لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری  سریلانکا رایگەیاند، سەرۆکی وڵات لە ماڵەکەی لە کۆلۆمبۆی پایتەخت رایکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان دەکرد. 

سەرچاوەکانی ئەو وڵاتەش بڵاویانکردووەتەوە، سەرۆک بۆ شوێنێکی پارێزراو گواستراوەتەوە و لەکاتی ھەڵاتنیشیدا سەربازان تەقەیان بە ھەوادا کردووە بۆ ئەوەی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن و بیانترسێنن، لە دوای ھەڵاتنی سەرۆکیش سەرۆک وەزیرانی سریلانکا داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی حکومەی کردووە. 

ناڕەزایی ھاووڵاتیانی سریلانکا بەھۆی خراپی رەوشی ئابوری وڵاتەکەیانەوەیە، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەش مانگی رابردوو رایگەیاندبوو کە ئابوری وڵاتەکە داڕماوە و سریلانکا وەک دەوڵەتێکی مایەپووچ دانوستان لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی دراو دەکات. 

لە مانگی نیسانی رابردووشدا سریلانکا دانەوەی قەرزە بیانییەکانی ھەڵپەسارد بەھۆی نەمانی پارەی بیانییەوە، کۆی گشتی قەرزی دەرەکی سەر سریلانکاش ٥١ ملیار دۆلارە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ دەبێت ٢٨ ملیار دۆلار بداتەوە.