بایدن وتارێکی بەناوی ( ھۆکاری سەردانەکەم بۆ سعودیە) لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ھەفتەی داھاتوو سەردانی خۆرھەڵاتی ناوەراست دەکات  بۆ دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، سەردانەکەش لەکاتێکی گرنگی ناوچەکەدایە و دەبێتە مایەی بەھێزکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

رونیشیکردووتەوە، کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە لەشاری جەدەی سعودیە ئاماژەیەک دەبێت بۆ دروستبوونی خۆرھەڵاتی ناوەراستی سەقامگیر.

سەرۆکی ئەمریکا، سعودیەی بە ھاوبەشێکی ستراتیژی ٨٠ ساڵەی وڵاتەکەی ناوبرد و وەک خۆی وتی، دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە جەدەوە گەشت بۆ ئیسرائیل دەکات.

سەبارەت بە عێراقیش بایدن رایگەیاند، ئەرکی شەڕکردنی ھێزەکانیان لەناو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق کۆتاییھاتووە و تەنھا ئەرکی مەشق و راھێنانیان ھەیە، وتیشی، ژمارەی کردەوە تیرۆریستییەکان لە عێراق کەمیانکردوە و ئێستا عێراق بۆتە سەکۆیەکی دیبلۆماسی.