عەبدولباری عومەر جێگری وەزیری تەندروستی ئەفغانستان رایگەیاندووە، ژمارەی دانیشتوانی ئەفغانستان ٣٩ ملیۆن کەسە و لەوژمارەیەش، ٣ ملیۆن و٥٠٠ ھەزار کەسیان ئالودەی مادەی ھۆشبەن کە ئەوەش رێژەی لە ٩٪ دانیشتوانی وڵات دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، خەرجی رۆژانەی ھەر تاکێکیان بۆ دابینکردنی ماددەی ھۆشبەر نزیکەی ٣ دۆلاری ئەمریکییە.
پێشتر رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠ رووبەری دابینکراو بۆ چاندنی ئەفیون لە ئەفغانستان ٣٧٪ زیادکراوە و بەو پێبەش ئەفغانستان لە ٨٥٪ی ئەفیونی جیھان بەرھەم دەھێنێت.
لەدوای گرتنەوە دەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لە لایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە لە ١٦ ئابی ساڵی رابردوو ، ٥٤٣٧ ئەفغانی گەیشتوونەتە وڵاتی ئەڵمانیا، کە حکومەتی بەرلین پێی وایە ئەوانەی گەیشتوون و ئەوانەش کە ماون، مەترسی لەسەر ژیان ھەیە لە سایەی دەسەڵاتی تالیباندا.
وەزارەتی ناوخۆیی ئەڵمانیا ڕایگەیاندوە، بەشێک لەو کەسانە کاریان بۆ بەرژەوەندی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا،کردوە یان وەک وەرگێڕ لەگەڵ ھێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا بوون و ئێستا ترسیان ھەیە لە لایەن تالیبانەوە بچەوسێنرێنەوە یان دەستگیر بکرێن.
حکومەتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، گواستنەوەی ئەو کەسانە کاری لە ھەرە پێشینەی کارەکانی دەبێت، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانەوە ٣٨٠٠ ھاوڵاتی ئەفغانی گواسترانەوە بۆ ئەڵمانیا.
ئەحمەد حسێنی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران ڕایگەیاند، موشەکی ھەڵگری مانگی دەستکرد، کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا، خێرایی پێویستی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی نەبووە و پڕۆژەکەیان شکستی ھێناوە.
ھەفتەی ڕابردوو ئێران موشەکێکی بە ناوی سیمۆرغ کە ھەڵگری مانگی دەستکرد بوو، ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد و چەند سەعاتێک دواتر، بەشێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە، پڕۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە، ئەوەش بۆ پێنجەم جارە ئێران لە ڕەوانەکردنی مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان شکست دەھێنێت.
"دیلان یەشیلگوز" کچە کوردێکی خەڵکی باکوری کوردستان و ئەندامی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی بۆ وەزیری داد و ئاسایشی ھۆڵەندا دەستنیشانکراوە، بە پێی زانیارییەکان بڕیارە ١٠ی ئەم مانگە لە حکومەتی نوێی ھۆڵەندا بە سەرۆکایەتی "مارک روتە" دەست بەکاربێت.
"دیلان یەشیلگوز" لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٧٧ لە خێزانێکی کوردی شاری دێرسیم لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە ھۆڵەندا، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئەمستەردام بووە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ ھەڵوێستێکی یەکگرتوویان ھەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیکردنە سەر خاکی ئۆکراین و لەسەر ئەو پرسەش ڕێکخراوەکە ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیا بکات.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، ئەنتۆنی بلینکن پشتیوانی لە پاراستنی سەروەری خاکی ئۆکراین کرد و ڕاشیگەیاند، ئەمریکا لە ھەموو بوارەکاندا پاڵپشتی ئەو وڵاتە دەکات.
پێشتریش جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ھۆشداری دایە مۆسکۆ و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیا ھێرش بکاتە سەر خاکی ئۆکراین، وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
ئاژانسی ھەواڵی کۆریای باکور لە زاری کیم جۆنگ ئون بڵاویکردەوە، گرنگە ھەنگاوی یەکلاکەرەوە بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە پێداویستییەکانی خەڵک.
لە ساڵانی ڕابردوودا لە کاتی دەستپێکی ساڵی نوێدا، سەرۆکی کۆریای باکور بەشی زۆری وتارەکەی تەرخان دەکرد بۆ بایەخدان بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، بەڵام ئەمساڵ بە پێچەوانەوە، تەوەری سەرەکی وتارەکەی تایبەت بوو بە گەشەپێدانی ئابوری و چارەسەرکردنی برسیەتی و کێشەی خۆراک لە وڵاتەکەیدا.
بەھۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییە قەدەغەکراوەکەیەوە، کۆریای باکور ڕووبەڕووی کەمی خۆراک و قات و قڕی بووەتەوە و ناتوانێت وەک پێویست خۆراک بۆ ھاوڵاتیانی دابین بکات.
ئەوەی زیاتر ڕەوشی ناوخۆیی ئەو وڵاتەشی خراپتر کردووە، لەبەر مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ دەرەوەدا داخستووە.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەھۆی ئەو ئاگرەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ناوچەکانی باکوری شاری دێنڤەری لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی گرتەوە، نزیکەی ھەزار خانوو و بینا و باڵەخانە سوتاون و ٣٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێھێشتووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە برینداربوونی حەوت کەس، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بە ھەوڵی باڵیۆزانی ئێران لە تورکیا و سوریا و بە ھاوکاری باڵیۆزخانەکانی ئەو دوو وڵاتە لە تاران، توانیوویانە ئەو نۆ کۆچبەرە کوردەی کە ھاوینی ڕابردوو ڕادەستی بەرەی نوسرە کرابوون، بگەڕێنرێنەوە بۆ ئێران.
مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو نۆ کۆچبەری خەڵکی شارەکانی پاوە و سەردەشت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری ھەرێمی کوردستان لە دارستانەکانی نزیک ئیستەنبوڵ و لە کاتی پەڕینەوەیان بۆ ئەوروپا لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکران، ئەو کۆچبەرانە لەبەر ئەوەی دیپۆرتی ئێران نەکرێنەوە خۆیان بە سوری ناساندبوو و بەھۆیەوە تورکیا ڕادەستی بەرەی نوسرەی کردن.