بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی رۆژھەڵات ٢٣ ھاووڵاتی دیکە لە شارەکانی"سنە و مەھاباد و پیرانشار و شنۆ و ئورمیە" دەستبەسەرکراون.
ھەر بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە لەدرێژەی خۆپیشاندانەکان دژ بەگیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، تائێستا زیاتر لە دوو ھەزار کەس لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون، لەو ژمارەیەش ناسنامەی ٤٠٠ کەسیان ئاشکرابووە، ھەروەھا لەنێودەستبەسەرکراوەکانیشدا زیاتر لە ١٠٠ چالاکوانی ژنی تێدایە و ناسنامەی ٧٥ کەسیان ئاشکرا کراوە.
ھاوکات بەپێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیانلەدەستداوە کە ٢٣یان کوردن.
ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دوورگەی لیسبۆسی یۆنان لە ناوەندی دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت و تائێستاش تیمە دەریاییەکانی یۆنان پێنج کۆچبەریان لە خنکان رزگارکردووە و تەرمی ١٥ کۆچبەریش دۆزراوەتەوە.
راشیگەیاند، بەلەمەکە نزیکەی ٤٠ کۆچبەری ھەڵگرتووە و تائێستاش ٢٠ کۆچبەر بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دوورگەی کیسیرا لە باشووری یۆنان، دوای پێکدادانی لەگەڵ تاشەبەردی ناو ئاوەکە ژێرئاوکەوت و نزیکەی ٣٠ کۆچبەر لە خنکان رزگارکران.
بەرنامەی تەنزئامێزی ھەفتانەی سویدیش نیوز، ھاوشێوەی بەرنامەی گفتوگۆی ئەمریکی، گاڵتە بە سیاسەتمەداران و کەسایەتییەکانی سەرتاسەری جیھان دەکات.
لە زنجیرەی ئەم دواییەی بەرنامەکەدا کە ناوی "ڤیتۆ تورک" بوو، میوانداری کادر مێراڵی کرد، کە تەنزنووسێکی کوردە و لە بەرنامەکەدا دوو خولەک نمایشێکی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد.
لە بەرنامەکەدا مێرال، ئەردۆغان بە "گەمژە" ناودەبات و دەڵێت بژی دیموکراسی، پاشان ئاڵای کوردستان لەلای چەپی پیشان دەدات و بە مۆسیقای نەریتی کوردیی شمشاڵ و تەپڵ کۆتایی بە بەرنامەکەی دەھێنێت.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی میدل ئیست ئای، تورکیا بە فەرمی گلەیی لە سوید کردووە لەسەر ئەو بەرنامەیە. کوردسات نیوز زانیویەتی، رۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا سکاڵایەکی رادەستی باڵیۆزی سوید کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتویەتی، ناکرێت ئەو لێدوانانە وەک بەشێک لە ئازادی رادەربڕین تەماشا بکرێن.
ڕۆژنامەی سەباحی لایەنگری ئەردۆغان، ئەو بەرنامەیەی بە "شەرمەزاری بۆ تەلەفزیۆنی سوید" ناوبردووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ نووسیویەتی "ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ستافان ھێرسترۆم باڵیۆزی سویدی لە ئەنقەرە بانگھێشت کردووە، بەھۆی پەخشێک لە تەلەفزیۆنی سوید (SVT) کە لێدوان و وێنەی سووکایەتی لە دژی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بڵاوکردووەتەوە".
ڕۆژنامەی ئێکسپرێسنی سویدی بڵاویکردووەتەوە، ئیبا ئەدیلسۆن، دەرھێنەری بەرنامەکەی تەلەڤزیۆنی SVT سویدی نایەوێت بە تایبەتی لێدوان لەسەر ئەو ڕەخنانەی تورکیا بدات، بەڵام دەڵێت کە لە داھاتوودا کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی بەرنامەکە نابێت.
چالاکوانێکی کورد بە کوردساتی ئینگلیزی وت، کوردێکی زۆر لە سوید دەژین و کوردەکان ئەندامێکی زۆریان لە مەجلیسی نیشتمانی سوید ھەیە و چەندین پۆستی باڵایان لە حکومەتدا ھەیە، بێبەشکردنی کورد ھەمان ماف لە ھاوڵاتیانی دیکەی سویدی دادپەروەرانە نییە.
رێکخراوی پاراستنی رۆژنامەوانان لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند، لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و سەرھەڵدانی خوپیشاندانەکان لەو وڵاتەدا رۆژنامەنوسانیش ھاوشێوەی ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و بەپێی ھەواڵە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە چەندین رۆژنامەنوس دەستگیرکراون.
رێکخراوەکە ناو و ناسنامەی ٣٥ رۆژنامەنوسی بڵاوکردووەتەوە لەوانە رۆژنامەنوس نیلۆڤەر حامدی پەیامنێری رۆژنامەی شەرق، کە یەکەم کەس بوو ڤیدیۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە.
رێکخراوی پەیامنێرای بێ سنوریش جەختیانکردووەتەوە لەوەی تا ئێستا ناوی ٢٨ رۆژنامەنوسیان لەلایە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکراون ئازاد نەکراون، ھەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن رێگە بە حکومەتی ئێران نەدەن چیتر مافی ئازادی و رۆژنامەنوسی لەو وڵاتەدا پێشلیبکرێت و گۆشار بخەنە سەر حکومەت بەزوترین کات ئەو رۆژنامەنوسانە ئازاد بکەن.
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە یەختێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە لە نزیک دوورگەی (کیسیرا)ی یۆنان، بەھۆی ھەڵکردنی بایەکی بەھێز خۆی کێشا بە بەردێکی گەورەی کەناراوەکە و تێکشکا و ژێرئاوکەوت.
بەپێی زانیارییەکان، تائێستا نزیکەی ٦٠ کۆچبەر لەو رووداوە رزگارکراون کە رەگەزنامەی عێراقی و ئەفغانیشیان تێدایە، ھەروەھا تەرمی ٢٢ کۆچبەریش دۆزراوەنەتەوە و ژمارەیەک کۆچبەری تریش بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
بەھۆی خراپی رەوشی کەشوھەوا لە ناوچەکە تیمەکانی دەریاوانی یۆنان ناتوانن بەپێی پێویست گەڕان ئەنجام بدەن.
ڕێککەوتنی نێوان ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و ھاوپەیمانەکانی لەنێویاندا ڕووسیا کە ھاوپەیمانییەکە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە، پێش قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپا دێت، ھەروەھا فشار دەخاتە سەر پێداویستییەکان لە بازاڕدا.
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیە رایگەیاند، کەمکردنەوەی راستەقینەی دابینکردنی نەوت لەژێر رۆشنایی بەرزی رێژەی سوودی رۆژئاوا و لاوازی ئابووری جیھان دێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمکردنەوەی بەرھەمھێنان بەرامبەرە بە نزیکەی لەسەدا دووی دابینکردنی جیھانی.
لەسەر ئاستی جیھان رۆژانە ٩٧ ملیۆن بۆ ٩٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو دەخرێتە بازاڕەوەو وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لەسەدا ٤٢ بەرھەمی نەوتی خاوی جیھانی دابین دەکەن، بە کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کاریگەری راستەوخۆ لەسەر بازار دروست دەکەن.
عێراق کە یەکێکە لە وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک، رۆژانە پێویستە ٢٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو کەمتر ھەناردەی دەرەوە بکات کە لەمانگێکدا زیاترە لە شەش ملیۆن بەرمیل، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر کەمبونەوەی داھاتی عێراق.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە ڕێککەوتنەکە گرت و بە "کورتبین" وەسف کرد، ئۆپێک پڵەسی تۆمەتبار کرد لەژێر فشاری رووسیادا ئەو بڕیارەیان داوە کە ئەو وڵاتە لە جەنگێکدایە دژی ئۆکرانیا.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ھەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا پشکەکانی نەوتی ستراتیژی زیاتر بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی نرخەکان دابەزێنێت یان نا.
کۆشکی سپی راوێژ بە کۆنگرێس دەکات سەبارەت بە رێگای زیاتر بۆ کەمکردنەوەی ئۆپێک پڵەس کە کۆنترۆڵی نرخی وزە نەکەن.
لای خۆیەوە، ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی رووسیا رایگەیاند، رەنگە رووسیا بەرھەمھێنانی نەوت کەمبکاتەوە، ئەمەش لە ھەوڵێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاردانەوەی سەپاندنی سەقفی رۆژئاوا لەسەر نرخی وزەی رووسیا
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سێ ھەفتەیە بەردەوامە و بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٣یان کوردن.
ھەروەھا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد، لە خۆپیشاندانەکانی شاری زاھیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٦٦ کەسیان لە ھەینی رابردوودا بووە.
بەرامبەر بەکارھێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و راگرتنی ئینتەرنێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ھەریەکە لە ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆ و عیسا زارێعپور، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێراندا سەپاند.
جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندوە، بەرپرسە سزادراوەکان سامانەکانیان لە ئەمریکا بلۆک دەکرێت و رێگەیان پێنادرێت بگەنە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی.
"کارین جین پیێر" وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئیدارەکەی بایدن ھەوڵدەدات کارئاسانی بکات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بە ئێرانییەکان.
دووپاتیشیکردەوە، ئەمریکا دژی ئەو پێشێلکاریانەیە کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامی دەدەن، بۆیە سزای زیاتر بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە محەمەد باقری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بەوەی لە پشت ئەو رووداوانەوەن کە لەم دواییانەدا دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ئێران بەخۆیەوە دەبینێت.
خۆپیشاندانەکان چەندین زانکۆی شارە جیاوازەکانی گرتەوە، بەشێوەیەک خوێندکارانی چەندین زانکۆ لە شارەکانی نەجەف ئاباد و زنجان و بەندەرعەباس و مەشھەد و تاران گردبوونەوە و دروشمی "ئازادی"یان بەرزکردەوە. بەشێک لە خوێندکارانیش دەیانوت زانکۆکان بوونەتە زیندان.
ھاوکات رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سێ خوێندکاری زانکۆی رازی لە کرماشان دەستگیرکراون.
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی ھەنگاو، ژمارەی گیانلەدەستدانی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ ٢٣ کەس بەرزبووەتەوە و پێشبینیشدەکرێت روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر بکات.
میدیاکانی ئەوروپا بڵاویانکردوەتەوە، لەکۆبوونەوەیەکی سەرجەم وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کە لە چیک بەڕێوەچوو، باس لەو راپرسییانە کراوە کە روسیا لە چوار ھەرێمی ئۆرکراین ئەنجامی داوە جەختیانکردوەتەوە کە بەھیچ شێوەیەک دان بەو راپرسییانەدا نانێن و ھەموو ھەنگاوەکانی مۆسکۆش لەو چوارچێوەیە بە نایاسایی و پێشێلکردن یاسا نێودەوڵەتییەکان دەزانن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەیاندا لەسەر ئەوە رێککەوتوون سزای زیاتر بەسەر روسیادا بسەپێنن وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەوەی کە روسیا چوار ھەرێمی ئۆکراینی خستووەتە سەر وڵاتەکەی و لە داھاتوویەکی نزیکیشدا جۆر و شێوازی سزاکان بڵاودەکەنەوە کە زیاتر بوارەکانی بازرگانی و ئابووری دەگرێتەوە.
"بایدن" وتیشی، ئەمریکا بە نیگەرانیەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەو راپۆرتانەی لەبارەی بەردەوامی توندوتیژییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران لە ئێران بڵاودەبنەوە، لەناویاندا توندوتیژیی بەرامبەر خوێندکاران و ژنان.
نزیکەی ٢٠ رۆژە بەھۆی گیان لە دەستدانی ژینا ئەمینی خۆپیشاندانی فراوان لە سەدان شاری رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردووە و بەھۆی دروستبوونی گرژییەوە دەیان خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە.
ئۆستن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ( سی ئێن ئێن) ئاماژەی بەوەکرد، ھیچ کۆنتڕۆڵێک بۆ رەفتار و کردەوەکانی پوتن نیە و بە بڕیارێکی بێ پێشینە ھێرشی کردە سەر ئۆکراین و لەوانەیە ھەر بڕیارێکی تریش بدات.
ئۆستن ھەڕەشەکانی پوتنی بە نابەرپرسیارانە ناوبرد و رایگەیاند، پێویست ناکات گوێیان لەو جۆرە ھەڕەشانە بێت لە سەرکردەی وڵاتێکی گەورەی خاوەن توانای بەرز.
ھەفتەی رابردوو ڤلادیمێر پوتن لە رێوڕەسمی لکاندنی چوار ھەرێمی ئۆکراین بە خاکی وڵاتەکەیەوە، ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی کرد بۆ پاراستنی وڵاتەکەی.
کریستالینا جۆرجیفا بەڕێوەبەری سندوقی نێودەوڵەتی دراو رایگەیاند، جیھان رووبەڕووی خراپترین قەیرانەکانی خۆراک بووەتەوە کە ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە و لەگەڵیشیدا ئاسایشی خۆراکی تێکچووە.
وتیشی، ٤٨ وڵات رووبەڕووی لێکەوتەکانی قەیرانی خۆراکی جیھانی بوونەتەوە و نیوەیان لەبەردەم مەترسیدان.
رونیشیکردەوە، ٤١ ملیۆن کەس لە وڵاتانی عەرەبی رووبەڕووی مەترسی نەبوونی ئاسایش خۆراک بوونەتەوە و سندوقی نێودەوڵەتی دراو دەنگی دەخاتە پاڵ رووبەڕووبوونەوەی کۆت و بەندەکانی بازرگانی ماددە خۆراکییەکان لەپێناو ئاساییکردنەوەی رەوشەکە.
سەرلەبەیانی ئەمرۆ، کۆریای باکور موشەکێکی بالیستی تاقیکردەوە و موشەکەکە بە ئاسمانی ژاپۆندا رۆیشت و لە زەریای ھێمن کەوتە خوارەوە.
سەبارەت بەو تاقیکردنەوەیە، ئادریین واتسۆن وتەبێژی جاک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاندووە، سۆلیڤان دوو پەیوەندی جیای لەگەڵ ھاوتا ژاپۆنی و ھاوتاکەی لە کۆریای باشور ئەنجامداوە بۆ ئەوەی پێکەوە ئامادەکاری بکەن و وەڵامێکی بەھێزی ئەو ھەنگاوەی پیۆنگ یانگ بدەنەوە، بۆ ھەردوولاشی دوپاتکردۆتەوە کە ئەمریکا پابەندە بە بەرگریکردن لە ژاپۆن و کۆریای باشور.
سوک یول سەرۆکی کۆریای باشوریش ئەو ھەنگاوەی کۆریای باکوری بە ھەڵەشە ناوبردووە و دوپاتیکردووەتەوە کە سوپای وڵاتەکەی و ھاوپەیمانەکانی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی وەڵامیان بۆی دەبێت.
ھاوکات ھیرۆکازۆ ماتسۆنۆ وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاندووە، ئەو زنجیرە رێکارەی کۆریای باکور گرتویەتیەبەر لە نێویاندا تاقیکردنەوە موشەکییەکان، ھەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ژاپۆن و ناوچەکە و کۆمەڵی نێودەوڵەتیش دروست دەکات.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی تاران دەکرێن، لەبارەی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران، لە لایەن روسیاوە لە جەنگی ئۆکراین بێبنەما و ناراستن.
راشیگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکراین تاکو ئێستا، تاران جەخت لە پێویستی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی روسیا و ئۆکراین بە رێگەی سیاسی و دوور لە توندوتیژی کردووەتەوە.
ناسر کەنعانی وتیشی، لە چەند مانگی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران، ژمارەیەک پەیوەندی و دیداری لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئۆکراین ھەبووە و لە ھەموو ئەو پەیوەندیانەش جەختی لە پێویستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتیانە و دانوستان کردووەتەوە و لەو رووەوە ئێران ئامادەی ھاوکارییە.
لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکرد، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتووە و مۆسکۆش ئەو درۆنانەی لە جەنگی ئۆکراین بەکارھێناوە.
نوێنەرانی ئەمریکا و فەڕەنسا و ھندستان و مەکسیکیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، ھێرشەکانی ئێران لە ھەریمی کوردستان پێشێلکردنی سەروەرری عێراقە و پێویستە رێز لە سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان بگیرێت، چونکە ئەو ھێرشانە ھەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەقامگیری ناوچەکە.