ھێزە ئەمنییەکانی بەرازیل بڵاویانکردەوە، نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ کەس کە بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکان دژی "لولا دا سیلڤیا" سەرۆکی وڵاتەکە و ھەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەکانی پەرلەمان و کۆشکی سەرۆکایەتی و دادگای باڵا و وەزارەتەکان دەستگیرکراون.
ھاوکات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، سەربازانی بەرازیل بە ھاوکاری ھێزەکانی پۆلیس ئەو خێمانەیان لابرد کە خۆپیشاندەران ماوەی دوو مانگە لە دژی ئەنجامی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەیان لە شاری بەرازیلیای پایتەخت دایاننابوو.
لە دوو رۆژی رابردوودا، لایەنگرانی جاییر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی پێشووی بەرازیل لەشاری بەرازیلیای پایتەخت لە دژی گەڕانەوەی لۆلا داسیلڤا بۆ دەسەڵات، بە جلوبەرگی زەرد و سەوزەوە ھەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەکانی حکومەت و بۆ چەند سەعاتێک لەو شوێنانە مانەوە.
لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرازیل کە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، داسیلڤا ٥١.٩% و بۆلسۆنارۆ ٤٩.١%ی دەنگەکانیان بەدەستھێنا، تائێستاش لایەنگرانی بۆلسۆنارۆ ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە.
پرایس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر حکومەتی دیمەشق نەگۆڕاوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا ئاسایی ناکەنەوە، پشتیوانی نزیکبوونەوەی ھیچ وڵاتێکیش لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەددا ناکەن.
پرایس جەختیشیکردەوە، لە چارەسەری سیاسی ھەمیشەیی بۆ قەیرانی سوریا دوای ١٢ ساڵ لە سەرھەڵدانی جەنگ، بە مەرجێک لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان یەکبگرێتەوە.
کۆشکی سپی رایگەیاند، دەنگیان دەخەنە دەنگی پاڵ ھەموو ئەو وڵاتانەی داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن بۆ رەوشی ئێران.
ھاوکات کەنەدا سزای نوێی بەسەر تاراندا سەپاند، کە سزاکان دامەزراوەی ١٥ خرداد و رۆژنامەیەکی ئێرانی دەگرێتەوە.
لای خۆشیەوە "ئەنالینا بیربوک" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جارێکی تر باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگھێشتکردەوە و رایگەیاند، ھیچ داھاتوویەک بۆ حکومەتێک نییە کە ھاووڵاتیانی خۆی بکوژێت و ترس بڵاوبکاتەوە.
دوای ئەڵمانیا ھەریەک لە فەڕەنسا و بەریتانیا، کاربەڕێکەری کارەکانی ئێرانیان لە وڵاتەکانیان بانگھێشتکردەوە و ئیدانەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان بۆ سەر خۆپیشاندەراندا کرد.
دوای دوو رۆژ لە لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەر، رۆژی دووشەممە حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ خۆپیشاندەری دیکەدا سەپاند و دوو خۆپیشاندەری تریش مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەیان لەسەرە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی تورکیا، ئەمڕۆ دادگای دەستوری تورکیا سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" کۆدەبێتەوە، لەکاتێکدا شەش مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا.
میتحات سینجار ھاوسەرۆکی ھەدەپە رایگەیاندووە، دۆسیەی داخستنی ھەدەپە لەژێر فشارەکانی مەھەپە و ھێزە تاریکەکاندا کراوەتەوە و ھیچ رەوایەتییەکی نییە. وتیشی، شکستێکی گەورە رووبەرووی ئەوانە دەکەنەوە کە فشاریان بۆ دروستدەکەن و ئەوەی داھاتووی ئەم وڵاتە دیاری دەکات سندوقەکانی دەنگدانە نەک ئەندامانی دادگای دەستوری.
ھاوکات کەمال کلچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەھەپە رایگەیاند، بڕینی بودجەی حزبەکان و داخستنی ھەژمارەکانیان بە ڕاست نازانن و لەگەڵ دیموکراسی ناگونجێت. وتیشی، ئەمە تەنھا ھەدەپە ناگرێتەوە و ئەوان بەردەوام دەبن لە خەباتی خۆیان.
پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە، لە ساڵی ٢٠١٢ لە ئەنقەرە دامەزراوە و لەئێستادا سێیەمین گەورەترین پارتی تورکیایە و لەدوایین ھەڵبژاردندا ١١.٧%ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە، تائێستاش پێنج کۆنگرەی بەستووە.
"تۆفیق رەبیعە"وەزیری حەج و عومرەی سعودیە لە کۆنفرانسێکدا لە شاری جدە رایگەیاند، وەرزی حەجی ئەمساڵ و ژمارەی حاجیان ھاوشێوەی ساڵانی پێش کۆرۆنا دەبێت و ھیچ رێکارێکی تەندروستی نامێنێت.
وتیشی، بەھۆی کۆرۆناوە رێگەنەدەدرا ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو ٦٥ ساڵەوەیە فەریزەی حەج بەجێبگەیەنن، بەڵام بۆ ئەمساڵ مەرجی تەمەنیش لابراوە، ھەروەھا نرخی بیمەی تەندروستی بۆ حاجیان ٧٣% و بۆ عومرەکاران ٦٣% کەمدەکرێتەوە.
ھاوکات"کاروان ستوونی" وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی گۆڕانکارییەکانی سعودیە لە ئەنجامدانی حەج و عومرە، رێژەی سەردانکەرانی حەج لە ٤٢%ەوە دەبێتەوە بە ١٠٠% ، پشکی ھەرێمیش پابەندە بە عێراق، ئەوانیش بە پێی رێژەی ژمارەی دانیشتوان دیاریدەکەن.
وتیشی ساڵی رابردوو دوو ھەزار و ١٢٠ کەس لەھەرێمەوە چوونەتە حەج، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەو رێژەیە ببێتەوە بە دوو ھێندە و نزیکەی پێنج ھەزار کەس لە ھەرێم فەریزەی حەج بە جێ بگەیەنن.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی نرخی عومرەش رایگەیاند، نرخی عومرە لە ٢٣٥ ریاڵی سعودیەوە کەمکراوەتەوە بۆ ٨٩ ریاڵ، بەوەش نزیکەی ٥٠ دۆلار کەمدەبێتەوە.
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشکرایکرد، ئەنقەرە و دیمەشق تائێستا ھیچ وادەیەکیان بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکانیان دیارینەکردووە و سەرباری ھۆشدارییەکانی ئەمریکاش بۆ ئاسایینەکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، بەڵام پێشبینیدەکرێت کۆبوونەوەکە بکەوێتە دوای سەردانەکەی ١٧ی ئەم مانگەی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەمریکا.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە حکومەتی تورکیا بە رۆژنامەی حوڕییەتی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کار لەسەر دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا و روسیا دەکەن و کۆبوونەوەکە چەند ھەفتەی داھاتوو بەڕێوەدەچێت.
لەلایەکی ترەوە ئێرانیش لەسەر نزیکبوونەوەی تورکیا و سوریا ھاتووەتە سەر ھێڵ، لەو بارەیەوە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران پلانی ھەیە سەردانی دیمەشق و ئەنقەرە بکات و تاران پشتیووانی لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات.
ئەبو سەمەد خوڕەم ئابادی یاریدەدەری داواکاری گشتی ئێران رایگەیاند، لەسەر فەرمانی داواکاری گشتی، داوایان لە پۆلیسی وڵاتەکەیان کردووە بە توندترین سزا روبەڕوی ئەو کەسانە ببنەوە کە پێشێلی یاسای باڵاپۆشیی زۆرەملێ دەکەن.
راشیگەیاند، پێویستە ھەموو ئەو کەسانەی پێشێلی یاساکە دەکەن دەستگیربکرێن و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکرێنەوە، بۆ ئەوەی روبەڕوی سزای گونجاو بکرێنەوە.
لە ماوەی رابردوودا و بەتایبەت دوای خۆپیشاندانەکان، لەچەندین شوێنی گشتی و سەر شەقامەکان گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە ژنان و کچان بەبێ لەچک بە شەقامەکاندا دەگەڕێن.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند،"سەید قادر پاکنەھاد"چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی پیرانشار، دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون، بەبارمتەی قورسی ٩ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.
ھەروەھا "عەلیڕەزا رەسووڵیانپوور"تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن دادگای تاوانەکان لە پیرانشار، بە تۆمەتی"پێکھێنانی باند و گرووپ بۆ ئاژاوەگێڕی بە دژی ئاسایشی نیشتمانی"سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواستراوەتەوە.
بەپێی رێکخراوەکە، مێردمنداڵێکی شاری شنۆ بە ناوی"ئیحسان محەمەدی" تەمەن ١٦ ساڵ زیاتر لە ٩٠ رۆژە دەستگیرکراوە، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
ھاوکات ھەشت ھاووڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئابدانان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە ناڕوونی چارەنووس و خراپی شوێنی ڕاگیرانیان.
"ئامینە عومەر"ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات"مەسەدە" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان کردوە لەسەر پرسی ھەڕەشە و ئامانجەکانی تورکیا، ھەروەھا بابەتەکانی تایبەت بە پێشێلکاری و گۆڕانی دیمۆگرافی لە سوریا.
وتیشی، تەوەرێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بووە بە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.
ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی لێکنزیکبوونەوەی سوریا و تورکیا، لەژێر چاودێری روسیا و مەترسییە ئەمنییەکان و ناسەقامگیری ناوچەکە گفتوگۆی لەسەرکراوە.
جەختی لەوەشکردەوە، چەندین خاڵی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولا ھەیە و لەداھاتویەکی نزیکدا چالاکی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولا ئەنجام دەدرێت.
شەوی رابردوو و دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی گواستنەوەی (محەمەد بۆرۆغەنی) و (محەمەد قوبادلو) بۆ ژووری تاکەکەسی لە زیندانی (رەجایی شاری) کەرەج، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان، کەسوکاریان و ژمارەیەک خەڵکی ناڕازیی لەبەردەم زیندانەکە گردبوونەوە و دوای راگرتنی سزاکەیان کرد.
دایکی (محەمەد قوبادلو) رایگەیاند، کوڕەکەی نەخۆشە و دۆسیەی پزیشکی ھەیە، بەڵام بەرپرسانی دادگا گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرن و تاکلایەنە سزاکەیان بەسەردا سەپاندووە.
(محەمەد بۆرۆغەنی) تەمەن ١٩ ساڵ و (محەمەد قوبادلو) تەمەن ٢٢ ساڵ بە تۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئێران دوو خۆپیشاندەری دیکەی بە ناوەکانی (محەمەد مەھدی کەرەمی) و (سەید محەمەد حسێنی) لەسێدارەدا و بڕیارەکەش کاردانەوەی جیھانیی لێکەوتەوە.
(لارس لوکە راسموسن) وەزیری دەرەوەی دانیمارک رایگەیاند، بانگھێشتی باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی پەیامێکی توند و توڕەیی خۆیان دژ بە توندوتیژییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران بگەیەننە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.
ھاوکات )ھاجا لەھبیب) وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان لە یەکێتی ئەوروپا بانگھێشتنی باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکانیان دەکەن، لە ئێستاشدا تاوتوێی سەپاندنی زنجیرەیەک سزای نوێ بەسەر تاراندا دەکەن.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا بانگھێشتی باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکە کردووە و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران دەربڕیوە.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویکردەوە، فائیزە رەفسنجانی کە بەتۆمەتی ھاندانی توندوتیژی و خۆپیشاندان لە زینداندایە، بە تۆمەتێکی تری ھاوشێوە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە .
فائیزە رەفسنجانی بە رەخنەگرێکی توند لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دادەنرێت و یەکێک بووە لەو کەسانەی دژی لابردنی سوپای پاسدران بووە لە لیستی سزاکانی ئەمریکا.
فائیزە رەفسنجانی راشیگەیاندوە، گومانێکی جدی ھەیە لەسەر تواناکانی ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆمار لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی جێبەجێکار.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی دیبلۆماسی رۆژئاواوە گواستییەوە، ئەمریکا بە نیازە بە ناردنی بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی نێوەندگیری بکات لە نێوان ھەسەدە و تورکیا، پێش ئەوەی تورکیا ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازیەی دەستپێبکات کە بریارە پێش ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە نیوەی ئەمساڵدا لە ناوچە سنورییەکانی تورکیا- سوریا ئەنجامی بدات .
ئەنقەرە داوا لە روسیا و واشنتۆن دەکات پابەندبن بە رێککەوتنی ٢٠١٩ی تایبەت بە کشانەوەی ھەسەدە بە قوڵای ٣٠ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا -سوریا، بەڵام ھەسەدە جەختدەکاتەوە کە ھێزەکانی ئاسایش ناکشێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی دیبلۆماسی دەڵێت، ئەنقەرە خۆشحاڵ نییە بە دزەکردنی زانیارییەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ لەبارەی رەزامەندی ئەنقەرە بۆ کشانەوەی تەواوەتی لە باکوری سوریا.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی درێژکردنەوەی گەیاندنی ھاوکارییەکان لەڕێی دەروازەی "بابلھەوا" بۆ باکوری خۆرئاوای سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندایە تا ١٠ی تەمووزی داھاتوو دەکات، بەوەش گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ چوار ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس لەو ناوچانە بەردەوام دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت روسیا لەو کۆبوونەوەیەدا دژی بڕیارەکە دەنگبدات، چونکە چەندین جار جەختی کردووەتەوە لەوەی گەیاندنی ئەو ھاوکارییانە کە لەساڵی ٢٠١٤ەوە دەستیپێکردووە دەبێت بۆ ماوەیەکی کاتی بێت، ئێستاش دەیەوێت ھاوکارییەکان لەڕێی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریاوە بگەیەندرێن نەک تورکیا.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردسات نیوزدا لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان لەلایەن عێراقەوە رایگەیاند، چاوەڕوانن حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنورییەکان جێبەجێ بکات و بەپێی ئەو راپۆرتانەش بەدەستیان گەیشتووە، ھەنگاوی باش لەو بوارەدا نراوە، بەڵام ئێران خوازیاری ھەنگاوی زیاترە و دەیەوێت سنورەکان بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکرێن.
وتیشی کوماری ئیسلامی ئیران پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە و ئامادەی ھەرجۆرە ھاوکارییەکن بۆ لێکنزیککردنەوەی ھەولێر و بەغداد و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، بڕوای تەواویان بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق ھەیە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایگەیاند، لەماوەی ئەمساڵدا سەرجەم رێکارە رەسمی و یاساییەکانی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ تەواو دەکرێن و لە کۆتایی مانگەکانی ئەمساڵیشدا ئەو دوو وڵاتە بە رەسمی دەبنە ئەندامی نوێی ناتۆ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی سوید و فینلەندا مەرجەکانی تورکیا و رێکەوتنەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بە تەواوی جێبەجێکردووە.
ئۆڵف کریسترسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدیش رایگەیاند، تورکیا ئاستەنگی زۆر دروست دەکات و تەنھا بۆئەوەی کێشە بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ دروست بکات، ھەندێک مەرج و داواکاری ھەیە کە بەھیچ وڵاتێک جێبەجێ ناکرێت.