دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاوارە سورییەکان ڕەخنە لە تورکیا دەگرێت و دەڵێت، تورکیا بە زۆر ئاوارە سورییەکان دەنێرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، لە کاتێکدا ئەو ئاوارانە مافی مانەوەیان لە تورکیا پێدراوە و لە کاتی گەڕانەوەشیان بۆ سوریا ژیانیان لە مەترسیدایە.

بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای نەگونجاوی دۆخی سوریا و بەردەوامیی قەیرانەکان لەو وڵاتە، ھەفتانە ٨٠٠ ئاوارەی سوری لە تورکیاوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئاوارەکان دەکات تا ئەو کاتەی دۆخی سوریا ئاسایی دەبێتەوە لە تورکیا بمێننەوە و نەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.