رێڕەوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە پوتن، و بەرەو داننان بەوەی کە پێویستی بە رێگەیەکە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا بوەستێتەوە."

بەڵام ترەمپ لە بەریتانیادا کەسایەتییەکی خۆشەویست نییە. راپرسییەکی "یوگۆڤ" (YouGov) لە مانگی تەمموزدا دەریخست کە تەنها 16%ی بەریتانییە بەشداربووەکان دەڵێن دیدێکی ئەرێنییان بەرامبەری هەیە.

حکومەت دەبێت بۆ دەنگدەران رونی بکاتەوە بۆچی پێی وایە ئەم سەردانە رەسمیە هەوڵێکە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی بەریتانیا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری وزەی ئەمریكا داوا دەكات بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بە تەواوی لەناوببرێت بە پیتاندنی یۆرانیۆم و پرۆسێسكردنی پلۆتۆنیۆمیشەوە، ئێرانیش دەڵێت، پیشەسازی ئەتۆمی ئێران رەگوڕیشەی داكوتاوە و لەناونابرێت.

كریس رایت وەزیری وزەی ئەمریكا لە كۆنفرانسی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كە لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو رایگەیاند، پێویستە سەرجەم رێگاكان لە ئێران بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی بگیرێت و بەرنامە ئەتۆمییەكەشی بە تەواوی لەناوببرێت، هەر لە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە تا دەگاتە پرۆسێسكردنی پلۆتۆنیۆم.

لە بەرامبەریشدا محەمەد ئیسلامی سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، زانست و زانایی و تەكنەلۆژیا و پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران بە جۆرێك رەگی داكوتاوە، ناتوانرێت تەنانەت لە رێگای تیرۆر و هێرشی سەربازیشەوە لەناوببرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا ماوەیەکی درێژە رۆژنامەکە تۆمەتبار دەکات بە لایەنگری بۆ دیموکراتەکان و دژایەتیکردنی بزووتنەوەی "ماگا" (MAGA).

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە سکاڵا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەکات، تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوەی هەڕەشەی کرد بەهۆی ڕاپۆرتەکانیانەوە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئێپستین.

لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" (Truth Social)، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە "شانازییەکی گەورەی" هەیە کە "سکاڵایەکی ناوزڕاندن و بوختان بە بڕی 15 ملیار دۆلار" تۆمار دەکات دژی "یەکێک لە خراپترین و بەدڕەوشتترین رۆژنامەکانی مێژووی وڵاتەکەمان."

پۆستە درێژەکەی ترەمپ - کە درەنگانی رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە - جەخت لەسەر ئەو باوەڕەی دەکاتەوە کە دەزگاکە لایەنگری دیموکراتەکانە، و ئاماژەی بە پشتیوانیکردنی کامالا هاریس کرد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی رابردوودا.

هەروەها وتیشی، "[نیویۆرک تایمز] بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ رێگەی پێدراوە بە ئازادی درۆ بکات، لەکەدارم بکات، و ناوم بزڕێنێت."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێنج ساڵ بەسەر رێككەوتنی ئیبراهیمی تێدەپەڕێت، هەوڵێك بە ئامانجی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی عەرەب _ ئیسرائیل، بەڵام رەوشەكە بەجۆرێك ئاڵۆزە، هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی سەرلەبەری رێككەوتنەكان لەئارادایە.

هێرشەكەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر، گڕی لە پەیوەندییەكانی وڵاتانی كەنداو و ئیسلامی بەرامبەر ئیسرائیل بەرداوە، لەوچوارچێوەیەشدا هەمووان كەوتوونەتەخۆ بۆ ئەوەی وەڵامێكی بەهێزیان بەرامبەر ئیسرائیل هەبێت.

ماوەی دوو رۆژە لوتكەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت بەمەبەستی یەكخستنی هەڵوێستیان دژ بە هەرەشەكانی داهاتووی ئیسرائیل.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانكارییەكی بەرچاوی سیاسی و دیپلۆماسی بەخۆیەوە بینیوە، دیارترینیان ئیمزاكردنی رێكەوتنەكانی ئیبراهیمیە لەنێوان ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و ئیسرائیل لەژێر چاودێری ئەمریكادا.

ئەم ڕێككەوتنە مشتومڕێكی بەرفراوانی لە بازنەی سیاسی و كولتووری و ئایینی بەدوای خۆیاندا هێناوە، لە كاتێكدا هەندێك وەك دەرفەتێك بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری ئابووری لە ناوچەكەدا سەیری دەكەن، هەندێكی دیكەش بە پێچەوانەی هەڵوێستە مێژووییەكان لەسەر پرسی فەلەستین دەزانن.

لە ساڵی 1948وە ململانێی عەرەب -  ئیسرائیل وەك یەكێك لە دیارترین ئاڵنگارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە و شێوەی جۆراوجۆری وەرگرتووە، بەڵام ساڵی 2020 وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی ئەم ململانێیانەدا، ئەویش ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی ئیبراهیمی بوو.

رۆژی 15ی ئەیلولی 2020، بەنێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆشكی سپی رێككەوتنی ئیبراهیمی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین ئیمزا كرا.

ئیسرائیل و هەردوو وڵاتی كەنداو رێككەوتنەكەیان بە ئەجێندایەكی ستراتیژی بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد.

ئەوە لەكاتێكدایە رۆژی 23ی تشرینی یەكەمی 2020 كۆشكی سپی رایگەیاند، سودان و ئیسرائیل ڕێككەوتوون لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان.

دواتر و لە 10ی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ، ئەمریكا نێوەندگیری رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی نێوان مەغریب و ئیسرائیلی كرد.

هەرچەندە هەندێك وڵاتی عەرەبی، وەك میسر لە ساڵی 1978 و ئوردن 1994 پێش ئەم هەنگاوە بە ئیمزاكردنی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتنیان كرد، بەڵام رێككەوتنی ئیبراهیمی جیاواز بوو، بەوپێیەی لە ئەنجامی شەڕێك لەگەڵ ئیسرائیل نەهاتە ئاراوە، بەڵكو لە چوارچێوەی تێگەیشتنە سیاسییدا دروستبوو.

ڕێكەوتنەكانی ئیبراهیمی بە ناوی پێغەمبەر ئیبراهیمەوە ناونراوە، كە سێ ئایینی یەكتاپەرستین، واتە جولەكە و مەسیحی و ئیسلام.

نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی ئیسرائیل لە هەریەك لە دەوڵەتانی ئیمزاكراو كرانەوە و گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان تەلئەبیب و ئەبوزەبی، دوبەی، مەنامە، كازابلانكا و مەراكیش دەستپێكرد.

لەدوای رێككەوتنەكە، خواست لەسەر فێربوونی زمانی عیبری زیادیكرد، چەند خوێندكارێكی ئیماراتی و مەغریبی ناویان تۆمار كرد بۆ خوێندن لە دامەزراوە ئەكادیمییەكان و توێژینەوەكان لە ئیسرائیل.

رێككەوتنەكان زنجیرەیەك ڕێككەوتنی بازرگانی و ڕێككەوتنی هاوكاری ئەمنیشیان لەخۆگرت، وەك بازرگانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لەساڵی یەكەمی ئاساییبوونەوەكەدا بە بەهای زیاتر لە نیو ملیار دۆلار.

ناوەڕۆكی ئەم رێككەوتنە وەك ئەوەی لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە دەكات كە لایەنەكان پابەندبن بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان.

بەرزكردنەوەی هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی گفتوگۆی نێوان ئایینەكان و كولتوورەكان.
پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان وڵاتان كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئاشتی هەمیشەیی دەكات.

هەوڵدان بۆ چاندنی بەهاكانی لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە هەموو تاكێك بەبێ گوێدانە ڕەگەز، ئایین، نەتەوەیی.

پشتگیریكردن لە زانست، هونەر، پزیشكی و بازرگانی وەك ئامرازێك بۆ سودبەخشین بە مرۆڤایەتی.
هەوڵدان بۆ نەهێشتنی توندڕەوی و ململانێ بە مەبەستی دابینكردنی داهاتوویەكی گەش بۆ منداڵانی جیهان.

كاركردن بۆ دیدگایەكی هەمەلایەنەی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی.

پێشوازیكردن لەو پێشكەوتنانەی لە دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێدا بەدەستهاتوون.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر وڵاتە عەرەبییەكان دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 رەتیانكردەوە دان بە قەوارەی ئیسرائیلدا بنێن.

پلانەكانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ لكاندنی بەشێك لە خاكی كەناری رۆژئاوا، پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و عەرەبی بردەوە خاڵی سەرەتا و لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززەشەوە، لێكترازانی زیاتر لە پەیوەندییەكانی عەرەب و ئیسرائیل سەریهەڵداوە، بەجۆرێك ئێستا كار لەسەر راگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی عەرەب و ئیسرائیل دەكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی کردۆتە سەر کەشتییەکی ماددەی هۆشبەری ڤەنزوێلی کە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێوەبووە.
 
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون و ئۆپەراسیۆنەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجامدراوە.
 
ناوبراو لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "لەسەر فەرمانی من، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دووەمین گورزییان لە دژی ئەو تیرۆریستانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن ئەنجامدا، کە بە وردی ناسنامەیان دیاریکرابوو."
 
ترەمپ وتیشی: "ئەم تیرۆریستە زۆر توندوتیژانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندییە ژیانییەکانی ئەمریکا."
 
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی داوە و نووسی: "ئاگاداربە — ئەگەر ماددەی هۆشبەر دەگوازیتەوە کە دەتوانێت ئەمریکییەکان بکوژێت، ئەوا راوتان دەکەین! چالاکییە نایاساییەکانی ئەم کارتێلانە(مافیا) بۆ دەیان ساڵە دەرەنجامی کارەساتباریان لەسەر کۆمەڵگە ئەمریکییەکان هەبووە و ملیۆنان هاووڵاتی ئەمریکییان کوشتووە. چیتر رێگە بەمە نادرێت."
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئەمڕۆ دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئامادەکاری بۆ "هێرشێکی سەربازی" دژی ڤەنزوێلا تۆمەتبار کرد، جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی "مافی رەوای خۆپاراستنی" دەستوێنێت.

مادۆرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هێرشێکی سەربازی لە ئارادایە، و ڤەنزوێلا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی وەڵامدانەوەی هەیە." وتیشی کە وڵاتەکەی "مافی رەوای خۆپاراستن"ی خۆی پەیڕەو دەکات، ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات "پچڕاون".

ئەم گرژییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دوای ئەوە پەرەی سەند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە مانگی ئابدا فەرمانی بە بڵاوەپێکردنی کەشتییە جەنگییەکان لە دەریای کاریبی، لە کەناراوەکانی ئەم وڵاتە، دەرکرد، ئاماژەی بە شەڕ دژی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمریکای لاتین کرد.

ترەمپ ئاشکرای کردبوو کە وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەک کە پڕ بووە لە ماددە هۆشبەرەکان و 11 کەسی لەسەر بووە، کوژراون. ترامپ وتبووی کە کەشتییەکە لە ڤەنزوێلاوە رۆیشتووە و ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی "ترین دی ئاراگوا"ی هەڵگرتووە، بەڵام ئیدارەکەی هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتگیریکردنی ئەم بانگەشانە پێشکەش نەکرد.

ڤەنزوێلا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئەنجامدانی کوشتنی دەرەوەی یاسا تۆمەتبار کرد. دیۆسدادۆ کابیلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا، رایگەیاند کە قسەکانی واشنتۆن "درۆیەکی زۆر گەورەیە" و ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ڤەنزوێلا، روداوەکە رەنگە پەیوەندی بە دیارنەمانی هەندێک کەسەوە هەبێت لە ناوچەیەکی کەناراوی وڵاتەکە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نەبووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری پزیشكێكی سودانەوە ئەوەی ئاشكرا كردووە، بەهۆی نەبوونی خواردنەوە بەشێكی دانیشتوانی سودان ئالیكی ئاژەڵ دەخۆن، بەو هۆیەشەوە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا 18 كەس بەهۆی كاریگەرییەكانی خواردنی ئالیكەوە گیانیان لەدەستداوە.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری پزیشكێكی پسپۆڕ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سودان رایگەیاندووە، خەڵكەكە خواردنیان دەست ناكەوێت، بۆیە پەنا دەبەنە بەر خواردنی ئالیكی ئاژەڵان، ئەو پزیشكە ئەوەشی نەشاردووەتەوە كە تەنانەت خۆشیان بەهۆی نەبوونی خۆراكەوە ئالیكی ئاژەڵان دەخۆن.

وەك نیویۆرك تایمز باسی دەكات، ئەمباز، ناوی ئەو جۆرە ئالیكەیە كە لە سودان دەدرێت بە ئاژەڵان، بەڵام بەهۆی نەبوونی خواردن ئێستا یەكێكە لە ژەمە سەرەكییەكانی بەشێك لە خەڵكی سودان.

لەلایەكی دیكەوە تیمەكانی فریاگوزاری لە سودان ئەوەیان بۆ نیویۆرك تایمز ئاشكرا كردووە، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا 18 كەس بەهۆی خواردنی ئەمبازەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەفتەی داهاتوو یەكەم كاروانی پەنابەرانی نایاسایی لە بەریتانیاوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ فەڕەنسا.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەپێی رێككەوتنێكی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا، هەفتەی داهاتوو یەكەم كاروانی پەنابەرانی نایاسایی كە لە كەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتونەتە بەریتانیا، دەگەڕێندرێنەوە بۆ فەڕەنسا، لە بەرامبەریشدا بەریتانیا ژمارەیەك كۆچبەر وەردەگرێت، كە هەوڵی پەڕینەوەیان نەداوە و دەتوانن لە پشكنینی ئەمنی و شایستەیی دەربچن و بە رێكارەكانی حكومەتی بەریتانیادا تێپەڕیبێتن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی رێككەوتنەكە هەر كۆچبەرێك لە رێگەی بەلەمی بچوكەوە لە فەرەنساوە خۆی گەیاندبێتە بەریتانیا، ئەگەر داوای مافی پەنابەرییەكەی رەتكرابێتەوە، لە ماوەی سێ مانگدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ فەڕەنسا.

بەپێی ئامارەكانی فەرەنساش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 13ی ئەیلول، 31 هەزار و 27 كەس بە بەلەمی بچوك لە كەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتونەتە بەریتانیا، لە كاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2024دا 22 هەزار 440 كۆچبەر كەناڵەكەیان تێپەڕاندوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین لە ئیسپانیا كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك.

ئەمڕۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، لێپرسراوانی چین و ئەمریكا كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی باج و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئەو كێشانەی پەیوەستە بە بەرنامەی تیكتۆكەوە.
تەوەرێكی تری گفتەوگۆكان تایبەتە بە قسەكردن لەسەر داواكاری ئەمریكا لە گروپی وڵاتانی حەوت و هاوپەیمانەكانی ئەوروپای بۆ ئەوەی باج بسەپێنن بەسەر چیندا تاوەكو دەستبەرداری نەوتی روسیا ببێت.

ئەمە چوارەمین كۆبونەوەیە كە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا لە ئەوروپا لە نێوان چین و ئەمریكا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوانیان نەگاتە بنبەست كە بەهۆی پێناسە گومرگیەكانەوە لە ئێستادا زۆر باش نیە.

ئەمە لە كاتێكدایە، بڕیارە لە 31ی تشرینی یەكەمی داهاتووش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و شی جین پینگ  سەرۆكی چین، لە كۆڕبەندی هاریكاری ئابوری ئاسیا و زەریای هێمن لە كۆریای باشوور كۆببنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چین جۆرە چەسپێکیان بەرهەمهێناوە لەماوەی سێ خولەک چارەسەری شکاوی ئێسک دەکات.

میدیاکانی چین بڵاویانکردوەتەوە، ئەو چەسپەی بەرهەمەهێندراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو درزانەی ئێسک بەکاردێت کە بەهۆی زەبرەوە شکاون و زیانیان پێگەیشتووە.

ئاماژەیان بەوەشکرووە، ئەو بەرهەمە لەسەر 150 کەس تاقیکراوەتەوە و بە 180 چرکە توانیویەتی ئێسکەکە بەیەک بگەیەنێتەوە و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام تائێستا بەشێوەیەکی رەسمی بەردەست نییە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەو بەرهەمە ناوی لێنراوە "چەسپی ئێسک" هەروەها ئەو چەسپە دەتوانێت بەشێوەیەکی سروشتی لەگەڵ لەش و ئێسکی مرۆڤدا خۆی بگونجێنێت، هەروەها دوای بەیەکگەیشتنەوەی ئێسکەکە پێویست بە لابردنی چەسپەکە ناکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشتە ئیسرائیل بە ئامانجی تاوتوێكردنی رەوشی غەززە و ئاسایشی رۆهەڵاتی ناوەڕاست.

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوای ئەوەی لەگەڵ محەمەد بن عەبدولرەحمان وەزیری دەرەوەی قەتەر كۆبووەوە، ئەمڕۆ گەیشتە ئیسرائیل و سەردانەكەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، رۆبیۆ لەگەڵ سەركردەكانی ئیسرائیل كۆدەبێتەوە و تاوتوێی رەوشی غەززە دەكات و گفتوگۆ لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی هەڵوێستی دژە ئیسرائیل و داننەنان بە دەوڵەتی فەلەستین و سەردانەكەشی بۆ ئەوەیە هاوشانی ئیسرائیل بوەستێتەوە دوای ئەوەی زۆرینەی وڵاتان لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەنگیاندا بە پرۆژەی یاسای فەرەنسا و سعودیە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.

 

دیمەنی ساتی گەیشتنی مارکۆ رۆبیۆ بۆ تەلئەبیب....

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خوشکی کیم جۆنگ ئون هۆشداری دەداتە ئەمریکا و کۆریای باشور و ژاپۆن، کە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە کاریگەری خراپی لێدەکەوێتەوە.

میدیاکانی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، کیم یۆ جۆنگ راوێژکاری سەرۆکی کۆریای باکور و خوشکی کیم جۆنگ ئون هۆشداریداوە لە مانۆڕی سەربازی هاوبەشی ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشور و دەڵێت: ئەو مانۆڕە سەربازییە کاردانەوەی نەرێنی لێدەکەوێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سوپای کۆریای باکور ئاشکرایکردووە، وڵاتەکەی و ئەمریکا و ژاپۆن، ساڵانە مەشقی سەربازی هاوبەش بە ناوی "لێواری ئازادی" ئەنجامدەدەن، کە لە 15ـی ئەیلولەوە دەستپێدەکات بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی ئۆپراسیۆنی ئاسمانی و دەریایی و ئەلکترۆنی لەبەرانبەر هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکور.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور لەزاری کیمەوە رایگەیاندووە، ئەنجامدانی ئەو مانۆڕە سەربازییە ئەوەیان بیردەخاتەوە کە نیشاندانی بێباکی هێزە لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە لە ناوچەیەکی هەڵە، کە بێ گومان کاردانەوەی نەرێنی دەبێت.

هاوکات میدیاکانی کۆریای باشور بڵاویانکردەوە، سیئۆل و واشنتۆنیش پلانیان هەیە لەم هەفتەیەدا مەشقی ئایرۆن مایس ئەنجام بدەن، ئەمەش ھاوشێوەکردنی توانا ئاسایی و ئەتۆمییە یەکگرتووەکانی ھەردوو وڵاتە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکور.

پیۆنگ یانگ بەردەوام رەخنەی لەم مەشقە هاوبەشانە گرتووە و وەک خۆئامادەکردنێک بۆ لەشکرکێشی سەیری دەکات و هەندێکجاریش بە تاقیکردنەوەی چەک وەڵامی داوەتەوە، سیئۆل و واشنتۆن پێیان وایە کە مانۆڕە سەربازییەکان تەنیا بۆ بەرگرییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی ئەمریکا یەکێک لە کارمەندەکانی بەهۆی نووسینی کۆمێنتێکەوە لە کارەکەی دوورخستەوە.

بەپێی وتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی، کارمەندەکە کە ناوی "ئەنتۆنی بوف"ە، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک نووسیبووی کە کییەرک "لە بەرنامەکانیدا وتاری کینە و رەگەزپەرستی بڵاودەکردەوە."بوف هەروەها نووسیبووی: "مرۆڤ لە کۆتاییدا لەبەردەم خودا وەڵام دەداتەوە... و ناتوانێت لە چارەنووس دەرباز بێت،" وەک ئاماژەیەک بەوەی کە کییەرک شایەنی ئەو چارەنووسە بووە.

لە بەرامبەردا، شۆن کۆران، بەڕێوەبەری دەزگاکە، لە یاداشتێکی ناوخۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە "هێرشە سیاسییەکان لە ئەمریکا نزیکەی رۆژانە لە زیادبووندان" و هۆشداریی دایە کارمەندەکانی کە "لەبری ئەوەی ببنە هۆی زیاتر گەورەکردنی گرفتەکە ببنە هۆی چارەسەر."

کۆران هەروەها وتی: "ئێمە سوێند دەخۆین کە پابەندی بەرزترین ستانداردەکانی رەفتار بین لەناو دەزگا و لە دەرەوەیدا. کاتێک کردارەکانمان سەرنجی نەرێنی رادەکێشن، ئەوا ئێمە لە ئەرکەکەماندا شکست دەهێنین و ئەو متمانەیە کە بۆ کارەکەمان پێویستە، لەدەست دەدەین."

وتەبێژی دەزگاکە لە راگەیەندراوەکەدا رایگەیاند کە "دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی هیچ جۆرە رەفتارێک قبوڵ ناکات کە پێچەوانەی پەیمانی شەرەفی دەزگاکە بێت،" و دووپاتی کردەوە کە کارمەندەکە دەستبەجێ لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەستیپێکردووە.

لە کۆتایی نامەکەیدا، کۆران دەڵێت: "پێویستە هەموو رۆژێک بەبێ هیچ لایەنگیرییەکی سیاسی کاربکەین. ئێمە ئەمە قەرزاری خۆمان و ئەو کەسانەین کە سوێندمان خواردووە بیانپارێزین. هیچ لادانێک لەم پابەندبوونە رێگەی پێنادرێت."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسێکی روسی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگە نەوتییەکانی ناوەڕاستی روسیا کەوتەخوارەوە، کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگر و زیانێکی کەم.

رادی خابیرۆڤ، پارێزگاری ناوچەی باشقۆرتۆستان، لە پۆستێکدا لە تێلیگرام نووسیویەتی: "ئەمڕۆ (شەممە) دامەزراوەی باشنیفت روبەروی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە و بەهۆیەوە ئاگرێک کەوتەوە."

خابیرۆڤ رونی کردەوە کە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەسەر شوێنێکی بەرهەمهێنان خرایە خوارەوە، کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگر و کار بۆ کوژاندنەوەی دەکرێت. ناوبراو وتیشی کە زیانەکانی دامەزراوەکە کەم بوون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەپێی ئەوەی ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی کردووەتەوە.

شاری ئۆفا، کە دامەزراوە نەوتییەکەی تێدایە، نزیکەی 1400 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئۆکرانیاوە دوورە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکراین لە شوباتی 2022ەوە، کیێڤ وەڵامی هێرشەکانی روسیای داوەتەوە بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی روسیا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی توانای کرێملین بۆ دابینکردنی بودجەی جەنگەکە.

کرێملین لە ساڵی 2016دا کۆمەڵگەی نەوتی ئۆفای وەک "یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگەکان لە وڵاتەکەدا" وەسف کردبوو، ئاماژەی بەوەشدا بوو کە زیاتر لە 150 جۆر لە بەرهەمە نەوتییەکان بەرهەم دەهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4950515253...586