بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆڵبارین ئێران میوانداری وڵاتانی ناوچەکە دەکات
کوردسات نیوز
١١ی تەمووزی ٢٠٢٢
نورەڵا مورادی وتەبێژی رێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران رایگەیاند، سبەینێ وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی ناوچەکە لە تاران کۆدەبنەوە بە ئامانجی رووبەرووبوونەوەی دیاردەی خۆڵبارین و پاراستنی ژینگە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا ئێران ھەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی خۆڵبارین خستووەتەگەڕ و بڕیارە لەم کۆنفڕانسەی تاراندا دەستپێشخەری و پلانی تایبەت بخرێتە بەرباس و رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
وتەبێژی رێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران راشیگەیاند، تائێستا ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانی عێراق و ئەرمینیا و سوریا و قەتەر و ئازەربایجان و عوممان و ئیمارات و تورکیا یەکلایی بووەتەوە.


