ڕاپۆرتەکە لە لایەن ئاژانسی سەرژمێری سەر بە یەکێتی ئەوروپا ناسراو بە "یۆرۆ ستات" بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا لە ئەڵمانیا، ١٠٠ ھەزار و ٢٤٠ کەس داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرییان کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاشکراشیکردووە، ڕێژەی داواکردنی مافی پەنابەریی لە ئەڵمانیا لە ھەموو وڵاتانی ئەوروپا زیاتر بووە و گەیشتووەتە ٢٨.٢٪ لە کاتێکدا ڕێژەکە ساڵی ڕابردوودا لە ھەمان کاتدا ٢٤.٣٪ بووە.
لە دوای ئەڵمانیا فەڕەنسا دێت کە ٧٣ ھەزار و ٢٥٥ کەس داوای مافی پەنابەرییان کردووە، دوای ئەویش ئیسپانیا دێت، کە ٣٩ ھەزار و ٧٥٥ کەس داوای مافی پەنابەرییان کردووە، کەمترین داواکاریش لە ئیتاڵیا تۆمارکراوە و ژمارەکە گەیشتووەتە ٢٨ ھەزار و ٦٤٥ داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، موشەکی زیرکۆنیان بە سەرکەوتوویی تاقی کردووەتەوە، کە خێرایییەکەی لە سەروو خێرایی دەنگەوەیە و دژە کەشتییە. وتیشی، سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکە ھەنگاوێکە بۆ بەھێزکردنی توانای بەرگری و موشەکیی ڕووسیا.
دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کۆشکی کرملینیش ڕایگەیاند، ڕێگە بە ھیچ ھێزێک نادەن، ھەڕەشە بۆ سەر مافەکانی ڕووسیا دروست بکات.
مانۆڕەکە ھاوکاتە لەگەڵ مەترسییەکانی وڵاتانی خۆرئاوا بەرامبەر کۆکردنەوەی ھێزەکانی ڕووسیا لە سنوری ئۆکراین.
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا ڕایگەیاندووە، تیمەکانیان لە کەناراوەکانی شارۆچکەی ئەجەئابات بەلەمێکی ماسیگرییان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە کە بە شێوەیەکی گوماناوی بە دەریادا دەڕۆیشتووە، دواتر ئاشکرابووە ئەو بەلەمە کۆچبەری ناسایایی تێدابووە.
ڕاشیگەیاندووە، لە ناو بەلەمەکەدا ١٤٣ کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە، کە خەڵکی چەند وڵاتێکی جیاوازبوون لە نێویاندا ژن و منداڵیشیان تێدایە.
لە ئێستاشدا کۆچبەرەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارەکانیان، ڕەوانەی ناوەندی دووبارە ناردنەوەی کۆچبەرانی شارۆچکەی ئایڤاجک کراون، شەش تۆمەتباریش بە تۆمەتی قاچاخچیەتی و بازرگانیکردن بە کۆچبەرانەوە، دەستبەسەرکراون.
وەک کاردانەوەیەک بۆ ڕاگەیندراوەکەی وەزارەتی دەرەوی بەریتانیا کە ڕایگەیاندبوو، تاقیکردنەوەی موشەکە بالیستییەکانی ئێران پێشێلکردنی پڕۆژە بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە پێی پێوێستییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆی کار دەکات و ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە ھیچ پەیوەندییەکی بە پڕۆژە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە و سیستمی بەرگری مۆڵەت لە ھیچ کەس و لایەنێک وەرناگرێت و ھیچ کاتێکیش لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ و دانوستان ناکات.
سوپای پاسدارانی ئێران لە مانۆڕێکی سەربازیدا کە بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی ئیسڕائیل ئەنجامیدابوو، ١٦ موشەکی بالیستی تاقیکردەوە.
سەرباری ئەوەی خولی ١٧ھەمی دانوستانەکانی ئەستانە کە بە ئامانجی کۆتاییھێنان بە قەیرانی سوریا لە کازاخستان بەڕێوەچوو، ھیچ بەرەوپێشچوونێکی لە بارەی قەیرانی سیاسی سوریا و خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان وەفدی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە تێدا بەدی نەکرا، بەڵام تێیدا دۆسیەی گروپە تیرۆریستییەکان لە سوریا تاوتوێ کرا.
ئەلکساندەر لاڤرەنتیڤ نێردەی تایبەتی ڕووسیا بۆ سوریا ڕایگەیاند، لە چەند مانگی ڕابردوودا مەترسی بەھێزبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان بە تایبەتی داعش لە سوریا ھەبووە نەک بە تەنھا لە ناوچەکانی باکوری سوریا، بەڵکو لە تەواوی وڵات، بۆیە لایەنە بەشداربووەکانی ئەستانە کە لە ڕووسیا و تورکیا و ئێران پێکدێن ھەڕەشەکانی داعشیان لە سوریا تاوتوێکردووە و پێشنیازیان کردووە پێکەوە ھاوکار بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەی گروپە تیرۆریستەکان لەو وڵاتە.
حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە کوردسات نیوز ڕایگەیاند، یەختێکی تری کۆچبەران کە چارۆکەداربووە، لە دورگەی پارۆس لە دەریای ئیجە ژێرئاو کەوتووە، بە پێی زانیارییەکان ٨٠ کۆچبەری تێدابووە.
وتیشی، پۆلیسی فریاکەوتنی دەریاوانی، بەھانای کۆچبەرەکانەوە ڕۆیشتووە و توانراوە ٦٣ کەسیان ڕزگار بکەن، تەرمی ١٦ کەسیشیان دۆزراوەتەوە، لە ئێستاشدا تیمەکانی دەریاوانی یۆنان و فڕۆکەیەکی تایبەت لە شوێنی ڕووداوەکەن و بەدوای چارەنووسی کۆچبەرەکاندا دەگەڕێن.
لێپرسراوانی ئۆکراین ڕایانگەیاندووە، وڵاتەکەیان پێویستییەکی زۆری بە بەھێزکردنی توانا سەربازییەکانیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی مۆسکۆ، بۆیە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، وەزیری بەرگری ئۆکراین داوای ھاوکاری سەربازیی کردووە و داواکارییەکە دابینکردنی سیستمی بەرگری دژە موشەکیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام لێپرسراوانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە، ئیدارەکەی بایدن تا ئێستا بڕیاری نەداوە و تاوتوێی ئەو ھەنگاوە دەکات.
جین شاھین و ڕۆب پۆرتمان ھەردوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش، داوایان لە ئیدارەکەی بایدن کردوە چەکی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگری دژی موشەک و فڕۆکە و کەشتی و زریپۆش بداتە ئۆکراین تا بتوانێت بەو شێوەیە ڕێگری لە ھەڕەشەکانی ڕووسیا بکات.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە جادەی نێوان ئەھواز-خوڕەمشار لە پارێزگای خوزستان پێنج ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی بارھەڵگر و پاس و سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت خۆیان بە یەکدا کێشاوە و لە ئاکامدا ١٠ کەس گیانیان لە دەستداوە و ١٣ی تریش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا ھۆکاری ڕووداوەکە بەو ردی نەزانراوە و لێکۆڵینەوەی پۆلیس لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ھەفتەی ڕابردوو حکومەتی سعودیە ڕەزامەندی پیشاندا ڕێگە بە سێ دیپلۆماتکاری ئێران بدات بۆ ئەوەی بچنە ئەو وڵاتە و لەگەڵ ڕێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی لە شاری جدە کار بکەن و ھەر لەو شارەش نیشتەجێ ببن، ئەوەش ھەنگاوێکی زۆر باشە بۆ زیاتر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز.
وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا و لە بەغداد پێنجەم خولی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان ئێران و سعودیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە بەغداد دەستپێدەکاتەوە کە تا ئێستا چوار خولی دانوستانیان ئەنجامداوە و ھەرچواریشیان لەلایەن عێراقەوە میوانداری کراوە.
لائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە ڕێی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە، ڕایگەیاند، وەک بژاردەی یەکەم ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی باش لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نییە و پشتیوانی لێدەکەن.
وتیشی، بژاردەی دووەم ڕێککنەکەوتنە و لەم کاتەشدا دەبێت گەمارۆکان چڕ بکرێنەوە و ڕێگە نەدرێت تاران پەرە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بدات. ئاماژەی بەوەشکرد، سێیەم و خراپترین بژاردە، ڕێککەوتنێکی خراپە کە دەبێت ئەمریکا خۆی لێ بە دوور بگرێت.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا سەردانی ئیسڕائیلی کرد و ڕایگەیاند، دەبێت ئەمریکا و ئیسڕائیل ستراتیژێکی ھاوبەشیان بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکانیان ھەبێت.
ماریا لیڤۆڤا کۆمیسیاری ڕووسیا بۆ مافەکانی منداڵ، بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاند، دەیانەوێت لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داھاتوو، قۆناغ بە قۆناغ گەڕاندنەوەی منداڵانی ڕووسیا لە کەمپەکانی ھۆڵ و ڕۆژ لە سوریا دەستپێبکەنەوە و "دی ئێن ئەی"ی تەواوەتیشیان لەو منداڵانە وەرگرتووە کە پێیان وایە ڕووسین.
ڕاشیگەیاند، لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان لە بارەی گرنگی ئەو پڕۆسەیەوە گەیشتوون بە لێکتێگەیشتن و ھیوادارن ئەو ڕێککەوتنانەی ئەنجامیانداون جێبەجێ بکرێن.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕووسیا دەیان منداڵی تیرۆریستە بە ڕەگەز ڕووسیەکانی داعشی لە کەمپی ھۆڵی سوریاوە گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش ھەفتەی ڕابردوو وەفدێکی ڕووسیا سەردانی ڕۆژئاڤای کوردستانی کرد.
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لە نزیک شاری جەلوکاتی لە باشوری بەنگلادیش کەشتییەک بە ٥٠٠ سەرنشینەوە ئاگری گرتووە و بەھۆیەوە ٣٧ کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەشتییەکە لە شاری داکای پایتەختی بەنگلادیش بەرەوە شاری بەرگونە بەڕێکەوتووە و لە نیوەی ڕێگەدا ئاگری گرتووە، تا ئێستاش ھۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە.
پۆلیسی جەلوکاتی ڕایگەیاندووە، تەرمی ئەو ٣٧ کەسەی گیانیان لە دەستداوە، دۆزراوەتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانیش لە ئارادیە، چونکە برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان سەختە.