دانوستانکارانی گروپە چەکدارەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، تورکیا نێوەندگیری کردووە بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێککەوتنێک لەنێوان "فەیلەق ئەلشام، بەرەی شام، جەیشولئیسلام و تەحریر شام".

ڕۆژی شەممە لە شەڕی نێوان ئەو گروپانەدا لە نزیک شاری باب لە پارێزگای حەلەب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، لانیکەم ھەشت کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

لە گوندەکانی ناحیەی شیراوا لە باشووری عەفرین دەستەی تەحریر شام دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە گوندەکانی ناوچەکەدا گرت. بەڵام لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا، گروپە چەکدارەکان گوندەکانیان لە گروپی تەحریر شام سەندەوە.

میدیاکانی رۆژئاڤای کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد، بەھۆی پێکدادانەکانی نێوان ئەو گرووپانەی نزیک لە تورکیا چەندین کەس کوژراون، کە منداڵیشیان لە ناودایە.