بامبۆ ئاگری لە هۆنگ کۆنگ بەرداوە
راهۆز
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری هۆنگ کۆنگ، لانی کەم 13 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، دەسەڵاتدارانیش رووداوەکەیان بە بەرزترین ئاستی مەترسی لەقەڵەم دا.
رووداوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆمەڵگەی "وانگ فوک کۆرت" لە ناوچەی "تای پۆ" رویداوە، ئاگرەکە سەرەتا لە دارە "حەیزەران"ـەکانەوە دەستیپێکردووە کە وەک تەختەبەست (سەقەلە) بۆ نۆژەنکردنەوەی دەرەوەی بیناکان بەکارهێنراون، دواتر بە خێرایی تەشەنەی کردووە و پێنج باڵەخانەی گرتوەتەوە.
بەپێی میدیا جیهانییەکان، تا ئێستا گیانلەدەستدانی 13 کەس پشتڕاستکراوەتەوە کە یەکێکیان کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوەی تەمەن 37 ساڵە، هەروەها 22 کەسی دیکەش برینداربوون کە دۆخی تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە.
بەهۆی ئەوەی بیناکان لە 31 نهۆم پێکهاتوون، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووان لەناو ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە و تیمەکانی فریاگوزاری پەیوەندییان بەشێک لە خێزانەکانەوە لەدەستداوە. دەسەڵاتداران ئاستی مەترسیی ئاگرەکەیان بۆ پلە پێنج (بەرزترین ئاست) بەرزکردەوە و زیاتر لە 700 ئاگرکوژێنەوە بەشداری لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە و بەهۆی گەورەیی کارەساتەکەوە، حزبە سیاسییەکانی هۆنگ کۆنگ بڕیاریاندا بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانان بەشێوەیەکی کاتی رابگرن، لە کاتێکدا بەشێک لە هاووڵاتیان توڕەیی خۆیان دەردەبڕن و حکومەت بە "کەمتەرخەم" وەسف دەکەن.



