ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی وەڵامی ئەمریکای لەسەر وەڵامی ئێران بۆ رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پێشنیازکراوە پێگەیشتووە و لەئێستادا تاران تاوتوێی وەڵامەکەی ئەمریکا دەکات و دواتر بۆچوونی خۆی لەسەر وەڵامەکە دەداتەوە یەکێتی ئەوروپا کە نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکات.
پێشتریش ئێران وەڵامی ھەمان پێشنیازی داوەتەوە و بە وتەی لێپرسراوانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ، ئێران لە وەڵامەکەیدا نەرمی نواندووە و سازشی لەسەر ھەندێک دۆسێی ستراتیژی و خاڵی ناکۆک کردووە و دەستبەرداری یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بووە کە دەرھێنانی ناوی سوپای پاسدارانە لە لیستی تیرۆر.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، ئەوەش دوای چەند خولێک لە دانووستان لە نێوان وڵاتانی خۆرئاوا و ئێران کە لە ڤییەننا بەرێوەچوو.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو دوو پێگەیان لە گوندی خەزرا و کێڵگەی کونوکو لە باکوری خۆرھەڵاتی سوریا بە ھەلیکۆپتەری ئاپاچی بۆردومان کردووە، بەھۆیەوە دوو یان سێ چەکدار کە گوماندەکرێت لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی بکرێن کوژراون و سێ ئۆتۆمبێل و سەکۆیەکی تۆپھاوێژیش لەناوبراون.
جەختیشیکردەوە، ئەمریکا ھەوڵی ئاڵۆزکردنی رەوشەکە لەگەڵ ئێران نادات، بەڵام ھەموو ھەنگاویک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و بەرگریکردن لێیان.
ئەو بۆردومانەی ئەمریکا لە وەڵامی ھێرشەکەی شەوی رابردووی گروپە چەکدارەکان بوو بۆ سەر شوێنی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە گوندی خەزر، کە بەھۆیەوە سێ ئەمریکی برینداربوون.
دوێنێش سوپای ئەمریکا بۆردوومانی گروپە چەکدارەکانی نزیک ئێرانی لە شاری دێرەزووری سوریا کرد.
ھاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن بڵاویکردەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، وەک ئامادەکارییەک بۆ روبەڕوبوونەوەی ھێرشی دیکە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە بکرێتە سەریان.
تاکیس سیۆدۆریکاکۆس وەزیری پاراستنی ھاووڵاتیانی یۆنان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەممانگەوە ٢٥ ھەزار کۆچبەر ھەوڵیانداوە بە نایاسایی خۆیان لە سنوورەکانی تورکیاوە خۆیان بگەیەننە یۆنان، وتیشی، گوشارەکان لەسەر سنوورە وشکانی و دەریاییەکانی یۆنان لەگەڵ تورکیا لە زیادبووندایە و دەبێتە مەترسییەکی زۆر لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی یۆنان.
راشیگەیاند، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی روو لە یۆنان دەکەن سووریین و لە لایەن تورکیاوە خراونەتە نێوان دوو بژاردە، ئەویش گەڕانەوە بۆ سوریا یان کۆچکردن بەرەو یۆنان، وتیشی، تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیک رەوشی کۆچبەران دەقۆزێتەوە.
لەسەر پرسی کۆچبەران ناکۆکی لە نێوان تورکیا و یۆنان دروستبووە و چەندینجار بەرپرسانی تورکیا یۆنانیان بە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەو کۆچبەرانە تۆمەتبار کردووە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی یۆنانەوە، بەڵام یۆنان ئەو پرسە رەتدەکاتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا لە شارۆچکەی ئەھلاتی سەر بە بەدلیس رایگەیاند، کە کاتی ھات لەناکاو ھێرش دەکەنە سەر باکوری سوریا و ئامانجی ئۆپراسیۆنەکانیشیان ئەوەیە تا قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بچنە نێو خاکی سوریاوە و تا گەیشتن بە ئامانجەش ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوامییان دەبێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت بەھەموو جیھان بڵێت تاکو ئارامی بۆ سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا نەگەڕێنێتەوە ئۆپراسیۆنەکانیان راناگرن.
ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی رەزامەندی ئێران و روسیا بۆ ھێرشکردنە سەر رۆژئاوات کوردستان، چەند جارێک لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەتەوە، بەڵام تائێستا مۆسکۆ و تاران گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەنقەرە ھەڵنەکردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە قەیرانەکانی سوریا لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەربکرێن نەک رێگای سەربازی.
دوای ھەڵوێستەکانی ئێران و روسیاش، سوپای تورکیا ھێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و تائێستا بەھۆیانەوە چەندنی ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون و برینداربوون، خۆبەڕێوەبەری رۆژھەڵات و باکوری سوریاش داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات سنورێک بۆ ھێرشەکانی تورکیا دابنێن.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری (یونسکۆ) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا خەڵاتی ئاشتیی ڕێکخراوەکەی پێدەبەخشرێت، بەھۆی وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر پەنابەر لە وڵاتەکەیدا و مامەڵەکردنی مرۆییانە لەگەڵیاندا.
دێنیس موکوێگی، سەرۆکی دەستەی سوێندخواردنی خەڵاتی ئاشتیش رایگەیاند، بڕیاری بوێرانە بۆ وەرگرتنی زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار پەنابەر لە ساڵی ٢٠١٥دا بە پلەی یەکەم کە لە سوریا، عێراق، ئەفغانستان و ئێریتریا بوون، کاریگەریی گەورەی لەسەر دادپەروەری ھەبووە و مێرکڵ وانەیەکی لە مێژوودا بەجێھێشت.
ئۆدری ئازۆلای بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆش رایگەیاند، ھەوڵەکانی مێرکڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پەنابەران بەرز دەنرخێنێت، ئاماژەی بەوەشدا، ئێش و ئازارەکان جیھانین، بۆیە دەبێت چارەسەرەکان و کەمکردنەوەی ئازارەکانیش جیھانی بن.
بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی پەنابەرانی سوریا لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠٠ ھەزار کەس، کە ٤٠%یان ژنن.
سەرچاوەکانی ھەواڵ ئاشکرایان کردووە ، لە ویلایەتی لوکەر لە خۆرھەڵاتی ئەفغانستان بەھۆی شەپۆلێکی بەھێزی باران بارینەوە لافاو دروست بووە و بۆتە ھۆی گیان لەدەستدانی ٢٠ کەس و برینداربونی ٣٠ کەسی تر .
ھاوکات ٣ ھەزار خانوو روخاون و ژمارەیەکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە ، تیمەکانی فریاکەوتنیش چەندین خێزانیان لە ناوچە زیان لێکەوتووەکان گواستۆتەوە .
بلال کەریمی وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستانیش داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە ھاوکاری پێشکەشی قوربانیانی لافاوەکە بکات .
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی ئەو بۆردوومانەی کرد کە کرایە سەر چەند چالاکوانێک کە لە پڕۆگرامی پەروەردەیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە حەسەکە کاردەکەن، راشیگەیاند، ئەو جۆرە ھێرشانە پێچەوانەی یاساکانە و پێویستە ھاووڵاتیان پارێزراو بن.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە، بە زووترین کات سەرجەم لایەنەکان، رەوشی باکوری سوریا ھێور بکەنەوە و ئاڵۆزییەکان رابگرن، چونکە بەھۆیەوە ئەو دەستکەوتانەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بەدەستیھێناون، دەکەونە مەترسییەوە.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە، زیادبوونی کردەوە دوژمنکاری و سەربازییەکان لە باکوری سوریا پشێوی ناوچەکەی زیاتر کردووە، بەوەش مەترسی دروستبوونەوەی داعش زیاتر دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO)، داوای لە دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی جیھان کرد، خۆیان بکوتن و کاتێک دەچنە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکان دەمامک بەکاربھێنن، بە تایبەت لە وەرزی پایز و زستاندا، داواشی لە وڵاتانی جیھان کردووە، دەست بە ھەوڵەکانیان بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری ئۆمیکرۆن.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەردوو وەرزی پایز و زستان، یەکلاکەرەوە دەبن بۆ پاراستنی کەسەکان لە تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن، بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی یەک ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، ژەمی دووەمیش وەربگرن.
ئەو لێپرسراوەی ئەمریکا بە تۆڕی ھەواڵی ( سی ئێن ئێن)ی راگەیاندووە، ئێران لە وەڵام دەقی کۆتایی پێنشیازەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستبەرداری ھێڵی سوری دەرھێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر بووە، کە یەکێک بووە لە ئاستەنگییە سەرەکییەکانی بەردەم کاراکردنەوە رێککەوتنەکە.
بەوتەی ئەو لێپرسراوە، ئێران دەستبەرداری مەرجێکی تریش بووە کە خۆی دەبینێتەوە لە سڕینەوەی ناوی کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەرداربوونی ئێران لە مەرجی دەرھێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر، تاران و واشنتۆنی نزیک کردووتەوە لە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی.
ئەبولفەزڵ عەمویی بە ئاژانسی ھەواڵی مێھری راگەیاندووە، حکومەتی ئێران رێگەی دیالۆگی گرتووەتەبەر بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە و بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا قۆناغێکی تری دانوستانەکانی ھەردوو وڵات بەڕێوەبچێت، وتیشی، دانوستانەکان سەرەتایەکە بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندیە دوو قۆڵییەکان.
بەوتەی عەمویی، سەرەڕای ئەوەی ئێران وەک دەوڵەتێکی کاریگەری ناوچەکە رەخنەی ھەیە لە ھەڵوێستەکانی سعودیە لە دۆسیە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ئەو بابەتە نەبووەتە رێگر لە پەیوەندی دوو قۆڵی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان.
سەرۆکی فەرەنسا لە رێورەسمی یادی ٧٨ ساڵەی دابەزینی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە باشوری فەرەنسا کە لە لەلایەن نازییەکانەوە لە جەنگی جیھانی دووەم داگیرکرابوو، وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، لەکاتی ھێرشی دڕاندنەی پوتن بۆ سەر ئۆکراین، شەڕ تەنھا چەند سەعاتێک لە سنورەکانی ئەوروپاوە دووربوو.
وتیشی، پوتن ھەوڵدەدات ئیرادەی داگیرکاری خۆی بەسەر ئەوروپادا بسەپێنێت و دێوزمەی گیانی تۆڵەکردنەوە بچێنێت، ئەوەش پێشێلکردنی ئاشکرای سەلامەتی وڵاتانە.
عەلی رەزا تەنگسیری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئاسایش و ئارامی ئێران و کۆی وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندی راستەوخۆیان ھەیە و بە یەکەوە بەستراونەتەوە و پابەندیشن بە پاراستنی، بۆیە تاران بە ھەموو شێوەیەک کار بۆ ئەوە دەکات پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ھەبێت، بەڵام ھەر جۆرە ھاوکارییەکیش لەگەڵ ئیسرائیل، ئاسایش و ئارامی وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی و کەنداو بەتایبەتی، دەخاتە مەترسییەوە.
وتیشی، ئەو وڵاتانەی کە لە ھەر بوارێکدا ھاوکاری و پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، زۆر بە قورسی باجەکەی دەدەن و لە ئێستاشدا سوپای پاسداران لە ھەموو کاتێک زیاتر لە ئامادەباشیدایە بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکان.
حکومەتی خۆجێی ھەرێمی چینگای لە چین رایگەیاند، بارانبارینێکی بەھێز ناوچە شاخەوییەکانی دەوروبەری ھەرێمەکەی گرتووەتەوە و بەھۆیەوە لافاوێکی بەھێز گەیشتووەتە سەنتەری شارەکە و تائێستا ٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨ی دیکەش بێسەروشوێنن و ھەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لافاوەکە زیانی بە زیاتر لە شەش ھەزار دانیشتووی گوندەکانی دەوروبەری ھەرێمی چینگای گەیاندووە و لە ناو سەنتەری شارەکەش نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ کەس ئاوارە بوون.
ئادەم کۆگل، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە، تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک ئەو وڵاتە لە سوریا، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیاندا خەڵکێکی زۆری مەدەنیان کوشتووە و بە ھەڕەمەکیش خەڵکیان دەستگیرکردووە، وتیشی، شەڕ و ململانێکان ڕەوشی مرۆیی ملیۆنان کەس لە باکوری سوریا خراپتر دەکات، ھەروەک نیگەرانیشی لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO)، داوای لە دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی جیھان کرد، خۆیان بکوتن و کاتێک دەچنە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکان دەمامک بەکاربھێنن، بە تایبەت لە وەرزی پایز و زستاندا، داواشی لە وڵاتانی جیھان کردووە، دەست بە ھەوڵەکانیان بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری ئۆمیکرۆن.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەردوو وەرزی پایز و زستان، یەکلاکەرەوە دەبن بۆ پاراستنی کەسەکان لە تووشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن، بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی یەک ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، ژەمی دووەمیش وەربگرن.
بە پیێ ئامارێکی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوپای تورکیا لە ھەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٥٤ ھێرشی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە ٤٨ ئەندامی ھێزەکانی سوریای دیموکرات و نۆ ھاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە شەشیان منداڵن، ھەروەھا ٩٧ کەسیش کە ژن و منداڵیان تێدایە، برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕاگەیاندووە، زیاتر لە سەد ئەندامی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" لە ئەنجامی ھێرشەکانی ١٠ رۆژی ڕابردوو گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ناوەندی ڕاگەیاندنی "ھەسەدە" ھەواڵەکەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، بەھۆی ئەو ھێرشانە حەوت ھاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە پێنجیان منداڵبوون ، ھەروەک ٢٧ کەسیش برینداربوون.